نامەیەکى دیدار مەسیفى بۆ یوسف عیزەدین
نامەیەکى دیدار مەسیفى بۆ یوسف عیزەدین
ئه‌زیزم یوسف . . . .
رۆژی خوێندنه‌وه‌ی نۆڤیلێته جوانه‌که‌ت، به ڕێکه‌وت که‌وته ساڵڕۆژی یاده‌وه‌ری ته‌قینه‌وه‌ی که‌شتی ئاسمانی چاڵێنجه‌ر. سه‌یرتر له‌وه‌ش من له نهۆمی سێزده، له یه‌کێک له ئۆفیسه‌کانی کۆمپانیاییه‌ک ماجه‌راکانی ئێوه‌م ده‌خوێنده‌وه که ئه‌ویش به ڕێکه‌وت ناوی چاڵێنجه‌ره.
لێم ڕوونه که ئێوه له من چاکتر مانا کوردییه‌که‌ی ئه‌و ووشه‌یه ده‌زانن بۆیه له نوسین دا ده‌تانه‌وێت پڕ به پێستی بن.
ئه‌رێ، با بڵێم که‌وا کۆمپیوته‌ره‌که‌م دوو سکرینی هه‌یه؛ ئه‌و ڕۆژه له یه‌کێکیان ماجه‌راکانم خستبووه سه‌ر و له ئه‌ویدیکه‌شیان سه‌رقاڵی کارکردن بووم. چاوێکم دابوو به میران، سوڵتانان، سلێمانان و سه‌لمانانی نێو کتێبه‌که‌ت، به چاوێکی دیکه‌ش ئه‌و کاره‌م ده‌کرد که دبووایه بیکه‌م.
ده‌تگووت من هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ته‌سلیمی تایتڵه سه‌رنجڕاکێشه‌که‌ی ببووم، بۆیه زۆر په‌له و تامه‌زرۆ ده‌مه‌ویست چه‌نده‌ی زووتر بێت و به‌ر له ته‌واو بوونی رۆتینی ئه‌و رۆژه‌ی کارکردنم ئه‌و کتێبه بخوێنمه‌وه که بۆ منتان ناردبوو. له‌و شوێنه‌ی که لێی بووم، هه‌ستم ده‌کرد من تاکه که‌سم که له به‌رزاییێکی وه‌ها دا ماجه‌راکانتم خوێندبێته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه تا ئه‌وپه‌ڕی ڕاستگۆیی، ووردبینی و چاوتیژی مه‌لێک ده‌مه‌ویست به‌سه‌ر ووشه‌کان دا بچم. به‌ڵام که ناوه ناوه چاوه‌کانم ماندوو ده‌بوون و رووم بۆ لای په‌نجه‌ره گه‌وره‌کان دا وه‌رده‌گێڕا ئینجا ده‌مزانی ئه‌و هه‌سته‌ی من چه‌نده خه‌ڵه‌تاوه. به تایبه‌ت که باڵه‌خانه به‌رزه‌کانم وه‌ک قاڵکی شقارته‌ی به‌تاڵ ده‌هاته پێش چاو و ئه‌و به‌رزاییه‌ی خۆشم زۆر زۆر زۆر نزمتر ده‌بینی له شوێنی خه‌و بینینی که‌سێک که له بناری سه‌فینێ، هه‌ندرێن و گۆێژه‌یێ ده‌قێکی جوانی به‌و شێوه‌یه له ده‌ست ده‌گرێت و ده‌یه‌وێت مێژوو به جۆرێکی دیکه بخوێنێته‌وه. ببوره له‌وه‌ی که من هاتووم ساده و ساکار سه‌ره‌تای نامه‌که‌م به ووشه‌کانی سه‌ره‌تای نۆڤیلێته‌که‌ت ده‌ست پێکردووه، دیاره ئه‌وه‌م له چه‌ند لاوه به ئه‌نقه‌ست کردووه. بۆ نموونه یه‌کێکیان بۆ ئه‌وه‌یه که له ده‌رگای ووشه‌کانی خۆته‌وه بچیته نێو نامه‌که‌م و به بینینی نۆڤیلێت له جیاتی رۆمان دڵت هیج سارد بوونه‌وه‌یه‌کی تێدا نه‌که‌وێت که جارێکی دیکه له نوسینی شتێکی به پێزی وه‌ها دا خاوت بکاته‌وه. یانیش ده‌ڵێیت مه‌به‌ستمه په‌یامێک بده‌م به‌وانه‌ی که له جیاتی گه‌ڕان به دوای مانا شاراوه‌کانی ده‌ق دا، ده‌چن ووشه به ووشه له شتێک ده‌گه‌ڕێن تا بۆیان هه‌بێت هه‌ر ده‌قێکی جوان به کاری لاسایی کردنه‌وه ناوه‌زه‌د بکه‌ن.
بۆ من کاتێک به‌و خێراییه ده‌قه جوانه‌که‌ی ئێوه‌م ته‌واو کرد، تاکه بڕیار که به مێشکم دا هات ئه‌وه بوو که ئه‌و ماجه‌رایانه دووباره له شوێن و کات و فرسه‌تێکی دیکه دا بخوێنمه‌وه.
لێتان ناشارمه‌وه که بۆ من سانایی بوو که {ینامێلس} به {سلێمانی} بخوێنمه‌وه چونکه ده‌زانم گه‌لێک ده‌قی دیکه سه‌باره‌ت به‌و شاره جوانه نه‌رجسییانه بوون له نه‌بینینی ئه‌وانی تر و ئاوێنه‌یه‌کی زۆر بچووکیان داناوه بۆ دونیا بینین. به‌ڵام ماجه‌راکانی ئێوه به بچووکی خۆیه‌وه ئه‌و شاره جوانه تا بڵێی گه‌وره‌تر نیشان ده‌دات و ته‌مه‌نه‌که‌شی به‌سه‌ر هه‌موو زه‌مه‌نه‌کان دا تێپه‌ڕ ده‌کات. نۆڤیلێته تازه‌که‌ی ئێوه نه‌ینۆکه‌یه‌کی ئه‌وه‌نده مه‌زنه که له پشته‌وه‌ی دونیایێک له رووداو و به‌سه‌رهات و پێشهات ده‌بینرێن.
ئه‌وه‌ی زیاتریش خوێنه‌ر سه‌رسام ده‌کات بریتی له به‌یه‌کتر به‌سته‌وه پڕ له پارادۆکس و سه‌یره‌کان که له لاییه‌ک سوله‌یمانه‌کان و له لاییێکی دیکه‌وه سه‌لمانه‌کان به‌یه‌که‌وه گرێ ده‌دات. دیاره ئه‌وه کارکردنێکی وورد و جوان و ژیرانه‌یه له مامه‌ڵه کردن له هه‌ڵبژاردنی جۆره ناوگه‌لێک بۆ کاره‌کته‌ران که پێشتر له مێژوودا بوونی به‌رچاوییان هه‌بووه.
لێره‌دا سیاوڵه و ساتیا له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بازنه‌یه ده‌مێننه‌وه بۆیه ئه‌و شتانه‌ی به ئه‌وانه‌وه به‌نده پتر بۆنی ئێستاکێیان لێدێت و سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌لانه‌ن که دونیا له دوای مێژوویێکی وه‌ها به قه‌واره گه‌وره و زه‌مه‌نێکی وه‌ها به بڕشت و درێژ له گێڕانه‌وه هێشتا نه‌یتوانیوه زوڵمه‌ته‌کانی به یه‌کجاره‌کی بن بڕ بکات. نازانم ئێوه‌ش وه‌ک من له بیرتانه سه‌رده‌مانێک ناوی ژنێک به ناوی {ئه‌حلام سیامه‌نسوری} به‌سه‌ر زۆربه‌ی کاره هونه‌رییه‌کان دووباره ده‌بووه‌وه که له ته‌له‌فزیۆنی که‌رکوک نیشانی خه‌ڵک ده‌دران. ده‌ڵێیت ساتیاکه‌ی ئێوه‌ش هاتووه به شێوه‌یه‌کی دیکه به ناو و به‌رگ و ئابروو ڕژانی جۆره کچ و ژنانێکی دڵشکاو خه‌ریکه ببێته ده‌رهێنه‌ر و لاپه‌ڕه‌کانی مێژوو به جۆرێکی دیکه هه‌ڵبداته‌وه. بۆ نموونه‌وه پانۆرامانی رووخانی ماد، ئاین و پرسیاره قووڵه‌کانی به‌شه‌ر، سێبه‌ر و کاریگه‌ری و ته‌ڵخی زه‌مه‌نێک که پڕ بوو له زامی کوردان و که‌یف و سه‌فای سوڵتانان، زه‌مه‌نی به‌رده‌وامی بوونی ئه‌نفال، سه‌رده‌می پاش ڕاپه‌ڕین به سیاسه‌ت و خیانه‌ت و ده‌سه‌ڵات و بازرگانی کردن به هه‌موو شتێک، سێکس و ئاڵۆزییه‌کانی و ده‌یان شتی دیکه‌ی له‌و بابه‌تانه که له زاری ساتیاوه ده‌رده‌چن و بۆ خوێنه‌ر پرسیارێکی هه‌میشه‌یی دروست ده‌که‌ن.
ماجه‌راکان له سه‌ره‌تاوه تا کۆتایی بریتی یه له کارێکی لێزان له هه‌ڵگێرانه‌وه‌ی مێژوو به‌و پێیه‌ی که رامان و قووڵبوونه‌وه‌یه‌کی وه‌ها له زه‌ینی خوێنه‌ردا دروست ده‌کات که که‌م تا زۆر له زه‌قی و بێپه‌رده‌یی زمانه‌که چاوپۆشی بکات. که‌مبوونی رسته وه‌سفبازه‌کان وه‌ها ده‌که‌ن که خوێنه‌ر بچێت له پشته‌وه‌ی دایه‌ڵۆگه‌کانیدا بگه‌ڕێت و فه‌زایێکی به‌رفره له رووداو و به سه‌رهات بهێنێته پێش چاوی خۆی.
– هیچ شتێک به‌لای منه‌وه له‌وه‌ی "تاریق کوڕی زیاد" سه‌یر تر نیه، ئه‌و توانی سووتاندنی که‌شتییه‌کان بکاته سه‌ره‌تا!؟ ئه‌وه سه‌ره‌تای سه‌ره‌تا و کۆتایی کۆتاییه‌کانه که بیه‌وێت په‌یامی دروستی نۆڤیلێته‌که‌مان بداته ده‌ست. ئه‌وه ئه‌و زیندووبوونه‌وه‌یه که له سفره‌وه سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه و زه‌مه‌نێک به دوای خۆی دا ده‌هێنێت که بڕیاری داوه مێژووه کۆنه‌که‌ی خۆی به‌یه‌کجاری بسڕێته‌وه، رابردووییه‌ک به ئاگر بسووتێنێت که پێشتر سه‌رکه‌وتنێکی به‌و شێوه‌یه‌ی به خۆیه‌وه نه‌بینیووه.
به‌ڵام کاتێک له دایه‌لۆگێکی ماجه‌رای سه‌لمانی فارسی حه‌وته‌م دا ئه‌وه‌ی خواره‌وه ده‌خوێنینه‌وه که ده‌ڵێت { کورد ئه‌و قه‌ومه‌یه که توانیویه‌تی به درێژایی مێژوویه‌کی دوور و درێژ له ده‌ره‌وه‌ی بوونی راسته‌قینه‌ی خۆی بمێنێته‌وه و کارێک بکات خواش ئاگای لیێ نه‌مینێت، به خوڕا ساڵانێکی دوور و درێژ نه‌بۆته کۆچه‌ری و کوێستان و گه‌رمێنی نه‌کردووه، تا به‌رێکه‌وت تیره‌یه‌کی ئه‌و ره‌گه‌زه پێش چه‌ندین ساڵ له شاری یناملیس گیرساونه‌ته‌وه له‌و ده‌مه‌وه تیره و هۆزه‌کانی تریش به چاولێکه‌ری ئه‌م شار و ئه‌و شاریان بۆ خۆیان بنیات ناوه}.
ئه‌و فه‌زایه‌ی که نۆڤیلێتی ماجه‌راکان له سه‌ره‌تاوه خه‌ریک بووه بیهێنێته ئاراوه، لێره‌دا که‌مێک چۆته‌وه باریه‌ک و وایکردووه له ده‌رزێکدا زۆر له مانا شاراوه‌کان ئاشکراتر و زه‌قتر بکه‌ونه سه‌ر لاپه‌ڕه‌کانی 28،29. من له خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م دا سه‌رنج و ووربوونه‌وه‌ی زیاترم بۆ دروست بوون سه‌باره‌ت به رووداوه‌کانی ئه‌و کتێبه، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم که ماجه‌راکانت له‌و جۆره ده‌قانه‌یه که وا له خوێنه‌ر ده‌کات که هه‌رگیز دوو دڵ نه‌بێت له دووباره خوێندنه‌وه‌ی.
له په‌ژیوانیم ببوره که نه‌متوانی قسه‌ی زیاتر و نامه‌یه‌کی درێژتر بنوسم، به‌ڵام له دڵه‌وه ده‌ست خۆشیتان لێده‌که‌م.
دیدار مه‌سیفی
8-2-2009