Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
کۆپلەیەک:  لە چاوەکانی پاییزدا

کۆپلەیەک: لە چاوەکانی پاییزدا

Closed
by January 13, 2014 ئەدەب

 

 

 

 

 

دەرەوە، بێماڵە،

ناوەوەش تەنێ ماڵێکە.

 

 ئێستا هەردەڵێی لە قەراغ رووباری “بەرازگر”دا، ئاسۆ بانگ دەکەم،  یان وێنەی سێبەری لووتکەی چیایەکت بۆ دەکێشمەوە، کە لە چیایەکاندا خەونێکی منی فێنک دەکردەوە. گێژەنێک لە گەڵا بەناو بێماڵییدا سەما دەکا. تۆ لەگەڵ رێژنەی رەنگەکاندا، لە چاوی مندا دەگۆڕێی. ماڵ ئاوەز دەبێ؛ بێماڵیی، ماڵ رادەگەیەنێ. ئاوەدانی من، ئازادی ئاوەڵا دەکاتەوە. خەریکم رەنگێکی تر بە رەگەزی رەنگەکان ببەخشم، تا بە پاییز داگیرت بکەم. 

لە بوونێکەوە بۆ بوونێکی تر،

 “دووبارەبوونەوەی ئەبەدیی” لە دایک دەبێتەوە.

 تۆش وەک ئەوەی نەبیت کە هەیت. لە وەرزێکەوە بۆ وەرزێکی تر، عەشقیش شەیداییەکە لە هەژەندی شادیی. دەبا بوونیش لە بازنەی وەرزەکاندا، ژیان کۆبکاتەوە. 

کە من هەبێت، تۆش رەنگینتر دەبێت. 

گەڵایەکان پۆل پۆل بەرەو رووخساری سێبەرگرتووی شەو و شوێنکاتەوە لە کۆچدان. بایەکی درەنگ هەڵکردووش بەناو ئەم شارەدا بە دوای بێمروەتی کاتەوە رادەکا.  بێدەنگی بیر دەکاتەوە، یان تۆی بانگم دەکەی؟ گزنگیش لەسەر پەنجەرەکەمدا شەوقدەداتەوە. لە دەرێ هیچ کەسێک چاوەڕوانی من نییە. لە ناوەوەش هەموو من لە گەمارۆدانی درەنگیی تۆ دایە. لە نزیکەوە، هەموو دونیا لە جەنگی مندایە، لە دوورەوەش، تۆش لە یادەوەریی من دایە. 

ژیان گریمانەیەکە لە بیرکردنەوە، یان بیرهاتنەوە؟! 

هەنووکە کە بیر لە تشتێکی نادیار دەکەمەوە، تۆم بە یاد دێتەوە. تۆم بیر دەچێتەوە، نەبوون بێدارم دەکاتەوە.

ئەم شارە پڕ بووە لە بیرکردنەوەی زەردبوونی گەڵا. ژیانێک لە گەڵا، یادەوەریی ئەم شارەیە. ئەوکاتەی پاییز بۆنی مانگ دەگرێ،  بۆنی کراسە نارجییەکەتم بە یاد دێتەوە. دەستم بەرەو تۆ درێژ دەکەم، باڵندەیەک لەسەر ئەم درەختە رووتەوە هەڵدەفڕێ. ئیرەیی بە هەڵفڕینی گەڵا و باڵدارەکان دەبەم. ئاخۆ سەهەندەیی مرۆڤ، لە نەبوونی هەڵفڕین دایە؟ 

کات کۆمدەکاتەوە.

بە راکردنەوە وەرزەکان بە یەک گرێدەدەمەوە.

تەنێ مەودایەکانی نێوان عەدەم و ئومێدەواریین،

 کە لە من نزیکن.

دوای هەناسەدانێک، دەستم بەو لا روومەتەتدا دەهێنم، کە ئەو لای چاوت قووڵ لە منی دەڕوانی. پاییزێک لە چاوەکانتدا، لەگەڵ سووڕگووم کراوێک لە زماندا دەجەنگێ. وەرز دەدوێنم، رەنگی رووخسارم هەڵدەوەرێ. لە هەڵەتبوونی هەڵەی گوتندا دەپرسی، زایەڵەی ئەزموونیش نادیاریی تۆ هەڵناداتەوە. ئەوەتا لە زارمدا شەپۆڵێک لە تەنیایی تلدەبێتەوە. 

من دەزانم وەک چۆن زستان بە زریانەکانییەوە، رەنگەکانی پاییز سپی دەکاتەوە، ئەوهاش ئەسپەکانی جەنگ، گەڵاڕێزانی وشەکان، ئەم شوورای تەنیاییە گەمارۆ دەدەن. گەڵایەکی نارنجیی و گوڵێکی زەردی ناو کێڵگەی گەنمەکان، لە خەیاڵدا دەڕسکێن. وەک مرۆڤ جیاوازیی رەنگەکان جەختدەکەمەوە. 

رەنگی گەڵایەکان، 

لە ناو گۆمە ئاوێکی باراندا دەژیین.

رەنگیش لە رەگەزی رەنگدانەوەی سروشتدایە.

گەوهەری سروشتیش، تەنێ لە رەنگدایە. 

سروشتیش وەک مرۆڤ، هەبوونێکە لە جەنگی جیاوازیی رەنگەکان. پاییز هیچی نەبێ، باغچەیەک رەنگی خۆکردی هەیە.  من لە وەرزێکدا چاوەڕوانی بەسەر دەبەم، کە لە ناوەوەی مندایە. شەوانە بە خۆم چاوی جەنگاوەرانەی شەقام لێکدەنێم و رووناکیی کاڵی بێداریی خۆشم دەلاوێنمەوە.

 بە سوپایەک لە وشە،

 بۆشایی نێوان خۆم و تۆ دەلەرێنمەوە. 

گەڵا سەما دەکا، لێ جەنگی سەر زەوی نابڕێتەوە. بێ ئاشنابوونی ئێمە، چۆن جیاوازی وەرزەکان ئاشت بکەینەوە؟ تەنیایی بێئەوەی بیبینم، دەمدوێنێ. ئاوەدانی تۆش لەمدیو تراویلکەی رەنگەکان، لە نائامادەیی مندا دەپەیڤێ. تۆ لەناو منیت و ئامادەییشت، نادیارتر دەبێ. ئەوەتا دوو دوورگە لە هاوزمانیی، پەڕگیریی دەنووسنەوە.

 

 

پاییزیی ٢٠١٣/ستۆکهۆلم

هەندرێن
Previous
Next