من ئیتر بە چاوەكانی ئاو دەڕوانم….ناڵە حەسەن
من ئیتر بە چاوەكانی ئاو دەڕوانم
ناڵە حەسەن
Nala_hassan@yahoo.ca
من لە مەودوا
لە نێو خەیاڵ و
لە نێو ووڕێنە و وشە و نیگارە شیعرییەكانم دا
بە چاوەكانی ئاو دەڕوانم
نەبادا ,
سووتانی پەنجەی منداڵێكی نیشتیمانم لە بیربكەم
نەبادا ,
شەپۆڵێك , هاوارێك , ڕاسانێك
ژانێك , گریانێكی
مرۆڤە برسیەكانی نیشتیمانم لە بیربكەم
نەبادا ,
ونبوونێك , مردنێك , دڵتەنگیەكی
عاشقانی نیشتیمانم لەبیربكەم
نەبادا ,
سەرخۆشبوونی پەپوولەیەك
بێهۆشبوونی باڵندەیەك
ڕەشهەڵگەڕانی گەڵای درەختێكی نیشتیمانم
لە بیربكەم
نەبادا ,
چرپەیەك , هەناسەیەك ,
بزەیەكی سەر ڕوخساری
شەقامێكی پاییز و
وەرزەكانی تری نیشتیمانم لە بیربكەم
نەبادا ماسیەكی فەرامۆشكراوی
نێو چەم و ڕووبار و دەریاچەیەكی نیشتیمانم
لە بیربكەم
نەبادا ,
شەوێك لەو شەوانەی
كە مانگ بیر لە خۆكوشتن دەكاتەوە
یان ,
كۆڵانێك لەو كۆڵانە تاریكانەی
نێو ڕۆحە بریناوییەكەی
ئەو ژنانەی
بەر لە چركەكانی خۆسووتاندن , لە بیربكەم
نەبادا ,
تابڵۆیەك لەو تابڵۆیانەی
خوێن و نەفرەت و فۆبیای
نێو نیگا و سیما بەفریناوییەكەی
مرۆڤەكانی نێو لم و بیابانەكان , لە بیربكەم
من لە مەودوا
لە نێو پیاسە و سەفەر و گەڕانەكانم دا
بە چاوەكانی ئاو دەڕوانم
نەبادا ,
بەفرانبارێك دیار نەمێنێ لە زەمەن دا
باخچەیەك بمرێت لە سروشت دا
ڕەنگێك بریندار بێت
لە نێو ڕووبەرەكانی جوانی دا
نەبادا ,
مۆمێك بكوژێتەوە
لەنێو ژوورەكانی
زیكر و سەما و تێكئاڵان و جووتبوون دا
نەبادا ,
حەرفێك , وێنەیەك
بسڕێتەوە
لە نێو دیوانە شیعرییەكانی عەشق دا
نەبادا ,
باران و تاڤگە و قەقنەسەكان
بەفر و خاك و پنجەگیاكان
گۆرانی و ویقارە وەهمیەكانی خۆیانیان
بیربچێتەوە
نەبادا ,
شۆڕەبی و شەهلایەك
ڕەیحانە و ڕێواسێك
سنەوبەر و سەوسەنێك
ناز و لەنجە و عیشوە ڕۆژهەڵاتیەكەی خۆیانیان
بیربچێتەوە
نەبادا ,
بێدەنگی سپێدەیەك
خنكانی ئێوارەیەك
مەستبوونی درەنگەشەوێك
دەرنەكەوێت لەنێو بازنەی كاتژمێرەكانی
نێو ژوورەكانی غوربەت دا
نەبادا ,
بێڕەنگبوونی خوێنی نێو دەمارەكانی ئەستێرە و
بێدرەختبوونی گۆڕستانەكانی نێو مەملەكەتی گەردەلوول
لە نێو توانەوەی مۆمی
نێو شەوەكانی لەدایكبوونی شەونم دا مانبگرن
نەبادا ,
پەپوولەیەك نیگەرانیەكانی
شكۆفەی گوڵەباغێك
نەناسێتەوە
ڕێبوارێك بە تەنیشت بیستانێكی سەربڕاودا
ڕەتببێ و
ئاورێك لە بە خۆڵەمێشبوونی
پەڕوباڵی كۆترەكانی زەمەن نەداتەوە
نەبادا ,
شەپۆڵە خەواڵووەكانی دەریا
چیتر گوێ لە ژانە تیشكە لەبارچووەكانی
هەتاو ڕانەگرن
نەبادا ,
بوومەلەرزەی نێو دارمەیتی كیشوەرەكان
لەگەڵ زەردهەڵگەڕانی گوڵەگەنمەكانی بەهار
سڵاوێك لە یەكتری نەكەن
من بە چاوەكانی ئاو دەڕوانم
ئەودەمانەی كاسە و پیاڵەی
شەڕابی عەشق و خۆشەویستیمان
پڕدەبێ لە حەسرەتە پەمەییەكانی
بنار مەمكۆڵە گەرمەكانی یار
مانگەشەوە سەرخۆشەكەی
سەرلێوە قورمزیەكەی ئاگر
شوێنپێی ماچەكانی
گوڵە هەنارەكانی هەور , ناناسێتەوە
ئەو سەحەرانەی
بوخچەی غەریزە تەڕەكانی
بنار مەمكۆڵە گەرمەكانی یار
لەنێو زەردەپەڕی ئاوێنە ئیرۆسیەكان , ناكرێنەوە
ئەو شەوانەی
ئایەتەكانی عەشق
لەنێو مەجلیسی ژێر ڕەشماڵی
بنار مەمكۆڵە گەرمەكانی یار
ناخوێندرێنەوە
ئەو دوای نیوەڕۆیە فێنكانەی
كانیە بەهارییەكانی
بنار مەمكۆڵە گەرمەكانی یار
دەنگیان دەنووسێ و
گۆرانی بۆ پێدەشتە تێنووەكانی
جەستە شەقار شەقار بووەكەی
نێو ڕۆحی من ناڵێنەوە
من ئیتر بە چاوەكانی ئاو دەڕوانم
نەبادا ,
شنەبایە شینەكانی عەشق
لە نێو باڵكۆنی غوربەت دا لە بیرم بكەن
كۆڵارە كۆچەرییەكانی چارەنووسیش
لەسەر پشتی خۆیان هەڵم نەگرن
بەرەو خەمە سپیەكانی
بنار مەمكۆڵە گەرمەكانی نیشتیمانم
نەمبەنەوە … !
كەنەدا : سەرەتای ئۆگستی 2008