سی ساڵ له‌مه‌وبه‌ر؛ رۆژانی راپه‌رین، ئه‌ورۆژه‌ی شاره‌بانی شاری سه‌قز گیرا
سی ساڵ له‌مه‌وبه‌ر؛ رۆژانی راپه‌رین، ئه‌ورۆژه‌ی شاره‌بانی شاری سه‌قز گیرا
یادی شه‌هید "حه‌مه‌حسین که‌ریمی" به‌رز و به‌رێز بێت!له‌سه‌روبه‌ندی راپه‌رینی جه‌ماوه‌ری له دژی رژیمی شادا، بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێک چبوومه تاران؛ رۆژی 12ی رێبه‌ندانی 1357 (1ی مانگی دووی 1979) که خۆمه‌ینی له پاریسه‌وه گه‌رایه‌وه بۆ تاران، منیش له‌مه‌یدانی ئه‌وکاتی "شه‌هیاد" و ئێستای "ئازادی" بووم. منیش وه‌کوو که‌سێک که له وڵاتێکی دیکه‌وه هاتبێت له‌و جه‌ماوه‌ره به‌رینه و له‌و ئاپۆره‌ی خه‌ڵکه به هه‌موو چین‌و توێژه‌کانه‌وه به‌راستی سه‌رم سووڕمابوو. . .
له زانکۆی تاران له چه‌ندین خۆپیشاندان و کۆڕوکۆبوونه‌وه‌دا به‌شداریمکرد؛ له‌بیرمه له‌و گهرماوگهرمهی راپه‌رینه‌دا که حیزبی تووده و ژماره‌یه‌کی دیکه له رووناکبیران، لایه‌نه‌سیاسییه‌کان و چالاکانی سیاسی پشتیوانی‌یان له "جمهوری اسلامی پیشنهادی آیتالله خمینی" ده‌کرد، له هه‌مان کاتیش‌دا چه‌ندین لایه‌ن هه‌بوون که ئه‌وه‌یان ره‌تده‌کرده‌وه و ده‌یانگوت ئه‌رته‌ش برای ئێمه نییه و حکوومه‌تی ئیسلامی ناتوانێت دیموکراتیک بێت و هی دیکه. رۆژی 19ی رێبه‌ندان به‌شداریم کرد له کۆبوونه‌وه‌ی چه‌ندهه‌زار که‌سی چریکهای فدایی خلق له دانشگای تاران و هه‌روه‌ها له کۆبوونه‌وه زۆر گه‌وره‌ی مجاهدین هه‌ر له‌وێ.
رۆژی 21ی رێبه‌ندان که دوایین رۆژی حکوومه‌تی پاشایه‌تی بوو له ئێران، له‌ناو جه‌نگه‌ی ته‌قه‌و ئاگرتێبه‌ردان و خۆپیشاندان و هه‌ستانی جه‌ماوه‌ری ملیونه‌ها که‌س له پایته‌ختی ئێران، ئێمه نزیکه‌ی 30 که‌سێک بووین که به ئوتوبۆسێک توانیمان لای ئێواره زۆر به زه‌حمه‌ت له‌ناوشار ده‌رچین به‌ره‌و شاری سه‌قز. پێش سه‌فه‌ره‌که‌م فریا که‌وتم که رۆژنامه‌کانی ئه‌و ئێواره‌یه‌ی تاران ده‌ستبخه‌م و له‌گه‌ڵ خۆم بیبه‌مه‌وه بو سه‌قز. سه‌رله‌به‌یانی رۆژی دواتر واته 22ی رێبه‌ندان رۆژی رووخانی رژیمی شا له مه‌یدانی هه‌ڵۆی سه‌قز که شوێنی کۆبوونه‌وه‌و دانانی بڵاوکراوه و به‌یاننامه بوو له‌سه‌ر دیواری مه‌یدانه‌که، رۆژنامه تازه‌کانم ههڵواسیو و خه‌ڵکێکی زۆری لێیکۆبووهوه و توانییان وێنه‌ی تازه‌ترین رووداوه‌کانی تاران و ده‌نگوباسه‌کان بخوێننه‌وه. شاری سه‌قزیش وه‌کوو هه‌موو شاره‌کانی کوردستان و ئێران له‌ناو ئاگری شۆڕشدا ده‌جۆشا و خۆشی و شادی رووخانی رژیمی شا هه‌موو وڵاتی داگرتبوو.
هه‌رئه‌و ئێواره‌یه بیستم که دۆستی ئازیز و له‌مێژینه‌م حه‌مه‌حسین که‌ریمی گه‌راوه‌ته‌وه بۆ سهقزو زۆر تامه‌زرۆی دیتنی بووم؛ حه‌مه‌حسین رۆژی 13ی رێبه‌ندان و بۆ به‌شداریکردن له ناشتنی ته‌رمی ره‌ئووفی برایدا هاتبووه‌وه. ره‌ئووفی گه‌نجی ته‌مه‌ن نزیکه‌ی 20 ساڵ به‌سه‌فه‌رێک چبووه تاران و له‌وێ له ناو ئه‌و جه‌ماوه‌ره راپهریووه ملیۆنییه‌دا شه‌هید ببوو. حه‌مه‌حسین هه‌م له سه‌رقه‌بران و هه‌م له کۆبوونه‌وه‌ی یادکردنه‌وه‌ی رهئووفدا قسه‌ی کردبوو بۆ خه‌ڵکی شار؛ من ئه‌و رۆژانه له چه‌ندین که‌سم بیست که قسه‌کانی حه‌مه‌حسین زۆر کاری کردبووهسهریان و باسی ئه‌وه‌یان ده‌کرد که زۆر وه‌کوو که‌سێکی لێزان و ژیر و له‌هه‌مانکاتدا شۆڕشگێر قسه‌یکردبوو.
حه‌مه‌حسین خوێندکارێکی زیره‌ک بوو؛ چ ئه‌وکات که پێکه‌وه له شاری سه‌قز ده‌مانخوێند وچه‌ندین ساڵ هاوکلاس بووین، چ ئه‌وساڵانه‌ی که له دانشکده‌ی کشاورزی شاری که‌ره‌ج خه‌ریکی خوێندنی موهه‌ندیسی کشتوکاڵ بوو، به‌رده‌وام که‌سێک بوو که به پله‌ی باش و به‌شێوه‌یه‌کی به‌رجه‌سته خوێندنی ته‌واو ده‌کرد. من له زانکۆی شیراز و ئه‌و له که‌ره‌ج به‌رده‌وام به نامه په‌یوه‌ندیمان هه‌بوو؛ چه‌ند جار له تاران و چه‌ند جارێکیش هاوینان له سه‌قز یه‌کترمان ده‌بینی. پاییزی ساڵی 1971 (1350ی ئێران) له‌سه‌قز هه‌ردووکمان بۆ ماوه‌ی مانگێک موعه‌لیمی خوێندنگای ناوه‌ندی بووین له‌به‌رئه‌وه‌ی خوێندنی زانکۆکانمان وه‌ستابوو. ژماره‌یه‌کی زۆر له خوێندکاره‌کانی سه‌قز که ئه‌وساڵه ئه‌ویان ناسی زۆر زوو که‌سایه‌تی تایبه‌تی حهمهحسینیان بۆ ده‌رکه‌وت و له‌گه‌ڵ موعه‌لیمێکی به‌توانا، دڵسۆز، زووئاشنا و دۆست به‌ره‌ورووبوون. زۆرێک له‌و کورو کچه گه‌نج و شۆرشگێرانه، دواتر له رێکخراوێکدا جێگای خۆیان دۆزییه‌وه که له‌رۆژی شه‌هیدبوونی حهمهحسیندا ناو و هه‌ڵسووڕانی خۆی ئاشکراکرد.
ئێواره‌ی رۆژی راپه‌رین و رووخانی رژیمی شای ئێران واته 22ی رێبه‌ندان، من و محمد ئامۆزام چووین بۆ ماڵیان بۆ سه‌ردان و سه‌ره‌خۆشی شه‌هیدبوونی ره‌ئووف و بۆ چاورۆشنیکردن له مامه‌ساڵه و دایه ره‌عنا که حه‌مه‌حسین گلێنه‌ی چاویان بوو. من زۆر له‌مێژبوو حهمهحسینم نه‌بینیبوو؛ ئه‌و به نهێنی ده‌ژیا و هه‌ڵبه‌ت نه‌مده‌زانی که له‌ریزی ئه‌و که‌سانه‌دایه که دواتر کۆمه‌ڵه‌یان دامه‌زراند. منیش تازه چه‌ند مانگێک بوو له سه‌فه‌ری فه‌رانسه گه‌رابوومه‌وه و ماوه‌یه‌کی زۆربوو په‌یوه‌ندییه‌کی راسته‌وخۆمان نه‌بوو. که گه‌یشتینه ماڵیان دایک‌و باوکی زۆر به‌گه‌رمی به‌خێریان هێناین و وتیان هه‌ر ئێستا پێش ئێوه ده‌رکه‌وت؛ پاش تاوێک ئێمه‌یش ده‌رکه‌وتین. دواتر له‌ناوشار هه‌واڵی ئه‌وه بڵاوبووه‌وه که شاره‌بانی (بنکه‌ی پۆلیس) هێشتا خۆی ته‌سلیم نه‌کردووه و بۆیه جه‌ماعه‌تێک به‌ره‌و ئه‌وێ رۆیشتوون و پاش ته‌قه‌کردنێکی کورت ئه‌وێیش گیراو که‌وته ده‌ست خه‌ڵک. . زۆری پێنه‌چوو ده‌رکه‌وت که یه‌ک برینداری سه‌خت هه‌یه ئه‌ویش حه‌مه‌حسین که‌ریمییه!
من دوای ئه‌و ماوه دوورودرێژه سه‌ره‌نجام حهمهحسینم له‌سه‌ر ته‌ختی بیمارستانی سه‌قز بینیه‌وه و ماچمکرد. نه پزشکه‌کان و نه کهسو کاری خۆی و نه ئێمه که‌س پیوانهبوو که برینه‌که‌ی زۆرقورسه؛ هه‌ڵبه‌ت له یه‌ک دوو لاوه باسکرا که به‌ره‌و تاران یان شوێنێکی دیکه بهرێیبکهین. به‌ڵام له‌و رۆژانه‌دا ته‌نانه‌ت ته‌قه له ئامبولانسیش ده‌کرا و وه‌زعه‌که ئه‌وه‌نده شپرزه‌و ئاڵۆزبوو که بریار هاته‌سه‌ر ئه‌وه هه‌ر له سه‌قز بمێنێته‌وه. به‌رده‌وام ژماره‌یه‌کی زۆر دۆست و هاورێ و که‌سوکار له‌لای ده‌بووین و پزشک و په‌رستاره‌کانیش زۆر دڵسوزانه ئاگایان لێ‌بوو؛
ئه‌و پۆلیسانه‌ش (پاسه‌بان) که ته‌قه‌که‌یان کردبوو، ئه‌وانیش پاش گرتنی شاره‌بانی که‌وتبوونه‌به‌ر لێدانی زۆر له‌کاتی دهستگیرکرتندا و بریندار ببوون و ئه‌وانیش هه‌ر له‌و بیمارستانه بوون وژوورهکهیان رێک له‌په‌نای ژووره‌که‌ی حهمهحسیندا بوو. چه‌ند که‌سێک له گه‌نجانی دڵسۆز و فیداکار به‌شه‌و و به‌رۆژ کێشکیان ئه‌دا هه‌م ئاگایان له حه‌مه‌حسین بوو هه‌م وریای ئه‌وه‌ش بوون که‌س هه‌ڵنه‌کوتێته سه‌ر ئه‌و پاسه‌بانانه چونکوو به‌رده‌وام گله‌یی و بۆڵه‌بۆڵ ده‌هات که بۆچی ئه‌و که‌سانه‌تان رێگا داوه‌ته ناو بیمارستان، ئه‌وانه دژبه شورشن و نابێت هیچ که‌س په‌رستارییان لێبکات! دیاره گوێمان به‌و قسانه نه‌ئه‌دا و هه‌موو لایه‌کمان ئومێده‌واربووین هه‌رچی زووتر حه‌مه‌حسین بکه‌وێته‌وه سه‌رپێی خۆی و بۆ ئه‌وانیش وه‌زعه‌که ئارام بێته‌وه.
له‌ولایشه‌وه سه‌رگه‌رمی کاروباری ناوشاری سه‌قز و به‌رێوه‌بردنی شاره‌که بووین. پاش تێکشکانی هه‌موو داموده‌زگاکانی حکوومه‌ت له شاردا، ده‌سه‌ڵاتی ره‌سمی رووخابوو، به‌ڵام هێشتا هیچ شتێک نه‌بوو که جێگایان بگرێته‌وه. ئێمه (واته نوێنه‌ری توێژه جۆراوجۆره‌کانی ناوشار) له‌لایه‌ک و ژماره‌یه‌کیش له‌و مه‌لایانه‌ی که له‌ژێره‌وه لایه‌نگری حکوومه‌تی ئیسلامی بوون و چه‌ند که‌سێکیش له ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی شار له‌لایه‌کی دیکه‌وه، کێشه‌مان بوو که چۆن شۆرایه‌ک بۆ شار هه‌ڵبژێرین که بتوانێت کاره‌کان راپه‌رێنێت.
رۆژی پێنجشه‌ممه 26ی رێبه‌ندانی 1357 واته 15ی مانگی دووی 1979 دوای خۆپیشاندانێکی گه‌وره، خه‌ڵکێکی زۆر له مزگه‌وتی جامێعای سه‌قز کۆبووینه‌وه و پاش قسه‌وباس و مشتومرێکی زۆر سه‌ره‌نجام هاتینه سه‌ر ئه‌وه‌ی که به شێوه‌ی ده‌نگدانی نهێنی شۆرای تازه‌ی شار هه‌ڵبژێرین؛ کاندیداکان دیاریکران و ناوه‌کانمان نووسی و وه‌ره‌قه‌ی ده‌نگدانمان بڵاو کرده‌وه و . . له‌گه‌رمه‌ی ئه‌م کارانه‌دا بووین که له‌پڕ که‌سێک به‌په‌له خۆی گه‌یانده لای ئێمه و وتی "کاکه حه‌مه‌حسین شه‌هید بوو!". . .
ئێمه له‌پێشدا باوه‌رمان نه‌ده‌کرد؛ ئاخه‌ر چه‌ند که‌سێکمان دووسێ سه‌عات پێشتر سه‌رمان لێدابوو و هیچ له‌وه نه‌ده‌چوو وه‌زعی خراپ بێت؛ به‌ڵام ئه‌و که‌سه‌ی که هه‌واڵه‌که‌ی هێنابوو جێگای متمانه بوو و زۆر به‌داخه‌وه زانیمان که راسته. لێره‌دا که‌وتینه سه‌ر دووڕێیانێک. چوارپێنج که‌س بووین؛ ئایا خێرا هه‌موو شتێک به‌جێبهێڵین و بچین بۆ سه‌ر ته‌رمه‌که‌ی حه‌مه‌حسین و خه‌می دڵی خۆمان ههڵبرێژین یان ئه‌وه‌ی که ئه‌م پرۆسه‌ی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنه که به زه‌حمه‌تێکی زۆر رێکمانخستووه به‌ره‌و کۆتایی ببه‌ین. کاتێکی سه‌یر بوو، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که به‌هه‌واڵه‌که نه‌زانن ده‌بوو به نهێنی بڕیاری خۆمان بده‌ین که هه‌ڵبه‌ت زۆر بۆمان سه‌خت بوو. سه‌ره‌نجام هاتینه سه‌ر ئه‌وه‌ی که ده‌نگدان با به‌رێوه‌بچێت و وه‌ره‌قه‌ی ده‌نگه‌کان کۆبکه‌ینه‌وه له‌ناو سندووقه‌کاندا، پلۆمبی بکه‌ین؛ بژاردن و خوێندنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان و راگه‌یاندنی شۆرا دابنێین بۆ دواتر چونکوو هه‌تا کات ده‌رۆیشت زیاتر بۆمان ده‌رده‌که‌وت که مانه‌وه‌مان زه‌حمه‌ته و خه‌م و په‌ژاره‌یه‌کی قووڵ هه‌موومانی داگرتبوو. . . ههروامانکردو پرۆسه‌ی ده‌نگدان ئه‌نجامدرا.
به‌په‌له و به پۆل خۆمان گه‌یانده بیمارستان؛ هه‌موومان به‌کوڵ ده‌گریاین. ده‌مه‌و ئێواره بوو، ئه‌و ساڵه سه‌قز وه‌کوو ساڵانی دیکه زۆر سارد نه‌بوو. له‌گه‌ڵ دیمه‌نێکی ئێجگارسهیربهرهوروو بووینه‌وه؛ خه‌ڵکێکی زۆر خۆیان گه‌یاندبووه حه‌وشی بیمارستان و هه‌موو که‌س ده‌گریا و نه‌مانده‌زانی چۆن له‌گه‌ڵ دایک و باوک و خوشک و براکانی حه‌مه‌حسین قسه‌بکه‌ین و چی بڵێین. ئاخه‌ر ئه‌وان تازه ته‌رمی رهئووفیان له‌تارانه‌وه بۆ هاتبووه‌وه . . هه‌رچۆنێک بوو ته‌رمی حه‌مه‌حسین خرایه ناو ئامبوولانسی بیمارستان و ئه‌و جه‌ماوه‌ره زۆره له‌و ئێواره تاریكولێڵهی شاری سه‌قزدا له‌ناو گریان و شیوه‌ن و به‌ده‌م سروودخوێندنهوه به‌ره‌وه مزگه‌وتی جامیعا وهرێکهت. زۆر له دۆستان و نزیکان و خزم‌و که‌س و هه‌روه‌ها خه‌ڵکی شار باوه‌ریان نه‌ده‌کرد به‌و ئاسانییه حه‌مه‌حسین ماڵئاوایی لێکردبێتن.
یه‌که‌م ده‌رکه‌وتنی حه‌مه‌حسین له راپه‌ریندا و له‌شاری سه‌قز ئه‌و رۆژه بوو که پاش ناشتنی ته‌رمی ره‌ئووف له کۆڕیکدا ماوه‌یه‌ک بۆ خه‌ڵک قسه‌یکردبوو؛ که‌سانێکی زۆر، به سه‌رسووڕمانه‌وه گوێیان گرتبووله قسه‌کانی ئه‌م پیاوه گه‌نجه ته‌مه‌ن 30 ساڵه‌یه که ماوه‌یه‌کی زۆر بوو خه‌ڵکی شار نه‌یاندیبوو به‌ڵام له‌پڕ و بۆماوه‌یه‌کی کورت له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تییه‌کی پرشنگدار، پیاوێکی تێگه‌یشتووی پێگه‌یشتووی قسه‌زان و به کاریسماوه به‌ره‌وروو ببوون. کێ ده‌یتوانی پێشبینی بکات که ئه‌وه دوایین چاوپێکه‌وتنی نێوان جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی شاری سه‌قز و ئه‌م خه‌باتکاره شۆرشگێر‌و خۆشه‌ویسته‌یه.
حه‌مه‌حسین ساڵی 1327 (1948) له سه‌قز له‌دایک بوو؛ خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له سه‌قز ته‌واوکرد و خوێندکارێکی زۆر زیره‌ک بوو. هاوینان و هه‌روه‌ها کاتێک که خه‌ریکی خوێندن نه‌بوو، یارمه‌تیده‌ری باوکی بوو له دووکانه پچووکهکهیدا. هاوینی ساڵی 1346 له زانکۆی که‌شاوه‌رزی شاری که‌ره‌ج وه‌رگیرا. هه‌رزوو تێکه‌ڵی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی ناو خوێندکارانی زانکۆ بوو و له‌گه‌ڵ کاک فوئاد و باقی ئه‌و هاورێیانه‌دا چالاک بوو که دواتر کۆمه‌ڵه‌یان راگه‌یاند. جارێکیان ساواک گرتی و پاش نزیکه‌ی مانگێک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچی نه‌درکاند و ئه‌وانیش نه‌یانتوانی هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک له‌دژی به‌کاربێنن، ئازادیانکرد. حه‌مه‌حسین پاش ته‌واوکردنی خوێندنی دانشگا و ماوه‌یه‌ک کار له ده‌وروبه‌ری مه‌هاباد، سه‌ره‌نجام وه‌کوو سه‌رۆکی ئیداره‌ی که‌شاوه‌رزی شاری سه‌قز ده‌ستیکرد به‌کار. نزیکه‌ی ساڵێک پێش شه‌هیدبوونی، به‌ته‌واوی ده‌ستی له سه‌رۆکایه‌تی ئیداره و کار و پۆست و ژیانی ناو بنه‌ماڵه‌که‌ی هه‌ڵگرت و بوو به کادرێکی سیاسی به‌ته‌واوی نهێنیکار. ماوه‌یه‌ک له خوزستان و دواتر وه‌کوو به‌ننا له میراوای سه‌رده‌شت خه‌ریکی کرێکاریبوو؛ هاوکات له‌گه‌ڵ هه‌ڵسووڕانی سیاسی، ژیانی خۆی تێکه‌ڵی ژیانی ره‌نجده‌ران و بێبه‌شانی کۆمه‌ڵگاکه کرد. وادیاره هاتنه‌وه‌ی بۆ سه‌قز هه‌ر بۆ به‌شداری له ناشتنی ته‌رمی رهئووفدا نه‌بوو، به‌ڵکوو بریارێکی رێكخراوه‌ییش بوو که سه‌قز و ناوچه‌کانی ده‌ورووبه‌ریان به حه‌مه حسین سپاردبوو. حه‌مه‌حسین و هاورێیانی کۆمه‌ڵه (دیاره له کۆنگره‌ی یه‌که‌مدا که پاییزی ئه‌وساڵه گیرابوو) پێشبینی ئاڵوگۆڕی سیاسی گه‌وه‌ره‌یان له ئاستی کوردستان و ئێران‌دا کردبوو.
دره‌نگانێکی ئێواره‌ی 26ی رێبه‌ندان ته‌رمی حه‌مه‌حسین گه‌یشته مزگه‌وتی جامێعای سه‌قز و ژماره‌یه‌کی زۆرمان ئه‌و شه‌وه هه‌ر له‌وێ ماینه‌وه. له‌بیرمه ئه‌و شه‌وه هه‌ر نووسراوه‌یه‌کی کورت له‌لایه‌ن دۆستانی نزیکی حه‌مه‌حسین خوێندرایه‌وه که تێیدا وێرای ده‌ربڕینی خه‌م و په‌ژاره‌ی زۆر بۆ له‌ده‌ستدانی حه‌مه‌حسین، ئاماژه به‌وه کرابوو که ئه‌م شه‌هیده‌مان که‌سایه‌تییه‌کی گرینگه و بێگومان له رۆژانی داهاتوودا ده‌رده‌که‌وێت که چ جێگا و پێگه‌یه‌کی له‌ناو شۆڕشدا هه‌بووه. . . رۆژی دواتر به به‌شداری چه‌ندین هه‌زار که‌س له شاری سه‌قز و له هاورێیان و دۆستانی له شاره‌کانی دیکه‌وه له مه‌راسمێکی شایسته‌دا، مالئاواییمان له حه‌مه‌حسین کرد و ته‌رمه‌که‌یمان ناشت.
زۆری پێنه‌چوو که به‌بۆنه‌ی شه‌هیدبوونی حه‌مه‌حسین کهریمییهوه، کۆمه‌ڵه‌ی شۆرشگێری زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران ناو و ههلسووڕانی خۆی ئاشکرا کرد و ده‌رکه‌وت که ئه‌و یه‌کێک له دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌م رێکخراوه بووه.
جێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه که ره‌سووڵ برای دیکه‌ی حه‌مه‌حسین (که له ره‌ئووف گه‌وره‌تربوو) زۆر به‌داخه‌وه له‌کاتی تۆپبارانی شار له‌لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه به‌هاری 1980 (1359) له پێش چاوی من و ژماره‌یه‌کی زۆر خه‌ڵکی سه‌قز – که له‌وکاته‌دا له‌و ده‌وروبه‌ره‌دا بووین – له‌گه‌ڵ چه‌ندین کوڕی گه‌نجی خوێنگه‌رمی تێکۆشه‌ری وه‌کوو خۆی له مه‌یدانی هه‌ڵۆی شاری سه‌قز شه‌هید بوون. به‌م چه‌شنه مامه‌ساڵه و دایه ره‌عنا له‌ماوه‌یه‌کی که‌مدا بوون به خاوه‌نی سێ رۆڵه‌ی شه‌هید.
ئێواره‌ی رۆژی 26ی رێبه‌ندان له کاتێکدا که ئێمه له بیمارستان سه‌رگه‌رمی شیوه‌ن و گریان و به‌رێکردنی ته‌رمی حه‌مه‌حسین بووین، له‌ولاوه چه‌ند گه‌نجێک شیشه‌ی په‌نجه‌ره‌ی ژووری پاسه‌بانه‌کانیان شکاندبوو، چبوونهسهریان و به‌شێوه‌یه‌کی ناشیرین کوشتبوونیان؛ به‌وه‌ش رازی نه‌ببوون، ته‌رمه‌کانیان هێنابووه سه‌ر خیابانی به‌رده‌م درگای بیمارستان و بێحورمهتییان پێده‌کردن. من و یه‌کدوو هاورێیه‌ک که به‌وه‌مان زانی ده‌ستبه‌جێ چووین و دوای تووڕه‌بوون له‌و که‌سانه، یارمه‌تیماندا که ته‌رمه‌کان بگوێزرێنه‌وه ساردخانه‌ی بیمارستان. ره‌نگه لێره‌دا پێویست بێت ئه‌وه وه‌بیربێنمه‌وه که ئه‌ورۆژانه سه‌رده‌می راپه‌رینێکی خوێناوی بوو که به‌رده‌وام دیمه‌نی کوشتن و لێدانی ئه‌وکه‌سانه‌ی که پارێزگاری‌یان له رژیمی پاشایه‌تی ده‌کرد، له‌سه‌ر لاپه‌ره‌ی رۆژنامه‌کان و هه‌روه‌ها له ته‌له‌ڤیزیۆندا بڵاو ده‌کرایه‌وه. . .
هه‌فته‌ی رابردوو له کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا له ستۆکهۆلم سه‌رۆکی حیزبی چه‌پی سوێد و هه‌یئه‌تێکی هاورێی که تازه له‌سه‌فه‌ری باشووری کوردستان گه‌راونه‌ته‌وه راپۆرتی سه‌فه‌ره‌که‌یان دا‌و باسی کۆمهڵهیشیان کرد؛ لاش ئۆلی سه‌رۆکی حیزبی چه‌پ وتی له‌م سه‌فه‌ره‌ماندا بۆ کوردستان " چووین بۆ سه‌ردانی 3 کۆمه‌ڵه، به‌داخه‌وه"!
ئه‌وا ئێستا کۆمه‌ڵه به‌داخه‌وه چه‌ند پارچه‌بووه؛ هه‌موو لایه‌نه‌کان وێنه‌ی حه‌مه‌حسین و کاک فوئاد و دوکتور جه‌عفه‌ر و کاک ێدیق که‌مانگه‌ر و باقی هاورێیانی شه‌هیدی کۆمه‌ڵه له‌سه‌ر سایت و له تهلهڤیزیۆنهکهیانهوه نیشان ئه‌ده‌ن. رێزگرتن له‌و ئازیزانه و سه‌دان و هه‌زارانی دیکه‌ش که هه‌رکامه‌یان شوێنی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه هه‌ڵبه‌ت زۆر پێویسته و ئه‌بێ بکرێت؛ نه‌ک ههریادکردنهوهیان به‌ڵکوو ئاوڕدانه‌وه له کهسو کار و خۆشه‌ویسته‌کانیشیان پێویستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره، هه‌رچه‌ند زۆر به‌داخه‌وه زۆر که‌م کراوه. کێشه‌که له‌وه‌دایه که هه‌ر لایه‌نه به نیشاندانی وێنه‌ی ئه‌م شه‌هیدانه ئه‌یه‌وێت ئه‌وه وه‌بیر بێنێته‌وه که "ئه‌مانه هی ئێمه‌ن و رێبازی ئێمه له‌راستیدا درێژه‌ی رێگای ئه‌وانه"! . . خۆ ئه‌گه‌ر سه‌رنجی هه‌ڵوێست و سیاسه‌ت و ئامانجه‌کانی ئێستایشیان بده‌ین – که هه‌موویان زۆر به‌لایانه‌وه گرینگه بیسه‌لمێنن "کۆمه‌ڵه‌ی راسته‌قینه" ئه‌وانن – بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که زۆر لێک جیاوازن. ئێستا ئه‌وانه‌ی که خۆیان به کۆمه‌ڵه‌و به میراتگری کاک فوئاد و حه‌مه‌حسین و ئه‌وانی دیکه ئه‌زانن، ته‌یفێک پێک دێنن که له‌مپه‌ڕه‌وه باوه‌ر به دۆستایه‌تی ئه‌مریکا و ئومێد به‌ئاڵوگۆڕ له‌سه‌ره‌وه و خۆلادان له بیری چه‌پ و سوسیالیسم و باسی خه‌ڵکی هه‌ژارو زه‌حمه‌تکێش ده‌بینرێت، لهوپهڕیشهوه نه‌دیتنی سته‌می میللی له کوردستان و دژایه‌تی کردنی هه‌رچی ره‌نگی کوردی و مێژووی کوردی پێوه دیاربێت.
جاری وابووه منیش وه‌کوو زۆر که‌سی دیکه ئه‌سپی خه‌یاڵ هه‌ڵیگرتووم و له خۆمم پرسیوه به‌راستی ئه‌گه‌ر حه‌مه‌حسین بمایه ئێستا له‌کام لا ده‌بوو؟ ئه‌ی کاک فوئادی ژیر‌و خاوه‌نی دووربینی و لێکدانه‌وه و دارشتنی پلان بۆ داهاتوو؟ ئه‌م پرسیاره نامومکین و نه‌گونجاوه، پێموایه وه‌ڵامی نییه و که‌س بۆی نییه خۆی بسپێرێت به گومان و هه‌ڵهێنان و بکه‌وێته هه‌ڵکۆڵینی بیروبۆچوونی رابردووی ئه‌م ئازیزانه بۆ ئه‌وه‌ی راست و ره‌وابوونی ریبازی سیاسی ئه‌مرۆی خۆی و حیزب و لایه‌نه‌که‌ی خۆی بسه‌لمێنێت.
سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش من به‌ش به‌حاڵی خۆم به‌و ناسینه‌ی له‌سه‌ر حه‌مه‌حسین بوومه ئه‌توانم به دڵنیاییه‌وه بڵیم که هه‌م ئه‌و، هه‌م کاک فوئاد و هه‌م دوکتۆر جه‌عفه‌ر و له‌وانه‌یه زۆری دیکه‌ش ئه‌گه‌ر زیندووبان و له‌ناو کۆمه‌ڵه‌که‌ی خۆیاندا ده‌ستیان برۆیشتایه، به‌شێوه‌یه‌کی ئینسانی هه‌ڵوێستیان ئه‌گرت؛ دڵنیام له‌وه‌ی که:
حورمه‌ت و که‌رامه‌تی هاورێیانی پێشووی خۆیان نه‌ده‌شکاند؛ ناوی هاوسه‌نگه‌رانی پێشووی خۆیان به‌خراپه نهدهزڕاند، رێزیان بۆ ئه‌وکه‌سانه داده‌نا که باشترین ساڵه‌کانی ژیان وگه‌نجی و ههستو نیستی خۆیان له کۆمه‌ڵه درێخ نه‌کرد. بۆچوونی جیاوازیشیان هه‌بووایه به بۆچوون و به ره‌خنه ململانێ‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کردن نه‌ک به گورزی ده‌سه‌ڵاتی رێکخراوه‌یی؛ با له‌گه‌ڵیشیان ناته‌با بوایه‌ن له ئوردووگا دهریاننهدهکردن و نهیاندهخستنه ناو هه‌لومه‌رجی نادیاری باروودۆخی ناله‌بار و ژیانی سهختو دژواری باشووری کوردستان؛
له‌گه‌ڵ که‌سانێک که ساڵه‌های ساڵ له‌و رێکخراوه‌دا خه‌باتیان کردووه وه‌کوو ئینسانی خاوه‌ن رابردوویه‌کی خه‌باتگێرانه ههڵسو که‌وتیان ده‌کرد و به‌زۆر داوای به‌ڵگه‌یان له‌که‌س نه‌ده‌کرد بۆ ئیسباتی شۆڕشگێڕبوون؛ ئه‌گه‌ر خۆیان له‌ریزی کۆمه‌ڵه‌دا مابانه‌وه له‌خۆبایی نه‌ده‌بوون و منه‌تیان نه‌ده‌کرد به‌سه‌ر که‌سانی دیکه‌دا که له‌به‌ر نه‌خۆشی، ماندوویی، تووڕه‌یی، بیری جیاواز، کێشه‌ی بنه‌ماڵه‌یی، خه‌مۆکی یان به‌هه‌ر هۆیه‌کی دیکه له کۆمه‌ڵه هاتبنهدهر، با چه‌ندین ساڵیش "کاریان هه‌ر نووستن بووبێت"؛ هێرشیان نه‌ده‌کرده سه‌ر که‌سایه‌تی ئه‌و جیابیرانه‌ی که بۆچوونی جیاوازیان هه‌بوو حه‌تتا ئه‌گه‌ر هه‌ر خه‌ریکی ژیانی تاکه‌که‌سی خۆیشیان بووبن! تاقه پێوه‌ری شۆرشگێربوون و مرۆڤ بوون لای ئه‌وان ئه‌وه‌نه‌بوو که له‌گه‌ڵ رێکخراوه‌که‌ی ئه‌واندابن یان ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌یان لێنه‌گرن!
ئه‌وه‌نده عاشق و ئه‌وینداری ده‌سه‌ڵات و پله‌وپایه نه‌ده‌بوون؛ شه‌فافییه‌ت و پێکه‌وه‌هه‌ڵکردنیان به‌دیده‌کرد و له‌گه‌ڵ هاورێیانی کۆمیته‌و ده‌سته‌و کۆڕه‌کاندا نهێنییه‌کانیان دابه‌شده‌کرد؛ هه‌وڵیان ئه‌دا که شه‌فافییه‌ت و هه‌ستی به‌رپرسیاره‌تی په‌یره‌وبکرێت و ده‌ربه‌ست نه‌بوون سه‌روه‌ت و سامان له ژێر ئیمزای کامه هاورێدایه؛ نه‌ده‌بوون به خوداوه‌ندو رێبه‌ری گه‌وره‌و تاکه‌که‌سێک که هیچکه‌س نه‌توانێت جێگایان بگرێته‌وه؛
وه‌کوو رێبه‌ری سیاسی له نێلسۆن ماندێللای ئازادیخواز و یه‌کسانیخواز و خۆنه‌ویسته‌وه زۆر نزیک ده‌بوون نه‌ک له‌و رێبه‌ره کۆنه شۆڕشگێڕانه‌ی که مه‌ستی ده‌سه‌ڵات ده‌بن و ئازادی و دیموکراسی پێشێلده‌که‌ن! ئه‌گه‌ر جیاوازی بیر‌و باوه‌ڕیان له‌گه‌ڵ هاورێیه‌کدا هه‌بووایه که‌سه‌که‌یان نه‌ده‌شکاند و تێکیان نهدهرووخاند به‌ڵکوو بۆچوونه‌کانیان ئه‌دایه به‌ر ره‌خنه‌و به‌ئاشکرا هێڵ و سنووره‌کانی لێکجیابوونه‌وه‌یان ده‌ستنیشانده‌کرد؛
که‌سانێکی زۆر له یاران و پێشمه‌رگه‌ی دێرین ئێستا زیندوون که ئه‌گه‌ر لهجهرگهی شه‌ڕو بزووتنه‌وه‌که‌دا گیانیان له‌ده‌ستبدایه، وێنه‌و پۆسته‌ری گه‌وره‌و فیلمیان لێ بڵاوده‌کرایه‌وه؛ ئه‌و مرۆڤانه ئه‌مرۆ و ئێستا که ماوون، به‌زیندوویی چاوه‌روانی سڵاوێکی گه‌رمی دڵی پڕهومێدن!
له‌وانه‌یه که‌سێک بڵێ جا ئه‌وه‌ش خه‌ونه! من ئه‌وه ره‌تناکه‌مه‌وه! خۆ مرۆڤ ده‌توانێ خه‌ونی ئاوات و ئاره‌زووه‌کانی خۆی بببینێت؛ خۆ لانیکه‌م نموونه‌ی نێلسۆن ماندێللا هه‌یه که خه‌ون نییه! ئه‌ی بۆ پێمانوانه‌بێت که کاک فوئاد و حه‌مه‌حسین ده‌یانتوانی به‌و رێگه‌یه‌دا برۆن؟ کێ پیوابوو که ماندێللا له لووتکه‌ی خۆشه‌ویستی و ده‌سه‌ڵاتدا و له‌ناو جه‌رگه‌ی باروودۆخێکی سیاسی زۆر دژوار و ئاڵۆزدا پاش ته‌واوبوونی ده‌وره‌ی سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی هه‌م له ئه‌ی.ئێن.سی و هه‌م له سه‌رۆککۆماری ئه‌فریقای باشوور ده‌ست هه‌ڵده‌گرێت؟
با له ساڵرۆژی شه‌هیدبوونی حه‌مه‌حسین و له‌یادی هه‌موو شههیدهخۆشهویستهکانی دیکه‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که سه‌ری رێز و ئیحترام بۆ خۆیان و بۆ بنه‌ماڵه‌یان داده‌نه‌وێنین، رێزله خه‌بات و خۆبه‌ختکردنو رهنجو ماندووبوونیان بگرین و به‌پێی بۆچوونی ئه‌مرۆمان ناسنامه‌یان بۆ دیارینهکهین. له‌هه‌مانکاتدا له‌بیرمان بێت که ژماره‌یه‌کی زۆر ئینسان هێشتا له‌ژیاندا ماوون که به‌زیندوویی شیاوی رێزلێنان و حورمه‌ت لێگرتنن. جه‌سته‌کان که ده‌بینین، با مرۆڤه‌کانیش ببینین!ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری
20ی رێبه‌ندانی 1387 (8/2/2009)