Skip to Content

Thursday, February 29th, 2024
فه‌له‌که‌دین کاکه‌یی نهێنی قه‌یرانه‌کانی نێوان ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند و…..

فه‌له‌که‌دین کاکه‌یی نهێنی قه‌یرانه‌کانی نێوان ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند و…..

Closed
by September 24, 2008 گشتی

 فه‌له‌که‌دین کاکه‌یی نهێنی قه‌یرانه‌کانی نێوان ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند و
ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردوستان ئاشکرا ده‌کات
هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی

 له‌ په‌راوێزی‌ فه‌سڵکردنی ( ئاسۆ جه‌بار ) ی نووسه‌ر و ڕوناکبیردا

 چه‌ند ڕۆژیک پێش ئێستا بابه‌تێکم له‌ژێر ناونیشانی ( سه‌دان کێشه‌و یه‌ک چاره‌سه‌ر ) له‌ به‌شێک له‌ ماڵپه‌ڕه‌کاندا بڵاو کرده‌وه‌ ، له‌و بابه‌ته‌دا هه‌وڵمدابوو  ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌رچاوه‌ی کێشه‌کانی ئێستای نێوان ( حکومه‌تی هه‌رێمی کوردوستان ) و ( ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندن ) شیکاری بکه‌م و ڕوونکردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر بده‌م ، من له‌ بابه‌ته‌که‌مدا هه‌وڵمدابوو له‌سه‌ر زۆر مه‌سه‌له‌ی گرنگ و چاره‌نووسسازه‌ قسه‌بکه‌م ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ زۆری پێنه‌چوو ( فه‌له‌که‌دین کاکه‌یی ) ( وه‌زیری ڕۆشنبیری حکومه‌تی  هه‌رێمی کوردوستان ) لێکدانه‌وه‌کانی منی هه‌موو به‌ درۆ خسته‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌کی واقیعی و شارستانیانه‌ ده‌ستی خسته‌ سه‌ر ئه‌و کێشه‌ و نه‌هامه‌تیانه‌ی یه‌خه‌یان به‌ خه‌ڵکی کوردوستان گرتووه‌و بۆنه‌ته‌ سه‌ر چاوه‌ی ئه‌م هه‌موو کێشه‌و ململانیه‌یه‌ی ئێستای ( حکومه‌تی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند )  ( فه‌له‌که‌دین کاکه‌یی ) توانی ڕۆشنبیران و خه‌ڵکی کوردوستان به‌ ئاگابێنیته‌وه‌ له‌وه‌ی که‌ سه‌رچاوه‌ی کێشه‌کانی نیوان ( حکومه‌تی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند ) له‌کوێوه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌‌ و چاره‌سه‌ره‌که‌شی له‌کوێوه‌ وه‌ک ڕۆژی ڕووناک هه‌ڵدێت ، ( فه‌له‌که‌دین کاکه‌یی ) وه‌زیری ڕۆشنبیری ته‌حه‌مولی نه‌کرد که‌ (سه‌رۆکی په‌رله‌مان یان سه‌رۆکی هه‌رێم یان سه‌رۆکی حکومه‌ت ) سه‌رچاوه‌ی قه‌یران و ڕووبه‌ڕو‌وبونه‌وه‌کانی ئه‌م دوایانه‌ی ( به‌غداد و هه‌ولێر ) بۆ خه‌ڵکی کوردوستان ئاشکرا بکه‌ن و مژده‌ی ئه‌وه‌ بده‌ن به‌خه‌ڵکی که‌ سه‌ری ماره‌که‌یان دۆزیوه‌ته‌وه‌و ئیتر قاچ ڕاکێشن و بۆ خۆیان بخه‌ون و هه‌قی هیچیان نه‌بێت ، ( فه‌له‌که‌دین کاکه‌یی ) به‌فه‌سڵکردنی ( ئاسۆ جه‌بار ) ی نووسه‌ر و ڕوناکبیر هه‌موو هاوکێشه‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی هه‌ڵگێڕایه‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌کی زۆر واقیعی و زانستیانه‌ ده‌ستی خسته‌ سه‌ر خاڵی جه‌وهه‌ری کێشه‌کانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ ، ئینسان شه‌رم دایده‌گرێت کاتێک سه‌یری ئه‌م ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ته‌ی ئێستای ( هه‌رێمی کوردوستان ) ده‌کات ( نان به‌نرخی ده‌م داخستن و ئازادی باجه‌که‌ی برسیه‌تیه‌ ) له‌که‌س شاراوه‌نیه‌ له ‌کوردوستان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی شیری ده‌می مناڵه‌که‌ت په‌یدا بکه‌یت ئه‌بێت بۆ کلیل و قوفڵی ژه‌نگاوی ده‌می خۆت بگه‌ڕێیت ، یاسایه‌ک که‌ له‌ کوردوستان به‌ڕێوه‌‌ ده‌چێت هه‌موو پڕنسیبی و ئه‌خلاقیاتێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانی شکاندووه‌ ،( وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و حکومه‌ته‌که‌یان ) چاویان ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵیه‌ نابێنیت که‌ سه‌رتاپای ( حکومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌که‌یانی ) گرتۆته‌وه‌ به‌ڵام چاوی به‌عه‌ینه‌ک و زه‌ڕه‌بیناوی سه‌رکووتی ئازادیان هه‌میشه‌ له‌ که‌میندایه‌ بۆ ئازادیخوازان و ڕۆشنبیرانی ناڕازی ، ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌و هه‌موو ملیۆن دیناره‌ نابێنێت که‌ وه‌ک به‌فر له‌ ( وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ) ده‌توێته‌وه‌ ، به‌ڵام له‌ژێر ناوی ده‌وام نه‌کردندا‌ ئاماده‌ن ( ئاسۆ جه‌بار ) فه‌سڵکه‌ن و  هه‌رچی نه‌شێونه‌کرێ بیکه‌ن ،  له‌ ( 17 ) ساڵی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی ( یه‌کێتی و پارتی )دا له‌ کوردوستاندا زیاتر له‌ ( 15 ) هه‌زار ژن کوژراون و تیرۆر کراون به‌ڵام هه‌تا ئیستا نه‌تاوانبارێک دیاره‌ نه‌ که‌سێک له‌ دادگادا بینراوه‌ ، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌مانگی ڕه‌مه‌زاندا ( 30 ) گه‌نج ده‌ستیان  بۆ ئافره‌تان بردووه‌ ڕوانه‌ی دادگا کراون ، ئه‌مه‌ چی ( فه‌نته‌ڵۆس خانه‌یه‌که‌ ) تاوانبارانی گه‌وره‌ ئه‌ده‌ن له‌شه‌قه‌ی باڵ و ئاسمان ده‌گه‌ڕین و گه‌شت ده‌که‌ن به‌ڵام سوته‌مه‌نی و قوربانیه‌کانی ڕۆژگار ده‌برێنه‌ به‌رده‌م یاسا و دادگاکه‌ی ( حه‌کیم به‌گ و ڕه‌شید به‌گ ) ،   که‌سانی ڕاستگۆ و ئازادیخواز ده‌میان داده‌خرێت و پاروی ده‌میان و  هه‌ناسه‌دانیان ده‌کرێت به‌ بارمته‌ ، به‌ڵام مشه‌خۆره‌کانی ده‌وری سفره‌ی سوڵتان پله‌و پایه‌یه‌ن به‌رز ده‌کرێته‌وه‌ ، ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان به‌م جۆره‌ بڕیارانه‌‌یان پیشانی ده‌ده‌ن چه‌نده‌ دژی ئازادی و مافه‌کانی مرۆڤن ، چه‌نده‌ دوورن له‌ کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و شارستانی و پێشکه‌وتووی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ، چه‌نده‌ نامۆن به‌ ئازادی و مافی سه‌ره‌تایی و که‌رامه‌تی ئینسانه‌کان .      
 هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی
 23 / 9 / 2008
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.