مەتبهخ به ژنانه‌وه جوانه …. هیوا سه‌عید
له دوای بینینن و خوێندنه‌وه‌ی هه‌ریه‌ک له فیلمی ئوسامه و باران له‌گه‌ڵ ڕۆمانی کچانی کابول، مرۆڤ تووشی دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌ک دێ وه‌ک ئه‌وه‌ی پێشتر ئه‌و چیرۆکانه‌ی بیستبێ یان کاره‌کته‌ره‌کانی ناسی بێ. هۆکاری ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و لێکچوونه‌ی له چیرۆکه‌کاندا هه‌یه به تایبه‌ت له دروستکردنی کاره‌کته‌ردا که لای هه‌مووان یه‌کجۆر کاره‌کته‌رن له گێڕانه‌وه‌ی ژیانی ئه‌فغانستانی سه‌رده‌می تاڵیبان، که ئه‌فغانستانی ئه‌و سه‌رده‌مه ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌کین له‌و ڕۆمان و فیلمانه‌دا.
قاره‌مانی هه‌ر سێ چیرۆک ئه‌و كچه ئهفغانییانهنه دوای له‌ده‌ستدانی باوکیان ئینجا به‌هۆی گیران و کوژران یان پهککهوتهبوونهوه بووبێ ناچار بووینه له بری باوکی به‌خێوکه‌ر بۆ په‌یداکردنی بژێوی خێزانه‌کانیان شێوه‌ی خۆیان وه‌کو کوڕان لێ بکه‌ن و به‌رگی ئه‌وان بپۆشن. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش بتوانن له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ مافی کارکردنیان هه‌بێ. له‌به‌رئه‌وه‌ی چوونه ده‌ره‌وه‌ی ئافره‌تان له سه‌رده‌می حوکمڕانی تاڵیبان له ئه‌فغانستان به‌بێ مه‌حره‌م قه‌ده‌غه بوو.
فیلمی ئوسامه که له ده‌رهێنانی سه‌دیق به‌رمه‌که و قاره‌مانی فیلمه‌که کچێکی ئه‌فغانییه، دوای کوژرانی باوکی له جه‌نگی سۆڤیه‌ت ناچار ده‌بێ بۆ په‌یداکردنی بژێوی خێزانه‌که‌ی قژی خۆی ببڕێ و به‌رگی کوڕانه له‌به‌ر بکا و ناو له‌خۆی بنێ ئوسامه. هه‌موو ئه‌وانه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی مافی کارکردنی له ده‌ره‌وه‌ی ماڵدا هه‌بێ وه‌کو کوڕێک نه‌ک وه‌ک کچێک.
به هه‌مان شێوه‌ی فیلمی ئوسامه ڕۆمانی کچانی کابول ئه‌ویش که له نووسینی خانمه نووسه‌ری که‌نه‌دی دیبۆرا ئێلیسه و ڕه‌سوڵ سوڵتانی وه‌ریگێڕاوه‌ته سه‌ر زمان کوردی، ئه‌و ڕۆمانه زیاتر وه‌ک ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامه‌وانی وایه و باس له چۆنییه‌تی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵکی ئه‌فغانستانی سه‌رده‌می تاڵیبان ده‌کا. کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی له‌و ڕۆمانه کچێکه به‌ناوی په‌روانه، که دوای گیرانی باوکی له‌لایه‌ن تاڵیبانه‌وه ناچار ده‌بێ بۆ په‌یداکردنی قوتی دایک و خوشک و برا بچکۆله‌که‌یان شێوه‌ی خۆی وه‌کو کوڕان لێ بکات. بۆ ئه‌وه‌ی له چاوی پیاوانی شه‌ریعه‌ت مێیه‌تی ئه‌و نه‌بینرێ و بتوانێ وه‌کو پیاوه‌کان له بازاڕ ئیش بکا.
هه‌روه‌ها له دواهه‌مین به‌رهه‌میدا فیلمی باران که له ده‌رهێنانی ده‌رهێنه‌ری ئێرانی مه‌جید مه‌جیدییه، دیسان ئه‌ویش هه‌مان سه‌ربورده‌ی ژیانی ئه‌فغانییه‌کان ده‌گیڕێته‌وه به‌هۆی شه‌ڕ و داگیرکاری ئاواره‌بوونیان له وڵات و ده‌ستنه‌که‌وتنی کار و موعاناتی ژیانییان له که‌مپه‌کانی ئێران‌دا. قاره‌مانی ئه‌و فیلمه کچێکه به‌ناوی باران، دوای ئه‌وه‌ی باوکه کرێکاره‌که‌ی له سه‌ره‌وه‌ی باڵه‌خانه‌یه‌ک به‌رده‌بێته‌وه و دوچاری په‌ککه‌وته‌یی ده‌بێ. بۆ ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئه‌و شکسته و له‌ده‌ستنه‌چوونی کاره‌که‌ی باوکی، سه‌ختی ژیان وه‌ها ده‌خوازێ ئه‌و کچه بێ برایه شوێنی کارکردنه‌که‌ی باوکی له هه‌مان باڵه‌خانه پڕ بکاته‌وه. بۆیه به ناچاری پرچه درێژه‌که‌ی ده‌نێته ژێر کڵاوێک و به‌رگێکی کوڕانه له‌به‌ر ده‌کا و ناوی خۆشی ده‌گۆڕێ بۆ ناوێکی کوڕانه‌ی وه‌ک عه‌بدولڕه‌حمان. چونکه ئه‌گه‌ر بۆ پیاوێکی ئاواره‌ی ئه‌فغانی بێ جنسییه کاری ئازاد جارێک قه‌ده‌غه بێ ئه‌وا بۆ ئافره‌تێکی ئاواره‌ی ئه‌فغانی بێ جنسییه هه‌م به‌هۆی ئافره‌تبوونی و هه‌میش به‌هۆی بێ جنسییهیی دوو جار قه‌ده‌غه‌یه.
هه‌رچه‌نده چیرۆکه‌که هه‌مان چیرۆکی ئه‌فغانییه‌کانه و کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیش دیسان کچێکه خۆی کردووه به کوڕ. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی فیلمی ئوسامه و ڕۆمانی کچانی کابول، که له‌وێ فۆکس ده‌خرێته سه‌ر جۆری حوکمڕانی تاڵیبان به تایبه‌ت له مه‌سه‌له‌ی ڕێگرتنی کچان له خوێندن و چوونه‌ده‌ره‌وه‌یان به‌بێ مه‌حره‌م، به کورتی ئه‌و نابه‌رابه‌رییه‌ی ژن له‌گه‌ڵ پیاودا هه‌یبووه. ئه‌وه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ ژنان تا وه‌کو نێره‌کان نێرانه خۆیان نه‌نوێنن بۆیان نییه به‌شداری ژیانی هاوبه‌ش له ده‌ره‌وه‌ی ماڵدا بکه‌ن. که‌چی له کن مه‌جید مه‌جیدی ده‌رهێنه‌ری سینه‌مایی کۆماری ئیسلامی، ئه‌و ئه‌فغانییه ئاواره‌یه‌که به ته‌نیا قوربانی داگیرکاری سۆڤییه‌تی شیوعیه. هه‌روه‌ها له فیلمه‌که‌دا له‌تیفی چایچی که هاوڵاتییه‌کی گه‌نجی ئێرانییه له به‌شی متبه‌خی ئه‌و باڵه‌خانه‌یه‌ی کرێکاره‌کان خه‌ریکه دروستی ده‌که‌ن کار ده‌کا. له‌تیف کرێکارێکی بێ سه‌لیقه‌ی ناو متبهخێکی زۆر بێ سه‌روبه‌ره‌یه و دره‌نگ به کاره‌کانی ڕاده‌گا. وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌و جۆره کاره‌ی ناو متبه‌خ نامۆ بێ به پیاوان. بارانیش ئه‌و کرێکاره به ئه‌سڵ کچه ناسکه‌یه که توانای هه‌ڵگرتنی کیسه‌یه‌ک چیمه‌نتۆی نییه و بۆ ئه‌و جۆره کاره قورسانه ده‌ست نادات. بۆیه له دواجار به‌ڕێوه‌به‌ری کاره‌که شوێنگۆڕکێ به له‌تیف و باران ده‌کا. له‌تیف ده‌بێته ئه‌و کرێکاره پیاوه‌ی به ناوله‌په زبر و شانه پانه‌کانی کیسه چیمه‌نتۆ بار ده‌کا بۆ به‌شی سه‌ره‌وه‌ی باڵه‌خانه‌که و بارانیش دێته شوێنه‌که‌ی ئه‌و بۆ به‌شی متبه‌خ، که له‌وێ وه‌کو چایچییه‌ک و چێشتلێنه‌رێک ده‌ست به‌کار ده‌بێ. وه‌ک ئه‌وه‌ی متبه‌خ شوێنێک بێ ته‌نیا بۆ ژنان ده‌ست ده‌دا یان کاری ئه‌وێ کارێکه ته‌نیا ژنان لێی ده‌زانن. بۆیه له‌مه‌ودوا متبهخهکه هه‌مان متبه‌خه پیس و بێ سه‌روبه‌ره‌که‌ی سه‌رده‌می له‌تیف نابێ به‌ڵکو ده‌بێته متبهخێکی ڕازاوه‌ی پاک و خاوێن. ئیدی باران وه‌کو ژنێکی شاره‌زا له‌و کاروباره زووتر کاره‌کان ڕاده‌په‌ڕێنێ. واتا ژنان چ له ماڵ بن یان له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ بن هه‌ر کاری متبه‌خ بۆ ئه‌وان ده‌شێ و متبه‌خ به‌وانه‌وه جوانه.