Skip to Content

Friday, December 6th, 2024
تەخمیس لەسەر شێعرێکى شێخە ڕەسوڵ

تەخمیس لەسەر شێعرێکى شێخە ڕەسوڵ

Closed
by January 22, 2014 هۆنراوە

 

 

 

 

گەر درۆش وادەم بداتێ، پێم بدا لوقمی دەمێ!

گەر برۆیەک هەڵتەکێنێ، حازرم “ڕوح”می دەمێ!

سۆفی دانا وەعزی فەرمو، لەحزەێی ڕوومی دەمێ:

“گەر مرۆیەك ماوە مونصیف، بێتە ڕوو “ڕوح”می دەمێ

ئەم حەشاماتـە غەریـبە کـێـیە من “ڕوحم”ی دەمێ!”

***********

بابی دەستی سور بەخوێن و، کەللەپوت چون خەفرەعی*

داکی گێژی دەستبەستراوی داکراو بێ، مەنبەعی!!

خێڵی شووم، یەک بێ لەکنیان، هەم بکوژ، هەم مودەعی

“قـەومی بێ پــەروا لە کــینە، سـەرشـێواو و نــاوەعـی

قابیلی شوهرەی فەخامەت نەبووە، نا هیچ سەردەمێ”

*************

 

لاوی داماوی خەماوی، وێڵی دواکەوتەی هەوا

تێی تەقێنە، حوبحوبێنەی ئێرە دائە نەک دەوا

ئێرە تاڵیب گێژن و مقیاسە سانتیمی کەوا!

“ئــای درێخ و سەد تەئەسـوف، بۆ قەومێكی وا کەوا

غــەرقی نیفاقە و کەسێکیش نایە لێی بخوا خەمێ”

***************

 

قەومی وا، تێڵا لەموخلیس ڕۆبکا و بێژێ: هەچە!

چاوی کیژی تەفرەدەربێ، و لێوی خواری بن پەچە!

خواری لا ڕاست بێ و، بەسیڕاتی نەبی بێژێ: کەچە! 

“کلکەسوتەی سەگ لەدەوری مەردومی ناکەس بەچە

هـاتـە هـاتـی ذولــعیلم، بۆ پــارچە نانـــێ یـــا ژەمـێ”

************

 

تۆ و ئەوینی خالس و، بێگەرد و خاس و بێ لەکەت!

ئەم درۆبارینەی ئێرە و، قەلبە سادە و سەهلەکەت!

عەیشی ئێرە تێ ڕی لاوۆ، سوکترە لە نەعلەکەت!

“عەیش و نۆشی پیاوی خوێڕی، ئێش و ڕێشی مەملەکەت

مـەشریق و مـەغریبە بـــەیـنـی، فـەرموو تـێـفکرە دەمـێ”

*************

 

جا، کوڕیژگەی لێبڕاوی دڵشکاوی تازەلاو!

تۆ لەئاست لامەزەبان، دەتکێ لەزارت شیری خاو! 

بۆیە، ڕستم تا ببی بە، مەردی چازان و تەواو

“طالیبولحەق یـا مەجازە، یـا تەڵەی سامان و ناو

چەندی گوێ هەڵخەی دەبیستی، قاوی بێنە و ناتدەمێ”

***************

جاکەلێ بۆوە لەوەعزم، پێمی فەرموو :پێت دەڵێم!

بۆئەوە کە هەڵ نەدێرێی،جارێ لاوی پێت دەڵێم!

تاکو تەفرەی دێڕێ دادێ، قەت نەخۆی من پێت دەڵێم

“گــــەر لە سۆراخی کەسێكی، پاك و بێگەرد، پێتدەڵێم

تێگەڕێ! خۆت و نسیبت، بێ چەقەڵ نییە هیچ چەمێ”

 

*خەفرەع: فیرعەونێکی میسری بوە.

لاوۆ: کوڕەکە.

تێ ڕی: گووی تێ بکە

مەنبەعی: لێرەدا مەبەست دایکی کچەیە

 

کارزان دوکانی

 

Previous
Next