Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
مەمبڕنەوە  …. شێروان عوسمان

مەمبڕنەوە …. شێروان عوسمان

Closed
by January 20, 2014 ئەدەب

 

 

 

 

من کچی خاکێکم، ڕیشەم قووڵ بە ناخی زەوی ڕۆچووە، لەسەر پشتی دەریا ڕاکشاوە…من قۆڵم هەڵمالیووە، بە نینۆک، بە پەنجەی هەموو رەگەکانم شەو و ڕۆژ کۆشش دەکەم، سامانی ژێر زەوی بۆ نەوەکانت دەرکەم….

مەم بڕنەوە… من لەوەتەی هەم دەبڕدرێمەوە…

من مێژووم، لە دامێنی داوێن پیسی ڕێکەوتنامەکەی سایکس بیکۆ کەوتمە خوارێ.. باوەڕم نەمامێکە، بەهەر چوارلا نوما دەکا. تیغێکە، هەرچی سنووری دەستکردە دەبڕێ..تا لەسەر سنگی ئامەد هەڵئەگیرسێ، زامی قوڵی قامیشلۆ سارێژ ئەکا…من زەنگێکم لە سەر قەڵای هەولێر لێئەدرێم، لە چوارچراکەی قازی دەبیسترێم….

قەد و باڵام بەرزە، لق ولاسکەکانم هێشتا سەوزن مەیاندەن بە ئەرزە…مەم بڕنەوە…من لەوەتەی هەم بە مشارێک دەبڕدرێمەوە دەسکێکی بەدەست فورسە دەسکەکەی تری بەدەست ڕۆمە..

زامدارم مەکە..من لەوەتەی هەم خوێنم لێ دەچۆڕێ، بە درێشەی تەبعیس و تەعریب و تەرحیل کون کون دەکرێم، بە سوژنی ئەنفال بە بێژنگ دەکرێم …لە ناوەوەش بە کرمی خۆخۆری و نۆکەری و کۆنەپارێزی و خێلەکی کلۆر دەکرێم و دادەخورێم. دڵنیابە گەر زامەکانم دەریا بوایە، ئێستا ووشکایی لەسەرگۆی زەوی نەدەما، بستێ زەوی نەدەما بە خوێنی من سوور نەکرێ…

کوێرم مەکە… ئەو تروسکە هیوایەی چاوانم مەخنکێنە، فوو لە چرای تەمەنم مەکە..ساڵانێکی درێژە، سەراپای جەستەم بە مین ڕێژ دەکرێ. ڕۆحی گەڵاکانم لێ هەڵدەوەرێ…ساڵانێکە، ملی ووشەکانم، گەرووی هاوارەکانم، باڵی ئازادییەکانم، بازووی شۆرشەکانم، بە شمشێری ستەم دەبڕدرێ…قامک و قەڵەمە ئازاکانم دەشکێنرێ، دەرسیم و قارنێ و قەڵاتان و گەرمیان و شارەزوورم بە جینۆساید دەکرێ، ئیمام قاسمم بەزۆر لێ زەوت دەکرێ. هەرچی چەکی تازە و بە یاسا ڕێنەدراوە. لەسەر من تاقی دەکرێ. هەڵەبجەم وەک هیرۆشیما وێران دەکرێ….

 پەنجەکانم چیتر هەڵمەوەرێنن…من لەوەتەی هەم ئاگرێک بەربۆتە ماڵم، هەرچی شتی جوانە سووتاندی، هەرچی قەڵەمی بوێرە شکاندی ، هەرچی زمانی ئاشتیە قڕتاندی، هەرچی باڵندەی ئازادیە خنکاندی. کەچی من هەر هەم. گەڵاکانم هەر دەدرەوشێنەوە، گۆپکەکانم هەر سەوزدەبنەوە.. گەر بشبڕێمەوە، هەر کۆتاییم پێ نایێ، دووبارە دەژیێمەوە، چونکە ئەوەی دەمرێ تەنیا منم، منیش هەمیشەیی نیم..ئەوەی هەرگیز نامرێ، تادێ زیاد دەبێ،هاوارەکانمە، دەنگی حەق و هەناسە ساردەکانمە…

ئەوەی ئەمرێ تەنیا فرمێسکەکانمە، ئازارو خەم و برینەکانمە، ئەوەی هەردەمێنی عیشقە، سۆزی نیشتمانمە…ئازیزەکەم، گەر ووشە و ذێڕەکانیشم سەر بڕی، ئەوەی دەمینێ ڕەگی پیتەکان و قووڵی ماناکانە، کە لە نێو ناخی هەر تاکێکدا وەک بزمار داکوتراوە..ئەوە تۆوی مانەوەو بەرخودانە، لە ناو خوێن و سەر باخی ویژدانی وەچەی نوێ چەکەرە دەکا و هەر دەمێنێ….

 

٢٠١٤/١/١٩

 

شێروان عوسمان –  کەنەدا  

Previous
Next