
ساباتی مه‌رگ
ساباتی مه‌رگ
ره‌سوڵ سه‌فه‌ریانی
بای دێت بایێکی قورس ،چاره‌که سه‌ده‌یێکه ئه‌م با قورسه پێچراوه به‌م ساباته‌دا و له‌کۆڵی نابێته‌وه ..یه‌که‌م جار بهگهردهلولێک ده‌ستی پێ‌کرد، ئه‌وده‌م وڵات داروگوڵی تیا بوو، ته‌نیا له‌به‌ر بێ بارانی هاواری بوو . با هه‌ڵیکرد ،به‌هیوا بووین بای باران بێت، باڵای سه‌وزه به‌رز بکات و هه‌ناسه‌دان ئاسان و بۆ ژیانیش ده‌ستێ جلی سه‌رده‌میانه خه‌ڵات بێنێ.به‌ڵام هه‌ر له یه‌که‌م رۆژانه‌وه.تۆز و خۆڵ هات و تۆوی چێندراوی چاوه‌ڕوانییه‌کان له‌دڵی خاکی ئاواتماندا خنکاو رێی سه‌رهه‌ڵدانی لێ به‌سترا.ئێستاهه‌موو په‌نجێره‌ی ئاواته‌کانی خه‌ڵک لێڵ و درگاله ژین داخراوه. ژیان له وڵاتی گه‌رده‌لولدا به پێوه‌رێکی کۆنی رزیو که له‌په‌رتوکێکی هه‌ره کۆندا باسکراوه هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت وله قاموسهکانیاندا مانای بۆ ده‌کرێت . پێوانه‌کانی ئهمڕۆیینی دونیا به باڵای ئه‌م ماناکۆنهی ژیان ده‌ڵبه.خێڵی با به یاسای کۆنهپهرتوک ته‌نگیان به ژین هه‌ڵچنی بۆیه هه‌ڵات و خۆی گه‌یانده ئه‌ودیو دیواری تۆز و خۆڵ. خۆڵ ئه‌بارێ هه‌ناسه‌کان خۆڵاوین و تاو‌و چاووی نابینێ. ئاو به ئاوه‌دانیدا ناگه‌ڕێ، ئه‌سڵه‌ن ئاو ئیفلیجه و ناگه‌ڕێ. ئاسمان ره‌زیل و لێوی خاکیش به قامچی چاوه‌رووانی قڵه‌شاو.
جووڵه، که ره‌مزی ژین و بوونه ، مه‌حکوم به تیاچونه. ئه‌گه‌ر جارجار چه‌ن گه‌ڵایێک بچکۆلانه بۆ لادانی زیخ و تۆزی داباریوی ئه‌م تۆفانه سه‌رهه‌ڵئه‌ده‌ن ،یا خۆ چڵه نهرگسێکی خشپیلانه دێت و چاوی ژیان پاکۆ بکات بۆ بینین و بوژاننه‌وه،به‌تاوانی شکاندنی شوشه‌ی کۆن و خۆڵ هه‌ڵگرتوی هێمنایه‌تی ، ده‌درێنه ده‌س چڵێ شه‌مچه‌ی هه‌ڵکراوی بێبه‌زه‌یی. کاتێ مه‌لێ بو جوجکه‌کان لایه لایه‌ی ژیان ئه‌ڵێ وبه گۆرانی باخ و گوڵی رهنگاڵهیان بۆ باس ده‌کات ، هێلانه‌که‌ی ده‌شێوێت و باڵ و په‌لی ئه‌قرتێت و ده‌نگی به تۆز و خۆڵ ئه‌خنکێنن. کاتێ لقه گوڵباخیێک ئهیگێرێتۆ بۆ خونچه‌کانی ده‌وروبه‌ر که چه‌نده‌ها ده‌نگی خۆش و جۆراوجۆری پڕ ره‌مز و رازی بیستوه له‌م باخه‌دا که ئێستاکه گۆرستانێکی بێده‌نگه،پرچی وادهکێشن هه‌تا ره‌گی له خاک ئهکهندرێ. رۆژێ قه‌لێک چوو بۆ سه‌فه‌ر.سه‌فه‌رێکی دوره وڵات ،کاتێ چاوی که‌وت به ژیان،واقی وڕ ما له گۆڕان و گه‌وره بوونی . وێنه‌یێکی تازه‌ی لێگرت، که پیشانی هاورێیانی وڵاتی بدات. لهسنوردا به تاوانی سیخوری بۆ بێگانه‌کان ،هه‌ردوو چاوی هه‌ڵکۆڵدرا و خستیانه نێو قه‌فه‌سێکی به‌ته‌ل چنراو،دایانه ده‌س شه‌وه‌زه‌نگ و له‌نوری تاو بێبه‌شکرا. کاتێ که‌سێک به دڵۆپی ئهسرینهکان باخچه‌ی ساوای نمامهکان ئاودێر ده‌کات.ههربهبهرچاو نهونمامه تهرچکهکانی باخچه‌که‌دا ده‌یده‌ن له‌دار.قه‌ڵه‌م واتای تاوان ئه‌دات،قهڵهمبهدهس تاوانباری پر مه‌ترسی . له نهیزارێک گڕ به‌ر ده‌ده‌ن نه‌وه‌ک لقه قامیشێکیان بێته قه‌ڵه‌م . گوڵه وشه لای خێڵی با گولله‌یه‌که ،که ئازاری سه‌ری پڕله بایان ئه‌دات ، له عه‌زره‌تا باخچه‌ی وشه ئه‌دڕێنن. ده‌نگ ناوێرێ له هێلانه‌که‌ی سه‌رده‌ر بێنێ و تۆزێ بای باڵی خۆی بات،قه‌ڵماسک به‌ده‌ستانی خێڵی با ده‌یده‌نه به‌ر به‌ردو ده‌یکه‌ن بهسیخهوه..پیره‌دارێک ویستی به په‌نجه‌ی چڵ له‌سه‌ر خۆڵی به‌رده‌مه‌که‌ی وێنه‌یێکی له‌بیر ماوی ئه‌وده‌مانه‌ی ژین بکێشێ تاکو به‌ڵکو گڕی تاسه‌ی دامركێنێ و چاوه تازه پشکوتوهکهی چرۆ کز‌و وردیله‌کان له‌گه‌ڵ شێوه‌ی دڵرفێنی کیژی ژیان ئاشنا بکات. به‌ڵام ده‌می ته‌ورێکی سارد و تیژ به یارمه‌تی ئه‌و دارانه‌ی خۆیان به با فرۆشتبو به‌ربونه گیان پیرهدارو پارچه پارچه له‌تیان کرد و به‌ڕێ کرا بۆ سوتاندن. ئاگر و دار تێکه‌ڵ کران،گڕ خۆی ئاڵان له‌باڵای دار وه‌ک ئاشقی تامه‌زرۆی یار،داریش هه‌ستی ژینی به‌گه‌رمی له‌شی نه‌رمی ئاگر بزوا و که‌وته هۆره . ورده ورده ده‌نگ هه‌ڵدێنێ و گڕیش له‌گه‌ڵ ده‌نگی پیرهدارا باڵاده‌کات.چوپی ده‌گرێ و به‌ده‌ور دارا هه‌ڵده‌په‌ڕێ. هۆره‌ی دار و چه‌پڵه‌ی چڵ و کرچه‌ی چرۆ تهرچکهکان ،سهمفۆنیایێک له مه‌رگ و ژین، له شایی وشین پێک ده‌هێنێت. ورده ورده دار سورسور هه‌ڵده‌گه‌ڕێ. سوری و سه‌مای ئاگر ده‌رفێنێ.گڕ مات ده‌کات، له هه‌ڵپه‌رکێ و سه‌مای ده‌خات. ده‌یمرێنێ ، پاشان خۆیشی چارشێوی بۆری مه‌رگ به‌سه‌ر رووی سووری خۆیدا ده‌کێشێت و روسورانه ماڵئاوای له جه‌نگه‌ڵ و سه‌وزی ده‌کات. دواهه‌ناسه دوکهڵاییهکهیشی به ئارامی سه‌رده‌که‌وێت و له‌گه‌ڵ هه‌وره رێبوارییهکان تێکه‌ڵ ده‌بێت و دڵی ساردیان بۆ وشکایی خاکی لێو قلهشاوی توونی دێنێته جۆش و دیسانه‌وه له‌گه‌ڵ دڵۆپه بارانه‌کاندا دێته‌وه له‌شی وڵات وله‌گه‌ڵ هه‌موو سه‌وزایی و دار و دره‌خته‌کاندا دێته‌وه گه‌ڕ و ده‌مار به‌ده‌مار ،ساڵ به‌ساڵ و به‌ره به به‌ره و …. تا باران و هه‌ور و هه‌تاو ، تا گه‌ڕانی زه‌وی به‌تاو ،هه‌تا هه‌تا ،تا تا ……. تا ژیان …..تا ژین تا…..
ره‌سوڵ سه‌فه‌ریانی 25.08.2008 www.weilan.kurdblogger.com