
له‌باره‌ی ( عیلمانی و ئیسلامی ) له کوردستاندا:
گفتوگۆیه‌ک له‌مه‌ڕ ئاین و سیکولاریزم له په‌راوێزی به‌رنامه‌ی ( له‌گه‌ڵ ڕه‌نجدا)
عه‌لی محه‌مه‌د زه‌ڵمی
بێگومان قسه‌کردن له سه‌ر هه‌ردوو چه‌مک و دیارده‌ی ئاین و عیلمانیه‌ت باسوخواسی زۆر هه‌ڵده‌گرێت و لێکۆڵینه‌وه‌ی مێژویی و گه‌ڕانی مه‌عریفی و خوێندنه‌وه‌ی سۆسیۆلۆگیانهی ده‌وێت. که هه‌رسێ له‌م کارانه له کێڵگه‌ی ڕۆشنبیریی کوردی‌دا زۆر بچوک و نه‌فه‌س کورتن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه لێره‌دا به تهنگیهوهین چه‌ند سه‌رنجێکی خێران له‌مه‌ڕ ئه‌و به‌رنامه ته‌له‌فزیۆنیه‌ی که‌ناڵی کوردسات له‌گه‌ڵ ڕه‌نجدا شه‌وانی یه‌کشه‌مه، که ره‌نج سه‌نگاوی تا راده‌یه‌کی باش سه‌رکه‌وتوانه پێشکه‌شی ده‌کات. ئه‌مه‌وێت سه‌ره‌تا دوو سه‌رنجی کورت پێشکه‌ش بکه‌م ئه‌وجا بچمه ناو مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی گفتوگۆکه که له‌سه‌ر عیلمانیه‌ت و ئاین بوو له کوردستاندا. یه‌ک ، به‌داخه‌وه تا هه‌نوکه‌ش له‌پاڵ هه‌موو ئه‌و که‌موکورتیانه‌ی هه‌مانه له دونیای میدیایی کوردی‌دا ، تا ئێستا ده‌زگایه‌کی سه‌ربه‌خۆ یا حکومی یا خود ته‌نانه‌ت که‌سیشمان نییه خوێندنهو ( (reviewبکات بۆ به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م ده‌زگای ڕاگه‌یاندنانه، وای لێهاتوه هه‌رچی بگوزه‌رێت له که‌ناڵه‌کانه‌وه هه ده‌رئه‌نجامی تهرفیئی و کات کوشتنی لێده‌که‌وێته‌وه. دوو، تێبینی ئه‌وه‌م کرد له رێکخستنی میوانه‌کانی به‌شداربوو ده‌نگێکی گرنگ و کورسێکی سه‌ربه‌خۆ بزربوو، که ئه‌ویش ئه‌و کاراکته‌ره‌یه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و گه‌مه ئایدیۆلۆژیه دابه‌ش بووه‌ی سه‌ر به‌ناو عه‌لمانی و ئیسلامی یه. له ته‌نیشتی ده‌ستی راستی به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی کۆمه‌ڵی ئیسلامی و لایه‌نی ئیسلامی و هه‌روه‌ها لای ده‌ستی چه‌پیشی به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی پارتی و یه‌کیه‌تی دا ، ئه بوو له به‌رامبه‌ریشدا بێلایه‌نێک نوێنه‌ری ئه‌و هه‌مه خه‌ڵکه ناحیزبیه هه‌بووایه یاخود یه‌کێک له‌و نوسه‌رانه ئاماده بوایه‌ت که به هاوسه‌نگی و باکگراونێکی مه‌عریفی تا ئێسته قسه‌یان له سه‌ر ئه‌م دوو دیارده کردوه. نایشارمه‌وه کۆی میوانه‌کان له گه‌ڵ حورمه‌تی ته‌واوم بۆیان کادری ڕاگه‌یاندن و ده‌زگایی بوون نه‌ک باسگرو لێکۆڵه‌رو بیریار‌و ئه‌کادیمیست.
له‌م نه‌فه‌سه کورته‌دا منیش ناچارم به‌خێرای بگه‌ڕێمه‌وه بۆ مێژوو و ناساندنێکی خێرای چه‌مکه‌که واته سیکیولاریزم ، هه‌ڵبه‌ته بۆ یه‌که‌م جار وه‌ک تیرم له‌لایه‌ن نوسه‌ری به‌ریتانی جۆرج هۆلیۆک به‌کارهاتوه و ئه‌ویش پێناسه‌ی بۆکردوه له ساڵی 1846 دا. به‌ڵام زۆربه‌ی بیریاران سیکولاریزایشن وه‌ک پرۆسیس ده‌گێڕنه‌وه بۆ سه‌ره‌تاکانی مۆدێرنه‌ته و هه‌وڵی به مۆدێرن بوون، که لای فه‌یله‌سوفانی رێنیسانسدا ئه‌م پرسه سه‌ریهه‌ڵدا واته پشت کردن له که‌لتور و دونیابینی رابردووی رۆم و یۆنان، له سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی پانزه‌وه به‌دواوه تا سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ریی. یه‌کێک له‌و هه‌وڵانه جیاکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌یه له ئاین وه فه‌یله‌سوفی ئیسلامی له ئه‌نده‌لوس ئیبن روشد به‌یه‌کێک له رابه‌رانی ئه‌م هه‌وڵانه دائه‌نرێت. رێبازه فهلهسهفیهکهی ڕوشد که له‌سه‌ر میراتی ئه‌رستۆ کاریده‌کرد له فه‌رهه‌نگی فه‌لسه‌فی ئه‌وروپیدا به ئاڤیرسم(Averroeism ) ناسرواه و به هه‌وڵێکی گرنگ ئه‌ژمێرێت له پرۆسه‌ی عه‌لمانیه‌تدا. ئاڤیرۆیسم چ له‌ڕووه ئیسلامیه‌که‌ی لای ڕوشد و چ له رروه کریستیانیه‌کی لای باربهنت و داسیا ، به‌م ده‌رئه‌نجامانه گه‌یشتن که پێشتر هه‌وڵی له‌و بابه‌ته نه‌درابوو له هه‌ردوو ئایندا، که ئه‌ویش: راسته یه‌ک راستی ره‌ها هه‌یه به‌ڵام به‌دوو رێگا ئه‌توانریت بگه‌یت به‌و راستییه ئه‌وانیش فه‌لسه‌فه و ئاین. لێره‌وه ده‌رگایه‌کی تر واڵا بوو بۆ ته‌فسیرو دونیابینی بۆ هه‌موو دیارده کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆحیه‌کان که پێشتر ته‌نها له ئایندا قهتیسکرابوون. له سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ریدا زیاتر ئه‌م تێڕوانیاننه پێگه‌یان توندکرد و جێگیربوون به‌تایبه‌تی له دوایی شۆڕشی زانستی و ڕێنیسانس که پێشتر زۆرێک له جیهانبینی گۆڕیبوو، فه‌یله‌سوفانی ڕۆشنگه‌ری هاتن له‌سه‌ر میراتی زانستی فرانسیس بیکۆن و گالیلۆ دواتر دوالیزمه‌ی دیکارت، به سێ قۆناغی دابه‌ش بوو به‌سه‌ر فه‌یله‌سوفانی ڕۆشنگه‌ریدا زۆرێک له به‌هاکانی مۆدێرنهتهیان سه‌پاند له کۆمه‌ڵگا ئه‌وروپیه‌کاندا هه‌تا شۆرشی فه‌ره‌نسی و شۆڕشی پیشه‌سازی چاخی 18 و19 دا. له‌و به‌هایانه جیاکردنه‌وه‌ی که‌نیسه له ده‌وڵه‌ت و سه‌هه‌ڵدانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه ، بڕوا بوون به زانستی ئه‌زمونگه‌رایی له بری ته‌فسیری ئاین بۆ دیارده‌کان، مافی هاوڵاتیبوون و مافه مه‌ده‌نیه‌کان و گۆڕینی ئاراسته‌ی لاهوتی بۆ ناسوتی. به‌ڵام به‌زه‌قتر ئه‌م به‌هایانه له بواری سیاسی‌دا ره‌نگیاندایه‌وه و کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌و و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست گۆڕانێکی رادیکاڵیان به‌خۆوه بینی. به‌تایبه‌تی له کێشه‌کانی مناڵ له‌باردن و یاسای که‌سیه‌تی و هاوسه‌رگیری ههرایکی زۆری ناوه‌ته‌وه تا ده‌وڵه‌ت بۆ به‌ڵگه‌و واقیعی ژیان بگه‌رێته‌وه نه‌ک حه‌رام و حه‌ڵالی ده‌قی ناو کتێبی پیرۆزی ئاینه‌کان.
پرسیاری ئیمه له به‌رنامه‌که‌و ئه‌و بابه‌ته‌ی له‌ویدا وروژێنرا ئه‌وه‌یه له لایه‌ک ئاخ‌و بۆ ئیسلام و عه‌لمانیه‌ت بۆ به‌م دۆخه دژواره گه‌یشتون، یان بۆ عه‌لمانیه‌ت له جیهانبینیه‌وه کورتکراوه‌ته‌وه بۆ ئایدۆلۆژیا، له لایه‌که‌ی تریش ئیسلامیه‌کان به‌کامه‌ی ئه‌م ته‌وژمه قه‌ڵسن و له‌گه‌ڵ کوێێ کۆکن، که دیسانه‌وه هه‌مان قه‌یرانی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ ، کۆ مه‌ڵگای مه‌ده‌نی و مافه مه‌ده‌نیه‌کانه له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا. ئه‌و ده‌رئه‌نجامه بارگاویه به گومان و هه‌ڕه‌شه له نێوان ئه‌وه‌ی پێده‌وترێت عه‌لمانی و ئیسلامی له نا هارمۆنی ونا هاوسه‌نگی بزاوتی به‌ره‌وپێشچونی کۆمه‌ڵگا دایه. به‌مانا کۆکردنه‌وه‌ی دژه‌کان له بۆته‌یه‌کی نا سازدا که ئه‌مه‌ش من گوناحه‌که‌ی له ئه‌ستۆی کۆمه‌ڵگادا نابینم ئه‌وه‌نده‌ی له ئه‌ستۆی هێزه دهستهبژیرهکاندایه( élite ) وه‌ک هێزی نوخبه‌ی سیاسی و رۆشنبیریی له هه‌ردوو به‌ره‌ی ئیسلامی و عه‌لمانیدا. ئه‌وه ئه‌وانن ناتوانن ده‌سبه‌رداری یاسای خێڵ بن بۆ ده‌سه‌ڵاتی یاسا ی مه‌ده‌نی ، ده‌سبه‌رداری سه‌رکرده‌ی کاریزمی و ره‌مزی بن بۆ سه‌رکرده‌ی هه‌ڵبژێردراو. ئه‌م په‌تای کۆکردنه‌وه‌ی دژه‌کان به داخه‌وه ته‌واوی خه‌باتی سیاسی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ی گرتوه‌ته‌وه به شۆڕشی نوێشه‌وه که ئه‌بوو به‌دیلێکی ئه‌و باره بوایه ، نه‌ک هه‌ر نه‌یتوانی ئه‌و به‌دیله بێت به‌ڵکه هینده‌ی تر کاریزما بوون و شه‌رعیه‌تی خێڵی چه‌سپاند به مۆدیلی جیاوازه‌وه. له‌به‌رامبه‌ردا هێزه ئیسلامیه‌کان به وه‌حی وه‌رگرتن له‌و مشتومڕه بێماناییه‌ی عه‌ره‌به‌کان له‌نێوان ئیسلامیسته‌کان و ته‌یاره چه‌پی و ناسیونالستیهکاندا نمونه‌ی شه‌ره کانی عه‌ماره و قه‌رزاوی و محممد غه‌زالی له‌به‌رامبه‌ر سه‌لامه مو‌سا و سه‌ید قمنی و..هتد ،هاتن هه‌مان به‌ڵگه‌و حوجه‌یان فرۆشته‌وه به هێزه به‌ناو عه‌لمانیه‌کانی کورد. ئه‌م هاورده و کۆپیکردنهی ئیسلامیه‌کان له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه که خودی سه‌رهه‌ڵدانی ته‌وژمی ئیسلامی له‌ناوچه‌کدا به‌گشتی و به‌کوردستانیشه‌وه پهرچهکرداربوو، نه‌ک زاده‌ی بزاڤێکی هۆشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی ڕه‌سه‌ن. بۆ نمونه تا ئه‌م دوایه‌ش به هۆی مه‌رامی سیاسیه‌وه نه‌بوایه هه‌رچی ته‌ریقه‌تی قادری و نه‌قشی بوو لای ئیسلامیه‌کان به بیدعه‌و و خورافه ئه‌خوێنرایه‌وه.
بۆ دوان له‌سه‌ر به‌شی دووه‌می پرسیاره‌که‌مان که ئیسلامیه‌کان به‌کامه‌ی عیلمانیه‌ت و چه‌مکه‌کانی تری رۆژئاوا قه‌لسن و کامهیشی کۆک، ئه‌کرێت لێره‌دا که‌مێک له‌سه‌ر خودی ئاینی ئیسلام بوه‌ستین. یه‌کێک له‌و ئارگومێنته له‌مێژینانه‌ی ته‌ییاری ئیسلامی له‌به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ی به رۆژئاواکردنی کۆمه‌ڵگا ئیسلامیه‌کاندا- که زۆرجار ئه‌م هه‌وڵه ئه‌وه‌نده له‌لایه‌ن خودی کاراکته‌ره رۆژههڵاتیهکانهوه کراوه ئه‌وه‌نده پلان و به‌رنامه‌ی خودی رۆژئاوایه‌کان نه‌بوه گه‌شه‌سندنی که‌پیتاڵ و سه‌رمایه‌داری لێده‌رکه‌یت- ئه‌ویش ئه‌و ئارگۆمینتهیه گوایا ئیسلام جیایه له مه‌سیحی چونکه ئیسلام ئاینی دین و دونیایه، ئاینی رۆح و مادده‌یه. ئه‌م به‌ڵگه‌یه راست ووته‌که‌ی ئیمامی عه‌لی به‌سه‌ردا ئه‌سه‌پێت له‌به‌رامبه‌ر خهواریجهکاندا که ووتبوی کلمه الحق یراد بها باطل، ئیسلامیه‌کان ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یان به‌کارده‌هێنا به‌ڵام به خاڵیبوون له رۆح و پڕبوون له هوتافی شۆڕش ئامێز‌و و خه‌ونی ده‌سه‌ڵاته‌وه. ئه‌وه راسته که ڕۆژئاوا به‌هۆی پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆجی و شۆڕشی پیشه‌سازیه‌وه که هه‌نده‌سه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی گۆڕا و تاکێکی دابڕاوی له ده‌وروبه‌رو دراوسیکهی لێ‌دروست بوو* . به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نیه مه‌سیحیه‌ت بێڕۆحه یا بێ مادده‌یه به‌ڵکو ئه‌و 600ساڵه له گۆڕان به‌سه‌ر مه‌سیحیه‌ت و ئه‌وروپادا و هه‌روه‌ها ئه‌و جمود و وه‌ستانه‌ی دونیای ئیسلامی گه‌ر ئه‌و گۆڕانکاریانه لێره ڕویانبدایه خوا ده‌یزانی ئێستا ئه‌و روح و مادده‌یه‌ی ئیسلامیش به‌کوێ ده‌گه‌یشت. موسڵمانه‌کان و به‌تایبه‌تی هه‌ڵگرانی ئایدیۆلۆژیای ئاینی ده‌بێت له‌وه تێبگه‌ن که ئاین مه‌حکومه به زه‌مان و مه‌کان ، ئاین له ده‌ره‌وه‌ی کۆمهڵگادانیه به‌ڵکو کۆمه‌ڵگایه بهرههمیدههینێت و رهمزیشی ده‌داتێ. من له‌و پرسیاره شه‌رمنه‌ی خاڵۆیه‌کی یه‌کگرتوه‌وه ده‌ست پێده‌که‌م که له به‌رنامه‌که‌ی ره‌نجدا کردی ووتی :" گه‌ر ئه‌و پێناسه‌ی به‌رێز سه‌رۆ قادر فه‌رمووی بۆ عیلمانیه‌ت وابێت ئه‌وا دین ده‌پارێزێت" ، من به‌و به‌ڕێزه ده‌ڵیم کاکم کام دین ده‌پارێزێت ، دینێک په‌لی نههاوشتبێته ناو گشت کایه‌کانی ژیان ؛هاوسه‌رگیری،مردن، بازاڕ، ده‌سه‌ڵات، شعر هونه‌ر، کوره ته‌نانه‌ت له ئه‌ده‌بیاتی ئیسلامی‌دا مافی مرۆڤی ئیسلامی جیایه، هونه‌ری ئیسلامی ، ئه‌ده‌بی ئیسلامی و ته‌نانه‌ت له ئه‌وروپا کۆکا کۆلای ئیسلامی و ئارد و بسکیتی حهلالێش هه‌یه.
یه‌کێک له‌و مناقه‌شه جدیانه‌ی له به‌رنامه‌کدا باسی لێوه نه‌کرا دیارده‌ی ئاینی و روحی له‌سه‌رده‌می پۆستمۆدێرنه‌دا ، ئاخر له تێزه‌کانی پۆستمۆدێرنه‌دا به پێچه‌وانه‌ی گوتاری مۆدێرنه‌ته که ئاین و مۆدێرنه‌ته دژیه‌ک و جیاواز بوون به‌ڵام په‌یوه‌ه‌ندی ئاین و کۆمه‌ڵه‌گه پۆستمۆدێرنه‌کان زۆر ئالۆزه*. هه‌ر ئه‌م ئالۆزی و ناڕوونیهیه واده‌کات له کۆمه‌ڵێک بیریاری ئیسلامی بیر له په‌یوه‌ندێکی تازه‌ی ئیسلام و خۆرئاوا بکه‌نه‌وه له سه‌رده‌می پۆسمۆدێرنهدا له وانه ئه‌کبه‌ر ئه‌حمه‌د و عه‌بدولعه‌زیز ساجدنه که مارتن مارتی به بۆچونه‌کانی سه‌رسامه*. پرسیاره‌که ئه‌مه‌یه ئیمڕۆ مرۆڤایه‌تی به کوێێ ئیسلام دڵخۆشن و لێێ ئارامن و بهچیشی تۆقاون، که گه‌ره‌که هه‌ر ئه‌ندامێکی گروپه ئیسلامیه‌کان به هه‌موو باڵه‌کانیانه‌وه له‌م پرسه بکۆڵنه‌وه. ئه‌و ماددیهته صرفهی که تۆفیق که‌ریمی به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی کۆمه‌ڵ نه‌یتوانی دوو رسته‌ی له‌سه‌ر بڵێت ، زۆر راسته که مۆدێرنه‌ته قه‌یرانێکی روحی بۆ تاکی ڕۆژئاوای خوڵقاند به‌ڵام نابێت کاک توفیق و هه‌موو هه‌وادارانی ئیسلامی سیاسی دڵی خۆیان به‌وه خۆش بکه‌ن ئه‌وان ئه‌و مژدهدهرهن به خه‌ڵکی و سارێژی رۆحیان پێه. ئیمڕۆ هه‌ژاری رۆحی ئیسلامی سیاسی له جێکدایه که نه‌ک هه‌ر ناتوانن بیبه‌خشن به‌ڵکو نه ئه‌توانن هاوسه‌نگی بدۆزنه‌وه وه نه ئهشوێرن په‌ی به‌و سه‌روه‌ته سۆفیه رۆحیه به‌رن که له مێژووی ئیسلامدا هه‌یه. له به‌رامبه‌ر ئه‌مدا له ئه‌وروپا هه‌موو ئه‌و بزاڤه بێشوماره‌ی که ڕووی له یۆگاکردن و میدیتهشنه له چالاکیه رۆحیه‌کانی ئاینه‌کانی بوزی و تاویزم و کۆنفێشیوس و زێن هه‌روه‌ها زیادبوونی به هه‌زاران له موریدانی مه‌ولانای رۆمی له ئه‌مریکا و ئه‌وروپا به‌بێ ئه‌وه‌ی بڕوا به ئیسلام بهێنن یا هه‌ریه‌ک له‌و ئاینانه‌ی تر، به‌ڵگه و وه‌ڵامێکی رۆشنه بۆ ئیسلامیه‌کان که کوێێ ئیسلام هه‌ڵده‌کات له گه‌ڵ ئه‌م زه‌مه‌ندا. ئه‌و مێژوو و میراته‌ی ئیسلامیه‌کان له‌سه‌ری دامهرزراون له‌رزۆک و شه‌رمهێن و شه‌ڕه‌نگێزه، که‌به‌شی حوکمڕانی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و داگیرکاری و چه‌وسانه‌وه‌یه هه‌ر ئه‌مه‌شه خاڵی بنه‌ڕه‌تی ناکۆکی له‌ته‌ک بزاڤی عه‌لمانیه‌تدا. که ده‌سه‌ڵاتی سیاسی پیرۆزیه‌کانی له خوا‌و ده‌قه‌وه وه‌ربگرێت له‌بری موماره‌سه‌ی دیمۆکراتی و هه‌ڵبژاردن. چه‌نده یه‌کیه‌تی و پارتی نوێنه‌ری سه‌قه‌ت و رووی دژواری عه‌لمانین له‌کوردستاندا، هه‌رواش یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ رووه ناشیرینه‌که‌ی ئیسلامن له کوردستاندا. ئاشتکردنه‌وه‌ی ئه‌م باره ناشیرنهش به‌وه ده‌بێت چیتر ئه‌م هێزانه وازله ئیسلام بهێنن وه‌ک چاره‌سه‌ر و بانگه‌واز وه موماره‌سه‌ی کاری سیاسی خۆیان بکه‌ن که ئه‌کرێت ئیمانداریش بن وه‌ک تاک. به‌مه‌ش که‌س نابێت به نوێنه‌ری خوا و خۆی به پارێزه‌ری ئیسلام بزانێت و خه‌ڵک دابه‌ش بکات به‌سه‌ر به‌ره‌دا، به‌ڵکو گه‌ر ئیسلام خۆی هه‌ڵگری توخوبی مانه‌وه‌و و توێشوی رۆحی بێت وه‌ک تاویزم و زه‌ین و بوودی پاش 5000 ساڵ خه‌ڵک له سه‌رده‌می پۆسمۆدێرنهشدا بۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و چێژی رۆحی لیدهبێنێت.
په‌راوێزه‌کان:
• بگه‌ڕیوه بۆ ووتارێکی نوسه‌ر به‌نێوی شوناسی کۆمه‌ڵگه …، هاوڵاتی ژ416 ، 417
• له‌و تارێکی تری نوسه‌ر به‌نێوی دیارده‌ی فهندهمێتالیزمی ئاینی ئه‌م په‌یوه‌ندیه به دریژی روونکراوه‌ته‌وه، هاوڵاتی ژ343، 344
• بڕوانه : Marty, M.(2005) When Faiths Collide, Oxford.