Skip to Content

Friday, November 8th, 2024
گۆڕانێك بەڕێوەیە.. عەدنان سەید حسێن

گۆڕانێك بەڕێوەیە.. عەدنان سەید حسێن

Closed
by October 16, 2008 گشتی

 گۆڕانێك بەڕێوەیە.. عەدنان سەید حسێن
 
 ئاماژەكان لە عیراقدا بۆ ئەوە دەچن گۆڕانێك لە نەخشەى سیاسی وڵاتدا بەڕێوەیە، گۆڕانێك وەنەبێت كەس نەیبیستبێت یاخود ئاژانسەكانی هەواڵ بێ خەبەر بن لێی، وەلێ ڕێڕەوى رووداوەكان ئاماژە بە گۆڕانی هاوسەنگی نەخشەى سیاسی عیراق دەكەن.
 عیراق لە تەنگەژەیەكی سیاسی بێ وێنەدا دەژێت، ئەمریكا دەیەوێت رێككەوتننامە ستراتیژییەكە ئەنجام بدات و ئێرانیش ڕێگرە، حكومەتەكەی مالیكیش لەنێوان بەرداشی دەسەڵاتی سەربازی، سیاسی ئەمریكا لە عیراق و نفوزی ئێران لە وڵاتەكەى و جەماوەری شیعەى هاوڕا لەگەڵ ئێران بەتایبەت مەرجەعیەتەكان كە هێڵی سوورن بەنیسبەت سیاسییە شیعەكانەوەو بەزاندنیان یاساغە دۆش داماوە.
 ئایندەى سیاسی عیراق لە تەنگەژەدایە، راستە ئێستا ژمارەى تەقینەوەكان كەمبۆتەوەو توندوتیژی مەزهەبی بەرەو نەمان دەچێت و شارەكان ئارامترن، بەڵام بەكارهێنانی سوپا لە چارەسەری كێشە سەربازییەكان، پێشێلكردنی دەستوور، پێشێلكردنی مافی كەمینەكان، دواخستنی ئیستحقاقاتە سیاسییەكان و سپاردنیان بە قەدەر، گەندەڵییە ئیدارییەكان، لە هەمووشی خراپتر شكستهێنانی حكومەتە لە دروستكردنی ئینتمای هاونیشتمانی بوون لە عیراقێكدا كە حكومەت دەستەوەستان مایەوە لە دیاریكردنی جەژنی موسڵمانانداو لەكاتێكدا سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمان و نیوەی عیراقییەكان رۆژی سێشەممە جەژنی رەمەزانیان گێڕا سەرۆك وەزیران و ئەو نیوەكەى تری، شادی جەژنیان هەڵگرت بۆ دوو رۆژ دوای ئەو بۆنەیە. دۆخی خراپی عیراق سەرۆك وەزیرانێكی تری هێناوەتە كایەوە كە دەیەوێت بە عیراقییەكان بڵێت هەموو دەسەڵاتەكان لەلاى ئەوەو بەپێچەوانەى دەستووریشەوە عیراق وڵاتێكی مەركەزییە، ئەگەر لە هەموو دونیاشدا پەرلەمان دەزگای چاودێری بەهێز بێت بۆ لێكۆڵینەوەو چاودێریكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكاری ئەوا پەرلەمانی عیراق لەوەدا لە دەرەوەى بازنەیەو تائێستا لەبەرامبەر دەسەڵاتە پاوانخوازییەكانی مالیكیدا ورتەیان نەكردووە. حكومەت هێرشەكەى بەسرەى كرد دژ بە هاوەڵانی موقتەدا، هێرشی دایكی دوو بەهاریشی كرد بەرامبەر بە قاعیدە، هێرشی موژدەگەلی خێریشی لە دیالە بە ئەنجام گەیاند، كەچی نەمالیكی بۆ خۆی نە وەزیری بەرگرییەكەى نەنارد تاوەكو بچوكترین روونكردنەوەیەك بەنوێنەرانی گەل بدات، نوێنەرانی گەلێك بۆ خۆشیان بێبەری نین لە كەموكورتی و دنیایەك خاڵیان لەسەرە هەر لە ئامادەنەبوونی بەردەوامیانەوە بگریت تاوەكو دەگاتە تێپەڕاندنی سەڵاحیەتەكانیان و تەنانەت پێشێلكردنی دەستووریش. پەرلەمانتارە بەڕێزەكان مافی هاووڵاتیان پێشێل كرد، كاتێك موحاسەبەى ئالوسیان كرد بەهۆی بەشداریكردنی لە كۆنگرەیەكی دژە تیرۆردا لە ئیسرائیل، لەكاتێكدا هیچ بەربەستێكی یاسایی نییە لە بەردەم ئەوبەشدار بوونەدا، پەرلەمان هەربەوەشەوە نەوەستاو دەستی لە ئازادییە رۆژنامەییەكانیش وەردا، كاتێك لەژێر چەتری پەرلەماندا دەسەڵاتە یاسادانەرییەكەى خۆی بیرچووەو دژ بە گۆڤاری ئەلئسبوعیە (كە دەزگای خەندان دەریدەكات) بڕیارێكی دەركرد لەكاتێكدا نە كاریكاتێرەكەى ئەلئسبوعیە بەو جۆرە بوو كە ئەوان ئیدعایان كرد، نە ئەو قەدەغەكردنەش لەجێی خۆیدا بوو، لە هەمووشی خراپتر تەنها یەك پەرلەمانتاریش لەو پەرلەمانتارە بەڕێزانەى باس لە ئازادی بیروڕا دەكەن لەم پێشلێكردنەى ئازادی بیروڕا نەهاتنە گۆ. ئیدارەى سەرۆك بوش دەیەوێت لەنزیكترین فرسەتێكدا ئەگەر بلوێت لە ماوەی پێش 4ی تشرینی دووەمدا كە وادەى هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەى ئەمریكایە رێككەوتننامەكە ئیمزا بكات و وەك دیاریەك پێشكەشی جۆن مەكینی بكات، واژۆكردنی رێككەوتننامەكەش خاڵی بەهێزی وەڵامە بۆ دیموكراتەكان كە رەخنەى بەردەوام لە سیاسەتەكانی بوش دەگرن لە عیراقدا، بۆ ئەمەش ئەمریكا پێویستی بەمەحاڵە بۆ جێبەجێ كردنی رێككەوتننامەكە لەكاتێكدا ناكۆكییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عیراق لە فراوانبووندایە، ئەمریكا دوو بەربەستی گەورەى لەپێشە، دەسەڵاتی ئێران لە عیراق بۆ رێگرتن لە رێككەوتننامەكە، دووەم یەكخستنی لایەنە جیاوازەكانی عیراقە كە ئیمتیازی زیاتریان دەوێت لە ئەمریكا، ئەمەش بەبێ قوربانی نابێت كە پێشتر كورد هەمیشە خاوەن پشكی زێڕین بووە لە سازشكردن بۆ دڵنەوایی هاوپەیمانە گەورەكەى.
 ئەوەى كە دەكرێت قۆستنەوەى ئەم هەلە زێڕینەیە كە لەدوایین كارتەكانی كوردە، هیچ نەبێت جێبەجێكردنی بەشێك لە ئیستحقاقاتەكانی لە عیراقێكدا كە هەلەكان دووبارە نابنەوە.

 عەدنان سەید حسێن
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.