ئازادیی له‌فه‌زای جیهانگیریدا
ئازادیی له‌فه‌زای جیهانگیریدا
محمد چیــا
شوێن و كات وه‌ك چوارچێوه‌یه‌ك بۆ ئازادی
ئازادی، ده‌چێته ریزی هه‌موو ئه‌و چه‌مكانی دیكه‌وه، كه‌هه‌رگیز پێناسه‌یه‌كیان نیه كه‌وا كۆده‌نگیی له‌سه‌ریان هه‌بێت، به‌ڵكو هه‌ركه‌سێك به‌جۆرێك له‌باره‌یه‌وه ده‌دوێت. به‌ڕای من ئازادی پرۆسه‌یه‌كه، زیاتر له‌وه‌ی ئامانج بێت، وه ئه‌گه‌ر وه‌ك ئامانجیش سه‌یرمان كرد ئه‌وا مه‌حاڵیه‌تی ئه‌م چه‌مكه ده‌سه‌لمێنین، وه ته‌نهاش كاتێك ده‌توانین باس له‌بوونی بكه‌ین، ئه‌گه‌ر وه‌ك ئامانجێك سه‌یرمان نه‌كرد، هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ده‌توانین بڵێین ئازادی پرۆسه‌ی به‌رده‌وام ڕه‌تكردنه‌وه‌ی چوارچێوه‌كان و سه‌رله‌نوێ خولقاندنه‌وه‌ی چوارچێوه‌كانه، هه‌ڵبه‌ته چوارچێوه شوێنكاتیه‌كان (الاطر الزمكانية)، ئه‌م چوارچێوانه‌ش سه‌پێنراونین، وه‌ك ئه‌وه‌ی زۆركه‌س وای لێكده‌ده‌نه‌وه كه هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئازادییه‌كان له‌چوارچێوه ده‌گرن، ئیراده‌یه‌كی سه‌پێنه‌رانه‌و زاڵمانه‌ن، لێره‌وه به‌دیدێكی ئایدۆلۆژیستانه‌وه ڕه‌وشه‌كه هه‌ڵده‌سه‌نگێنین، بگره زۆر كه‌سیش ئه‌مه ده‌قۆزنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پراگمایانه ئه‌مه له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كاربهێنن.
هیچ ووشه‌یه‌ك نیه هێنده‌ی ئازادیی به‌ئاسانی قۆرخ كرابێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌رداخی ئه‌و ئایدۆلۆژیایانه‌ی پێ بدرێت كه خۆیان له‌دواجاردا بونه‌ته‌وه به چوارچێوه‌ی دیكه بۆ ئازادییه‌كان، وه بگره چوارچێوه‌یه‌كی ته‌نگ و خنكێنه‌رانه‌یش.
به‌دیوێكی دیكه‌دا ئه‌وانه‌ی پێیان وایه ئازادیی ده‌توانێت چوارچێوه‌كان لابه‌رێت و نه‌یانهێڵێت، ئه‌وانیش به‌هه‌ڵه‌دا چوون، چونكه مه‌سه‌له‌ی سه‌پاندنی چوارچێوه‌كان، په‌یوه‌ست نیه به‌بوون یان نه‌بوونی ئازادییه‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی چوارچێوه‌كان ده‌خولقێنێت بریتیه له شوێن و كات، چونكه هه‌موو روداوێك كه‌ڕوو ده‌دات، شوێنكاتێك ده‌یخولقێنێت و شوێنكاتێكیش ده‌بێته‌وه به‌چوارچێوه بۆی، واته هه‌ر روداوێك كه‌ڕوو ده‌دات یان به‌سه‌ر مرۆڤدا دێت هیچ نیه جگه له‌گوێزانه‌وه‌یه‌ك له‌شوێنكاتێكه‌وه بۆ شوێنكاتێكی دیكه، یان له‌چوارچێوه‌یه‌كه‌وه بۆ چوارچێوه‌یه‌كی دیكه، هه‌ر بۆیه شتێك نیه كه بوونی هه‌بێت له‌ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه شوێنكاتیه‌كانه‌وه، ئه‌وه‌ش كه‌بانگه‌شه‌ی شتێك ده‌كات له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و چوارچێوانه‌وه، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه‌له‌ڕاستیدا بوونی نیه، هه‌ر ئه‌مه‌شه زۆرجار وامان لێده‌كات كه‌بڵێین ئازادیی ره‌ها هه‌ر بوونی نیه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌وه‌یه كه هه‌ندێك به‌چوارچێوه‌یه‌ك ڕازین و، ئازادیی خۆیانی تێدا ده‌بیننه‌وه، هه‌ندێكیش پێی ڕازی نین و، ئازادی خۆیانی تێدا نابیننه‌وه.
ئه‌ی كه‌واته ئازادی چیه كه هه‌میشه له‌سه‌رزارمانه‌و به‌رگریی لێده‌كه‌ین؟ ئازادیی له‌م فۆرمه‌دا پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه بۆ تێكشكاندنی چوارچێوه‌یه‌ك، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین خۆمان له‌چوارچێوه‌یه‌كی دیكه‌دا، یان گه‌وره‌تردا ببینینه‌وه، ئازادی: پیشه‌سازی به‌رده‌وام خولقاندنی چوارچێوه جیاوازه‌كانه.
هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌مه زیاتر ڕون بكه‌مه‌وه: مرۆڤ كاتێك له‌باره‌ی ئازادییه‌وه ده‌دوێت، له شوێن كاتێك ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی تێیدا به‌شێوازێكی دیكه گوزارشت له‌خۆی بكات، واته موماره‌سه‌كردنی ئازادییه‌كان هه‌وڵێكن بۆ گوزارشت كردن له‌خود له‌فه‌زایه‌كی دیكه، له‌شوێنكاتێكی دیكه‌دا، كه‌به‌بێ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش مرۆڤ ناتوانێت گوزارشت له‌بوونی خۆی بكات، یان هیچ نه‌بێت گوزارشت له‌بونێكی جیاوازی خۆی بكات، با لێره‌دا به‌نمونه‌یه‌ك ئه‌مه ڕون بكه‌ینه‌وه: گریمان ئێمه له‌نێو ستۆدیۆی ڕادیۆیه‌كداین، ده‌مانه‌وێت درامایه‌كی رادیۆیی پێشكه‌ش بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ش بتوانین ئه‌و درامایه به‌رجه‌سته بكه‌ین له‌هزری بیسه‌ردا، په‌نا ده‌به‌ینه به‌ر هه‌ندێك كارتێكه‌ری ده‌نگیی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له‌ڕێگه‌ی ئه‌و كارتێكه‌رانه‌وه فه‌زایه‌ك له‌شوێن و كات له‌هزری ئه‌ودا دروست بكه‌ین، به‌بێ ئه‌م خولقاندنه‌ش ناتوانین گوزارشت بكه‌ین له‌دراماكه‌مان.
ئه‌مه ئه‌و ڕێڕه‌وه‌یه مرۆڤ له‌سه‌ری ده‌ڕوات كه به‌رده‌وام له‌پرۆسه‌یه‌كی ئازادیانه‌دایه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌و له‌فۆرمێكی دیكه‌دا، له‌رێگه به‌رجه‌سته‌كردنێكی جیاوازه‌وه، هێنانه كایه‌وه‌ی شوێن كاتێكی دیكه‌وه، گوزارشت له‌خۆی بكاته‌وه، یان جه‌خت له‌سه‌ر بوونی خۆی بكاته‌وه.
پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ش ڕاست ده‌رده‌چێت، كه شوێن و كات وه‌ك دوو ڕه‌گه‌ز نهێنی به‌ده‌ركه‌وتن و په‌یدابوونی مرۆڤن، وه له‌ده‌ره‌وه‌ی شوێن و كاته‌وه نه‌ك ته‌نها مرۆڤ به‌ڵكو هیچ شتێك بوونی نیه.پرۆژه‌ی جیهانگیریی، بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر شوێن و كاتدا،
یان هه‌وڵدان بۆ ره‌هاكردنی ئازادیلهپێشهوه ئاماژه‌مان بۆ ئه‌وه كرد كه شوێن و كات نهێنی بوون و به‌ده‌ركه‌وتنی هه‌موو ره‌گه‌زێكن، بگره بۆ به‌خشینه‌وه‌ی به‌هاو ماهیه‌تیش به‌هه‌ر شتێك، ئێمه ناچار ده‌بین بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناو ئه‌و شوێن و كاتانه‌ی كه تێیدا ئه‌و ره‌گه‌زه له‌لوتكه‌ی به‌رجه‌سته‌بوون و ده‌ركه‌وتنی خۆیدا بووه، ئیدی ئه‌مه ڕێسایه‌كه ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر ده‌قه ئاینیه‌كانیشدا جێبه‌جێ ده‌كرێت كاتێك ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ (اسباب نزول)ی ئایه‌ته‌كان، یان كه‌للتوری میلله‌تان، بۆ نمونه، كاتێك سه‌یری كه‌لتوری میسرییه كۆنه‌كان و فیرعه‌ونه‌كان ده‌كه‌ین له‌ئێستادا ناتوانین تێبگه‌ین له‌و سستم و رێسایانه‌ی كه ئه‌و میلله‌ته په‌یڕه‌ویان كردووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ناو فه‌زای خودی روداوه‌كان و بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ناو شوێن كاته‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه ئینجا هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین كه‌ئه‌و سستمه‌ی ئه‌وكاته له‌سه‌ری رۆیشتون سستمێكی ته‌واو و ته‌واوكه‌ر بووه به‌نسبه‌ت ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه. ده‌مه‌وێت بڵێم هه‌ر هه‌نگاوێكی مرۆڤایه‌تی به‌هه‌رلایه‌كدا بیهاوێت بڕینی مه‌سافه‌یه‌كه له‌كاتێكی دیاریكراودا، كه ده‌رهاویشته‌ی بڕینی ئه‌و مه‌سافه‌یه جوڵه‌یه‌كه له‌شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی دیكه، چه‌ندێكیش بتوانرێت به‌جوڵه‌یه‌كی خێراتر ئه‌و مه‌سافه‌یه كورت تر بكرێته‌وه به‌هه‌مان ئه‌و خێراییه‌ش ده‌توانین ده‌ست به‌سه‌ر شوێن و كاتدا بگرین، كه‌ئه‌مه كرۆكی جیهانگیریی ده‌گه‌یه‌نێت، وه‌كئه‌وه‌ی كه ئه‌م چه‌رخه‌ی پێناسراوه‌و ده‌وترێت ئه‌م سه‌رده‌مه سه‌رده‌می جیهانگیریی Globalization و (عصر السرعه) یه.
ئه‌مڕۆ له‌سایه‌ی سیستمی جیهانگیریدا ده‌توانرێت به‌كه‌مترین ماوه بگه‌ینه هه‌موو شوێنه‌كان، واته ده‌ستگرتن به‌سه‌ركات و شوێندا له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه گه‌یشتۆته ڕاده‌یه‌ك كه له‌رێگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا كۆمپیوته‌رو ئه‌نته‌رنێت و مانگه ده‌ستكرده‌كانه‌وه، ده‌توانرێت به‌خێرای تیشك داتاكان له‌هه‌موو شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌وه ئاڵۆگۆڕیان پێ بكرێت، روداوه‌كان له‌كات و ساتی رودانیاندا له‌شوێنێكدا له‌هه‌مان سات و كاتدا بگوازرێنه‌وه بۆ دورترین پنتی سه‌ر ئه‌م ڕووی زه‌وییه، بچوكردنه‌وه‌ی مه‌وداكان و نزیكردنه‌وه‌ی كللتوره‌كان و هاوشێوه‌كردنیان، مۆدیله‌كانی جلوبه‌رگ و ئارایشتكردن و ریتمی مۆسیقا به‌رز و گه‌رم و هه‌ڵچوه‌كان و بره‌ودان به‌خۆراكه خێرا‌و سه‌فه‌ریه‌كان، ئامرازه‌كانی هاتوچۆكردنی خێرا له‌شوێنه جیاوازه‌كانی جیهانه‌وه، كه‌مندكێشكردنی مرۆڤ له‌ناخیه‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆی و تێكه‌ڵكردنی له‌فه‌زایه‌كی هاوشێوه‌و وه‌ك یه‌كدا، سڕینه‌وه‌ی جیاوازییه كلتوری و ئایدۆلۆژیه‌كان… هه‌موو ئه‌مانه كه له‌ده‌رهاویشه‌كانی جیهانگیرین، وایان كردوه مرۆڤایه‌تی ببێته كوتله‌یه‌كی له‌یه‌كچوو، و له‌فه‌زایه‌كدا به‌ده‌وری خۆیدا بسوڕێته‌وه كه‌فه‌زای جیهانگیرییه.
تاكه ئه‌و ئامرازه‌ی كه‌جیهانگیریی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌نتراڵانه كاری له‌سه‌ر ده‌كات، زیادكردنی خێراییه له‌سه‌ر حسابی شوێن و كات، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای له‌مرۆڤ كردووه كه وابه‌سته نه‌بێت به‌و دوانه‌وه، واته به‌شوێن و كاته‌وه، مرۆڤی سه‌رده‌می جیهانگیریی مرۆڤێكی بێ ئینتیمایه، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ست به‌شوێن ناكات، له‌ناو یه‌ك شوێندا ناژی، ئه‌و به‌رده‌وام له‌گوێزانه‌وه‌دایه، ئه‌وه‌ش به‌رده‌وام ده‌گوێزێته‌وه، ناتوانێت مه‌یل به‌هیچ یه‌كێك له‌شته‌كانی ده‌وربه‌ری بدات، له‌به‌رئه‌وه‌ی بواری نیه له‌گه‌ڵیاندا بژی و له‌گه‌ڵیاندا ڕامبێت و ڕابێت، ئه‌و له‌رێگه‌ی كۆنترۆڵی سه‌ته‌لایته‌كه‌یه‌وه به‌رده‌وام له‌ژینگه‌یه‌كه‌وه ده‌گوازێته‌وه بۆ ژینگه‌یه‌كی دیكه، یان له‌رێگه‌ی ماوسی كۆمپیوته‌ره‌كه‌یه‌وه ده‌توانێت له‌رێگه‌ی پێگه ئه‌نته‌رنێتیه‌كانه‌وه هه‌موو جیهان بپشكنێت، ئه‌م مرۆڤه ناتوانێت له‌خۆشه‌ویستی نیشتمان تێ بگات، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و نیشتمانێكی ڕاسته‌قینه‌ی نیه، به‌ڵكو له‌ناو ژینگه‌یه‌كی گه‌وره‌تردایه له‌نیشتمانه‌كه‌ی، هه‌روه‌ها خۆشه‌ویستیش نازانێت، چونكه له‌ڕاستیدا خۆشه‌یستیش پێویستی به‌كاتێك هه‌یه تا تێیدا بڕسكێت، ژینگه‌ی خێرای جیهانگیریش ژینگه‌یه‌كه ماوه به‌سه‌وزبوونی خۆشه‌ویستی نادات، له‌ژینگه‌ی جیهانگیریدا هه‌موو شته‌كان رێگه‌یان پێ ده‌درێت كه تاقیبكرێنه‌وه، واته شته‌كان پێش ئه‌وه‌ی هه‌ر به‌هایه‌كی دیكه‌یان پێ ببه‌خشین، ده‌توانین تاقیان بكه‌ینه‌وه، ته‌نانه‌ت مرۆڤی سه‌رده‌می جیهانگیریی مرۆڤێكی بێباوه‌ڕیشه، چونكه باوه‌ڕ له‌ناخی مرۆڤه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات، مرۆڤی باوه‌ڕدار پێویستی به‌چه‌ند كاتێك هه‌یه له‌ژیاندا كه هه‌ر خۆی بێت و له‌گه‌ڵ خۆی و له‌گه‌ڵ خودا دا بێت، به‌ڵام جیهانگیریی مرۆڤ له‌ناو جه‌نجاڵیدا وون ده‌كات و، لێناگه‌رێت مرۆڤ هه‌ندێك سات بۆ تێڕامان و قوڵبونه‌وه بقۆزێته‌وه، به‌ڵكو به‌رده‌وام له‌په‌لكێشكردندایه له‌شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی دیكه (له‌كه‌ناڵێكه‌وه بۆ كه‌ناڵێكی دیكه)، به‌مانایه‌كی دیكه مرۆڤی پێش سه‌رده‌می جیهانگیریی مرۆڤێك بوو كه‌له‌ناو شوێن و كاتێكی سروشتی‌دا پێده‌گه‌یشت و به‌ڕیتم و هه‌نگاوه‌كانی ئه‌و سروشته‌ش به‌های به‌خۆیی و به بوون و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی و چه‌مكه‌كانی ژیان ده‌به‌خشی، به‌ڵام مرۆڤی سه‌رده‌می جیهانگیریی له‌فه‌زایه‌كدایه كه خێرایی خه‌ریكه شوێن و كات به‌ته‌واوی سفر ده‌كات، هه‌ر بۆیه‌ش بوارمان پێنادات كه‌وا هیچ به‌هایه‌كی خودیی ببه‌خشینه ژیانمان و ره‌گه‌زه‌كانی ناو ژیان و بوونمان.
ئه‌گه‌ر خێرایی جیهانگیریش بیه‌وێت له‌رێگه‌ی سفركردنی شوێن و كاته‌وه ئازادییه‌كه‌ی گه‌وره‌تر فه‌راهه‌م بكات، ئه‌وا مرۆڤی ناو ئه‌م فه‌زایه ناتوانێت هه‌ست به‌و ئازادییه بكات، چونكه ته‌نانه‌ت مرۆڤ پێویستی به‌كاتێك هه‌یه كه‌خاوتربێت له‌و خێراییه‌ی كه جیهانگیری جیهانی پێ ده‌بات به‌ڕێوه، به‌ڵێ، مرۆڤ پێویستی به‌وه هه‌یه كه‌هه‌ست به‌ئازادی بكات ، وه‌ك چۆن زمان بۆ چه‌شتنی تامی خواردنێك پێویستی به‌چه‌ند ساتێك هه‌یه له‌تێڕامان بۆ ئه‌وه‌ی چه‌شته‌ی ئه‌و خۆراكه بكات، ئازادیش وه‌هایه، ره‌نگه هه‌ندێكجار ئازادی هه‌بێت، به‌ڵام مرۆڤه‌كان هه‌ستی پێنه‌كه‌ن، یان نه‌توانن چێژی بكه‌ن، ئه‌مه ئه‌گه‌ر هه‌بێت، چونكه من پێم وایه ئه‌گه‌ر ئێمه چوینه ناو خولگه‌یه‌كه‌وه كه خێراتربوو له‌و خولگه‌یه‌ی كه‌ئێمه‌ی مرۆڤی پێش سه‌رده‌می جیهانگیریی تێیدا ده‌سوڕاینه‌وه، ئه‌وا نه‌ك ناتوانین هه‌ست به‌ئازادی بكه‌ین، به‌ڵكو ناتوانین هه‌ست به‌بوونی خۆشمان بكه‌ین وه‌ك كائینێك و بونه‌وه‌رێكی ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ. وه‌ك وتمان ئازادی پیشه‌سازی خولقاندنی چوارچێوه جیاوازه‌كانه، ئه‌گه‌ر جیهانگیریش بیه‌وێت له‌رێگه‌ی هێنانه كایه‌ی ریتمێكی خێراتره‌وه له‌ژیان ئازادییه‌كی زیاتر فه‌راهه‌م بهێنێت، ئه‌وا ئه‌و فه‌راهه‌مكردنه هه‌میشه له‌سه‌ر حسابی سڕینه‌وه‌ی شوێن و سفركردنی كاته‌وه ده‌بێت، كه‌من پێم وایه مرۆڤ پێویستی به‌ده‌م دوو ره‌گه‌زه، زیاتر وه‌ك له‌وه‌ی كه‌پێویستی به‌و ئازادییه‌ی جیهانگیریی بێت، چونكه هه‌ر ئه‌و دوو ڕه‌گه‌زه ده‌توانن له‌نێو پرۆسه‌ی ژیاندا وا له‌مرۆڤ بكه‌ن كه خاوه‌ن (احساس) هه‌ست بێت، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه هه‌ست به‌و شتانه بكات كه‌له‌ناو فه‌زای شوێن و كاته‌كاندا ده‌خولقێن، وه‌ك هه‌موو ئه‌و هه‌ستانه‌ی كه‌ئێستا جیهانگیری كاڵیكردونه‌ته‌وه‌و مرۆڤ هه‌ستیان پێ ناكات، له‌وانه‌یش هه‌ستكردن به‌ئازادی.
گرفتی جیهانگیریی ئه‌وه‌یه مرۆڤ ده‌خاته سه‌ر ڕێڕه‌وێك كه‌خێراتره له‌وه‌ی كه ئه‌م مرۆڤه وه‌ك كائینێك له‌سه‌ری خولقاوه، ته‌نانه‌ت هه‌ستی باوه‌ڕداریش له‌ناو بۆته‌ی جیهانگیریدا ده‌توێته‌وه، وه‌ك چۆن هه‌سته‌كانی دیكه‌ی وه‌ك هه‌ستی خۆشه‌ویستیی و نیشتمانپه‌روه‌ریی، وابه‌سته‌بوون، ئینتمیاو، تابۆكان و.. هتد له‌ناو بۆته‌ی جیهانگیرییدا ده‌توێنێنه‌وه‌و نامێنن، چونكه هه‌ستكردن به باوه‌ڕدارییش پێویستی به‌كاتێكی خاوترو له‌سه‌رخۆترو كه‌م جه‌نجاڵتر هه‌یه بۆ تێڕامانی مرۆڤ له‌خۆیی و له‌خواو له‌ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی، كه‌جیهانگیریی ئه‌و كاته‌مان پێنادات، ماوه‌ته‌وه بڵێین هه‌موو ئه‌و بزوتنه‌وه ئیسلامیی و ئاینیانه‌ی كه‌ئێستا له‌سه‌رتاسه‌ری دونیادا هه‌ن هه‌موویان وه‌ك چۆن شه‌كرێكی تێكدراو له‌ناو پیاڵه چایه‌كدا ده‌توێته‌وه‌و وون ده‌بێت، هه‌موو ئه‌و بزوتنه‌وه‌و كیانه ئاینیانه‌ش ده‌توێنه‌وه، ئه‌وانه‌یان كه‌چونه‌ته ناو پرۆسه سیاسیه‌كان و قه‌بوڵی ئه‌وه‌یان كردووه ببنه به‌شێك له‌سستمی نوێی جیهانی، هه‌موویان حه‌ل ده‌بن و ده‌چنه ناو خولگه‌ی خێرا‌و نه‌وه‌ستاوی جیهانگیرییه‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ئه‌و بزوتنه‌وه ناسازشكارانه‌ن، كه ره‌تی ئه‌وه‌یان كردۆته‌وه بێنه ناو خولگه‌كه‌وه، ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی خولگه‌كه‌وه ده‌مێننه‌وه، به‌هێز ده‌بن و لاواز ده‌بن، له‌ئه‌نجامی پێداكێشانیان به‌خولگه‌ی جیهانگیریدا، هه‌روه‌ها هێنده توندی ئه‌و پیاكێشانه‌شیان توندڕه‌و میانڕه‌ویان لێ ده‌كه‌وێته‌وه، به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئوصوڵیه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خولگه‌ی جیهانگیریی له‌گه‌شانه‌وه‌دا ده‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌وه كه‌پێیان وایه ده‌پوكێته‌وه، ئه‌و كاته‌ی جیهانگیریی ده‌گاته ڕاده‌یه‌ك كه مرۆڤ هه‌موو هه‌ست و چێژێك له‌به‌رامبه‌ر بووندا وون ده‌كات، ئه‌و كاته ئوصوڵیه‌تی ئایینی یان گه‌ڕانه‌وه بۆ ترادیسۆنه‌كان و بۆ بنج و ڕیشه‌كان سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه، كه‌ئه‌مه له‌ئاینده‌دا ململانێی سه‌ختی نێوان جیهانگیریی Globalization یان جه‌مسه‌ره‌كانی جیهانگیریی و fundamentalism فه‌نده‌مینتاڵیزمی لێده‌كه‌وێته‌وه.