تیرۆری رۆژنامه‌نووسان
ده‌ستێکی ڕه‌ش و نادیار که‌وتۆته گیانی رۆژنامه‌نووسان له باشووری کوردستان و ترسنۆکانه ڕۆژنامه‌نووسی گۆڤاری لڤین، سۆران مامه حه‌مه‌یان تیرۆر کرد. ئه‌م دیارده قێزێون و ترسناکه هه‌ر که‌س و لایه‌نێکی له پشته‌وه بێت، ده‌یانه‌وێت ترس و وه‌حشه‌ت له نێو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا، بڵاوبکه‌نه‌وه، له لایه‌کی دیکه‌یشه‌وه ده‌یانه‌وێت ده‌موچاوی ده‌سته‌ڵاتی کوردیی که رووبه‌رووی کۆمه‌ڵێک هه‌ره‌شه‌ی ناوه‌کی و ده‌ره‌کی بووته‌وه، زیاتر ناشیرین بکه‌ن، ئاخر ده‌سته‌ڵاتی کوردی نه‌یتوانیوه پێداویستییه سه‌ره‌کی و سه‌ره‌تاییه‌کان که ئاو و کاره‌با سه‌ره‌کیترینیانه، دابین بکات، هه‌ره‌وه‌ها له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ که‌رکووکدا، ده‌ستیان له بنی هه‌مانه‌که‌وه ده‌رچووه و محاڵه بتوانن ئه‌و شاره بگه‌ڕێننه‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان.
ئه‌م دیارده‌ی کوشتنی رۆژنامه‌نووسان و ئه‌تککردنی قه‌ڵه‌مه له باشوور، تورکیایی نه‌وه‌ده‌کانمان به بیر ده‌هێنێته‌وه که به ده‌یان ڕۆژنامه‌نووس و ڕۆشنبیری کورد له لایه‌ن داوده‌ستگا سیخوڕیی و ئه‌منییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌وه تیرۆرکران یانیش بێسه‌روشوێن کران، بکوژه‌کانیشیان وه‌ک به‌رزه‌کی بانان بۆی ده‌رچوون، ئێستا به سه‌دان فایل له دادگاکانی ئه‌و وڵاته‌دا چاوه‌ڕوانی دادگایی بکوژه‌کان که به بکوژانی نادیار ناو ده‌بردرێن، ده‌که‌ن.
تیرۆرکردنی رۆژنامه‌نووس، سۆران مامه حه‌مه، زه‌نگێکی مه‌ترسیداره که ده‌بێت ئاسایشی کوردستان و حوکوومه‌ت و سه‌رۆکی هه‌رێم به جددی وه‌ریبگرن و تیرۆریستان ده‌ستگیر بکرێن و بێ هیچ دوو دڵییه‌ک ئه‌و باند و که‌سانه‌ی له پشت ئه‌م تاوانه‌وه‌ن ئاشکرا بکرێن. ئه‌وه‌ی که جێگای سه‌رنجه، به‌شێک له ڕۆژنامه ئه‌هلییه‌کان و هه‌ندێک ڕۆژنامه‌نووس، به چه‌ند سه‌عاتێک دوای تیرۆرکردنی کاکه سۆرانی جوانه‌مه‌رگ، به‌بێ هیچ دوو دڵییه‌ک، پارتی و یه‌کێتیان به‌و تیرۆکردنه تاوانبار کرد و یه‌کێک ده‌ڵێت له‌سه‌ر ئه‌و ڕاپۆرته بووه که له گۆڤاری لڤیندا ده‌رباره‌ی سۆزانییه‌کان بڵاویکردۆته‌وه و یه‌کێکی دیکه ده‌ڵێت له‌سه‌ر وتارێک که له ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتیدا بڵاوی کردۆته‌وه، ده‌کرێت هه‌ره‌کام له‌و گریمانانه ڕاست بن، به‌ڵام خۆ ده‌شکرێت تیرۆریستانی دیکه یان وڵاتێکی وه‌کو تورکیا که سیخوڕه‌کانیان له کوردستاندا ته‌راتێن ده‌که‌ن به کارێکی وا هه‌ستابن، تا له‌و ڕێگایه‌وه ئاژاوه له کوردستاندا بنێنه‌وه، بۆ نا؟
ده‌سته‌ڵاتی کوردی تا ئێستا هیج کاردانه‌وه‌یه‌کی نه‌بووه له‌سه‌ر کوشتنی دوکتۆر عه‌بدولستار و سۆران مام حه‌مه، ئه‌مه‌ش یکێکه له که‌مته‌رخه‌مییه‌کانی ده‌سته‌ڵاتداران له‌به‌رانبه‌ر هاووڵاتیانی کوردستاندا، هه‌ر ئه‌مه‌شه وای کردووه که هاوولاتیان خۆیان به خاوه‌نی ئه‌م حوکوومه‌ت و نیشتمانه نه‌زانن، وای لێهاتووه که خه‌ریکه هه‌موو خه‌ڵکه‌که به‌یه‌که‌وه بڵێن:"ته‌نها پێڵاوه‌کانمانه به‌م خاکه‌وه‌ی به‌ستووینه‌ته‌وه". کاتێک ڕۆژنامه‌نووسی ره‌خنه‌گری ڕووسی (Anna Politkovskaja) تیرۆر کرا که رۆژنامه‌نووسێکی ئازا و چاونه‌ترس بوو و ره‌خنه‌ی له پۆتین و رووسیا ده‌گرت له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی له چیچان ده‌کران، له هه‌موو لایه‌که‌وه موخابه‌راتی رووسی تاوانبار ده‌کرا که ده‌ستیان له کوشتنی ئه‌و ژنه ڕۆژنامه‌نووسه‌دا هه‌بوو بێت، به‌ڵام سه‌رکۆمار پوتین خۆی هه‌ر زوو ئه‌و تاوانه‌ی ڕیسووا کرد و به‌ڵێنیدا که بکوژه‌کانی بگرن و کردیشیان، که‌چی له کوردستان ده‌یان جه‌ریمه و تیرۆر ده‌کرێن، سیاسی و به‌ڕێوه‌به‌رانی وڵات مته‌قیان لێوه نایه‌ت.
هه‌ر چۆنێک ده‌بێت، ده‌بێت ڕۆژنامه‌نووسان به یه‌ک ده‌نگ ئه‌م تیرۆر و کووشتنانه ڕیسووا و شه‌رمه‌زار بکه‌ن و فشار بۆ ده‌سته‌ڵات و ئاسایشی ئه‌م وڵاته بهێنن، بکوژان و تیرۆریستان بدۆزنه‌وه و دادگاییان بکه‌ن، به‌ڵام هه‌مانکات ده‌بێت ئه‌وه‌شمان له بیر نه‌چێت که ڕۆژنامه‌نووس نابێت جێگای دادوه‌ر و پۆلیس بگرێته‌وه و هه‌ر له‌سه‌ر تیۆری گریمان و به‌خستنه‌بری کار نه‌کات، ئه‌گه‌ر ڕۆژێک تاوانباران دۆزرانه‌وه و گریمانه‌کانی ئه‌وان ده‌رنه‌چوون، ئیتر ئه‌وکاته که‌س متمانه‌یان پێ ناکات.
کاکه سۆران به ئاسووده‌یی سه‌ر بنێره‌وه، ته‌نها قه‌ڵه‌مه‌که‌ی تۆیه که له داهاتوودا رێزی لێ ده‌گیرێت و مرۆڤکوژه‌کان هه‌ر ڕیسوواییان بۆ ده‌مێنێته‌وه، ده‌کرێت وه‌ک میناک ناوی سه‌ددام و پێنۆشێت و پۆلپۆت، به‌بیر خۆمان بهێنیینه‌وه.
تێبینی: ئه‌م وتاره له رۆژنامه‌ی (ڕۆژنامه)ی ڕۆژی 29/7 دا بڵاو کراوه‌ته‌وه.