پڕم له تهنیایی ….کهمال چۆمانی
پڕم لە تەنیایى
كەمال چۆمانى
chomani_85@yahoo.com
تەنیایی…
ساتەوەختى گەڕانە بەدواى یەقین/
تەنیایی…
زەمەنى پیربوونى جەهلە/
تەنیایی…
تروسكایی رزگاربوونى بوونى مرۆڤە لە خەڵوەت/
تەنیایی…
وشكبوونى خانەكانى رقە لە دڵدا/
تەنیایی…
هانابردنە بۆ خودا و راكردنە لە ئەهریمەن/
تەنیایی…
میقاتكردنى ساتەوەختێكى پێغەمبەرانەیە/
من ئەڵێم،
هەر شتێكى جاوید،
مەحكومە بە تەنیایی/…
هێند پڕم لە تەنیاییى،
بە قەد عەدالەت لە وڵاتى من/
هێند پڕم لە رق،
بە قەد سەركردەكانى كورد لە لێبووردەیی/
هێند تووڕەم لە خۆم،
بە قەد رۆحم لە جەستەم/
ئێمە ئێستا لە كەنارى بەربەریزمەوە،
گۆرانى شادى ئەچڕین/
ئەوە ئێمەیین پڕین لە خوێن،
شەڵاڵین لە فرمێسكى رق/
ئەى خودا،
من دیلم بە دەست ئەو توڕوهاتییانەى سوڵتان/
هەرگیز رقم نەناسیووە،
لىَ من ئێستا مەحكومم بە رق/
وەك عارفێكى پیر بەدەم تێفكرین لە سووتانى پەڕسێلكەیەكەوە،
وەنەوز ئەدەم/
وەك مناڵێكى لاسار،
بەرد ئەگرمە پاسارى/
وەك راوچییەكى بێڕەحم،
بە بییانووى گەڕان بەدواى نێچیر، خەریكى تێكدانى هێلانەى كوكوختییەكانم/
چوار دەورم پڕە لە چیلكە دار،
كەچى وا بە چیلكە دارەكانى هێلانەكە، خەریكى لێنانى چاییەكم/
هێند سەرلێشێواوین،
خەریكین ئەڵقەى مرۆڤبوونمان ونەكەیین/
ئەمانەوێت ببین بە دەستگیرانى،
دیناسۆڕەكان/
وا پەپولەكان و پاسارییەكان تەڵاق ئەدەین،
ئەچینە باوەشى قەلەڕەشكە/
ئەڵقەى دەستگیرانى لەگەلأ پاسارى،
بە "با"یەكى توند توند، بۆى ئەنێرینەوە/
وەك قەڵەمێكى یاخى، یاخى بە درۆ، پیسیی و جەهل،
خۆم خۆم ئەنووسمەوە/
من پیربووم بەدەست ئەو دونییایە فانییە،
خوێنم بەر بوو لە رقى ئەو جییاوازییە/
جییاوازى مێشكى پڕكردووم،
چاوم ئەبڵەق بووە لە سەرسووڕمان/
دەستم ترسى شكانى هەیە،
كەچى هەر دەستى بۆ ئەبەم/
منم ئینسان تۆیی جنۆكە،
منم بەدواى حەقیقەت و تۆیی بەدوای درۆ/
من بەدواى حوببەوەم،
تۆیی ئەندازیارى رق/
منم خاوەنى پەڕەسێلكە،
تۆیی خاوەنى قەلەڕەشكە/
منم خاوەنى قاسپە و جیوە جیو و هاژە و بریق و باقى مراوى،
تۆى خاوەنى زەوق و رەوقى پالأ سۆزانى/
ئەڕیستۆكراتییەت بارى كرد،
هات لە وڵاتى من دایكوتا/
"سەرپۆش گەڕا،
مەنجەڵى خۆى دۆزییەوە"/
ئێمە تینووین بە خوێن،
برسین بە خیانەت/
خییانەت تا دێت،
دونییامان پڕتر ئەكات/
ئێمەى مروارى و سەدەف و ماسی،
بە قولاپى ئەوان، ئۆخەى مردن ئەچێژین/
بە توڕەیى ئەوان،
خەون بە چاخە بەردینەكانەوە ئەبینین/
سوڵتانەكان،
بەر لە هانا هاتنى خودا،
وەك دیناسۆڕ، قووتمان ئەدەن/
ئەوان هێند تینوون بە خوێن،
وەك حوشترێكى بیابان، پاش تێربوونیشییان،
خوێنى زییاتر، لە جەستەى تر ئەستێنن/
هەر خۆیان،
خاوەنى، عەمبارى نەوت و دۆلار و درۆ و خییانەت و خوێنیشن/
ئەم دونییایە پاكە،
بۆنى كووشتن و خوێن كاسی كردووە/
وەك موعتاد و سەرخۆشێكى مەیی،
تا دآ كز و كزتر ئەبێت/
ئیتر بەسە،
با تیفكرین لە جوانى دونییا و پیسییەتى نەفس/
وەرن با لە شێوەى رێحان بین،
هەرچەندە لێبدەییت بۆنى خۆشترت ئەداتآ/
رێحان چەندە رەش و بێگوڵە،
كەچى چەندە بۆنخۆش و بەسۆزە/
رەشى رێحان،
دونییاى پڕكرد لە بۆن/
رەشى بیلال،
دونییاى پڕكرد لە زیكر و تەهلیلە و عەدالەت/
رەشى مارتن لۆتەر كینگ،
دونییاى پڕكرد لە یەكسانى/
رەشى چاو،
دونییاى پڕكرد لە عەشق/
رەشى رووى سەركردەیەكى خائین،
دونییاى پڕكرد لە قا قا/
من سەرم لێشێواوە،
چیمان داوە لە سپی و سپی و سپی؟/
لە كەنار دەرییاى نائومێدى خۆمانەوە،
بەدەم ژماردنى دەنكە وردەكانى لمەوە،
خەریكى نووسینەوەى نائومێدییەكانى ئینسانین/
نا ئومێدى بۆ ئێمە بەشێكە لە،
ئینسانیبوون و كوردبوونمان/
ئێمە هەر خەریكى نووسینەوەى نائومێدیین،
كەچى شەپۆل هەر دێت رایدەماڵێت و پێماندەڵێت:
بەسە نائومێدى لەبیركەن، ئێستا تیبفكرە و بیربكەوە و دەستپێبكەوە/
دەنكە وردە لمەكان، هێند زۆرن،
لێ ناتوانن نائومێدییەكانى من بنووسنەوە/
لەوێوە ئەكەومە شەڕێكى سەرمەدى لەگەلأ شەپۆل،
من نووسەرى نائومێدى و ئەو موجاهیدى دژ/
من خودانى دڵشكان،
ئەو دڵشكێنەر/
من بە هەموو تەنیاییەكەى خۆمەوە،
ئەمەوێت نائومێدى بنووسمەوە/
نائومێدى بەو هەموو دۆستەى خۆیەوە،
هێشتا لە خەڵوەتە/
نائومێدى و تەنیایی،
زار و مارن/
هەر كە نائومێدى هەبوو،
تەنیایی هەیە/
تەنیایی…
ساتەوەختى گەڕانە بەدواى یەقین/
تەنیایی…
زەمەنى پیربوونى جەهلە/
تەنیایی…
تروسكایی رزگاربوونى بوونى مرۆڤە لە خەڵوەت/
تەنیایی…
وشكبوونى خانەكانى رقە لە دڵدا/
تەنیایی…
هانابردنە بۆ خودا و راكردنە لە ئەهریمەن/
تەنیایی…
میقاتكردنى ساتەوەختێكى پێغەمبەرانەیە/
من ئەڵێم…
هەر شتێكى جاوید،
مەحكومە بە تەنیایی/…