هۆش و غه‌ریزه
مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌د ده‌ڵێ:
"که غه‌ریزه تێکه‌ڵ به هۆش ده‌بێ هه‌زاران هه‌زار وێنه‌ی گونجاو و نه‌گونجاو له ڕه‌فتاری تاک و کۆمه‌ڵ ده‌دزێته‌وه."
به فراژووتنی هۆش زمان پژاو مرۆڤ که‌وته وێڵ بوون به دوا شاراوه‌کانی ژیاندا. دین و مه‌زهه‌ب و فه‌لسه‌فه جیاوازه‌کان به درێژایی ته‌مه‌نی مرۆڤ له هه‌وڵی بێوچاندان بۆ به‌خشینی مانایه‌ک به بوون و ژینمان. مرۆڤه هۆش تیژ و بیرمه‌نده‌کان، ئه‌وانه‌ی ڕێکاری هۆشیان گه‌لێک له هۆشی ئاپۆڕه‌ی خه‌ڵک هه‌ڵکشاوتره، بۆ ڕێکخستنی شێوازی ژیان و پێوه‌ندییه‌کانی نێو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ، بۆ ئافراندنی سیسته‌مێک که مرۆڤ هه‌سته غه‌ریزه‌ییه‌کانی له چوارچێوه‌ی ڕێساگهلێکدا دابین بکات، ڕۆڵی سه‌ره‌کییان گێڕاوه و ده‌گێڕن. بێگومان فه‌رهه‌نگ و داب و نه‌رێت، ئه‌قڵیه‌تی باو و سیسته‌می ژیان له هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا و له هه‌ر زه‌مه‌نێکدا ئاکامی به‌رهه‌می دین و فه‌لسه‌فه‌ی زاڵی ئه‌و ڕۆژگاره‌ن که باڵا ده‌سته.
بوونی هۆش و غه‌ریزه له مرۆڤدا، مرۆڤی کردووه به بوونه‌وه‌رێکی ئاڵۆز، پێوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ سروشت و له نێو یه‌کتردا گه‌لێک ئاڵۆزه. بوونه‌وه‌ری بێ هۆشی هه‌مان ڕه‌گه‌ز هه‌رگیز په‌لاماری یه‌کتر ناده‌ن بۆ ملکه‌چ کردنی به‌رانبه‌ر و پاوان کردنی سه‌رچاوه سروشتییه‌کان به مه‌به‌ستی دابین کردنی هه‌سته غه‌ریزه‌ییه‌کان. شتێکی سروشتییه بیر و هۆشی مرۆڤ له کاردا بێت بۆ خزمه‌ت کردن و دابین کردنی هه‌سته غه‌ریزه‌ییه‌کان، چونکه ئه‌و هه‌ستانه به مانای بوون و ژیان دێت.
له مرۆڤدا پله‌ی ڕێکاری هۆش جوداوازه و له تاکێکه‌وه بۆ تاکێکی دی ده‌گۆڕێت، تاک هه‌یه توانای هۆش و بیرکردنه‌وه‌ی ده‌گاته ئاستێکی ئه‌فسووناوی ئه‌وتۆ و به شێوه‌یه‌ک کار له ده‌وروبه‌ر و ئاپۆڕه‌ی خه‌ڵک ده‌کات که سه‌رله‌به‌ری شێوازی ژیان و بیرکردنه‌وه‌یان ده‌گۆڕێ. بێگومان ڕۆڵی یه‌که‌م له گۆڕانکارییه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هۆشی مرۆڤی هه‌ڵکه‌وتوو. مرۆڤه هه‌ڵکه‌وتوه‌کان که ڕۆڵی مه‌زنیان هه‌یه له چاره‌نووس و ژیانی ئاپۆڕه‌ی خه‌ڵک، وه‌ک هه‌موو مرۆڤێکی دی خاوه‌ن هه‌سته غهریزهییهکانن، ئایائه‌م ڕابه‌رانه تا چ ڕاده‌یه‌ک ده‌کارن جڵه‌وی هه‌سته غه‌ریزه‌ییه‌کانی خۆیان بگرن له کاتێکدا ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها و بێ‌سنووریان له‌وه‌ڕگایه‌کی بێسنووری سه‌رچاوه‌کانی خۆشی ژینیان له به‌رده‌م دابین کردنی هه‌سته غهریزهیهکانیان فه‌راهام کردووه.
له جیهانی دیموکراسی پێشکه‌وتوودا و له چوارچێوه‌ی سیستێمێکدا ڕابه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ره‌های نییه و ده‌بێ له چوارچێوه‌ی ڕێساگهلێکدا بجوڵێته‌وه، بێگومان ئه‌مه‌ش وا ده‌کا که تاکه که‌س یا گروپی ده‌سه‌ڵاتدار له‌وه‌ڕگای بێسنووری سه‌رچاوه‌ی خۆشیه‌کانی ژینیان له‌به‌رده‌ستدا نه‌بێت بۆ دابین کردنی هه‌سته غهریزهییهکانیان، ئاکامه‌که‌شی نه‌بوونی یا که‌می گه‌نده‌ڵی ده‌بێ له نێو داموده‌زگاکانی کۆمه‌ڵگه‌دا.
به پێچه‌وانه‌وه بوونی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های سه‌رکرده‌کان و نه‌بوونی سیسته‌م و ڕێساگه‌لێک بۆ به‌ڕیوه‌بردنی کۆمه‌ڵگه له جیهانی دواکه‌وتووی سێیه‌م، ئاکامێکی گه‌لێک خراپی له به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگه لێ که‌وتۆته‌وه. سه‌رکرده له جیهانی سێیه‌م بۆ خۆی سیسته‌م و بگره خواوه‌ندێکه که ڕه‌عیه هه‌میشه ده‌بێ چاوی له ده‌ستی به‌خشنده‌یی بێت. دام و ده‌زگای ده‌وڵه‌ت ئامڕازێکه به ده‌ست ڕابه‌ری تاقانه بۆ پته‌و کردنی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های، به هاریکاری چه‌ند مرۆیه‌کی نه‌خۆشی هۆشکول، سه‌رچاوه‌کانی بژێو پتر له خزمه‌تی تێر کردنی هه‌سته غه‌ریزه‌ییه‌کانی سه‌رکرده‌کان و مرۆڤه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانن. ئاکامه‌که‌شی گه‌نده‌ڵی و بێسه‌روبه‌رییه له به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگه‌دا.
بێگومان مرۆڤ تا دواکه‌وتو و هۆشکول بێ پتر وێڵه به دوا تێرکردنی هه‌سته غه‌ریزه‌ییه‌کانی که‌متر ده‌کارێ خۆگر و جڵهوڕاگری ئه‌و هه‌ستانه بێ، به مانایه‌کی دی پتر له ئاژه‌ڵێک ده‌کات تێر کردنی ڕۆژانه‌ی هه‌سته غه‌ریزه‌ییه‌کانی سه‌رجه‌م چالاکییه‌کانی ژیانی ده‌گرێته‌وه لێره‌دا هۆش و ئه‌قڵ ونه و ژیانی ئاژه‌ڵئاسا سه‌رده‌سته.
هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ده‌توانین ئاوڕێک له هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌سه‌ڵاتدارانی جیهانی دواکه‌وتوو بده‌ینه‌وه. بۆچی ئه‌م هه‌موو گه‌نده‌ڵییه؟ بۆچی ده‌سه‌ڵاتدار له ناز و نیعمه‌تی بێ‌سنووردا ده‌ژیت و ڕهعیهش له هه‌ژاریی و نه‌بوونی و تاریکستاندا ده‌ژی. بۆچی به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاتدار و لێپرسراونی کوردی باشوور که ئه‌وانیش به‌شێکن له جیهانی دواکه‌وتووی سێیه‌م سنوورێک بۆ خۆشگوزه‌رانییه مادییه‌کانی ژیانیان دانانێن و ببن به سه‌رمه‌شقی پاکی و دڵسۆزی و قوربانی دان به خۆشیه‌کانی ژیان له پێناو سه‌رخستن و به‌هێزکردنی ئه‌و ده‌رفه‌ته مێژووییه‌ی بۆ کورد ڕه‌خساوه. بۆ نموونه گه‌ر ده‌سه‌ڵاتداری کورد هۆش تیژ بایه و هێنده دوای دابین کردنی هه‌سته غه‌ریزه‌ییه‌کانی نه‌که‌وتبایه چۆن ڕیگه‌ی به خۆی ده‌دا له‌وپه‌ڕی خۆشی مادی بژی له کاتێکدا به هه‌زاران منداڵی کورد بواری چوونه قوتابخانه‌یان نییه، ئه‌وه‌شی ده‌چێ له‌به‌ر نه‌بوونی پێداویستییه‌کانی فێرکردن هه‌ر به نه‌خوێنده‌واری ده‌مێنێته‌وه. گه‌ر ده‌سه‌ڵاتداری کورد نرخی زمانی بزانیبایه وه‌ک وه‌سیله‌یه‌ک و که‌ناڵێکی فێربوون و تێگه‌یشتن و پێگه‌یشتن، تا ئێستا دوای هێنده ساڵ له ده‌سه‌ڵات ئاوڕێکی جدی له زمانی کوردی ده‌دایه‌وه، به تایبه‌تی هه‌موو لایه‌ک ئه‌و ڕاستییه چاک ده‌زانن که ئه‌م زمانه چه‌ند فه‌رامۆشکرا و دژایهتیکراو و هه‌ژار و دواکه‌وتووه. فێرگه و مه‌ڵبه‌نده‌کانی خوێندن و نووسین، زمان و داموده‌زگاکانی سه‌ر به زمان و ڕۆشنبیریی وه‌سیله‌ن بۆ گه‌شه‌کردنی هۆش، وێڵاشی مێشکن. ته‌لار و کۆشکه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌وڵه‌مه‌ندان، ئۆتۆمبێله گرانبه‌هاکان، شوێنه نایابه‌کانی خواردن و خواردنه‌وه، ئافره‌ته‌کانی تێر کردنی سێکس، کۆمه‌ڵه وه‌سیله‌یه‌کن بۆ تێر کردنی هه‌سته غه‌ریزه‌ییه‌کان. به داخه‌وه به‌ره‌ی هه‌ڵکه‌وتووی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ی ئێمه‌ی کورد به ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌وه هۆش کولی وای لێ کردوه ئه‌و توانسته مادییه‌ی له به‌رده‌ستیدایه بووه به وه‌سیله‌یه‌ک بۆ داڕمانی کۆمه‌ڵگه و بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌لێک نه‌خۆشی کۆمه‌ڵایه‌تی.
ده‌بوایه ده‌سه‌ڵاتداری کورد ئه‌و واقیعه‌ی چاک ده‌رک بکردایه که ده‌سه‌ڵاتی وی ده‌سه‌ڵاتێکی دانپێدادراو نییه له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و له ئه‌نجامی گۆڕانییه‌ک له هاوکێشه سیاسییه‌کانی ناوچه‌که‌دا هه‌لی ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌و ڕه‌خساوه که ئیراده‌ی کوردی نه ده‌ستی هه‌بووه له‌و گۆڕانکارییه و نه دهسهڵاتیسشی هه‌یه ئه‌و هاوکێشیه بپارێزێ و به ده‌سه‌ڵات و ئیراده‌ی خۆی به‌رده‌وامی پێ بدات. چاره‌نووسی ده‌سه‌ڵاتی کوردی باشوور له سه‌دا سه‌د به‌نده به فاکته‌ری ده‌ره‌کی که ئه‌مه ڕاستییه‌کی هێنده حاشاهه‌ڵنه‌گره که‌س ناتوانێ نکوڵی لێ بکات. سه‌رکردایه‌تی باشووری کوردستان ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی لێ ناگیرێ که چ کاریگه‌ریی نیه له‌سه‌ر فاکته‌ره ده‌ره‌کییه‌کان، چونکه ئه‌و فاکته‌ره ده‌ره‌کییه تۆقه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی جیهانییه و کوردیش له بێدهسهڵاتترینی بێده‌سه‌ڵاتانی جیهانه. زانینی ئه‌و ڕاستییه ده‌بوایه به‌س بوایه بۆ ئافراندنی کاردانه‌وه‌یه‌ک له هۆشی ده‌سه‌ڵاتداری کورد دژی ئه‌و واقیعه تاڵه‌ی بێده‌سه‌ڵاتیی و دواکه‌وتوویی. وتنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی فڵان وڵات دۆستمه و فیسار وڵات جه‌ختی له دۆستایه‌تی خۆی بۆ گه‌لی کورد کردۆته‌وه دادمان نادات و هه‌رگیز نه که‌س ئاماده‌یه ببێ به دۆستی کورد و نه هیچ لایه‌نێک ئاماده‌یه به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی بکات به قوربانی کوردی بێده‌سه‌ڵات. ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه هه‌روا یاری پێ ده‌کرێ تا ئه‌و رۆژه‌ی هۆشمان به حاڵ و باری خۆمان ده‌شکێ. ده‌بوایه سه‌رکرده‌کانی باشووری کوردستان ئه‌وپه‌ڕی دیسپلین و خۆڕاگرییان نیشان بدایه و هێنده به دووی هه‌وڵی دابین کردنی هه‌سته غه‌ریزه‌ییه‌کان و خۆشگوزه‌رانی مادییه‌وه نه‌بوونایه، ده‌بوایه توانا و ده‌سه‌ڵاتیان بۆ به ده‌سه‌ڵاتکردن و به‌رز کردنه‌وه‌ی پێگه‌ی کورد له ناوچه‌که بخستایه گه‌ڕ. ئایا ده‌سه‌ڵاتداران و سیاسه‌تمه‌دارانی کورد بیر له‌و بێده‌سه‌ڵاتییه‌ی خۆیان ده‌که‌نه‌وه به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی تورک و فارس و عه‌ره‌بی ناوچه‌که . ده‌بوایه پێشکه‌وتن و ئافراندنی تاکێکی هۆش کراوه و تێگه‌یشتوو له ئاکامیشدا نه‌ته‌وه‌یه‌ک که زۆربه‌ی تاکه‌کانی له ئاستێکی به‌رزی بیرکردنه‌وه‌دا بن تاکه مه‌به‌ست بێ. قوربانی دان بۆ سه‌رخستنی کوردایه‌تیی هه‌مه لایه‌نه و هه‌مه شێوازه و له حاڵی میلله‌تێکی وه‌کو کورد سۆپه‌ر قوربانی ده‌وێ له هه‌موان و به تایبه‌تی له ڕابه‌ر و ده‌مراستانی کوردایه‌تییه‌وه.
ده‌ریایه‌ک له وتار و ڕه‌خنه له‌مه‌ڕ گه‌نده‌ڵی له جیهانی دواکه‌وتوو ده‌نووسرێت، بێگومان ده‌سه‌ڵاتی تازه‌ی باشووری کوردستانیش بێ به‌ش نیه له‌و ڕه‌خنانه. چاوپێخشاندنێکی خێرا ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ که ڕاگه‌یاندنه‌کانی هه‌موو لایه‌ک به ده‌سه‌ڵات و ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات چه‌ندین وتار و ڕه‌خنه ده‌رباره‌ی گه‌نده‌ڵی بڵاو ده‌که‌نه‌وه، به‌ڵام ئایا ئه‌م وتار و ڕه‌خنانه کاریگه‌رییان هه‌بووه له‌سه‌ر که‌م کردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی؟ ئایا ده‌سه‌ڵاتی کوردی ئه‌م ڕه‌خنانه به هه‌ند ده‌گرێ؟. له ڕاستیدا نه له کوردستان و نه له زۆربه‌ی به‌شه‌کانی تری جیهانی دواکه‌وتوو بۆ گرفتی گه‌نده‌ڵی نه‌توانراوه میکانیزمێکی ڕیکوپێک بدۆزرێته‌وه بۆ ڕێگه گرتن لێی.
له باکووری کوردستان سه‌رکردایه‌تییه‌ک هه‌یه و له ماوه‌ی پتر له سی ساڵه کوردانی باکوور دژی ده‌وڵه‌تێکی به‌هێزی ئه‌ندام ناتۆ له ژیر رابه‌رایه‌تیی ئه‌م سه‌رکردایه‌تییه دهخهبتێن. ڕێکخستنی سیاسی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به تێرۆریست خه‌باتیان دهزڕێنڕێ و ، ئه‌ندامانی چالاکی ئه‌م ڕێکخستنه له ئه‌وروپا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕاو ده‌نرێن و له به‌ندیخانه‌کان توند ده‌کرین. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا خه‌بات به‌رده‌وامه و ڕۆژ به ڕۆژیش له به‌هێز بووندایه. مرۆڤ چۆن ده‌کارێ به‌رانبه‌ر ئه‌م هه‌موو دژایه‌تییه خۆی بگرێ. ئایا ته‌نها بوونی باوه‌ڕێکی به‌هێز به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ بتوانێ به‌رده‌وام بێ له خه‌بات کردن له دۆخی وا دژوردا. له ڕاستیدا ئه‌م سه‌رکردایه‌تییه له لایه‌ن دوژمنهکانییه هه‌رچی زاراوه‌ی دزێوه بۆیان هه‌ڵبه‌ستراوه به‌ڵام تاکه زاراوه که که‌س ناتوانێ ته‌نانه‌ت بۆشیان هه‌ڵبه‌ستێ زاراوه‌ی گه‌نده‌ڵییه . ده‌مڕاستانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه جڵه‌وی هه‌سته غه‌ریزه‌ییه‌کانی خۆیانیان گرتوه و به‌شێکی زۆریان که هه‌ر له کاتی گهنجایهتیانهوه تێکه‌ڵ به‌م بزووتنه‌وه‌یه بوون چه‌ندین ساڵه له به‌شێکی زۆری خۆشییه‌کانی ژیان بێبه‌شن. ئه‌وه‌تا ڕۆژنامه‌نووسه‌کانی واشنتۆن پۆست که ماوه‌یه‌کیان له نێو ئه‌م گرووپه برده سه‌ر چۆن پێیان ده‌ڵین کۆمه‌ڵێ قه‌له‌نده‌ری دوور له خۆشییه‌کانی ژیان. له‌به‌ر دژواریی و دوژمن زۆریی و پاشخانی بێهیزی دۆزی کورد له نێو ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، خه‌بات بۆ کوردایه‌تی ئاسان نیه و پێویست ده‌کات خه‌باتکاری کورد ده هێنده‌ی خه‌باتکاری میلله‌تانی تر به دیسپلین و خۆڕاگر بێ و خۆی به شتی گچکه‌ی خۆشی مادییه‌وه له ته‌لار و ئۆتۆمۆبێلی گرانبه‌ها خه‌ریک نه‌کات و به دوا خۆشییه غه‌ریزه‌ییه‌کانی ژیانه‌وه نه‌بێت، به‌ڵکو ده‌بێ نموونه و سه‌رمه‌شق بێ له پاکژی و دڵسۆزی و جڵه‌وگرتنی هه‌سته غه‌ریزه‌ییه‌کان چونکه ئامانجی وی هه‌م دژواره و هه‌م دوژمن زۆره و به‌دیهێنانی کاریکی ئاسان نیه. ده‌مڕاستانی کوردایه‌تیی ده‌بێ نموونه‌یه‌کی ئه‌وتۆ بن له جڵه‌وگرتنی هه‌ستی غه‌ریزه‌یی و ساده‌یی ژیانی ماددیی که به‌شێکی زۆری میلله‌ت چاویان لێ بکه‌ن و تاکی کورد وا لێ بکات که هێنده‌ی خه‌ریکی ژیانی خۆیه‌تی نیو هێنده په‌رۆشی میلله‌ته‌که‌ی بخوات. ده‌بوایه له‌م کاته‌دا نه‌ک گه‌نده‌ڵی که جه‌سته‌ی میلله‌تی داڕزاندووه، به‌ڵکو ده‌مڕاستانی باشووری کوردستان هه‌زاران کوردی ئه‌وروپایان بخستایه نیو جغزی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یی و سوودیان له توانای مادیی کوردی ئه‌وروپا بکردایه و جێگه‌ی باوه‌ڕی کوردان بوونایه به‌ڵام مرۆڤ چۆن باوه‌ڕ به ده‌سه‌ڵاتدارێک ده‌کا که له گه‌نده‌ڵیدا خنکاوه. بڕوانه کوردانی باکوور به چ باوه‌ڕێکی پته‌وه‌وه به تایبه‌تی کوردانی ئه‌وروپایان ئه‌و هه‌موو داموده‌ستگا چالاکه به توانای مادیی خۆیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن، سه‌رکرده‌کانی باکوری کوردستان زۆر ڕاست ده‌که‌ن که ئه‌وان پشتیان به هیچ لایه‌ک نه‌به‌سته‌وه و له لایه‌ن که‌سه‌وه هاریکاری ناکرێن هه‌موو توانستی مادیی و مه‌عنه‌وی ئه‌وان سه‌رچاوه‌که‌ی گه‌لی کورده. گه‌لی کوردی باکووریش گه‌ر باوه‌ڕێکی به‌هێزی به‌و سه‌رکردایه‌تییه نه‌بێ هه‌رگیز ئاماده نیه ده‌ستی یارمه‌تییان بۆ درێژ کات. گه‌ر سه‌رکرده‌کانی باکوری کوردستان گه‌نده‌ڵ بوونایه و به کۆمه‌کی میلله‌ت دوای ئاره‌زووه نه‌فسییه‌کانی خۆیان بکه‌وتنایه و لغاوی هه‌سته غه‌ریزه‌یی و خۆشییه‌کانی ژیانی مادییان نه‌کردایه نه ده‌یانتوانی له‌و باره دژواره‌دا درێژه به خه‌بات بده‌ن و نه میلله‌تیش کۆمه‌کی پێ ده‌کردن.
ئه‌م وتانه ده‌رباره‌ی ده‌مڕاستان و جڵه‌وبه‌ده‌ستانی شۆڕشی باکوری کوردستان بۆ په‌سنی ئه‌وان نییه به‌ڵکو واقیع و ڕاستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره. مرۆڤ ده‌کارێ بیرورای جیاوازی هه‌بێ ده‌رباره‌ی سیاسه‌ت و شێوازی خه‌باتی کوردانی باکوور به‌ڵام واقیعی پاکژی و جڵه‌وگرتنی هه‌ستیی غه‌ریزه‌یی له لایه‌ن سه‌رکرده‌کانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه یه‌ک و دووی له‌گه‌ڵدا ناکرێ.
له باشوری کوردستان واقیعی گه‌نده‌ڵی و به فیڕۆدانی به‌هره و سامانی مرۆڤی کورد له ئاستێکی هێند ترسناکدایه که وای کردووه ڕوحی بێهێزی کوردایه‌تی، هه‌ستی لاوازی نه‌ته‌وه‌یی و نه‌خۆشییه ئه‌زه‌لییه‌که‌ی خۆبه‌که‌مزانینی مرۆڤی کوردی پتر قوڵ کردۆته‌وه و هه‌ر ده‌ڵێی سه‌رکرده‌کانی باشوری کوردستان ئه‌و توانجانه‌ی دوژمنانی کورد ده‌هێننه دی که ده‌ڵێ کورد ناتوانێ خۆی به‌ڕێوه ببات.
پاش گه‌شه‌سه‌ندنی شۆڕش له باکووری کوردستان و داواکاریی ڕێدان به کردنه‌وه‌ی ته‌له‌فیزیۆنی کوردی له لایه‌ن تورکیاوه، ده‌سه‌ڵاتدارانی تورک ده‌یانگوت گه‌ر ڕێگه به کورده‌کان بده‌ین ته‌له‌فیزیۆنی کوردی بکه‌نه‌وه ناتوانن بۆ ماوه‌ی 24 سه‌عات به‌ڕیوه‌ی به‌رن. کردنه‌وه‌ی ته‌له‌فیزیۆنی کوردی له هه‌نده‌ران باشترین وه‌ڵام بوو بۆ ئه‌و توانجانه. ده‌بوایه پاش ڕاپه‌ڕین به‌ڕیوه‌بردنی کوردستان له‌لایه‌ن سه‌رکرده‌کانی باشووری کوردستان به‌وپه‌ڕی زانایانه و دڵسۆزانه پیاده بکرایه و ببوایه به نموونه‌ی نه‌ک دیمۆکراتی به‌ڵکو نموونه‌ی خه‌مخۆری و خزمه‌ت کردنی ئاپۆره‌ی خه‌ڵک. سه‌رکرده‌کانی باشووری کوردستان بیانه‌وێ و نه‌یانه‌وێ ناتوانن ببن به نموونه‌ی دیمۆکراتی و پیاده‌کردنی دیمۆکراتی، چونکه ئه‌وان خاوه‌نی کیانێکی سه‌ربه‌خۆ نین و ته‌نانه‌ت بوون و چاره‌نووسی خۆشیان له ده‌ستی خۆیاندا نییه.
جڵه‌و ڕاگرتنی هه‌سته غه‌ریزه‌ییه‌کان و سنوور دانانێک بۆ خۆشییه مادییه‌کانی ژیان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدار و تا ڕاده‌یه‌کیش ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی کوردستانه‌وه ته‌نها ڕێگه‌یه بۆ نه‌هێشتنی به‌شێکی زۆری گه‌نده‌ڵی و نه‌خۆشییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی سه‌ر به گه‌نده‌ڵی. هه‌روه‌ک چۆن پاره به ده‌ست هۆشکول و گێلهپیاوهوه ده‌بێته مایه‌ی داڕمانی که‌سه‌که خۆی به‌هه‌مان شیوه میلله‌تێکیش به تایبه‌تی له حاڵی میلله‌تێکی وه‌ک کورد که نه‌ک دوژمنێک به‌ڵکو به ده‌یان گورگی برسی ئیقلیمی و به‌رژه‌وه‌ندپه‌رستی نێوده‌وڵه‌تی له بۆسه‌دان بۆ زه‌فه‌ر بردن پێی، گه‌ر ئه‌و ده‌رفه‌ته سیاسیی و توانسته مادییه‌ی بۆی ڕه‌خساوه به‌وپه‌ڕی زانایی و دڵسۆزی به‌کارنه‌هێنی ئه‌وا ده‌بێ چاوه‌ڕێی داڕمانی خۆمان بکه‌ین.
وریا ماملێسی
ستۆکهۆڵم 21\7\2008