Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
حزب و زانكۆ…. كرمانج عه‌لی

حزب و زانكۆ…. كرمانج عه‌لی

Closed
by February 21, 2009 گشتی

حزب و زانكۆ…. كرمانج عه‌لی

kirmanjali@yahoo.com

له‌ دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی ده‌ستتێوه‌ردانی حزب له‌ كاروباری زانكۆ یه‌كێك له‌ پرسه‌ هه‌ره‌ترسناكه‌كان بووه‌ كه‌ دووچاری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی بوه‌و دوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ هه‌وڵیانداوه‌ زانكۆ ته‌نها ناوه‌ندێكی حزبی بێت نه‌ك پێگه‌یه‌كی مه‌عریفی و زانستی سه‌رده‌م. ئه‌و تێڕوانینه‌ی حزبی ده‌سه‌ڵاتدار بۆ زانكۆ ئاكامه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی لێكه‌وتۆته‌وه‌كه‌ ده‌بینین به‌ داخه‌وه‌ زانكۆكانی كوردستان هه‌م له‌ رووی ئاستی زانستیه‌وه‌ كڵۆڵن و هه‌م له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ وابه‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتن. له‌ كاتێكدا ده‌كرا ئه‌مڕۆ زانكۆ ببێته‌ ناوه‌ندێكی باڵای زانستی كوردستان و پرۆژه‌ی گرنگی زانستی و سیاسی بۆ باشتركردنی ره‌وشی حكومه‌ت و حزب و سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگه‌ بهێنێته‌ دی.
له‌ ساڵانی رابردوودا زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌وانه‌ی بوون به‌ مامۆستای زانكۆ به‌ ته‌زكیه‌ی یه‌كێك له‌ حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان وه‌رگیران و  له‌ رێگه‌ی قبول خاسه‌وه‌ كورسییه‌كانی خوێندنی باڵا زۆر به‌خشندانه‌ پێشكێشی كادیره‌كانی حزبی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌كران. بۆیه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزانه‌ خۆیان به‌ قه‌رزباری حزبه‌كانیان ده‌زانن و به‌ حزبایه‌تیكردنێكی سه‌رسه‌ختانه‌ ده‌یانه‌وێ پاداشتی ئه‌و قه‌رزه‌ بده‌نه‌وه‌. به‌ هه‌مان شێوه‌ پۆسته‌ ئیدارییه‌كانی نێو زانكۆش به‌ پێوه‌ری ئینتمای حزبی به‌خشراونه‌ته‌ كه‌سانی حزبی ده‌سه‌ڵاتدار.
ئه‌مڕۆ لایه‌نه‌ دڵسۆزه‌كان و كه‌سانی خه‌مخۆری كوردستان ته‌نانه‌ت به‌ كادیره‌ وردبین و دووربینه‌كانی نێو پارتی و یه‌كێتیشه‌و گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ دۆخی هه‌رێمی كوردستان بریتییه‌ له‌ ئه‌زموونێكی سه‌رنه‌كه‌وتووی ئیداری و پڕه‌ له‌ كاری قێزه‌ونی گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی.
ره‌خنه‌ی دڵسۆزانه‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ئاراسته‌ی ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات له‌ كوردستان ده‌كرێت و سه‌رده‌می موجامه‌له‌ی سیاسی خۆشبه‌ختانه‌ خه‌ریكه‌ ته‌واو ده‌بێ.
وه‌رزی راپۆرت وپرۆژه‌كانی چاكسازی له‌ گه‌شه‌دایه‌و خه‌ڵكی كوردستان چاوه‌ڕێی به‌هاری به‌خۆداچوونه‌و ه‌و چاكسازی و گۆڕانن. به‌ له‌ به‌رچاوگرتنی گرنگیی  و زینده‌گی زانكۆ، له‌ زۆربه‌ی پرۆژه‌كاندا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ده‌بێ ئیدی زانكۆ دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بێت و چیدی ده‌سه‌ڵات وه‌ك كارگه‌یه‌كی به‌خشینی بروانامه‌ به‌ پیاوه‌كانی خۆی سه‌یری نه‌كات و چیدی وه‌ك باره‌گایه‌كی حزبی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌كرێ.
له‌ زانكۆدا خوێندكاران هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ن تارمایی حزبی ده‌سه‌ڵاتدار به‌دوایانه‌وه‌یه‌ هه‌ر له‌ هۆڵی موحازه‌ره‌وه‌ تاكو ژووری سه‌رۆك به‌ش و راگر و سه‌رۆكایه‌تی زانكۆكانه‌وه‌ ئه‌و تارماییه‌ بوونی هه‌یه‌. زانكۆ له‌ كوردستاندا دوو مامه‌ڵه‌ی جیاواز له‌ به‌رامبه‌ر خوێندكارانی خۆی ئه‌نجام ده‌دا. ئه‌و خوێندكارانه‌ی سه‌ر به‌حزبی ده‌سه‌ڵاتن ئه‌وا ده‌رگاكانی زانكۆ له‌ هه‌موو جومگه‌كانیه‌وه‌ بۆیان له‌سه‌رپشته‌و ئه‌وانی دی به‌و چاوه‌ سه‌یر ده‌كرێن كه‌ به‌ هۆی جیاوازبوونیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا ناتوانن به‌ شێوه‌یه‌كی پێویست ئیستحقاقاتی خۆیان وه‌ربگرن. دیاره‌ ئه‌م دووفاقی مامه‌ڵه‌كردنه‌ش له‌لایه‌ك متمانه‌ی دامه‌زراوه‌ی زانكۆیی له‌ ده‌ستده‌داو له‌ لایه‌كی دیكه‌دا ئینتمای خوێندكاران بۆ زانكۆكه‌یان ده‌كوژێ
رزگاركردنی زانكۆ له‌ ژێر هه‌ژموونی حزبی ده‌سه‌ڵاتدا كاریگه‌ری زۆر ئه‌رێیی ده‌بێ له‌ سه‌ر پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی شكۆی زانستی بۆ زانكۆ. بۆیه‌ پێویسته‌ خه‌مخۆر و دڵسۆزان و كه‌سه‌ ژیره‌كانی نێو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان هه‌نگاوی جدی بۆ ئه‌م مه‌به‌ سته‌ بنێنن و ئیراده‌یه‌كی زانستی و سیاسی له‌لایه‌ن خوێندكار و مامۆستاو حكومه‌ت و حزب له‌و پێناوه‌دا دروستبكرێ. به‌ بوونی ئه‌و ئیراده‌یه‌ش زانكۆكانی كوردستان رۆڵی زیاتر و باشتر ده‌بینن له‌ بواری چاككردنی كایه‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی.

Previous
Next