بڵه‌ی ئاسمان له‌و دیو شوشه‌ی فرمێسکه‌وه له کاتی ده‌سپێکی ساڵی تازه چۆن ببیندرێ؟
بڵه‌ی ئاسمان له‌و دیو شوشه‌ی فرمێسکه‌وه له کاتی ده‌سپێکی ساڵی تازه چۆن ببیندرێ؟
"پێم دەلێن هەڵفره
هه‌میشه ده‌مگوت هەڵڵفرین ڕازاوەترین ووشەیە كە تەنها قەڵه‌مه‌کان دەوێرن بی نوسنەوە چۆن ئەمن دەتوانم هەڵبفرم له كاتێكدا كەتەواوی باڵندەكان باڵیان چندراوە،"
بەڵام ئێستا دەڵیم، هەموو كاتێك دەتوانین هەڵفڕین ، بەبێ باڵیش، بەباڵی ئەندیشە و باوەر دەتوانین ڕیگای لوتكە ببڕین، باڵ بکێشینه سەر ئاسوو، تیشك بخه‌ینه سه‌ر ڕۆباری ژیان، ئێستا ده‌ڵێم هه‌ڵفڕین ته‌نها ووشه نیه بنوسرێته‌وه، هه‌ڵفڕین په‌یامی دیاری کردنی چۆنیه‌تی وه‌رزه‌کانه، ده‌رفه‌ته بۆ نوسینی ووشه‌کانی به‌خته‌وه‌ری و ژیانه‌وه…. و چرۆ کردن…سەد و یه‌ک ساڵ به سه‌ر دیاری کردنی ڕۆژی هه‌شتی مارس به ناوی ڕۆژی جیهانی ژنان تێپەڕ بووە، سەد و یه‌ک ساڵی پڕلە بەرزی و نزمی، سەد و یه‌ک ساڵی پڕ لە داچڵەكان و سەر سوڕمان و پڕ لەدەسكەوت، دیارە کە بارودوخی ژنان لە گوشە و كه‌ناری دونیا یەکسان نیە و جیاوازیێكی ئێجگار زۆر لە مه‌ڕ مەسئهلەی ژن لە وڵاتە جیاجیاكانی دونیادا هەیە، ئەوشتەی كە ئێمەژنانی كورد ئێستا داوای دەكەین و بۆ وەدەست هێنانی لە گەڵ دواكەوتووترین بێڕو باوەڕەكانی سه‌رده‌مدا هاتوینەتە كێشە، واتە سەرەكیترین ماڤەكانی ئینسان بۆژیانیكی ئاسایی، لە وڵاتانی پێشكەوتووی دونیا و كۆمەڵكا مەدەنیە پێشكەوتوخوازەكان زۆر لە مێژە دەستەبەر بووە.
کێشەی ژنان و شێوازی هەڵس و كەوتی كومەڵگای كوردەواری لەگەڵ ئەم كێشەیە یەكێك لەو كێشە بنچینەییانە کە ڕاستەوخۆ پێوه‌ندی بە دروست بوونی هەوێنی وجوودی تاكەكانی ئەو كۆمەڵگایه هه‌یه و بۆ لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م میژووە دەستكردە دەبێ بگەڕیینەوە بۆ ئەو واقیعە مەزهەبی و سیاسی و ئابوورییانەی كەبەردەوام ڕۆڵی لەپەروەردەكردنی شتێك بەناوی پیاو بە مانای تاریف كراوی كۆمەڵگای ئێمە و ئه‌و دەسەڵاتەی كە داب و نەریتە سەرسەختەكانی ئەم كومەڵگاییە دەیداتێ و داب و نەریتێک کە لە پڕۆسەی میژویێكی دریژ خایەن بێ سەرنجدان بە گۆڕانكارییە ئابووری و كۆمەڵایه‌تی و سیاسیه‌کان ئاوەها سەخت نەقشیان بەستووە و ڕئگا بە هیج گوڕانگارییك نادەن، دەبێ پڕۆسه‌ی پێكهاتنی دەیان و سەدان قانونی نوسراو و نەنوسراو که تان و پۆی داكوتاوە و شتێكیشی لەناخی خۆێدا بە ناوی ژن بەم مانا تاریفکراوهی كۆمەڵگا په‌روه‌رده ده‌کات لێک بدرێته‌وه. ئەوەی كە باروودۆخی ژنی كورد زۆر خراپە و ئەوەی کە بزوتنەوەی ژنانی كوردیش پێ بە پیی گوشار و سەركوت كردنێك كە ده‌کرێت ڕوو لە زیادبوونە شتێکی به‌ر چاوو وحاشا هەڵنهگره.
جابۆ هەڵسەنگاندی ئەم بارودۆخە تابیەتی و ناسكە باش وایەچاوێك بە سەر ڕووداوەكانی ساڵی2007 و 2008 دا بخشێنین. جێژنی 8ی مارسی 2007 لەباشووری كوردستان زۆر بە ڕازاوەیی گیردرا بەشێكی زۆری ژنان و پیاوانی پارلمانتار پەیامی پیرۆزبایی زۆر سەنگین و ڕەنگینیان پیشکەش بە تەواوی ژنانی دونیا كرد. هەر لەو ڕۆژەدا دوو ژنی کورد خۆیان كوشت و سێ ژنیش ئاگریان بەردایە جەستەی خویان و به‌م شێوازه 8ی مارسیان له دونیا پێرۆزبایی كرد!
ڕۆژان كچێكی كوردی موسڵمان بوو ماوه‌یێک بەرلە دوعا بە هۆی ئەوەی كە پێوەندی خوشەویستی لە گەل کوڕییكی ئیزه‌دیه‌وه به‌ستبوو لە لایەن كەس و كارەكەی لەتوپهت كرا تەنانەت تەرمەكەشیان بۆ نەدۆزرایەوە. ساڵی 2007 ساڵێک بوو كە دۆعای تیدا بەردباران كرا، بە هۆی پێوەندی خۆشەویستی لە گەڵ کورێیكی موسوڵمان. ساڵێک كە هەر ڕووداوێیكی ئێمەی دادەچڵەكاند بەڵام ئەمەیان ئیتر جیگای باوه‌ڕ نەبوو ڕوخساره‌کانی واقیعی كۆمەلگاكەمان یەک لە دوای یەک دەردەكەوتن تەنانەت سنگی كچان و ئافرەتان بوو بە مەیدانی ڕمبازێن و شەری دین و ئاییینەكان لە گەل یه‌کتر، ئامینه‌ی دوانزه سالانە بەر لە کوژرانی بەدەست باوكی سێ جار که‌وته سەر دەست و پیی باوكی و قاچی باوكی ماچ كرد بۆئەوەی نەی كوژیت بەلام باوكی زۆر بە تێ ڕاشكاوی كوشتئ، ئه‌ویش لە بەردەمی وەرزارەتی مافی مروڤ!!!
تەرمی شەوبو لە رۆژی5.12.2007، 35 ڕۆژ دوای كارەساتەکەی دۆعا دۆزراییەوە ماوەییك دوای ئەو تەرمی بەنازیان لە ئینگلستان دۆزیەوە، دوای بەرد باران كردنی دۆعا لە ماوەیێكی كورتدا نزیك بە 80 تاوان بەرانبەر بە ژنان كرا بی ئەوەی هیچ که‌سێک سزا بدرێت. کوشتنه‌کان وەک نەخۆشین په‌ره‌ی سەند هەر لە و كاتانەدا لە بانە کچێکی 15 سالانە و ژنێكی 40 سالە بەدەست ئەندامانی بنەماڵەکانیان سەر بردران، لە سنە تەرمیكی بێ نیشانیان لە ناو ته‌لیسێک دۆزیەوە، له دێهاتێکی لای بوكان ژنێکی حاملە بە هۆی ئەوەی که نه‌یتوانیبوو ئیرس و میراتی زۆر وەر بگرێت بەدەست میردەکەی كوژرا، چەندین جەنازە لە سلیمانی و جەنازەییك لە سەر دەریاچەی دوكان دۆزرایه‌وه، زۆر سه‌یره دەڵیی لەم وڵاتە تەمگرتووه سەمفۆنیای كۆتایی پێهێنانی سه‌یرانه‌کانیان لەسەر تەرمێكی بێ گیان جیژن دەگرن، هەموو پێمان وابوو تراژیدیای کوشتنی دۆعا زیگناڵێکه بۆ باگا هێنانەوەی ویژدانە نوستووەكان، بەڵام بە پێچه‌وانه‌وه دەتكوت ڕودانی ئەو كارەساتە سامەکانی شكاندووە، كوشتنی ساكار كردووە و هەموو بە په‌له‌ن تا ئەم ئەزموونە تاقی وەكەن مخابن، داخ و ده‌رد له‌م كۆمەڵگا نەخۆشە!!!!
لە سالی 2007 بە گوێرەی ئاماری ڕەسمی 192 تاوان لە ناوچەی دەهوك و هەولیر تۆمار كراوە 129 خو سوتاندن و 35كەسیش بە گولە كوژراون لە دەهۆك 63 نمونەی خۆسوتاندن 28 نمونەی كوژران بە گوله تۆماركراوە لە سنووری گەرمیان و سلیمانی 407 تاوان به‌رانبه‌ر ژنان كراوە.
ڕێژه‌ی خۆسوتاندن و كوشتنەكان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش به‌رچاو زۆر بووه و ئیستفادە و كه‌ڵک وه‌ر گرتنی گشتی كۆمەڵگای كوردەواری لە ماده سڕکه‌ره‌کان كە بە ئانقەست و بەشێکی زۆر لە لایەن كوماری ئیسلامی ئێران بڵاو ده‌کرێته‌وه خەسارەت وزیانێكی ئێجگار زۆر و گەوەری بە دیاری هێناوه.
دیاره که کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ر له ده‌سپێکی به ده‌سته‌وه گرتنی ده‌سه‌ڵات سه‌رکوت کردنی ژنان و جیلی نوێ کرده یه‌کیک له ئامانجه سه‌ره‌کیه‌کانی و بۆ سه‌قامگیر کردنی خۆی هه‌ر چه‌شنه توند‌و تیژیکی گرته به‌ر. هیچ جێی گومان نیه گه کوماری ئیسلامی به به‌رنامه و پلانی تایبه‌ته‌وه له گه‌ڵ مه‌سئه‌له‌ی ژناندا ڕووبه‌ڕوو بووه‌وه و هه‌ر له به زور لچک به سه‌ر دا دانی ژنانه‌وه بیگره تا هه‌ڵاواردنی جنسی و به‌ردبارانکردن و کوشتن هه‌مووی بۆ ده‌سته‌مۆ کردنی ژنان بووه و بۆ گه‌شتن به‌م ئامانجه له هیچ چه‌شنه توند وتیژیک کۆتایی نه‌کردووه.
ئه‌وه‌ی که ڕوانگه‌ی ئایینی ئیسلام سه‌باره‌ت به‌ژنان به کویله‌کردنی ژنانی مه‌به‌سته و به پێی یاسا و ڕیسا جیهانی و زمینیهکان کۆیله حه‌قی یاخی بوون و ده‌نگ ههلبڕین و سنووربه‌زاندنی نیه، ئه‌گه‌ر ئێمه تێڕوانینێکی زانستیانه له چه‌مکی ژن له ناو ئایینی ئیسلام بکه‌ین و مه‌سئه‌له‌ی ژن له ئه‌م ئایینه هه‌ڵاوێرین دینی ئیسلام هیچی بۆ نامێنیته‌وه، جا بۆیه هاوکات له گه‌ڵ سه‌قامگیر بوونی ئه‌م ئائینه سه‌رکوت کردنی ژنان هه‌وڵین هه‌نگاوه‌کان بۆ پێ داگرتنه.
لە ساڵی 2007دا پێشنیاری یاسای دژی فرەژنی چووە پارلمانی كوردستان، بە ڵام بەداخەوە زۆرینه‌ی دەنگی نه‌هێنا كە دیارە دەبی بۆ ئەوەی کە بزانین بۆ ده‌نگی نەهێنا پێوسته ئاوڕێک بده‌ینه‌وه لەو میكانیزم و سیستەمەی کە چوارچێوەی كۆمەڵگای ئێمه‌ی داڕشتووه و بەچكولەترین گۆرانكاری بەرژەوەندییەکانی ئەم سیستەمە دەكەویتە مەترسیەوە و هه‌ر له‌و ساڵه‌دا بوو که پێشنیاری پرۆژەییك بە ناوی زەواجی مسیار برایه ناو پارلمانەوە کە بە بیر‌و بروای خۆیان دەیانههویست گرفتی شتێک بە ناوی ئافرەتی بەتەمەن و تەنیای پێ حەل بكەن كە دەتوانین بڵه‌ین كە ئەم پرۆژەیه نه ته‌نها شتێکی دژی ئینسانیە بە ڵكو بی حورمەتیێكێ زۆر گەورە بە شەرافەتی ئینسانی ئینسانەكانە. جا هه‌ر لەم گوشە نیگایەی نیزامی حاكم بە سەر كۆمەڵگای كوردەواری دەتوانین ڕەقەم بدەین لە چارەنووسی ژنانی ناو كۆمەڵگا کە خەریكن بەرەو كوێیان ده‌به‌ن. لە سالی 2007دا بوو که خاتوو خەندان حەمە جزا كتێبێكی بە ناوی ئوقیانوسیك لە تاوان نووسی کە زۆر بە جوانی و سیستماتیك كاركردن و دەوری كومەڵگا لە سەر چۆنیه‌تی دروست بوونی دیارده‌یێک بە ناوی لەشفرۆشی لەناو كۆمەڵگای ئیمەدا باس ده‌کات و بە داخەوە ئەمجارە شیان ڕوخسارییكیتری نەناسراوی كۆمەڵگاكەمان بۆ ده‌ر ده‌که‌وێت. لەم كتێبەدا تەنیا بەباس كردنی چارەنووسی چه‌ند ژن كە چلۆن پاڵیان پێوه نراوه که بکه‌ونه ئه‌و بارۆدۆخه ئێمه‌ی لە گەل سیما و ڕواڵهتێكیتری كومەڵگای رەسەنی كوردی ڕووبەڕوو كردەوە.
چارەنووسی كەسانیك كە زۆر ساكار و سادە دەوری گۆمەڵگا لە دروست و پەروەرودە کردنی شتێک بە ناوی لەشفرۆشی و دەورو میكانیزەی ئەوشتەی كە ناوی داب و نەریتە لە سەر ئەم دیاردەیە باس دەكات ، باس دەكات كە کێ تاوان دەكات بەلام لە ئە نجامدا كێ بە تاوانبار دەناسریت!
له هه‌شتی مارسی 2008دا جیژنمان گرت و هه‌وڵمان دا که له گه‌ڵ ڕوداوه‌کانی ساڵی 2007 ماڵئاوایی بکه‌ین، به‌ڵام بۆ دروست کردنی بناخه‌یێ که بیروبڕوا ژه‌نگاویه‌کان له بێخه‌وه بسڕێته‌وه پێوستیمان به شتێکی زۆرتر له جیژن گرتنه و سالی 2008یش هه‌ر وه‌ک سالی پێشتر پر له ڕووداو و کاره‌سات بۆۆ .
له‌م ساڵه‌دا هه‌ر وه‌ک ساڵی 2007 بزوتنەوەی ژنانی ڕۆژهه‌ڵات له لایەن حکومەت و سوننەت و داب و نەریتی زاڵ به سه‌ر كۆمەڵگا بە توندترین شیوە سه‌رکوت و به‌ربه‌ره‌کانی لەگەل كردرا و زۆر ژن بەهۆی نوسین و چالاکی کهوتنەبەر تەوژم و له به‌ندیخانه‌کانی كوماری ئیسلامی سەریان دەرهینا.
دیاردەی لەش فرۆشی بە هۆی فەقیری و تێوه‌گلانی زۆربەی لاوان و كیژانی جەهیلی كومەڵگا بەهۆی ئیستفادە لە مادە سڕکه‌ره‌کان زۆر زیاتر بوو و کۆمه‌ڵگا خۆی دایه دههست شه‌پۆلێک که ده‌چوو تا ناو ناخی دهردهکانهوه.
له ساڵی 2008دا پارڵمانی کوردستان، ئه‌مجار ئیتر به ئیجگاری یاسای فره‌ژنی په‌سه‌ند کرد ،ئه‌گه‌ر تا دوێنی بیرۆکهییک بوو که ده‌کرێ گۆڕانکارییک ڕوو بدات، ئه‌مساڵ ئیتر به دڵنیایه‌وه ڕیگه له چرۆ کردنی هه‌ر بیر و بۆ چوونێکی نوێ به‌سترا. یه‌کێک له‌و مه‌رجه سه‌ره‌کیانه‌ی که کۆمه‌ڵگایێکی مه‌ده‌نی و دومکڕاتی پێ هه‌ڵده‌سه‌نگیندرێ بارودۆخی ژنانی ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگاییه،ناکرێت له لایێکه‌وه هه‌وڵ بدرێت که ئه‌و کۆمه‌ڵگایه پێشکه‌وتوو و مدڕن نیشان بدرێت و بۆ نیشاندانی ئه‌و ڕووکاره پێشکهوتهخوازیه شانۆی خه‌ڵاتی "ژن پارێزی"ساز بکرێت و له لایێکی دیکه‌وه سه‌ره‌کیترین مه‌رجه‌کانی ئه‌و پێشکه‌وتوویه پێشێل بکرێت. له ساڵی 2008 تیشدا هه‌ر وه‌ک ساڵی پێشتر ڕۆژ نهبۆۆ که بیستنی ڕووداوه دڵته‌زینه‌کان سه‌باره‌ت به کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان و کچان دامان نهچڵهکێنێ و ئه‌م هه‌واڵانه هاوری چرکه به چرکهییمان نه‌بێت. له‌م ساڵه‌دا به گوێره‌ی ئاماری ڕه‌سمی ڕاگهییندرا که 60 له سه‌دی کچان و ژنانی کورد له باری جنسیه‌وه که‌م ئه‌ندام کراون و ته‌وای ئه‌م کرده‌وانه، ئه‌م کاره‌ساتانه هه‌مووی ده‌چێته بازنه‌ی ئه‌و توندوتێژیانهی که ژن ده‌کا به ئامرازییک که نیزامی حاکم بتوانێ له هه‌موو لایێکه‌وه کونترۆڵی بکات و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی به‌کاری بهێنێ و ئه‌مه هێمای سیمای ڕازاوه‌ی کۆمه‌ڵگای پیاوسالاریمان پێ نیشان ده‌دات که بۆ مانه‌وه‌ی له هیچ هه‌وڵ و تێکۆشانێک کۆتایی ناکات و به‌هه‌ر نرخێک بێت ده‌یهه‌وێ ئه‌و سوڵته بێسنووره‌ی که هه‌یه‌تی ڕای بگرێت.
ڕۆژی هه‌ینی ڕێکه‌وتی 15/08/2008 فریشته‌ی نه‌جاتی و ڕۆژێ دوای ئه‌و ڕێکه‌وتی 16/08/2008 به‌هاره‌ی حوسه‌ینی له ماوه‌ی بیستوچوار ساعه‌تدا له مه‌ریوان یه‌کیان به ده‌ستی باوکی دڕندانه سه‌ر بڕدڕا و یه‌کیشیان به ده‌ست مێرده‌که‌ی بێڕوحمانه کوژرا. له کۆتایی ساڵی 2008 واته له گه‌ڵ ده‌سپێکی ساڵی 2009دا له‌و کاته‌دا که دونیا چراخانی بوو و ئاسمان و زه‌وی و مرۆڤ به شادی و ئاواتی به‌خته‌وه‌ری به پێشوازی ساڵی تازه‌وه ده‌چوو و داوێنی به‌رینی ئاسمان ببووه کانگای ئاوازی ژیان و باوه‌شی گرتبوه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ساڵێکی تازه له ئامێز بگرێت یه‌کێک به په‌له "مزگێنی" کوژرانی مزگێنی هه‌ژده ساڵه، کچه کوردیکی تورکیه به ده‌ست مێرده‌که‌ی بۆ ماڵی باوکی ده‌بات و له‌و شه‌ودا دایکی مزگێن له‌و دیو شوشه‌ی فرمێسکه‌وه نیگای له باوه‌شی دڵسهغی ئاسمان بڕیبوو، مێرده‌که‌ی مزگێن هه‌وه‌ڵ مزگێنی به چه‌قوو بریندار کردبوو و دوایش بردبویه سه‌ر شه‌قام و دوو جار به ماشین به سه‌ریدا ڕویشتبوو، له 06/02/2009 مانگێک له‌مه‌وبه‌ر ژنێکی کورد به ده‌ست مێرده‌که‌ی له مونشنگلادباخ به 39 زه‌ربی چه‌قوو کوژرا…..دیارە کوشتنەكان، خۆ كوشتنەكان ئەوەندە زۆرن كە لە باس كردن نایەن و لەتوانای ئەم نوسراوه به ده‌ره تەنیا دەتوانم بڵێم سەری ڕێز و حورمەت بۆ تەواوی ئەوانەی كە ئاوه‌ها دڕندانه مافی ژیان كردنیان لێ سەندراییەوە داده‌نه‌وێنین و داوای لێبوردن لە گیانی پاكی تەواوی ئەوانەی دەكەین كە هیچ ناویكیان لێ نابردرێت چون بێ ناسنامە ڵە داییك بوون و بێ ناسنامەش لە ناو بردراون تەنانەت لە داییك بوونەکەشیان لە هیچ جێگایێک تۆمار نەکراوە چ بگات بە کوشتنەکەیان.
بۆ لێك دانەوە کێشه‌ی ژنی کورد ده‌بێ لە پاڵ زۆر هۆکاریتڕ هەموو كاتیك ئەوەش ڕەچاو بگیردریت كەكێشەی ژنانی كورد تەنانەت لە لایان خودی ژنی كوردیش لە پەراویز خراوە وهەمیشە گری دراوە بە وەدەست هینانی رزگاری نەتەوەیی و بە شێوه‌ی پیوست ژنی كورد لەم بوارەدا ڕۆڵی نەدیتووه.
ژنان پایەی ئەساسی کۆمه‌ڵگان چۆن دەتواندریت چاوەڕوانی ئه‌وه بکرێت کە لە ناو كومەڵگاییك كە ژنان بندەستەن و تەنانت مافەسەرەكیەكانی ژیان کردنیان ڵی سەندراوەتەوە مندالانی ژیر و وریا په‌روه‌رده بکه‌ن و ڕۆلی پێوست لە سیستەمی په‌روه‌رده‌ییدا ببینن، چۆن دەتواندری ڕزگاری نەتەوەیی دەستەبهر بێت لە کاتێکدا ئەم نەتەوەیە لە ناخی خۆیدا بندەستە بوون پەروەردە دەكات و لە سەر ئەم چوارچێوەیە سیما‌و پەیكەرەی دارژراوە.
ئێمه ئەگەر ئاوڕێک لە پیشکهوتنهکان لە تەواوی دونیادا بده‌ینه‌وه ئەم پێشكەوتنانە تەنها بە یه‌ک ڕه‌گه‌ز ده‌سته‌به‌ر نەبووە، بەرژەوەندیەكانی ناو کۆمه‌ڵگا گرێ دراوه به تەواوی ئەندامانی کۆمه‌ڵگا ،جالیرە پێوستیه‌کانی ڕووبەڕو بوونەوە لە گەل ئەم بارودۆخه نالەبارەی کۆمه‌ڵگای ئێمه تیشك ده‌خاته سەر گرینگی ڕۆلی ژنان و پیاوانی ڕۆشنبیر بۆ پێکهێنانی که‌ره‌سه‌ی پێوست بۆ گوڕانكاری بناخەیی بۆ دۆزینەوەی سیسته‌مێکی نوی كەماناییكی نۆی بدات بە پێوه‌ندیه‌کانی بنەمالەو سەڕ لە نۆی پێوەندییەكان مانا بكاتەوە، دایكیكی ڕوخاو و سەرگەردان کە داوینی نیشتمانەكەێ بۆی بۆتە مەترسی گۆڕستانێک هیچ کاتێک ناتوانی بناخەی كەسایەتیكی سەربە خۆ‌و به توانا بۆ منداڵه‌کانی دابڕێژیت.
ریگاییكی دوو و دریژمان لەبەرە، ریگاییك كە دەبی ئەوڕۆکە ئێمە بی برین، لە بەر خومان، لەبەر داهاتووی مناڵەكانمان، لەبەر نیشتمانمان، ده‌بێ ئه‌مڕۆکه ئاسۆکانمان دیاری بکه‌ین و تۆیی پشكوتنی ئاواتەكانی بەیانی بچێینن!08/03/2009
سه‌نته‌ری ژنانی کورد له کۆڵن
centerijnan@ymail.com