Skip to Content

Friday, June 21st, 2024
رۆشنبیر و دەسەڵاتی تاریكبیر…..سالار بابەشێخ

رۆشنبیر و دەسەڵاتی تاریكبیر…..سالار بابەشێخ

Closed
by February 21, 2009 گشتی

رۆشنبیر و دەسەڵاتی تاریكبیر
سالار بابەشێخ

كوردی بەشمەینەت و مافخوراو لە مێژساڵە لە بندەستی داگیركەرانی وڵاتەكەیدا رووبەڕووی رەشەكوژی و پاكتاوی رەگەزی و ماڵوێرانی و دەركردن و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی دەكرێ، رۆژانی بەرەنگاری و شۆڕش بەرخۆدان و كارەساتە تراژیدیییەكانی نەتەوەی كەونارای كورد، لای هەمووان ئاشكرایە و شتە وتراوەكان دووبارە ناكەمەوە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەندێك هەڵوێستی دڵخۆشكەر هەن، پێویستە لە مێژووی كورددا لاپەڕەیەكی زێڕینیان بۆ بكرێتەوە، چونكە لە وڵاتانی بەركەوتەی كورد و ئەو وڵاتانەی كوردیان بە زۆرەملێ پێوە لكێندراوە، زۆر رۆشنبیری خاوەن ویژدان هەن، كە دانیان بە ستەملێكراوی كوردداناوە و تیری رەخنەیان لە كەوانی ئەندیشەیەكی بێخەوشەوە ئاراستەی دڵی تاریك و دەسەڵاتی رەها و دیكتاتۆرییەتی وڵاتەكەیان كردووە، كەسانی وەك ئیسماعیل بێشكچی و فالح عەبدولجەبار و هادی عەلەوی كەم نین، عەلەوی لە هەڵوێستێكی مرۆڤانەدا لەسەر گڵكۆی قوربانییانی بومبارانی كیمیایی هەڵەبجەدا كارێكی وایكرد، هۆزانەوانی گەورەی كورد عەبدوڵڵا پەشێو كە ناسراوە بەوەی پشتی لە دەسەڵات و رووی لە خەڵك بێت، خامەی بیرمەندانەی ئەدەبی خۆی بۆ چركەساتێك بخاتە خزمەتی كاك هادی و پێی بڵێ "تۆ لەسەردەمی كورتەباڵایان باڵای بەرزی خۆت لە كوێ هێناوە؟".
لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 150 نووسەر و رۆشنبیر و ئەكادیمستی وڵاتی توركیا بە دروشمی "با بە دوای ئاشتی و ئایندەدا بگەڕێین"، بۆ بەشداری لە لە كۆنفرانسێكی دوورۆژەدا بوون بە میوانی هەولێری پایتەخت و رۆژی 16/2/2009 كۆتاییان بە دیالۆگەكانیان هێنا. هەموو ئامادەبووانی ئەو كۆنفرانسە بە كورد و تورك و عەرەبەوە سووربوون لەسەر گرنگیدان بە مافەكانی مرۆڤ و لە سەر چەسپاندنی دیموكراسی و متمانەی هاوبەش و پێكەوەژیان و ئاشتەوایی و برایەتی پێداگرییان كرد. پلاتفۆرمی كۆتایی كۆنفرانسەكەش پەردەی لەسەر ئەو واقعە هەڵماڵی كە بۆچوونی رۆشنبیرانی وڵاتانی بەركەوتەی كورد، زۆر جیاوازی هەیە لەگەڵ سیاسەتی (ژنەڕاڵ و تیمسار و لیوا) كانی(تورك و فارس و عەرەب).
 لە خاڵی دووەمی بەڵاغی كۆتاییدا هاتووە "مێژوو و جوگرافیا و كلتوور، كورد و توركیان كردۆتە برا، ئەركی سەر شانمانە رایەڵی ئەم برایەتییە بە هێزتر بكەین". رۆشنبیری تورك "هەموو سیاسەتێك لەسەر رای ئیتنۆناسیۆنالیزم دامەزرابێ"، رەتدەكەنەوە. داوای كردنەوەی قونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر و نووسینگەی حكومەتی هەرێم لە ئەنقەرە دەكەن، بەڵام دەسەڵاتی توركی هەتا ئێستا سەردانێكی هەرێمی كوردستانی نەكردووە و بە فەرمی دانی بە بوونی نەتەوەی كورددانەناوە، ئێرانیش وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام هاوكات رەهێڵەی تۆپ و كاتیوشا و گوللە هاوەنەكانیان گوندنشینەكانی سنورری هەرێمی كوردستانی ماڵوێران كردووە و بومبارانی تەیارەكانی توركیاش جارێكی دیكە هاووڵاتی كوردیان لە ژێر بنمیچی ماڵە كاگڵییەكانیان دەرپەڕاند و دەوارنشین و ئاوارەی كردنەوە، ئەمەش لە حاڵێكدایە كە سەرۆكی ژووری بازرگانی دیاربەكر ئاشكرای دەكات كە لە ئیدارەی هەرێمی كوردستاندا نزیكەی 1200 كۆمپانیای توركی و 50 هەزار كرێكار و كارمەندی خەڵكی توركیا كار دەكەن و ئێرانیش رۆژانە مەلایین دینار و تمەن و دۆلاری لە بازرگانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەست دەكەوێت!!
لە كۆتاییدا بە پێویستی دەزانم كورد پێگەی رۆشنبیرانی وڵاتانی بەركەوتەی كورد لە دەسەڵاتی تاریكبینی دژە كورد جیا بكاتەوە و ميواندارييان بكات و بە دیالۆگی فراوانتر ئەوان بە پرسی كورد ومافە رەواكانی ئاشنا بكات، ئەمەش رێگایەكە بۆ دروستكردنی فشار و گۆڕان لە زەینی كەڕووهێناوی كوردكوژاندا. چونكە هاوكێشە سیاسییەكان تەنها بە پشتبەستن بە زلهێزەكان ناگاتە ئەنجام.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.