مردن .. دارەبەزە* …. فەتاح حەسەن
– رەنگی مردن
تابلۆی ئازارەکان، بێ رەنگن
وەك رەنگی من.
کە لە سامی زامی مردن
رەنگ لە روخسارم پەڕیوە.
بڵێی مردن رەنگاوڕەنگ بێ ؟
یان، وەك تابلۆی ئازارەکان
هەر بێ رەنگ بێ !
ئەگەر، مردن رەنگاوڕەنگ بێ !
رەنگی روخسارمی دزیوە.
چونکە مردن، تابلۆیەکی ئەبەدییە
تابلۆ ئەبەدییەکانیش بێ رەنگن.
– وەرە توبی خوا
مەرگ، ئەمشەو خاترجەم بە
لەم کولبەی ئەحزانە وەدەرم نێ.
نەوەك جارێ بگرە سەد جار بێمنەت بە
لە باطن و لە ضاهردا منەوەر بە.
لە ناخمدا و لەبەر دیدەم تاکو مابم
مخەیەربەو بەبێ پەروا تاجی سەربە.
– دارەبەزە
تروسکەی مۆم
بە شەونمی سەر سەوزایی
دەوروبەری گڵکۆکاندا
وەك، ئاوێزە، گوزەر دەکا.
***
بەمڕۆژی هەینی پیرۆزە
فاتیحایەك
لەسەر گڵکۆی، پیرێژنێك دەخوێنم
کە هاوتەمەنی دایکمە.
***
لە پاش مەرگت
نە کوچەیەك ( شك ) دەبەم، نە کەنارێك ..
تیای بسرەوم .. ئەی بۆ دەڵێن..!
( جێگەی غەریبان کوچەو کەنارە )**.
***
مزگەوتی بێ میحرابە
کڵێسای بێ خاچە
دڵی من، بێ تۆ
دایە.
***
کە، دەبینم
کوڕێك لەجێی گوڵی سیسبووی
گڵکۆی باوکی،
گوڵی گەشاوە دادەنێ
لە دڵەوە گریانم دێ
بۆ دارتووە، وشکەوەبووەکەی ژورسەرت
بابە.
***
بە کلیلی ماڵەکەی خۆم
لەسەر قەدی سنەوبەرێك
ناوی سییانیم هەڵدەکۆڵم.
لێی دەنووسم.
دارەبەزەی پیاوێکی نامۆ.
دارەبەزە / دارەمەیت *
دێڕە شیعرێکی فۆلکلۆرە **
فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی