Skip to Content

Monday, November 4th, 2024
له‌باره‌ی قسه‌کانی سیپان سه‌رکه‌هی ـ یه‌وه

له‌باره‌ی قسه‌کانی سیپان سه‌رکه‌هی ـ یه‌وه

Closed
by October 22, 2008 زمان

 کێ به‌رپرسی یه‌که‌می ئه‌م ئاژاوه‌یه‌ی زمانه‌.؟
 
 له‌باره‌ی قسه‌کانی سیپان سه‌رکه‌هی ـ یه‌وه
 موحسین جوامێر‌

 
  له‌ ژماره‌ (461 ) ی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتیدا یه‌کێک به‌ناوی سیپان سه‌رکه‌هی ـ یه‌وه‌ وتارێکی له‌ژێر ناوی ( سه‌رهلدانا ڕاسیزما سۆرانی و بزاڤێن جینۆسایدکرنا ده‌ڤه‌را به‌هدینان ) دا بڵاو کردووه‌ته‌وه‌، ڕاستینه‌ی سیناریۆیه‌ک به‌ ده‌رده‌خات که‌ کاری له‌سه‌ر ده‌کرێ، بۆ ته‌فروتوناکردنی کورد، له‌ڕه‌گه‌وه‌.. بێگومان، ده‌شزانم هه‌موو کوردێکی ئاقڵ و کوردستانویست له‌م جۆره‌ بۆچوونانه‌ به‌رییه، ته‌نانه‌ت خه‌ڵکی دهۆکی ده‌لالیش..وه‌لێ، پیاو ئاماژه‌ی ئاوای تێدا به‌دی ده‌کات که‌ به‌نده‌ و هاوڕاکانی دیکه‌ له‌مێژه‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردستانمان لێی هۆشیار کردووه‌ته‌وه‌، به‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر زوو فریای ئه‌م ته‌نگژه‌یه‌ نه‌که‌ون و یه‌کزمان نه‌که‌نه‌ خاڵی کۆکه‌ره‌وه‌ و ئاگردانی کوردان؛ ئه‌وه‌ ڕۆژێک دێ که‌س خۆی به‌کورد نه‌زانێت. شایه‌نی وتنه‌، دوای ئه‌وه‌ی ( سه‌ڵای سه‌گ و به‌یتی که‌ر ) یان به‌ زمانه‌که‌مان کرد و جاڕی ئیستیقاله‌م له‌ کوردایه‌تیی سه‌قه‌تی ده‌سه‌ڵاتداران دا، مامۆستایه‌کی دهۆکی که‌ له‌زانکۆیه‌کی  سوێد ده‌رس ده‌ڵێته‌وه‌، نامیلکه‌یه‌کی بۆ شاندم و تێیدا ده‌ڵێت : ئه‌ز به‌ڕوونی له‌ مه‌به‌ستت ده‌گه‌م، هه‌وڵی تۆ بۆ ئارمانجێکی به‌رزه‌، ئه‌ویش زمانێکی په‌تیی کوردییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی من و تۆ باش له‌یه‌کدی بگه‌ین، لێبه‌لێ ئه‌و ئارمانجه‌ ناوازه‌یه‌ی ئه‌تۆ ده‌ئه‌ستۆت گرتووه‌، بۆ ئه‌وانه‌ی نایانه‌وێ ڕۆناهی ببینن؛ قووت نادرێت.! 
 
 پوخته‌ی دروشمه‌کانی سیپان ئه‌وه‌یه ‌: ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ سۆرانی و بادینی و شێوه‌زاره‌کانی دیکه‌، دیالێکتگه‌لی زمانێکن، هه‌ڵه‌یه‌، هه‌موو ئه‌و زمانگه‌لانه‌‌ جیاوازن و به‌پێی ئه‌مه‌ میلله‌تگه‌لی جیاوازیشن، وه‌ک گه‌لانی دیکه‌ی دنیا‌، واته‌ بانگه‌شه‌ی یه‌کمیلله‌تی و ئامانجی هاوبه‌ش؛ فشه‌ی بنه‌سڵاوه‌یه‌.! .. ئه‌وجا پێت ده‌ڵێت : په‌یڤا ( کورد ) وه‌ک نه‌ته‌وه‌ و ( کوردستان ) وه‌ک وڵات، نه‌ گه‌له‌ک ژمێژن، به‌ده‌ستی سیاسییان هاتوونه‌ته‌ گۆڕێ، هێنده‌ی ئێمه‌  دوورتر بچین، ده‌بینین ‌ په‌یڤا ( کرمانج ) وه‌ک نه‌ته‌وه‌ و ( کرمانجی ) وه‌ک زمان که‌ڤنتر و ڕه‌سه‌نترن.
 
 به‌وپه‌ڕی ته‌وازوعه‌وه‌، به‌نده‌ بانگ له‌ هه‌موو ڕۆشنبیر، کوردپه‌روه‌ر و سیاسه‌توانانی گه‌له‌که‌م ده‌که‌م، بچن ئه‌و ئیستیقاله‌نامه‌یه‌م بخوێننه‌وه‌ که‌ ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر به‌عه‌ره‌بی بڵاوم کرده‌وه‌، پاشان کرایه‌ کوردی، ئێسته‌یش له‌ سایتی ( هاووڵاتی ـ به‌شی عه‌ره‌بی ) دا په‌خش کراوه‌.. بلا لێی ورد ببنه‌وه، چونکه‌ زۆر به‌دیقه‌ت نووسیومه‌ و نوێشکی ئه‌زموون و تێڕامانی چه‌ندین ساڵمه‌‌، ئه‌وجا ئه‌گه‌ر هه‌ر پێشبینییه‌کی له‌وێ کردوومه‌، نه‌هاته‌ جێ، نه‌فرینبارانم بکه‌ن، ئه‌گه‌رچی هه‌رگیز ناخوازم ڕۆژێک له‌ڕۆژان گه‌له‌که‌م به‌ردی په‌شیمانی له‌ چۆکی خۆی بدات، یه‌ک له‌و پێشبینییانه‌ی له‌وێ زه‌نگی مه‌ترسیم بۆ لێداوه‌، ئه‌و کوده‌تایه‌یه‌ سیپان و هاوشێوه‌ی بانگه‌وازی بۆ ده‌که‌ن.
 ‌
  من که‌ ناوی سیپان ده‌به‌م، مه‌به‌ستم که‌سێک نییه‌ به‌تایبه‌تی، من ئه‌سڵه‌ن هه‌ر نایناسم و ڕه‌نگه‌ بۆیشیان نووسیبێته‌وه‌؛ به‌ڵکوو‌ وه‌ک دیاره‌ مه‌سه‌له‌که‌ ( پڕۆژه‌ ) و ( ته‌وژم ) ێکه‌ وا به‌ڕێگه‌وه‌یه‌، هه‌ر ڕۆژێ شتێکی لێ فت ده‌کرێ و ـ به‌ به‌رنامه‌ ـ دوو شتی دیکه‌ی لێ زێده‌ ده‌کرێت، هه‌مووشی به‌زیانی زمان و نه‌ته‌وه‌ی کورد ته‌واو ده‌بێ و ئه‌و شه‌ڕه‌ی پێشترێ له‌گه‌ڵ بێگاناندا بوو، ئه‌مڕۆ ئاگره‌که‌ی که‌وتووه‌ته‌ نێو ماڵی کوردان، کوردیش هه‌ر خه‌ریکه‌ و به‌نزینی پێدا ده‌کا، وا ده‌زانێ ئاگری نه‌ورۆزه‌. ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه‌ش بزانرێ که‌ جگه‌ له‌ پیلانی ناوه‌وه‌؛ ده‌سته‌وبه‌سته‌یه‌ک له‌ کوردانی سه‌ر به‌ ته‌له‌فزیۆنی ڕۆژ سه‌رچۆپیی ئه‌م پیلانه‌یان گرتووه‌، به‌جۆرێک پیاو له‌ ئارمانجی ئه‌و که‌ناڵه‌ دڕدۆنگ ده‌کات، پاش ئه‌وه‌ی که‌للـه‌ی کوردانیان به‌ ده‌هۆڵ و زۆڕنای کوردستانی مه‌زن، باکوور، باشوور، ڕۆژهه‌ڵات و رۆژئاوای خۆتڕێن کاس کرد. ئاخر کوردستانی مه‌زن و بانگه‌شه‌ی شێخه‌ڵڵای له‌هجان کوجا مه‌ڕحه‌با.!
 
  به‌نده‌ هیچ لاریم له‌وه‌دا‌ نییه‌ یه‌کێک بڵێ بلا ته‌نیا به‌ کرمانجی، یان به‌ هه‌ورامی ئانژی به‌ فه‌یلی بخوێنین و ده‌با ببێته‌ زمانی ستانداردمان، ئاماده‌م گوێی لێ بگرم و ئه‌گه‌ر دوای سه‌ده‌یه‌ک خویندن به‌زمانی یه‌کگرتوو، ئه‌م بۆچوونه‌ واقیعی بێ و بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت، بۆ نا.؟!. وه‌لێ هه‌رگیز قابیلی قبووڵ نییه‌ تۆ لافی کوردایه‌تی لێ بده‌یت و کورده‌که‌م لێ بکه‌یته‌ چوار میلله‌ت، له‌لای که‌مییه‌وه‌، له‌ کاتێکدا کورد له‌ زمانه‌ یه‌کگرتووه‌که‌ بترازێت؛ هیچی دیکه‌ی نییه‌ و نه‌بووه‌ که‌ شانازیی پێوه‌ بکات، نه‌ وڵاتێکی هاوبه‌ش و نه‌ ئابوورییه‌کی هاوبه‌ش، هه‌روه‌ک دۆسته‌ مارکسییه‌کانمان ده‌فه‌رموون. من زۆر له‌و هه‌ڵوێسته‌ دژبه‌یه‌ک و به‌ره‌واژانه‌ که‌وتوومه‌ته‌ گومان، بیرم ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێ ده‌ست و ده‌سیسه‌ و ئافه‌رینی تورکیاشی له‌گه‌ڵدا بێت، با له‌ حاڵه‌تی شه‌ڕیشدا بێ له‌گه‌ڵ کورداندا. ئاخر به‌هه‌وه‌نته‌ کابرای تورک له‌ ئامه‌د نه‌یگوتبوو: هه‌رگیز له‌ ده‌وڵه‌تی کورد مه‌ترسن، چونکه‌ زمانێکی یه‌کگروویان نییه‌ که‌ پییه‌وه‌ له‌یه‌کدی بگه‌ن.. ئاخۆ ئه‌و تورکانه‌ی‌ ده‌یان دیالێکتیان هه‌یه‌ و هه‌موو مه‌منوونن به‌ده‌وری دیالێکتی ئه‌سته‌نبۆڵدا ته‌واف بکه‌ن و هه‌ر ئه‌وه‌ته‌ نایپه‌رستن، ڕاستن، یاخود ئه‌و کوردانه‌ی هه‌موو کوردت بۆ پۆلێن ده‌که‌ن و ئه‌وجا دیالێکته‌کانیان خڕ به‌ زمانی سه‌ربه‌خۆ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.؟ براده‌رێکی هه‌ورامی که‌ وه‌ک هه‌ر هه‌ورامییه‌ک بۆ کورد گیانی له‌سه‌ر ده‌ستانه‌، پێی وتم هه‌تا نه‌چوومه‌ لای کارمه‌ندێکی که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی ڕۆژ، نه‌مزانی من هه‌ورامیم و کورد نیم. له‌وانه‌یه‌ بوترێ ئه‌مه‌ هه‌ڵوێستێکی شه‌خسییه‌ و پێوه‌ندیی به‌ که‌ناڵه‌که‌وه‌ نییه‌، وه‌لێ ئه‌وه‌ی شاره‌زا بێت له‌ پاشخانی فکری و ستراتیژی ئه‌وێ، ده‌زانێ ته‌نانه‌ت هه‌ڵوێستی به‌دزییش کامێرای شاراوه‌ی له‌سه‌ره‌.
 
  هاوکات ده‌شێ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بکرێته‌وه‌، که‌ ( درۆزله‌ی جووتستاندارد ) پاساو نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگوترێ ماده‌م بوو به‌ 2 له‌هجه‌ با ببێته‌ 3 ێیش و ده‌یش بێته‌ سه‌ر پازده‌، هه‌رگیز، به‌ڵکوو ده‌بێ ڕۆشنبیر و مشوورخۆران ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی خوێندن به‌ دووله‌هجه‌ ڕیسوا بکه‌ن و داوا بکه‌ن یان بکرێ به‌ یه‌ک یاخود زمانێکی بیانی بکرێته‌ زمانی هاوبه‌شی هه‌مووان، زاته‌ن ئێمه‌مانان ته‌نیا شه‌ق و مه‌تره‌قی ده‌ره‌کی کۆمان ده‌کاته‌وه‌، ئاخره‌که‌ش هه‌ر به‌ پێله‌قه‌ی ئه‌وان دێینه‌وه‌ سه‌ر سفر و ده‌بینه‌وه‌ په‌ناهه‌نده‌. 
 
 دیاره‌، من کورته‌ی بۆچوونی سیپانم به‌رده‌شۆر کردووه‌، ئه‌گه‌نا هه‌ر یه‌کێک ده‌قی وتاره‌که‌ بخوێنێته‌وه‌، ده‌زانێ کورد ته‌نیا شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ زمانێکی بێگانه‌ی به‌سه‌ردا فه‌رز بکرێ، ده‌نا میلله‌تی سه‌رده‌ستیش خانه‌وێران ده‌کات.. هاوکات من نامه‌وێ به‌درێژی باس له‌وه‌ بکه‌م که‌ ئه‌گه‌ر گه‌لانی ناوچه‌، ئه‌و تێورییه‌ی سیپان و ئاغایانی دیکه‌ به‌کار بهێنن، ئه‌وه‌ ته‌نیا له‌ عێراقدا به‌ قه‌ده‌ر ژماره‌ی شاره‌کان ده‌ڤۆک و زمان له‌دایک ده‌بن، ته‌نیا موسڵاوییه‌کانی دراوسێی سیپان که‌ لێیانه‌وه‌ فێری عه‌ره‌بی بووه‌ و سۆرانیی پێ عزرائیله‌ و ده‌ڵێ زمانێکی دیکه‌یه‌؛ زمانێکی عه‌ره‌بیی ته‌واو سه‌ربه‌خۆیان ده‌بێت‌. به‌نده‌ ئه‌وه‌ندم له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ڕستووه‌، خه‌ریکه‌ ددانه‌کانم هه‌مووی هه‌ڵده‌وه‌رێن.!
 هه‌ر هه‌را و گۆڵمه‌زێک به‌ر له‌وه‌ی گوریس بگاته‌ ڕه‌فیسکان چاره‌سه‌ر نه‌کرێ؛ گه‌وره‌ ده‌بێ و مه‌زن ده‌کرێت.. ده‌ستێکی ئاشکرا و ئه‌ویدی شاراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌م هێڵه‌ کار ده‌که‌ن که‌ کورد بکه‌ن به‌ چه‌ندین گه‌ل؛ تا ڕاده‌یه‌ک سه‌رکه‌وتوون، خۆ چه‌ند که‌سێک که‌ له‌ که‌ناڵی نێوبراودا کار ده‌که‌ن؛ ئه‌م کاره‌یان لێ بووه‌ته‌ عه‌مره‌که‌م گیانه‌که‌م و شه‌و و ڕۆژ ته‌گبیری بۆ ده‌که‌ن.. ئه‌گه‌ر زه‌ینی خۆتانی بده‌نێ، مه‌سه‌له‌که‌ له‌وه‌وه‌ ده‌ستی پێ کرد که‌ زمانی کوردی ( فره‌دیالێکت )ه،‌ پاشان بوو به‌ ( جووتستاندارد )، ئه‌وجا بوو به‌ ( فره‌ستاندارد )، پشتی ئه‌وه‌ به‌قسه‌ی کاکه‌ سیپان بووه‌ ( زمانگه‌لی ژهه‌ڤ جودا ) واته‌ سه‌ربه‌خۆ. قسه‌که‌ش ڕاسته‌، وای لێ به‌سه‌ر دێ. ئه‌م واقیعه‌ش ئه‌وسا ـ وه‌ک هه‌نگاوی یه‌که‌م ـ  به‌رجه‌سته‌ کرا، کاتێ‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی به‌رنامه‌ و چاپه‌مه‌نییه‌کانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ مامۆستا ئاراس نه‌جمه‌دین  له‌ 10/09/2008 دا بڕیاری دابه‌شبوونی میلله‌تی کورد به‌سه‌ر دوو زماندا به‌ ئاژانسی ( ده‌نگه‌کانی عێراق ) ی ڕاگه‌یاند، به‌ فه‌رمووده‌ی ئه‌و : ( دوای گفتوگۆی تێروته‌سه‌ل له‌سه‌ر زمان و زاری خوێندن له‌ قۆناغی بنه‌ڕه‌تدا، بڕیار درا سنووری پارێزگه‌ی دهۆک به‌بادینی و هه‌ولێر و سلێمانیش به‌سۆرانی، بخوێنن ).. به‌مه‌به‌ستی دابینکردنی یه‌کسانیی ڕه‌هاش له‌ دابه‌شکردنی زماناندا به‌سه‌ر ( ئه‌بخاز ) و ( ئۆسیتیا ) ی کورداندا، هێژا ئاراس ده‌بێژێت : ( ئه‌و شوێنانه‌ی سه‌ر به‌ پارێزگه‌ی دهۆکن و زمانی سۆرانی به‌کار ده‌هێنن وه‌ک گۆران و به‌رده‌ڕه‌ش، ده‌توانن بیکه‌نه‌ ئیختیاری و به‌ئاره‌زووی خۆیان شێوه‌زارێک هه‌ڵبژێرن.. به‌ هه‌مان شێوه‌ش ناوچه‌ بادینییه‌کانی سه‌ر به‌ پارێزگه‌ی هه‌ولێر وه‌ک مێرگه‌سۆر ).
 سه‌یر و سه‌یران له‌وه‌دایه‌ سیپان ناو له‌ئاخریدا دێ و وڵاغه‌که‌ له‌ کلکییه‌وه‌ لغاو ده‌کا و ئه‌میش ته‌بای ئه‌وانیدیکه‌ زڕه‌کوردستانییه‌تی لنگه‌وقووچمان پێ ده‌فرۆشێت و ده‌خوازێت سیاسه‌تی کڵاوله‌سه‌رنان پیاده‌ بکات.. باس له‌وه‌ ده‌کا گریمان ده‌وڵه‌تی کوردستان هاته‌ دامه‌زراندنێ، پێدڤییه‌ فیدراسیۆنێک له‌نێو ئه‌و چوار میلله‌ته‌ ئه‌سڵ جودا، زمان جودا و مێژوو جودایه‌دا، بێته‌ چێکرنێ..منیش به‌و به‌ڕێزه‌ ده‌ڵێم ئه‌وه‌نده‌ بێهن فره‌ مه‌به‌، ئه‌گه‌ر تۆعه‌گیدی هه‌ڕه‌ جارێ ئه‌و گوندانه‌ی له‌ دهۆکێ ڤه‌قه‌تییانه‌، وه‌ریانگره‌وه‌، ئه‌وجا قسه‌ی زلی بێبن بفه‌رموو. ئێمه‌ به‌ قسه‌ی تۆ نه‌ یه‌کمیلله‌تین، نه‌ یه‌کزمانین و مێژووشمان جودایه‌. مژده‌شت ده‌ده‌مێ، هه‌که‌ کلکی حوشترێ گه‌یشته‌ عه‌ردی؛ ئه‌وسا حه‌تمه‌ن ده‌وڵه‌تی به‌درۆی کوردستانمان بۆ دێته‌ به‌ر ده‌رکی، به‌س ئیمزاکردنی ساڵح موتڵه‌گ و نوجه‌یفیی گه‌ره‌که‌، ئه‌و وه‌خته‌ش به‌ برای خۆم برێم : مه‌خموور، که‌رکووک، شه‌نگار، خانه‌قین، قه‌ره‌ته‌په‌، جه‌له‌ولا‌ و ئه‌ویدی ئه‌تۆ برێ، خڕ له‌نێو به‌ریکی خۆماندا ده‌بن، واته‌ گیرفان.
 
 ماوه‌ته‌وه‌ بێژم، که‌ به‌نده‌ بابه‌ته‌که‌ی سیپانم خوێنده‌وه‌، یه‌کسه‌ر بۆ چه‌ند نووسه‌ی زیت و به‌بڕشتم نارد، به‌س بۆ ئاگاداری و به‌ که‌سیشم نه‌وت ڕات چییه‌ و شتێکم بۆ بنووسه‌.. وه‌لێ، یه‌ک له‌وان که‌ که‌رکووکییه،‌ دوای سڵاو و جه‌ژنه‌پێرۆزه‌، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ی بۆ نووسیم : به‌ڕاستی که‌ ئه‌م بابه‌ته‌م خوێنده‌وه‌، له‌لایه‌ک تووڕه‌ بووم و له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ ئاره‌قه‌ی ڕه‌ش و شینم کرد و له‌ خه‌فه‌تان تێرتێر له‌ حاڵی کورد و کوردستانه‌که‌م ڕامام و وه‌ک بڵێی ته‌نه‌که‌ ئاوێکی ساردیان به‌سه‌ردا کردبم، هه‌ر به‌جارێک تێی ته‌قاندووه‌ و هیچی تێدا نه‌هێشتۆته‌وه‌. ئاخر ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی که‌ جه‌نابت به‌ ده‌یان جار باسیانت کردووه‌، وا گه‌لێ به‌داخه‌وه‌ خه‌ریکه‌ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و دێنه‌ ده‌ره‌وه‌. زۆر به‌داخه‌وه‌ که‌سانی ئه‌وها له‌ کورد په‌یدا ده‌بن و حاڵی له‌ شڕه‌وه‌ به‌ره‌و شڕتر ده‌به‌ن. له‌م بواره‌دا هه‌ڵه‌ی هه‌ره‌گه‌وره‌ هی به‌ناو سه‌رکره‌کانمانه‌ له‌م پارچه‌یه‌ی کوردستاندا. لێره‌دا زۆر گوتن قوڕعان خۆشه‌، به‌ڵام دڵنیام ئه‌گه‌ر پێش له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ نه‌گیرێت و ڕێ به‌و جۆره‌ که‌سانه‌ بدرێت شتی وا پووچ بڵاو بکه‌نه‌وه‌، کورد ده‌بێ چاوه‌ڕێی کاره‌ساتی تریش بکات.
 
 نووسه‌ره‌که‌ی دی که زمان هه‌ورامییه و سایتێک به‌ڕێوه‌ ده‌بات‌، به‌م جۆره‌ دێته‌ جواو : ئه‌م میلله‌ته‌ی ئێمه شایه‌نی هیچ نییه‌، عه‌ره‌به‌کان، تورکه‌کان و فارسه‌کان باشمان ده‌ناسن.. مرۆڤ جاری وا هه‌یه‌ قێزی له‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌ که‌ کورده‌، ئه‌من پێم وایه‌ به‌رپرسی گه‌وره‌ ده‌ستیان له‌و به‌زمه‌دا هه‌یه‌، ئه‌گینا به‌ بڕیاری کێ به‌ له‌هجه‌ ده‌خوێندرێت.؟
 
 نووسه‌ره‌که‌ی تر که‌ باد‌ینییه‌ و له‌ ئه‌ڵمانیا نیشته‌جێیه‌، به‌م شێوه‌یه‌ ده‌دوێت : که‌ وتاری ئه‌و که‌سنه‌ناسه‌م خوێنده‌وه‌، پرسیارم له‌خۆ کرد گه‌لۆ کێ ده‌سه‌ڵاتی به‌م کوڕه‌ داوه‌ له‌جیاتی هه‌موو کرمانجی زاراوه‌یه‌ک قسه‌ بکات. به‌ڕای من ئه‌مه‌ش  جۆرێکه‌ له‌ بیرجاشی که‌ خه‌ریکه‌ ئێسته‌ بابه‌تێکی له‌سه‌ر ده‌نووسم.. ئه‌م کابرایه‌ قه‌لێکه‌ به‌ته‌نیا له‌سه‌ر ته‌پکه‌ شاخێک به‌نامۆیی ده‌خوێنێت، له‌خۆی زێتر که‌س گوێی له‌ ده‌نگی نییه‌.
 
 نووسه‌ره‌که‌ی دیکه‌ که‌ داپیر و باپیری به‌ هه‌ورامی قسه‌یان کردووه‌ و ئێسته‌ له‌ ئوستراڵیایه‌، ده‌ڵێت : سه‌رکردایه‌تیی سیاسیی کورد، پارتی، یه‌کێتی و حیزبه‌ ئیسلامییه‌کان، به‌رپرسیارێتیی ئه‌م ڕه‌وشه‌ وه‌ئه‌ستۆ ده‌گرن. که‌مبوونی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی هۆیه‌که‌ بۆ ئه‌م پاشه‌کشه‌یه‌. ده‌زگه‌ی ڕاگه‌یاندنی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان که‌ له‌لایه‌ن که‌سانی نه‌فام و نانه‌ته‌وه‌په‌روه‌ره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چن؛ زۆربه‌یان له‌ سه‌رچاوه‌ی ناکوردستانی ئاویان خواردووه‌ته‌وه‌، خۆیان به‌ پارتی و یه‌کێتی هه‌ڵواسیوه‌، نامۆن له‌ کوردایه‌تیی بارزانیی نه‌مر.. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌، له‌وه‌ ده‌ترسم ده‌زگه‌ی تۆرانی، عڕووبی و ئێرانی ده‌ستی تێدا بگێڕن.. دابه‌شکردنی کوردستان به‌سه‌ر له‌هجاندا، له‌ لێدانی هه‌زاران بۆمبی ئه‌تۆمی و هه‌زاران ئه‌نفال به‌زیانتره‌.
 
 ئه‌وه‌ی پێنجه‌م که‌ هه‌م زاوای زازایانه‌ وهه‌م له‌ دیالێکتی کرمانجیدا بلبل و پسپۆڕه‌ و هه‌میش مامۆستای زمانه‌ له‌ زانکۆیه‌کی سوێد، له‌ برووسکه‌نامه‌یه‌کدا ده‌گرمێنێت : به‌ڕاستی وه‌زعێکی ناخۆشیان دروست کردووه‌ و پێم وایه‌ به‌رپرسیاری یه‌که‌م له‌م ئاژاوه‌یه؛‌ سه‌رکردایه‌تیی سیاسی و به‌ ڕاده‌ی یه‌که‌م ( جه‌نابی بارزانی‌ ) یه‌.
 
 2008/10/09
 mohsinjwamir@hotmail.com
 
 
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.