
شێلم له پاڵ هێلانه‌ی ورچدا
كه سه‌یری قه‌تماغه‌ی برینه‌كانی هه‌ر كۆڵانێكی ئه‌م شاره بكه‌یت ، ئه‌وه ده‌بینیت كه ساڵانێكی زۆر له‌گه‌ڵ ئازار و هه‌نسكداندا تلا بێته‌وه. به‌ڵام كاتێك له گه‌شی به‌ره‌به‌یانانی شار راده‌مێنیت ، ڕاسته‌وخۆ پێت ده‌ڵێن، كه شار هه‌رگیز ، له‌و ڕۆژه‌وه‌ی له منداڵدانی شاخه‌كانی لای باكوریه‌وه وه‌ك كۆرپه‌یه‌كی ناسك چاوه‌كانی به كه‌وانه‌یی مانگه شه‌و پشكوتووه ، ئیدی نه‌یخواستووه بنوێت ، یان بێ باكانه چاوه‌كانی له‌یه‌ك بنێت . چاو له زیخی سه‌ر ڕێگاكانی ببڕه كه تاوێك خرمه‌ی كڵاشه‌كانی پیرخاسێك و ساتێك زرمه‌ی هه‌نگاوه‌كانی جوانێكی شار به‌ڕێ ده‌كات هه‌ست ده‌كه‌یت كه ده‌خوازێت له باره‌ی هیوا و ئاوهتهكانی ئه‌وانه‌وه بۆت بدوێت. زنجیره‌ی باسه‌كانیان كۆتایی هاتنی نییه و به‌شێوه‌یه‌ك به‌ناو یه‌كدا چڕبوونه‌ته‌وه ، نازانیت بۆ كام باسه‌یان ڕه‌وایه كه پله‌ی یهكهمگیری بدرێتێ . ئه‌م ساڵ وا ناڵه ناڵی شار خه‌ریكه نۆته‌كانی خۆی به سه‌ر گرێكانی باڵهبانێكهوه داده‌نێت تا ئاواز بۆ زه‌ماوه‌ندێك ساز بكات. زه‌ماوه‌ندێك تیایدا خه‌ڵكه ڕهنجكێشهكهی شار ده‌ستیان له ده‌ستی ڕۆشه‌نبیرانی شاردا بێت . ده‌خوازێت ئه‌مساڵ دانیشتوانی شار وه‌ك ساڵه‌كانی سه‌ره‌تای دروستبوونی ، پێكه‌وه سرودێكی یه‌كبوونی بۆ بچڕن.
وێڕای ئه‌وه‌ی بێجگه له‌م شاره‌ی كه لێی ده‌ژیا ، هێشتا هیچ شوێنێكی تری سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌ی نه‌دیبوو، كه منداڵ بوو وای ده‌زانی ئه‌و شه‌قامه‌ی شار كه جۆره‌ها دوكانی پیشه‌گه‌ری تێدا بوو ، به‌رینترین شه‌قامی سه‌ر ئه‌م ڕووی زه‌مینه‌یه . كه بیر له‌و دیده‌ی جارانی ده‌كاته‌وه ، نازانێت هۆكه‌ی چی بووه وا ئه‌و شه‌قامه‌ی شاری به‌و شێوه به‌رینه هاتبووه پێش چاو.
شاڵاو ته‌نها له ڕێی به‌سه‌رهاته‌كانی باپیره‌گه‌وره‌یه‌وه ده‌یزانی كه شار و شارۆچكه‌ی تریش له سه‌ر ڕووی ئه‌م پلانێته هه‌ن. جار جار باپیره‌گه‌وره‌ی له دانیشتنه‌كانی شه‌واندا باسی ئه‌و شوێنانه‌ی بۆ كردبوو كه له سه‌روه‌ختی پیشه‌ی قهتارچێتیدا بینیبوونی، لێ زۆرجاران هێشتا باپیره‌ی له نیوه‌ی گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كانی هاتوچوونی نێو شاراندا بووبوو ، خه‌و ئه‌می له به‌ئاگایی دزیبوو و بۆ دونیا كپهكانی خه‌ون بینینی بردبوو. كاتێكێش له پۆلی پێنجه‌می سه‌ره‌تاییدا ته‌ماشای ئهتڵهسهكهی جیهانی كردبوو ، ئیدی گومانی ئه‌وه‌ی لا نه‌مابوو كه جگه له شاره‌كه‌ی ئه‌و شوێنی تریش له‌سه‌ر ئه‌م پلانێته هه‌ن.
ئێستاش كه ته‌ماشای شه‌قامه‌كه ده‌كات هه‌ر هه‌مان به‌رینییه‌كه‌ی جارانی هه‌یه ، به‌ڵام زۆر له‌لای ڕوونه كه ئه‌و شه‌قامه نه‌ك به‌رینترین شه‌قامی جیهان نییه ، به‌ڵكو سور ده‌زانێت كه به‌رینترین شه‌قامی ئه‌و شاره دڵفڕێنهش نییه كه بۆ خۆی به خۆشییه‌وه ژیانی تیادا به‌سه‌ر ده‌بات. ڕاسته شێوه‌ی هه‌ندێك دوكان تیایدا گۆڕاون ، ته‌ق و هوڕی به‌رزبووه‌وه‌ی دوكانه تهنهكهچییهكان نه‌ماون، له جێیاندا ڕیزێك كۆگای جل و به‌رگ و كاڵا هاورده‌كان ده‌ستیان له‌ده‌ستی یهككردووه و به ڕووی كڕیاره جۆراوجۆره‌كاندا ده‌خه‌نن. جار جار چاوه‌كانت به چاوی پیشه‌گه‌رێكی پێشوودا ده‌لكێت و ناههموارییهك له چاوه‌كانیدا به‌دی ده‌كه‌یت كه كۆگای كاڵا ئاماده‌كان خه‌ریكه ته‌نگ به پیشه‌كه‌ی هه‌ڵده‌چنن.
نه‌ك ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌م شه‌قامه ، به‌ڵكو له ته‌واوی شاردا شاڵاو هه‌ست به دابڕانێك له په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ڕۆشنبیرانی شار و خه‌ڵكه گشتییه‌كه‌یدا ده‌كات. به‌ڵام شتێك كه هیچ نه‌گۆڕراوه و ئه‌و به جوانترین تایبه‌تمه‌ندێتی و پێناسه‌ی بنه‌ڕه‌تی شه‌قامه‌كه‌ی ده‌زانێت ئه‌وه‌یه كه تا ئیستاش ، زستانان له چه‌ند شوێنێكی جیا جیای شه‌قامه‌كه‌دا ، بۆ و بهرامی شێلمی سه‌ر عه‌ره‌بانه‌یه‌ك قۆڵبه‌ستی چێشی هاتووچۆكهران ده‌كه‌ن و بۆ لای خۆیانیان كێش ده‌كه‌ن.
قاپێك شێلمی باش كوڵاو و له دۆشاو هه‌ڵكێشراوی له‌به‌ردمدا دانا، هه‌ر پاش دانانی قاپه‌كه، هێشتا مام ڕه‌شیدی شێلم فرۆش ده‌ستی به‌ته‌واوه‌تی نه‌گێڕابووه‌وه دواوه ، ئه‌م داوای ئه‌وه‌ی لێ‌كرد كه ئهگهربكرێت تۆزێك له ئاوی خهستبووهوهی شێلمهكهی بۆ بكات به‌سه‌ر قاشهكانی شێلمهكهدا. قاش قاشی شێلم له قاپه‌كه‌دا به شێوه‌یه‌ك به‌سه‌ریه‌كدا كه‌وتبوون به‌وه ده‌چوون گیانیان له‌به‌ردا بێت و له ترسی ساردی كه‌ش و هه‌وای زستانی ئه‌م مانگی كانوونی دووه‌مه سه‌ری خۆیان به‌یه‌كدا كردبێته‌وه . یان ئه‌گه‌ر دوو دوو له هه‌ر دوو قاشێكت بڕوانیانه كه وا له‌پاڵ یه‌كتریدا گرمۆڵه بووبوون ، وات ده‌زانی كه دوو دڵدارن و سه‌ریان به‌سه‌ری یه‌كتریدا كردووه تا له سه‌ركێشییه‌كانی خۆیان بدوێن. یان ڕه‌نگه ئه‌و قاشانه وا بێنه پێش چاو كه دوو هاوڕێی ده‌ستله‌ملانن و ده‌خوازن له‌نێو خه‌مه‌كانی یه‌كتردا بتوێنه‌وه.
هه‌ر كه مام ڕه‌شید كه‌مێك له ئاوی شێلمهكهی به‌سه‌ر قاپه‌كه‌دا كرد ، ده‌ماوده‌م ، له‌گه‌ڵ چۆڕانه‌وه‌ی ئاوه‌كه به‌سه‌ر قاشهكانی شێلمهكدا، قه‌تاره‌ی چه‌پكه هه‌ڵمێكی جوان له چه‌ند لایه‌كی قاپه‌كه‌وه بۆ ماوه‌ی ٢٠ سانتیمه‌ترێك بۆ سه‌ره‌وه به‌هه‌وادا ده‌چوون و به‌رز ده‌بوونه‌وه ، ئینجا له‌گه‌ڵ په‌رش و بڵاوبوونه‌وه‌یاندا دیار نه‌ده‌مان و تێكه‌ڵاوی گه‌رده‌كانی هه‌وا ده‌بوون. شاڵاو لێیان وورد ده‌بووه‌وه ، بهوهدهچوو له تانوپۆی ههڵمهكاندا بۆ شێوه‌یه‌كی دڵفڕێن بگه‌ڕێت . ئه‌و شێوانه‌ی كه ته‌نها بۆ چركریهك نمایشی جوانی خۆیان ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه كه هه‌رگیزاو هه‌رگیز به درێژایی ته‌مه‌ن چاوی پێیان نه‌كه‌وێته‌وه . خۆ پێ ده‌چێت به دوای شێوه‌ی ئه‌و گرده‌دا گه‌ڕابێت كه باپیره گه‌وره‌ی له سه‌روه‌ختی پیشه‌ی كاروانچێتیدا زۆر جاران به‌لایدا تێپه‌ڕیبوو ، گرده‌كه هه‌روه‌ك باپیره‌گه‌وره‌ی پێی گووتبوو له‌دووره‌وه وه‌ك لمۆزی وڵاخێك هاتبوونه به‌ر چاوه‌كانی كاروانكهران كه تین له خۆ بكات تا له گۆشه نیگای پۆلیسه‌كانی گومرگی سه‌ر سنوور ده‌رباز ببن. یان ڕه‌نگه بخوازێت له منداڵدانی هه‌ڵمه بهههواداچووهكهدا بیرۆكه‌یه‌ك بۆ له دایكبوونی تابلۆیه‌ك به‌ده‌ستبهێنێت كه سه‌مای ئازادی له ساتێكی ڕاوه‌ستاودا پیشان بدات ، ئه‌وسا بینه‌ری تابلۆكه خۆی جوڵه‌ی سه‌ماكه‌ره ئازاده‌كانی نێو تابلۆكه ده‌ستنیشان بكات. چۆن بخوازێت وا سه‌مایان پێ بكات ، ساتێك به لای ڕاستدا و پاشان به‌لای چه‌پدا بیانهێنێت و بیانبات تا شه‌ته‌ك و ماندوو ده‌بن . خۆ ڕه‌نگه ئه‌و ته‌نها له به‌ر ئه‌وه ته‌ماشای سنوره‌كانی هه‌ڵمه‌كه بكات بۆ ئه‌وه‌ی فێری ئه‌وه ببیت بزانێت كه پێویست بكات ڕیشوی فڵچه‌كانی له چ ڕه‌نگێكه‌وه ههڵبسوێت تا شێوه برنجۆكیهكهی ههڵمهكان له‌سه‌ر یه‌ك له كهنفاسهكانی نێو ستۆدیۆكهیدا ره‌نگ بكات. له‌وه ده‌چوو له بیری خۆیدا هه‌ڵاواردن له نێوان هه‌ردوو ڕه‌نگی سپییه‌كی مات و ڕهساسییهكی كاڵدا بكات . چاو هێنان و چاوبردنهكهی شاڵاو ئه‌وه‌یان ئاشكرا ده‌كرد كه هێشتا نه‌یتوانی بێت بیری خۆی ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێك له‌و دوو ڕه‌نگه یه‌كلایی بكاته‌وه ، كه داخۆ كامیان ببنه ڕه‌نگی سه‌ره‌كی تابلۆ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی.
ماوه‌یه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی بووبێت به په‌یكه‌رێكی هونه‌ری ، به‌دیار قاپه شێلمهكهوه وشك بووبوو و جوڵه‌ی لێ‌بڕابوو. مه‌گه‌ر مام ڕه‌شیدا سوپاسی ئه‌و شۆفێره‌ی هاوڕێی بكات، كه بۆ سڵاو كردن به ده‌نگی هۆڕنێكی ئۆتۆمبێله شڕه‌كه‌ی ، كپی ده‌وروبه‌ری ڕه‌واندبووه‌وه . هه‌ر ده‌نگی ئه‌و هۆڕنهش بوو شاڵاوی به‌ئاگا هێنایه‌وه. ده‌نا بهوهدهچوو بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌و شێوه‌یه بمێنێته‌وه و ده‌ستبه‌رداری ئه‌و دونیا خهیاڵاویهی لێ ووردبوونه‌وه نه‌بێت.
چنگاڵهكهی به‌ده‌سته‌وه‌گرت، پێش ئه‌وه‌ی قاشێك بداته به‌رهێرشی چنگاڵ و بیكات به دوو كه‌رته‌وه، ورده‌ورده بۆ لای چاوه‌كانی نزیك و نزیكتری ده‌كرده‌وه . ته‌ماشای ددانه‌كانی چنگاڵهكهی ده‌كرد ، وا دیاربوو بۆ ئه‌وه لێیان بڕوانێت كه بزانێت ئاخۆ هیچ نیشانه‌یه‌كی پیسی یان په‌ڵه‌یه‌كی جێماوی دڵۆپه ئاوێكی پێوه نییه.
مام ڕه‌شید وێڕای ئه‌وه‌ی وه‌ك پیاوێكی به ویقار ده‌هاته پێش چاوان ، سه‌ر و سمبێڵه ماش و برنجییهكهشی زۆر جوان لێهاتبوو و له گه‌ڵ پێسته سورههڵگهڕاوهكهی ده‌موچاویدا كه دیمه‌نێكی سه‌رنج ڕاكێشیان هه‌بوو باش ده‌گونجان. سه‌یری لێ ده‌هات كه شاڵاو به‌و شێوه‌یه ته‌ماشای چنگاڵهكهی ده‌كرد. دیاربوو كه به‌و كاره‌ی ئه‌و كوڕه هه‌رزه‌كاره كه‌مێك دڵگران بووبوو. به‌ڵام وه‌ك پیاوێكی دونیا دیده دانی به‌خۆیدا گرت و نمایشی هیچ هه‌ڵچونێكی ده‌روونی نه‌كرد ، نه‌یده‌ویست گڕی كێشمه كێش گه‌رم ببێت و بگره‌وبه‌رده بۆ خۆی دابمه‌زرێنێت ، نه‌یده‌ویست ده‌رگای گفتووگۆ و به‌رگری له‌خۆكردن ئاوه‌ڵا بكات. ئاخر ئه‌و ڕۆژانه ، له میانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی كاره‌كه‌یدا، چه‌ندین جار توشی هه‌ڵسوكه‌وتی بێزاركه‌رانه‌ی له‌و شێوه‌یه ده‌بێت كه له لایه‌ن كڕیاره جۆر به‌جۆره‌كانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێن ، بۆیه ئه‌م جاره‌ش وه‌ك هه‌ر جارێكی دی هه‌وڵی ئه‌وه‌ی دا كه ددان به‌خۆدا بگرێت و كاراكته‌ری هاوسه‌نگی خۆی نه‌شێوێنێت. زیاتریش له‌به‌رئه‌وه له‌و ساتانه‌دا وا ددانی به‌خۆدا ده‌گرت تا خه‌ڵك و خوا وا له مام ڕه‌شید نه‌گه‌ن كه كابرایه‌كی توڕه‌یه ، نه‌با ئه‌وان بڵێن هێنده كابرایه‌كی سه‌یره ته‌نانه‌ت به گژ سێبه‌ره‌كه‌ی خۆشی‌دا ده‌چێته‌وه.
كاتێك شاڵاو چنگاڵهكهی له به‌ندیخانه‌ی نیگاكانیدا ئازادكرد، ئینجا تیژڕه‌وانه چاوێكی خێرای له چاوه‌كانی مام ڕه‌شید گیركرد، دیسان به كوتووپڕی و بهرقئاسا نیگاكانی بڕیه‌وه له چوار ددانه‌كه‌ی ده‌می چنگاڵهكه كه وه‌ك شێوه‌ی په‌راسوه‌كانی چۆله‌كه‌یه‌ك ده‌هاتنه پێش چاو. له ڕاستیدا زیاتر به‌وه ده‌چوون كه سێلكێكی شه‌نكردن بن و له هاوێنه‌كانی دووربینێكهوه به پێچه‌وانه‌وه لێت ڕوانیبێت و به‌هۆی دووركهوتنهوهیانهوه له‌به‌ر چاواندا بچوك بنوێنن. چاوه‌كانی شاڵاو ئاڵوگۆڕكێیان بوو له نێوان چاوی مام ڕه‌شید و ده‌سك و ددانه‌كانی چنگاڵهكهدا.
ئه‌م گوێزانه‌وه خێرایانه‌ی نیگاكانی چاوی شاڵاو له نێوان چنگاڵهكه و چاوه‌كانی مام ڕه‌شیددا ، به‌لای مام ڕه‌شیده‌وه هه‌ڵس و كه‌وتێكی ناقۆڵا دیاربوو. بۆیه نه‌یتوانی چیتر بێ ده‌نگ ببێت. زیاتر مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بوو شتێك ڕوون بكاته‌وه. ده‌یویست ئه‌وه به شاڵاو بڵێت كه ئه‌گه‌ر پیسییه‌ك یان پهڵهیهیهك به چنگاڵهكهوه هه‌بێت، هی ئه‌وه نییه كه ئه‌و پاكیان ناكاته‌وه، به‌ڵكو هی ئه‌وه‌یه كه خاولی پاككردنهوهكهی ناچێته نێوان ددانه له ته‌ك یه‌كدا درێژبووهوهكانی چنگاڵهكهوه ، بۆیه مام ڕه‌شیدیش وا له كڕیاره‌كانی چاوه‌ڕوان ده‌كات كه بۆ خۆیان له‌وه ڕاستییه بگه‌ن. ئه‌و وا هه‌ستی ده‌كرد كه چ پێویست ناكات ئه‌و ووردهكارییه بۆ هه‌موو كڕیارێك ڕوون بكاته‌وه. ئینجا به ده‌نگێكی گله‌یی ئامێزه‌وه كه بۆنی توڕه‌ییان به هه‌ناسه‌كانی ده‌به‌خشی گوتی.
– مامۆستا ، چ خاڵێكی ڕه‌ش به چنگاڵهكهوه ده‌بینیت؟ ده‌خوازیت چنگاڵێكی ترت بده‌مێ ؟ ده‌ڵێیت كارمه‌ندێكی پشكنه‌ری ده‌زگای چاودێری ته‌ندروستیت وا له‌و چنگاڵه ورد ده‌بیته‌وه. من بیستومه ئه‌وان زیاتر بۆ ئه‌و شتانه ده‌گه‌ڕێن كه ده‌شێت بۆگه‌ن بكه‌ن و خاوه‌نه‌كانیان هه‌ر خوازیاری ئه‌وه‌بن بیانفرۆشرن. ئاخر ئه‌وه چنگاڵێكی له كانزا دروستكراوه، ده‌بێت چ ترسێكی خراپبوونی هه‌بێت؟
– به‌ڵێ خاڵۆ گیان ، هه‌ندێك خاڵی په‌رته‌وازه ده‌بینم ، به‌ڵام نازانم ئه‌و خاڵانه هی چین؟ له‌وه ده‌كه‌ن چنگاڵهكان هه‌ندێك كۆن بن و ددانه‌كانیان خۆركه لێی دابن. به‌ڵام نا من نه چاودێری ته‌ندروستیم و نه بۆ شوێنه‌واری پیسی له‌و چنگاڵهی ده‌ستم ده‌ڕوانم.
به توڕه‌ییه‌وه:
– نا!…. نا نا ، ساڵی پار له كۆگایه‌ك له كۆگاكانی سه‌ر جاده‌ی ئه‌سحابه‌سپی كڕیومن، له‌و كۆگایانهی ته‌نها كه‌لوپه‌له‌كانی نێو مۆبه‌ق ده‌فرۆشن. كۆنی چی و ته‌ڕه‌ماشی چی، برای بابه‌كه‌م ، ئه‌وانه هێشتا تازه‌ن.
– باوه‌ڕت پێ ده‌كه‌م ، دیاره كه كڕیوتن تازه بوون . به‌ڵام خاڵۆ گیان تۆ بۆ واتوڕه ده‌بیت؟ تكایه تۆزێك هێور ببه‌ره‌وه ، خۆ من چ گله‌ییه‌كم له‌به‌ڕێزت نییه. من هه‌ربۆ خۆم كه‌سێكم سه‌رنج له هه‌موو شتێك ده‌ده‌م كه بخوازم زانیاری لێ به‌ده‌ست بهێنم ، حه‌ز ده‌كه‌م له شت وورد ببمه‌وه. ووردبونه‌وه‌ی من له شت و مه‌ك په‌یوستن به كاره‌كه‌مه‌وه. به‌ڵام باشه به ڕاست ، بۆچی له ماوه‌ی ته‌نها ساڵێكدا ئه‌م چنگاڵه وای لێ هاتووه؟
– چاوه‌كه‌م ، چی بێت له تۆ نهێنی ، ده‌زانیت من هه‌ندێك كڕیارم هه‌ن پیر و په‌ككه‌وته‌ن. ده‌سته‌كانیان كه‌وتوونه‌ته له‌رزین . جا جارجار كه ده‌خوازن قاشه شێلمێك بۆ ده‌میان ببه‌ن چنگاڵهكانیان لێ به‌رده‌بێته‌وه ، ده‌شێت هی ئه‌وه بێت خاڵ و قرنجانی په‌رته‌وازه كه‌وتبێته نێو ڕووپۆشكاری چنگاڵهكانمهوه.
ده‌ستی دایه خاولییه گچكهڵكهی كه به سه‌ری بزمارێكدا و به لاته‌نیشتی عه‌ره‌بانه‌كه‌وه هه‌ڵواسرابوو ، كه‌مێك پانتایی سه‌ر عه‌ره‌بانه‌كه‌ی سڕییه‌وه و پاكی كردنه‌وه له‌و دڵۆپه ئاوانه‌ی له كاتی پێشكه‌شكردنی قاپه شێلمهكاندا به‌ربووبوونه‌وه سه‌ر ته‌ختی عه‌ره‌بانه‌كه. چه‌ند جارێك خاولییهكهی به لێواری تهشتهكدا هێنا كه بێ باك له ناوه‌ڕاستی عه‌ره‌بانه‌كه‌دا شانی دادابوو و باوه‌شی بۆ ئه‌و سه‌لكه شێلمانه گرتبووه‌وه كا چاوه‌ڕوانی كڕیاره‌كان بوون تا بێن و نۆشیان بكه‌ن . ده‌ستی دایه یه‌ك دوو چنگاڵ و لكێكی خاولیه‌كه‌ی پێدا هێنان. پاشان چاوه‌كانی بڕییه نێوچه‌وانی شاڵاو . كه سه‌یری پرچه درێژه‌كه‌ی ده‌كرد كه‌مێك بزه ده‌كه‌وته سه‌ر لێوه‌كانی. كه‌مێك پێڵوی چاوه‌كانی لێك نزیك ده‌كرده‌وه ، ده‌یویست بزانێت داخۆ ئه‌و پنته‌ی له‌سه‌ر یه‌ك له گوارهگری گوێچكه‌كانی شاڵاودا له نێوان بۆشاییه‌كانی قژیه‌وه دیاربوون و جار جار ده‌بریسكانه‌وه نقێمی تاكه گوارهیهكه یان ده‌شێت پارچه سورمهیهك بێت و به ڕێكه‌وت له سه‌ر په‌ڕه‌ی گوێی شاڵاو نیشتبنهوه. مام ڕه‌شید پێشتر بیستبووی كه هه‌ندێك لاوانی ئه‌م زه‌مانه حه‌زیان به‌وه هه‌یه گواره له گوێكانیان بكه‌ن. پاشان هه‌رچۆنێك بوو خرمه‌ی پێكه‌نینه‌كانی قووت دایه‌وه و ئینجا پرسی:
– بۆ به‌ڕێزت چ كاره‌یت وا حه‌ز ده‌كه‌یت له شت و مه‌ك ورد ببیته‌وه؟ گوایا ده‌ته‌وێت چنگاڵ دروست بكه‌یت؟ ده برا مه‌ردێ چاك به ، گه‌ر ده‌توانیت چنگاڵ دروست بكه‌یت، وایان دروست بكه كه له كاتی بهربوونهوهیاندا به ده‌ردی چنگاڵهكانی من نه‌چن. خۆ بڕوات بێت كۆڵێك پاره‌شم به‌م چنگاڵانه داوه.
– خاڵه گیان بڕوات بێت ڕێك وا دروستیان ده‌كه‌م كه هه‌رده‌م وه‌ك خۆیان بمێننه‌وه.
كه مام ڕه‌شید بۆی ئاشكرا بوو نه‌كه‌وتۆته به‌ر گورزی گازنده وگله‌یی یه‌ك له كڕیاره‌كانی ئیتر ئاهێك به دڵیدا هاته‌وه. ئینجا ددانه كه‌مێك زهردبووهكانی، له نێوان قهفێكی سمبێڵه پڕه‌كه‌یه‌وه ، له‌و دیو لێوه ههڵبڕسكاوهكانیهوه سهرهتاتكهیان له گه‌ڵ بزه و خه‌نده‌دا ده‌كرد. به پێكه‌نینێكه‌وه له قسه‌كردن به‌رده‌وام بوو.
– ده‌ك ده‌سته‌كانت خۆش بێت. ده‌ده‌ی برا، ده ده‌ی بزانم كه‌نگێ به دیداری به‌رهه‌متان شاد ده‌بین. ده‌زانیت من سه‌ر له كار و پیشه‌ی ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته ده‌رناكه‌م . باشه من بیرم دێت جاران وه‌ستا ده‌ستڕه‌نگینه‌كانی هه‌ورامان چه‌قۆ و قه‌ڵه‌مبڕی زۆر نایابیان دروست ده‌كرد، كه‌چی هه‌رگیز ئه‌وكارانه‌ی ئه‌وان په‌ره‌ی پێ نه‌دراوه و به‌ره‌و پێش نه‌چووه، هه‌رگیز نه‌مدی كه‌سێك بێت و به بڕێك سه‌لیقه‌وه ئه‌و كاره‌ی ئه‌وان به‌ره‌و پێشه‌وه به‌رێت ، نه‌مدی كه‌سێك بێت كه‌مێك گوڕانكاریان تیادا بكات و كه‌ره‌سته‌ی تریشیان له ته‌كدا دروست بكات. هیوادارم ئه‌و كه‌سه تۆ بیت و وامان لێ بكه‌یت شانازی به ڕۆڵی خۆمانه‌وه له ژیاندا بكه‌ین. بزانین ئه‌م نه‌وه‌یه چیمان بۆ ده‌كه‌ن!
– نا نا . خاڵۆ گیان من به‌و شێوه‌یه دروستیان ناكه‌م كه به‌ڕێزت باسیان لێوه ده‌كه‌یت.
– ئه‌ی به ڕاست چۆن چۆنی دروستیان ده‌كه‌یت؟
– به‌شیوه‌یه‌ك دهیاننهخشێنم كه بینینیان خۆشی له ده‌روونی ته‌ماشا كه‌ران بكات. به شێوه‌یه‌ك ڕه‌نگیان به‌به‌ردا ده‌كه‌م كه وایان لێ بكات ئه‌وانیش به شێوازێكی جیا له دونیا و ده‌ور و به‌ری خۆیان بڕوانن.
به لای مام ڕه‌شیده‌وه چنگاڵێك هیچ شێوه‌یه‌كی وای نابێت كه خۆشی له دڵی خه‌ڵكی بخات. چنگاڵێك ته‌نها ده‌شێت ئه‌و كه‌ره‌سته‌یه بێت كه پارچه خواردنێكی پێ هه‌ڵبگیرێت و به‌هۆیه‌وه له نێو ده‌می مرۆڤه‌كان بكرێت تا له گه‌ڵ جوینی خواردنه‌كه‌دا هه‌ست به تامه‌كه‌شی بكه‌ن. بۆیه ئه‌و بێ گومانه كه هۆكاری خۆشییهكه بۆ جۆری خواردنه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه نه‌ك چنگاڵهكه.
دیاربوو پێكه‌نینی به‌و بۆچوونه‌ی شاڵاو ده‌هات . ڕه‌نگه له ناخی خۆیدا وای زانیبێت وڕێنه ده‌كات ، بۆیه پرسیارێكی كرد ، پێشتر له ناخی خۆیدا ده‌یخواست كه حه‌وسه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌بێت و بتوابێت گوێیه‌كانی قوڵاخی وه‌ڵامه‌كانی شاڵاو بكات.
– گوایا ئه‌گه‌ر تۆ چنگاڵێك دروست بكه‌یت، وه‌ها دروستی ده‌كه‌یت كه تامی زیاتر به خواردنه‌كان بگه‌یه‌نێت؟ ده‌تۆ ئه‌ی كوڕی قۆز ، تا شێلمهكهت سارد نه‌بۆته‌وه خێرا به‌و چنگاڵهی كه وا ساتێكی باشه لێێ ده‌ڕوانیت قاشێك شێلم بخۆ ، پاشان بۆ جاری داهاتوو كه هاتیته‌وه بۆ لام به‌و دانه‌یه‌یان بیخۆ كه خۆت دروستی ده‌كه‌یت، بزانه چ گۆڕانێك به‌سه‌ر تامهكهیدا دێت؟ بێگومانم كه هه‌مان تامیان ده‌بێت.
– به‌ڕێزت ڕاستت فه‌رموو ، با ده‌ست به خواردنی شێلمهكهم بكه‌م نه‌با سارد ببێته‌وه و تامه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی نه‌مێنێت. به‌ڵام ده‌زانیت تامی ئه‌وانه‌یان كه من دروستیان بكه‌م له نێو ده‌م و له سه‌ر ڕیشاڵه‌كانی زمانمان هه‌ستیان پێ ناكرێت.
برۆكانی مام ڕه‌شید بۆ سه‌ره‌وه هه‌ڵكشان ، ماسولكه‌كانی نێوچه‌وانی گرژبوون و پاڵیان به چه‌رمی نێوچه‌وانیه‌وه ده‌نا بۆ سه‌ره‌وه ، له پاڵهپۆستۆی گرژبوونه‌وه‌دا و له سه‌رسوڕماندا هه‌ندێك چرچ كه‌وته نێو پانتایی نێوچه‌وانیه‌وه. به خێرایی له نێو مێشكی خۆیدا ئه‌وه‌ی لێك ده‌دایه‌وه كه ده‌بێت هه‌ستكردن به چێژی خواردن بێجگه له كاری خانه چێشناسهرهوهكانی نێو ده‌م و تامچێشكهره ده‌ماره‌كانی سه‌ر زمان ، كاری چ به شێكی تری ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی مرۆڤ بێت! وه‌ك ئه‌وه‌ی دڵنیا بێت شاڵاوی هه‌رزه‌كار وه‌ڵامی پێ نابێت پرسی:
– ئه‌ی مامۆستا گیان ، ده‌كرێت بۆم باس بكه‌یت چۆن چۆنی تام و چێژ ده‌گه‌یه‌نن؟
شاڵاو كه گوێی له‌م پرسیاره‌ی مام ڕه‌شید بوو چاوی چه‌پی كه‌مێك نوقاند و له‌گه‌ڵیدا كوڵمی لای چه‌پیشی گرمۆڵهكرد . به لاته‌نیشتی چنگاڵهكهی قاشێك شێلمی بچری ، ئینجا چنگاڵهكهی له پارچه‌یه‌ك شێلمی ڕه‌نگ قاوه‌یی گیر كرد . كه دانه‌كانی پێدا نا هه‌ستی كرد كه مام ڕه‌شیدا چ شیلم فرۆشێكی شاره‌زایه. له‌گه‌ڵ هه‌ستكردن بهتامهكهیدا سه‌رێكی بۆ له‌قاند و ده‌ستی به جوینی كرد. پاشان ده‌ستی كرده‌وه به دواندن له گه‌ڵ هاوه‌ڵی وتووێژه‌كانیدا:
– ڕه‌نگه تۆ نه‌زانیت كه ئێستا من له ته‌ماشاكردنی ئه‌و هه‌ڵم و هه‌ڵایه‌ی له ته‌شته شێلمهكهی تۆوه به‌رز ده‌بێته‌وه چ خۆشییه‌ك ده‌بینم. ده‌زانیت خاڵۆ گیان، ئه‌و پێكداچون و پهخشبوونهوهیهی ئه‌و هه‌ڵمانه چ چالاكییه‌ك له مێشكم ده‌خه‌ن و چ له‌زه‌تێك له بینینیان وه‌رده‌گرم.
– له‌زه‌تی چی؟ هه‌ڵم كوا له‌زه‌تی هه‌یه؟ من ئه‌گه‌ر قوتی خۆم و ماڵ و منداڵم نه‌بێت له هه‌ڵم و هاڵاوی ته‌شته شێلم هه‌ڵده‌هاتم؟ به‌ڵام به هه‌رحاڵ ، دیاره زه‌مان گۆڕراوه ! ده‌بێت هه‌ڵم و هاڵاو چ لهزهتێكیان هه‌بێت؟
دیار بوو هه‌م كڕیار و هه‌م فرۆشیاری شێلم هه‌ریه‌ك له ئاوازێكیان ده‌خوێند. مام ڕه‌شید كه بۆ ماوه‌ی ١٤ ساڵه له یه‌ك له‌گونده‌كانی سه‌ر سنوره‌وه بۆ شار هاتبوو ، ئیدی له‌وساوه زستانان خۆی به فرۆشتنی شێلمهوه خه‌ریك كردووه. ئه‌و له هه‌موان باشتر ده‌زانێت كه كامه جۆری دۆشاو خۆشترین تام به‌و ته‌شته شێلمه ده‌گه‌یه‌نێت كه هه‌ر له سبه‌ی ساڵحانه‌وه ده‌ست بهكوڵاندنیان ده‌كات. ده‌زانێت كه ئه‌و دۆشاوانه باشن كه له‌كاتی ڕۆكردنیاندا ، له لێواری تهنهكهكهوه به شێوه‌یه‌ك ڕووه‌و خوار ده‌بنه‌وه كه تیشكی ڕووناكی ده‌وروبه‌ر له‌سه‌ر ڕووهكانیان ده‌بریسكێته‌وه . به‌لای مام ڕه‌شیده‌وه ئه‌و جۆره دۆشاوه‌ی كه هیچ بزڕكاوییهكی تیادا به‌دی ناكرێت، خۆشترین تام و چێژ به سه‌لكه شێلمه كوڵاوه‌كان ده‌ده‌ن،. بۆیه هه‌ركات كه دۆشاو بۆ كوڵاندنی گونیه شیلمێك ده‌كڕێت ، یه‌كه‌م جار به‌ده‌ستی خۆی ته‌نه‌كه‌ی دۆشاوه‌كه هه‌ڵده‌گرێت و كه‌مێك لاری ده‌كاته‌وه ، ئه‌وجا به وردی دیقه‌ت له شكانه‌وه‌ی تیشكه‌كان له سه‌ر ڕووی دۆشاوه‌كه ده‌دات. ئیدی به پێی توانای دۆشاوه‌كه بۆ شكاندنه‌وه‌ی ڕوناكی ئه‌و گڵۆپانه‌ی له‌نێو دوكانه‌كه‌دا ده‌دره‌وشێنه‌وه بڕیار ده‌دات كه ئه‌و دۆشاوه بكڕێت یان نا. هه‌تا ڕووی دۆشاوه‌كه زیاتر پریسكهدار بێت ، هه‌تا سفتتر دیاربێت له ئاست لێواری تهنهكهكدا كه سهبهرهوخوار ده‌چه‌مێته‌وه ئه‌وا مام ڕه‌شیدا به ههڵپهتر ده‌بێت بۆ كڕینی.
ڕه‌نگه هه‌ر هی ئه‌و سه‌لیقه ورده‌ش بێت كه مام ڕه‌شید به یه‌ك له ناسراوترین شێلم فرۆشه‌كانی شار ناسرابێت. له‌و ماوه درێژه‌دا كه به كاری شێلم فرۆشیه‌وه خه‌ریكه هێشتا كه‌س گوێی لێ نه‌بووه هاواری پڕ ئاواز بۆ فرۆشتنی شێلمهكهی بكات ، كه‌چی كه خه‌ڵكی به‌لایدا ده‌ڕۆیشتن خۆیان بۆ نه‌ده‌گیرا هه‌روا بێ نۆشكردنی قاپه شێلمێك به‌و شه‌قامه‌دا تێ بپه‌ڕن. به‌ڵام ئه‌وه چه‌ند ساڵێكه مام ڕه‌شید هه‌ستی به‌وه‌كردووه كه وێڕای بۆن و به‌رامه‌ی شێلمهكهشی كه‌چی ژماره‌ی كڕیاره‌كان ساڵ به ساڵ كه‌متر ده‌بنه‌وه. هه‌رچی ده‌كرد هه‌ستی به نهێنی كه‌مبوونه‌وه‌ی كڕیاره‌كانی نه‌ده‌كرد. ئاخر ئه‌و هه‌تا ئه‌م ساته‌ش كه له گه‌ڵ شاڵاودا ئاڵووگۆڕی چه‌ند وشه‌یه‌ك ده‌كات ، ده‌زانێت كه ڕۆژانه هه‌ندێك له كڕیاره‌كان خۆیان بۆ ناگیرێت له ئاست خۆشی تامی شێلمهكهیدا بێ ده‌نگی هه‌ڵبژێرن ، به‌ڵكو زۆربه‌یان به ڕاشكاوییه‌وه پێیان خۆشه پیاهه‌ڵدانی خۆیان بۆ تامه خۆشه‌كه‌ی شیلمهكه به‌گوێی ئه‌ودا بده‌ن. ئه‌دی ده‌بێت بۆچی ژماره‌ی كڕیاره‌كان وا ڕوو له كه‌مبوونه‌وه بووبێته‌وه؟ ئه‌وه پرسیاره‌یه كه هزری مام ڕه‌شیدی هانیوه‌ته خوروو و له هه‌مان كاتدا وای لێكردووه هه‌ست به سهرهتاتكهكانی ترس بكات ده‌رهه‌ق بژێوی ژیانی زستانانی.
– كوڕه چاوگه‌شه ، هێشتا نازانم ناوت چییه؟
– شاڵاوم ناوه خاڵه گیان. شاڵاوی خزمه‌تكارت.
– ڕۆڵه‌كه‌م . شاڵاو گیان، ڕاسته كه‌س به دۆی خۆی ناڵێت ترشه ، به‌ڵام له ڕاستیدا من هیچ گومانێكم له‌وه نییه كه ئه‌و شێلمهی من ده‌یفرۆشم تام و له‌زه‌تێكی خۆشی هه‌یه. به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی به‌وه ده‌چێت كه له‌م یه‌ك دوو ساڵه‌ی دواییدا خه‌ڵكی له خواردنی شێلم تهكیبێتنهوه. من هه‌ر به ژماره‌ی كڕیاره‌كانی خۆمدا ده‌زانم. ئیتر شێوه‌ی چنگاڵ چ په‌یوه‌ستییه‌كی به تامی شێلم و فرۆشتنیه‌وه هه‌یه؟
– نا خاڵه گیان. من مه‌به‌ستم له شێوه‌ی چنگاڵهكه خۆی نییه. من مه‌به‌ستم له‌وه‌یه كه ده‌بێت شته‌كان هه‌رده‌م سه‌رنج ڕاكێش بمێننه‌وه. من كاتێك له‌و هه‌ڵمه ده‌ڕوانم چه‌نده‌ها شێوه‌ی سه‌رنج ڕاكێشیان تیادا ده‌بینم . كه بۆ خۆم ده‌توانم له نێو تابلۆكانمیان بكه‌م ، كه ده‌توانم له‌و وێنانه‌دا كه ده‌یانكێشم سوودیان لێ ببینم . بۆیه باشتره تۆش ده‌وروبه‌ری كاره‌كه‌ت سه‌رنجڕاكێش بكه‌یت.
– باشه به ڕاست تۆ به كارێكی وا بژێوت چۆن به‌ده‌ست دێنییت؟ خۆ من كه‌س نابینم پاره‌كانی خۆی به كاره هونه‌رییه‌كانی ئێوه بدات.
– تۆ ڕاستت فه‌رموو، ئه‌گه‌ر به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم پێم وا بێت ناوت مام ڕه‌شیده، وانییه؟
– ته‌واو ڕاسته ، له‌وه‌ته‌ی به‌م عه‌ره‌بانه‌یه‌وه كاڵا ده‌فرۆشم . هه‌روه‌ك ده‌بینیت له وه‌رزه‌كانی زستاندا كاڵاكهم شێلمه. زیاتر به‌بۆنه‌ی شێلم فرۆشتنه‌وه به مام ڕه‌شیدی شێلم ناوبانگم ده‌ركردووه.
– مام ڕه‌شید گیان . به‌ڵێ تۆ ڕاستت فه‌رموو . په‌یداكردنی بژێو به‌م كاره‌ی كه من ده‌یكه‌م شتێكی ئاسان نییه. به‌ڵام خۆ ناكرێت ئێمه له‌به‌ر بژێوی ژیان له‌م هونه‌ره نامۆ ببین كه هه‌زاران ساڵه بره‌و ده‌كات و ده‌وروبه‌ری ژیانمان بۆ ڕازاوه‌تر و پڕ ماناتر ده‌كات. وێڕای بژێو من چێشێكی سه‌رسوڕهێنه‌ر له كاره‌كه‌م ده‌بینم.
– بێ گومان ڕازاوه‌تری ده‌كات. من به‌وه‌دا ده‌زانم كه بۆ خۆم گه‌لێك زیاتر له‌و هۆده‌یه‌ی ماڵه‌وه ده‌حه‌وێمه‌وه كه فهرشۆكهیهكمان تیادا هه‌ڵواسیوه وێنه‌ی شاخێكی تێدایه كه لوتكه‌كه‌ی به‌به‌فر داپۆشراوه. جاران كاتێك دیواری ژورهكهمان ڕوته‌ڵه بوو زۆر كه‌یفم پێی نه‌ده‌هات.
– ده‌ك دهمهكانت خۆش بێت، مامه‌ی شێلم. ده‌زانیت ئه‌وه‌تا خۆت به‌ده‌می خۆت وه‌ڵامی پرسیارهكاتت ده‌ده‌یته‌وه .
– كامه پرسیار؟
– كه ده‌تپرسی داخۆ بۆچی ساڵانه ژماره‌ی كڕیاره‌كانت كه‌م ده‌بنه‌وه؟ ئه‌وه هی ئه‌وه‌یه ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی ئێستا له ڕووته‌ڵی عه‌ره‌بانه‌كه‌ت ده‌ڕوانێت . بۆ ئه‌وان ته‌نها بۆ و بهرامی شێلمه‌كه به‌س نییه بۆ ئه‌وه‌ی بۆ لای خۆت كێشیان بكه‌یت ، تا ٢٥ دینارییه‌ك له‌به‌رده‌م به‌ڕێزتدا دابنێن بۆ نرخی قاپێك شێلمی به‌تام. ئیدی وه‌ك چۆن جاران به‌ڕێزت زۆر هه‌وه‌ست به دانیشتن له ژووره ڕوتهڵهكهدا نه‌ده‌هات تا فه‌رشه جوانه‌كه‌ت به‌قه‌د دیوارێكیدا هه‌ڵنه‌واسی. ئه‌م نه‌وه‌یه‌ش پێ ده‌چێت بخوازێت عه‌ره‌بانه‌كه‌ی مام ڕه‌شیدا ڕازاوه‌تر ببینێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌مه گرێدراوه‌كانی گهدهكانیان بۆ خواردنی شێلم بكه‌نه‌وه.
– تۆ بڵێیت وا بێت؟
– بێ گومان وایه! گوایا نازانیت دونیا به‌ره‌و جوانخوازی ڕێچكه‌ی گرتووه ؟ ئای كه ماتریالیستی له بره‌وێكی ترسێنهردایه!
– ده‌ك به‌زیاد نه‌بێت. كوره خۆ به سهروگوێلاكتدا پێ نه‌ده‌چو هێنده توانات به‌سه‌ر ئه‌م دونیایه‌دا بشكێت.
– ها ها ، مام ڕه‌شید گیان، ژیان بۆ خۆی پرۆژه‌یه‌كی به‌رده‌وامی فێربوونه. له‌گه‌ڵ هه‌ناسه‌داندا فێری ژیان ده‌بین.
ئه‌مه‌ی گوت و به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی دڵنیاكه‌ره‌وه وه له ده‌م و چاوی مام ڕه‌شیدی ده‌ڕوانی. زیاتر تاڵه سپییه‌كانی نێو سمبێڵهكهی سه‌رنجی ڕاده‌كێشا ، كه چۆن به‌هێمنی پاڵیان به تاڵه ڕه‌شه‌كانه‌وه دابووه‌وه . هه‌رچه‌ند ئه‌و تاڵه سپیانه كه‌مینه‌یان ده‌نواند، لێ بێ سڵه‌مینه‌وه هاواریان ده‌كرد كه ئه‌وان نیشانه‌ی دونیا دیدهیین. نازێكی بێ فیزیان به‌سه‌ر تاڵه ره‌شه‌كاندا ده‌كرد ، ده‌یان گوت كه گه‌شتنه ئاستی ئێمه سه‌رفراز بن له‌وه‌ی كه‌ڵك له ئه‌زمونی ئێمه وه‌ربگرن.
چه‌ند وته‌یه‌كی مام ڕه‌شید له باخچه‌كانی فه‌نتازیاوه بۆ نێو دونیای ڕاسته‌قینه‌یان گێڕایه‌وه. دواییین وته‌كانی مام ڕه‌شیدی وه‌ك ورته‌ورتێك هاتبوونه به‌رگوێی ، بۆیه به پرسیارێك كه‌وته‌وه نێو مه‌یدانی گفتوو گۆوه:
– ببوره ، مام ڕه‌شیدا نه‌مزانی دوایین پرسیارت چی بوو.
– ناهه‌قت ناگرم ، دیاره تامی شێلمه‌كه مه‌ستی كردوویت. ویستم بزانم هیچ بیرۆكه‌یه‌كت هه‌ی كه چۆن چۆنی ئه‌م عه‌ره‌بانه‌یه به‌دڵی گه‌نجه مێرخاسهكانی ئه‌م زه‌مانه بڕازێنمه‌وه . بۆ نایه‌یت هاریكارییهكم بكه‌یت؟
– هاریكاری ، چه‌نده وشه‌یه‌كی ڕه‌سه‌نه! مام ڕه‌شیدا گیان كۆڵێك گو ڕ و چاوگێكی هێز له وشه‌ی هاریكاریدا ده‌بینم.
دوو هه‌فته دواتر، له سه‌ر شۆسته كاشی ڕێژكراوهكهی شه‌قامه‌كه وه‌ستاوه . ده‌ستی چه‌پی له سه‌ر كه‌له‌كه‌ی داناوه . چاوی له‌و پاساریانه بڕیوه كه جێگۆڕكێ ده‌كه‌ن له نێوان لێواری په‌نجه‌ره‌ی باڵه‌خانه‌كه و هێڵی گه‌یاندنه‌كانی كاره‌باكه‌دا. له‌ژێر باڵه‌فڕه‌ی پاسارییهكاندا كۆمه‌ڵه كڕیارێك ده‌بینێت كه به‌ده‌وری كابرایه‌كی سه‌ر و سمێڵ ماش و برنجیدا خڕ بوونه‌ته‌وه و شێلم ده‌خۆن. پێ ده‌چێت هه‌ندێكیان له نیگاری بهروانكهكهی به‌ری بڕوانن ، هه‌ندێك نیگای چاوه‌كانیان له دیمه‌نی ئه‌و ورچه فهروداره بڕیوه كه ده‌شێت بۆ دیتنی شار هاتبێت ، پاش ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ مام ڕه‌شیددا ئاماده‌بووه ئه‌م زستانه له سه‌ر یه‌ك له پلێته‌كانی لاته‌نیشتی عه‌ره‌بانه‌كه به‌سه‌ر ببات.
له به‌رخۆوه ده‌یگوت بڵێیت ئه‌وسا ئه‌م شه‌قامه به‌رینترین شه‌قامی جیهان بووبێت؟ یان خه‌یاڵی من به‌رینترین خه‌یاڵی جیهان بووبێت؟