
دوو عه‌مودی خوار ….هێمن ڕه‌ئووف
دوو عه‌مودی خوار
هێمن ڕه‌ئووف
www.hemnrauf.kurdblogger.comوه‌ک هه‌موو ئێواره‌یه‌ک به بیجامهکانمانهوه لای عه‌موده خواره‌که کۆده‌بوینه‌وه. هه‌موومان پڕبووین له خۆزگه‌ی مردوو، له نوکته‌ی مردوو، له بۆجوونی مردوو، له ئایندهی مردوو، له خواست و حه‌زی مردوو. له که‌سایه‌تی مردوو، شاره‌که‌ش بۆ ئێمه گۆڕستانی زیندوان بوو . " ئه‌و" جارجاره له‌وده‌مانه‌دا ده‌رده‌که‌وت. پڕ له ئه‌لکهول پڕ له غیره‌ت پڕ له ئازایه‌تی پڕ له جنێو و داوێنپیسی پڕ له دزی وفزی پڕ له بێڕێزی و سوکایه‌تی به خه‌ڵکی. له ماشێنه‌که‌ی داده‌به‌زی و به خواروخێچی ده‌هات به‌ره‌و ڕوومان. ده‌می لێدهکردینهوه و هه‌موو جنێوێکی پێده‌داین، هه‌موو سوکایه‌تییه‌کی پێده‌کردین. له گه‌ڕه‌که‌کانی خواره‌وه ده‌هات، زۆر بێباکو شه‌لاتییانه خۆی ده‌نواند. سه‌یر ئه‌وه‌بوو ئه‌ویش هه‌ر مرۆڤ وه‌ک ئێمه، وه‌ک ئێمه گه‌نج ، وه‌ک ئێمه یه‌ک جه‌سته، به‌ڵام ئه‌و ئازا و ئێمه زۆر ترسنۆک و بێغیره‌ت. هه‌تا ده‌هات ئێمه له دهمهشڕ و ده‌سته پڕ چه‌قۆکه‌ی ده‌ترساین و هه‌ناومان به‌رده‌بۆوه، ئه‌ویش به ده‌سته نوقاو ده‌نگه زوڵاڵه‌که‌ی غیره‌تی له‌خۆیدا ههڵدهچنیو له ئێمه‌دا دهیڕوخاند. هێواش هێواش ده‌هاته پێشه‌وه، ئێمه‌ش وورده وورده به پاشدا بۆ دواوه هه‌نگاومان ده‌نا، تا نزیک ده‌بۆوه ئێمه خێراتر ده‌بووین. ئه‌و نزیکتر ده‌بێته‌وه ، ئێمه هه‌ریه‌که به لایه‌کا ڕاده‌که‌ین، چه‌قۆکه‌ی ده‌رهێنا، له سهرخۆشییدا ناتوانێ ڕابکات، که‌سی بۆ ناگیرێ. . ده‌یقیڕاند ، جنێوی ده‌دا ، چه‌قۆکه‌ی تێگرتین، به‌رکه‌س نه‌که‌وت، به زه‌ویه کۆنکرێته‌که‌ی کۆلاندا به خشکه‌یی بیست مه‌ترێ هاویشتی، پزیسکی ئاگری له ئه‌رزه‌که هه‌ستاند. به‌ته‌نیا مایه‌وه له ژێر عهمودهکهدا. خاڵی له هێز و پڕ له غیره‌ت، پڕ له ئه‌لکهول و خاڵی له ئاگا.
وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ( وه‌همی و سوره) دا پلانمان دانابوو ده‌ستمان دایه ئۆپه‌راسیۆنه‌که. من و وه‌همی له ده‌رگا بچوکه‌که‌وه چوینه ژوره‌وه شهرواڵهکانمان هه‌ڵکێشا، دهموچومان به‌ست، بۆریهکانمان هه‌ڵگرت، له ده‌رگا گه‌وره‌که‌ی ئه‌ودیوه‌وه چوینه ده‌ره‌وه، ئه‌و به‌رده‌رگایه زۆر تاریکبوو که‌س نه‌یده‌بینین، چووینه ناوه‌ڕاستی کۆڵانه‌که، به‌ره‌وڕووی ئه‌و قاره‌مانه‌ی ماوه‌یه‌که مۆته‌که‌ی شه‌وانی پش خهوتنمانبوو." وه‌همی" باڵای به‌رزتربوو له من، به‌ڵام هه‌ردووکمان یه‌ک په‌یمان و یه‌ک ڕێگا و یه‌ک مه‌به‌ست و یه‌ک ئایندهبووین، ئه‌و هه‌ڵکشاوتر و به‌هێزتربوو له‌من به‌ڵام هاوشانی یه‌ک هه‌نگاو ده‌نێین. نزیک ده‌بووینه‌وه لێی، چاوی کزکردبوو، سه‌یری ده‌کردین، ده‌ستی له‌که‌مه‌ری نابوو، له‌که‌مه‌ری به‌ره‌و ژور به لاره‌لار ده‌یجوڵاند، نزیکتر بووینه‌وه و گه‌شتینه به‌رده‌می. یه‌که‌م بۆریی له‌سه‌ری دا، دووه‌م بۆریم له ئه‌ژنۆی دا ، سێهه‌م بۆریی له که‌مه‌ری دا چواره‌م بۆریم له پشتی دا و که‌وت. هه‌ریه‌که‌مان به ژماره و پڕ به هێزی خۆمان بیستوپێنج بۆریمان لێدا چهقۆکهیم هه‌ڵگرتبۆوه، ده‌رمهێنا ده‌موچاویم هه‌موو کرد به خه‌تی جوان و خوێنی ئاڵ ده‌هاته ده‌ره‌وه، ههڵمگێڕایهوه ، دهرپێکهیم دڕاند له قونی دووخه‌تی لێکدراوی قوڵم کێشا ، من چاوم هیچی نه‌ده‌دی، "وه‌همی" قۆڵی گرتم‌و ڕایده‌کێشام، نه‌ده‌هاتم هه‌ر لێم ده‌دا، ئه‌و مردبوو، من هه‌ر ڕقم لێی بوو. ڕایکێشام بۆناو سه‌یاره‌که بۆ کۆڵانه تاریکه‌کان له‌وێوه به‌سه‌ر دیواره‌کاندا بۆ حه‌وشه‌ی ماڵه‌وه. سه‌یاره‌که هی" سوره" بوو. شهرواڵو جامانهکانمان دانا دهستودهموچاومان شۆرد، له درگا بچوکه‌که‌وه بۆ ده‌ره‌وه هاتین. پڕ له دڵه ڕاوکێ و ترس و بێئاگایی، من هیچ هۆشم لای خۆم نه‌بوو هه‌مووی هاته‌وه به‌رچاوم هێشتا لێیم ده‌دا، هێشتا بۆریم به‌رزده‌کرده‌وه .
کوڕانی گه‌ڕه‌ک به ترسه‌وه هه‌موو ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆسه‌ر مه‌یته‌که، هه‌موومان وه‌ک یه‌ک ڕه‌نگمان زه‌رد بووبوو، "من‌و وه‌همی" پهشۆکاوترو خراپتر نه‌بووین له‌وان. " سوره"یش هاته‌وه، ئه‌و زیاتر ده‌ترسا. خه‌ڵکانێکی زۆر ده‌هاتن، گه‌ڕه‌ک شڵه‌قا، سه‌ره‌تا ده‌نگ له‌که‌سه‌وه نه‌ده‌هات، دواتر وورته‌وورت دروسبوو، پاشان بوو به قڕه‌قڕ. پیاوان و ژنانی گه‌ره‌کیش که‌وتنه جوڵه، سه‌یاره‌ی ئاسایش گه‌یشته جێ، مناڵان به مۆبایل وێنه‌یان ده‌گرت. گه‌ڕه‌ک خوێناوی و کوڕه‌کانی ڕوخسار ترساوی و دڵشاد. ئێمه‌ی بکوژ و بۆری وه‌شێن که‌س پێی نهزانیبووین. دڵخۆش به‌م ده‌ربازبوون و به‌م سهروهریهگهورهی ئه‌نجاممان دا، بێزار له دهستپیسبوونمان! له خوێنڕێژیمان! ترس له فێربوونمان! له فه‌وتانی ناسکی هه‌سته‌کانمان! له ژاکانی خونچه‌ی خه‌یاڵه شیعرییه‌کانمان!
ده‌نگی ترۆمبێلی ئاگرکوژێنه‌وه و پۆلیس و ئهمبۆلانز، به‌یه‌که‌وه ده‌هات، من پێده‌که‌نیم به‌م هه‌موو خه‌یاڵه کشمیشییهی خۆم و سوره به نوکته‌کانی وه‌همی. له شه‌قامه گه‌وره‌که نزیک بووینه‌وه، قه‌ره‌باڵغیه‌که‌ی ناو خه‌یاڵه‌که‌ی خۆمم بینی!!! کوڕانی گه‌ڕه‌ک، پیاوان و ژنان، مناڵان به مۆبایله‌کانیانه‌وه له‌کاتی وێنه‌گرتندا. سه‌یاره‌که‌ی" ئه‌و" ده‌سوتا، تایه‌کانی به ئاسمانه‌وه و هێشتا یه‌کێکیان به هێواشی هه‌ر ده‌خولایه‌وه. ئه‌و به‌هه‌موو خێرایی خۆی، خۆی کێشابوو به عه‌مودێکی ڕاستدا و خواری کردبوو، له‌گه‌ڵ بچڕانی کابڵی کاره‌با، کابڵه ڕووته‌کان له سه‌یاره‌که‌ی ئه‌و ئاڵابوون، سه‌یاره سوتاو و ئه‌و سوتاو و مردوو. گه‌ڕه‌ک شڵه‌قاو به‌م خه‌به‌ره و کوڕه‌کانی شڵه‌ژاو و ترسا‌و له ڕوخساردا و ئاسوده له دڵدا. منیش پێده‌که‌نیم له دڵی خۆمدا. بهختیاربووم به‌وه‌ی، نه هه‌سته‌کانم زبر و ڕه‌ق ده‌بن و نه خونچهیهکیش له گوڵزاری خه‌یاڵی شیعر ده‌ژاکێ، ئه‌وه‌ی حه‌زم ده‌کرد رووبدات، ڕوویدا.
………………………….
کۆتایی ٢٠٠٨