ده‌رنه‌كه‌وتنی بوونی ره‌سه‌ن ده‌ركه‌وتنی خوێنه‌ری نموونه‌یی
ده‌رنه‌كه‌وتنی "بوون"ی ره‌سه‌ن
ده‌ركه‌وتنی خوێنه‌ری "نموونه‌یی"
عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
وا مشه‌وه‌ش بوو كه میحرابی برۆتی دی ئیمام
ئیزنی خه‌ڵقی دا كه دنیا ئاخیره بۆ دێنه نوێژ
"مه‌حوی"
ئه‌گه‌ر ده‌ق هیچ مانایه‌كی نه‌بێ ته‌نها ئه‌و كاته نه‌بێت، كه خوێنه‌ری كارا پرۆسیسه‌ی ده‌كات، به‌و مانایه لێكدانه‌وه‌و راڤه‌كردنی ده‌ق نه‌ك هه‌ر ته‌نها به‌پێی خوێنه‌ره‌كان، به‌ڵكو به‌پێی تاكه خوێنه‌رێكیش ده‌شێ بگۆڕێت. له راستیدا ئه‌و گۆڕانه‌ی دوایی له‌وانه‌یه په‌یوه‌ندی به كاتی جیا جیاوه هه‌بێت (واته كاتی خوێندنه‌وه) هه‌روه‌ها له‌رووی مێژووییه‌وه خوێنه‌ران له نه‌وه جیاوازه‌كان‌و سه‌ده جیاوازه‌كاندا به شێوه‌یه‌كی جیاواز لێكدانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ده‌كه‌ن، واته شتی جیاواز له‌رێَگه‌ی خوێنه‌رانی سه‌رده‌مه جیاوازه‌كان به ده‌ق ده‌به‌خشن.
(ئیمبرتۆ ئیكۆ) له بواری سیمیۆتیكاوه كار ده‌كات‌و كرده‌ی خوێندنه‌وه‌و ته‌ئویل لای ئه‌و خۆی له‌و سێ قۆناغه‌دا هه‌ڵده‌گرێته‌وه:
یه‌كه‌م: ده‌ق به‌و مانایه‌ی كه رستێك سپێتی‌و ئاڵ‌و گۆڕییه‌و قابیلی پڕكردنه‌وه‌و ته‌ئویل كردنه.
دووه‌م: خوێنه‌ر به‌و مانایه‌ی كه له كۆمه‌ڵێك ده‌ق پێكهاتووه، خوێنه‌ری مه‌وسوعی.
سێیه‌م: گه‌یشتنی ده‌ق به خوێنه‌ر به هاوبه‌شیكردن له ده‌ق، یان ساته‌وه‌ختی ئاوێته بوونی نێوان ده‌ق‌و خوێنه‌ر، ده‌ژمێردرێت.
قسه‌كردن له ده‌ق به‌و مانایه‌ی كه هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك ئاڵوگۆڕی‌و رستێك سپێتییه له‌وێوه دێت كه پانتاییه‌كه لێپراسراوێتی كرانه‌وه‌ی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه، هه‌ر له‌وێشه‌وه خوێنه‌ر جوله‌و بزاڤ‌و داهێنانی خۆی به ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نێت، چونكه (ئیكۆ) پێیوایه ده‌ق ئامرازێكی سسته، بۆیه داوا له خوێنه‌ر ده‌كات له رێگه‌ی هاوبه‌شیكردنه‌وه ئه‌كتیڤی بكات، ئه‌و ئاوێته‌بوون‌و ئه‌كتیڤكردنه‌ی ده‌ق له‌رێگه‌ی خوێنه‌رێكه‌وه‌یه كه (ئیكۆ) به (خوێنه‌ری نموونه‌یی) ناوی ده‌بات، ئه‌و خوێنه‌ره‌ش ده‌كه‌وێته به‌رانبه‌ر ستراتیژیه‌تی ده‌قی دانه‌ر، ئه‌و دانه‌ره‌ش ده‌توانێت ئه‌و ستراتیژیه‌تیه هه‌ڵگرێت كه به‌رده‌وام بۆ تواناكان ده‌گه‌ڕێته‌وه، به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش خوێنه‌ری نموونه‌یی بۆ هه‌مان ئه‌و توانایانه‌ی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌ر له‌وێشه‌وه ده‌كه‌وینه به‌رانبه‌ر خوێنه‌ری ئه‌زموونگه‌رییه‌وه.
(ئایزه‌ر) سه‌ر به جوانكاری وه‌رگره پرنسیبی تیۆره‌كه‌ی بۆ فینۆمینۆلۆژیا‌و هیرمینۆتیكا ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌گه‌رچی هه‌ر یه‌ك له (ئیكۆ)و (ئایزه‌ر) جیاوازی زۆریان له باكگراوه‌ندی فیكری میتۆدیدا هه‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌شدا هه‌ردووكیان سروشتێكی گێڕانه‌وه‌ئامێزیان هه‌یه، به مانایه‌كی دیكه زۆربه‌ی ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی كه (ئیكۆ) له بواری خوێندنه‌وه‌و ته‌ئویل كاری تێدا كردووه، (ئایزه‌ر) په‌ره‌ی پێداوه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندی كردووه. بۆ به‌شدار بوون له كارلێكه‌ری نێوان ده‌ق‌و خوێنه‌ر، كۆمه‌ڵێك چه‌مكی به‌رهه‌م هێناوه له پێش هه‌مووشیان (خوێنه‌ری ناوه‌كی) كه نزیكه له (خوێنه‌ری نموونه‌یی)، ئه‌و خوێنه‌ره ناوه‌كییه خوێنه‌رێكه به دوای مانادا ده‌گه‌ڕێت، به‌ڵام نه‌ك مانا ئاماده‌و شاراوه‌كانی نێو ده‌ق، وه‌ك چۆن به شێوه ته‌قلیدییه‌كه‌وه چه‌سپاوه، به‌ڵكو ئه‌و مانایه‌ی كه له كارلێكه‌ری ده‌ق‌و خوێنه‌ر ده‌كه‌وێته‌وه، واته ئه‌و مانایه‌ی كه وه‌ك "جێكه‌وته‌یه‌ك ده‌شێ پرۆسیسه بكرێت" له نوێوه بدۆزرێته‌وه، نه‌ك بابه‌تێك بێت بشێ دیاری بكرێت‌و پێوه‌ی ببه‌سترێته‌وه.
به‌مجۆره ئه‌ركی هیرمینۆتیكا لای (ئایزه‌ر) خۆی له ته‌قینه‌وه‌ی وزه ده‌لالیه حه‌شاردراوه‌كانی نێو ده‌ق هه‌ڵده‌گرێته‌وه، ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ش له‌رێگه‌ی به‌شداری چالاكانه‌ی خوێنه‌ره‌وه به ئه‌نجام ده‌گات، به‌و مانایه‌ش خوێنه‌ر ئه‌و بارگه وزه‌ئامێزه‌یه كه به‌رده‌وام له هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێ‌دا ده‌دره‌وشێته‌وه.
دیارده/خوێنه‌ر
فینۆمینۆلۆژیا خۆی به ماهیه‌تی یان به مانای دیاری وجودی مرۆییه‌وه خه‌ریك ده‌كات، هایدگه‌ر زاراوه‌ی ((فینۆمینۆلۆژیا)) ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌ر بنچینه‌ی یۆنانی‌و ده‌ڵێت: زاراوه‌كه له دوو به‌ش پێكدێت-phenomenon)) له‌گه‌ڵا (logos) به‌شی یه‌كه‌م ئاماژه به كۆی ئه‌و شتانه ده‌كات كه له‌به‌ر رۆژدا ده‌رده‌كه‌ون یان له به‌ر رۆشنای ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌و ده‌ركه‌وتن‌و دیار بوونه‌ی (شت) نابێ له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵا بكرێت، كه مه‌سه‌له‌یه‌كی لاوه‌كییه‌و له‌و دیوی خۆیه‌وه ئاماژه بۆ شتێكی تر ده‌كات، ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كی به‌سه‌رچوو نییه، به‌ڵكو ده‌ركه‌وتنی شته‌كه‌یه وه‌ك خۆی، به واتایه‌كی دیكه: بوونی شتێك (یان ده‌ركه‌وتنی له ده‌رككردندا) مه‌سه‌له‌یه‌كی لاوه‌كی دوور له خودی شته‌كه نییه، به‌ڵكو ماهیه‌تی راسته‌قینه‌یه‌تی.
(هایدگه‌ر) ده‌گاته ئه‌وه‌ی میتۆدی دیارده‌گه‌ریی ((فینۆمینۆلۆژی)) له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه كار ده‌كات، كه شته‌كان فه‌رامۆش بكرێن، تا خۆیان چۆنن ئاوه‌ها ده‌ركه‌ون‌و دیار بن، بێ ئه‌وه‌ی گوته‌كانمان به سه‌ریاندا بسه‌پێنین، ئه‌وه ئێمه نین، ئاماژه بۆ شته‌كان ده‌كه‌ین‌و ده‌ركیان پێده‌كه‌ین، به‌ڵكو خودی شته‌كانن خۆیان بۆ ئێمه ئاشكرا ده‌كه‌ن، بنه‌چه‌ی راسته‌قینه‌ی تێگه‌یشتنی دروست ئه‌وه‌یه ئێمه ته‌سلیمی هێزی شته‌كان بین، تا خۆیان بۆ ئێمه ئاشكرا بكه‌ن، به‌ڵام شته‌كان چۆن خۆیان ئاشكرا ده‌كه‌ن؟
(هایدگه‌ر) له شیكردنه‌وه‌ی به‌شی دووه‌می زاراوه‌كه پێیوایه (logos) ده‌لاله‌ت له فیكر ناكات، به‌ڵكو ده‌لاله‌ت له ئاخاوتن‌و ئه‌و ئه‌ركه‌ی ئاخاوتن ده‌كات، كه وا ده‌كات فیكر مومكین بێت، شته‌كان له میانی زمانی ئاخاوتن (speakinig) خۆیان ئاشكرا ده‌كه‌ن، لێره‌دا زمان كه‌ره‌سته‌یه‌ك نییه بۆ گه‌یاندن، كه مرۆڤ بۆ به‌خشینی مانا به جیهان، دایهێنابێت. یان گوزارشت له تێگه‌یشتنی زاتیانه‌ی خۆی بۆ شته‌كان بكات، به‌ڵكو زمان گوزارشت له‌و (ماناگه‌رییه) ده‌كات، كه به كرده‌وه ده‌كه‌وێته نێو شته‌كانه‌وه، مرۆڤ زمان به‌كار ناهێنێت، به‌ڵكو ئه‌وه زمانه له میانی مرۆڤه‌وه قسه ده‌كات. جیهان له میانی زمانه‌وه خۆی بۆ مرۆڤ ده‌كاته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمان بواری تێگه‌یشتن‌و ته‌فسیره، كه‌واته جیهان له میانی پرۆسه‌گه‌لی به‌رده‌وامی تێگه‌یشتن‌و ته‌فسیره‌وه خۆی بۆ مرۆڤ ئاشكرا ده‌كات، ئه‌وه مانای ئه‌وه نییه، مرۆڤ له زمان ده‌گات، به‌ڵكو مرۆڤ له میانی زمانه‌وه تێده‌گات. زمان ناوه‌ندكاری نێوان جیهان‌و مرۆڤ نییه، زمان ده‌ركه‌وتن‌و ئاشكرابوونی جیهانه پاش شاردنه‌وه‌ی. زمان ده‌ركه‌وتنێكی وجودییانه‌ی جیهانه.
به‌مجۆره دیارده‌گه‌رایی لای (هایدگه‌ر) ده‌بێته هیرمنیۆتیكا‌و هیرمینۆتیكاش ده‌بێته پرۆسه‌یه‌كی وجودییانه‌ی تێگه‌یشتن، تێگه‌یشتن بریتییه له توانای ده‌رككردنی شیمانه وجودییه‌كانی تاكه كه‌س له ره‌وتی ژیان‌و بوونی له نێو جیهان، به‌و واتایه ماناكان به پێی گه‌شه‌سه‌ندنی مێژوویی له گه‌شه‌سه‌ندن دان.
بوونی ره‌سه‌ن/ئاسۆی پێشبینیه‌كان
هه‌ڵبه‌ته خوێندنه‌وه كرده‌یه‌كه خۆی له ده‌ستلێدانی خوێنه‌ران بۆ ده‌ق هه‌ڵده‌گرێته‌وه، ئه‌و ده‌ستلێدانه‌ش له‌رستێك خه‌ون و هیواو ئومێد‌و خه‌یاڵ و نائومێدی و گریمانه‌كان پێكهاتووه، ده‌شێ هه‌موو ئه‌وانه‌ش به ئاسۆی پێشبینیه‌كان په‌یوه‌ست بكه‌ین، به‌و مانایه‌ش ئه‌زموونی خوێنه‌ر ده‌كه‌وێته نێوان ئاسۆی چاوه‌ڕوانی كه "ده‌ق" فه‌رزی ده‌كات و ئاسۆی ئه‌زموون كه "وه‌رگر" ته‌واوی ده‌كات، به مانایه‌كی دیكه ده‌كه‌وێته نێوان دوو "بوون" بوونی ده‌ق و بوونی خوێنه‌ر.
"هایدگه‌ر"یش دوو جۆر بوون دیاری ده‌كات، كه بریتین له بوونی رۆژانه و بوونی تایبه‌تی، مه‌به‌ست له بوونی رۆژانه بوونی ساخته‌یه، بوونی تایبه‌تیش بوونی ره‌سه‌نی كه‌سه‌كه ده‌گرێته‌وه.
بوونی ساخته: ئه‌و بوونه‌یه كه كۆمه‌ڵێك كارتێكه‌ری ده‌ره‌كی پێكی ده‌هێنن، ئیدی ئه‌و كارتێكه‌رییانه بارودۆخ بن، یاخود یاسایی ئه‌خلاقی و ده‌سه‌ڵاتی ئایینی و سیاسی و دابونه‌ریت و شتی له‌و بابه‌ته بن، ده‌توانین بڵێین ئه‌و كه‌سه ژیانی ره‌سه‌نی خۆی ناژی و واز له هه‌ڵبژاردنی خۆی ده‌هێنێ و بوار به‌وانیدی ده‌دات ئیمكانه‌كانی بۆ دیاری بكه‌ن، به‌و مانایه ئه‌و كه‌سه ئیمكان و توانا تایبه‌تیه‌كانی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات و له ئیمكان و توانا گشتییه‌كاندا ده‌توێته‌وه. به‌ڵام بوونی ره‌سه‌ن: ئه‌و بوونه‌یه كه تیایدا خود هه‌ست به تاكێتی خۆی ده‌كات و له‌وانی دی دابڕاوه، كه ده‌وترێت له‌وانیدی دابڕاوه، مانای ئه‌وه نییه كه‌سه‌كه به ته‌نها ده‌ژی و دووره له خه‌ڵك.. واته جۆرێكه له دۆزینه‌وه‌ی خود. مرۆڤ به‌زۆری له‌و بوونه ره‌سه‌نه بێئاگایه‌و به مه‌وجوده‌كانی دیكه‌وه خه‌ریكه و له ده‌ره‌وه‌ی خۆی و له خه‌ڵكدا ده‌توێته‌وه و بێئه‌وه‌ی هه‌ست بكات كۆمه‌ڵێك توانا‌و ئیمكانی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت، كه له خودی خۆیه‌وه سه‌رچاوه‌یان نه‌گرتووه‌و له‌لایه‌ن ده‌ره‌وه بۆی دیاریكراون.
هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌ق/خوێندنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فییانه
لای (هایدگه‌ر) زمان گوزارشت له‌و (ماناگه‌رییه) ده‌كات كه به كرده‌وه ده‌كه‌وێـته نێو شته‌كانه‌وه، مرۆڤ زمان به‌كار ناهێنێت به‌ڵكو ئه‌وه زمانه له میانی مرۆڤه‌وه قسه ده‌كات. به‌ڵام شیعر داوای هیچ شتێك ناكات، زمانی شیعری به‌یه‌كداده‌چێت و ده‌چێته‌وه نێو یه‌ك و داده‌خرێت، له هه‌مان كاتیش‌دا به شێوه‌یه‌كی تووند لێكدوور ده‌كه‌وێـته‌وه.
له دووتوێی ئه‌و پێشه‌كییه كورته‌دا ده‌مه‌وێت ئاماژه‌یه‌ك به كتێبی (بوون/ له نێو شیعری "مه‌حوی"دا) بده‌م، له‌و كتێبه‌دا (د. محه‌مه‌د ئه‌مین عه‌بدوڵڵا) توانیوویه‌تی خوێندنه‌وه‌یه‌كی نیازئامێز بۆ گه‌یشتن به "مه‌حوی" نه‌ك به ده‌قه جیاوازه‌كانی بسازێنێ. بۆ سه‌لماندنی پێشبینییه‌كانی خۆی له‌رێگه‌ی به‌دواداچوونی خودی "مه‌حوی" راڤه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی به ده‌قه‌كان ده‌به‌خشێت، واته ئه‌گه‌رچی به چاوی رابردوو له ده‌ق ناڕوانێ و ناكه‌وێته سه‌ر نیازه‌كانی نووسه‌ر، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌كه‌ی به‌ڕای من زێتر خۆی به كه‌سێتی مه‌حوی وه‌ك ئه‌وه‌ی كه خۆی وێنای ده‌كات، خه‌ریك كردووه.. خوێندنه‌وه‌یه‌كی ماناگیره‌و بۆ ئه‌و وێناكردنه‌شی سوود له "هایدگه‌ر" وه‌رده‌گرێَت و هه‌ر له‌وێشه‌وه رێگه‌یه‌ك بۆ ئاوێته‌بوونی ده‌ق ده‌دۆزێته‌وه، پرسه‌كانی خۆی له‌سه‌ر جێگیر ده‌كات و گوته‌كانی خۆی به‌سه‌ر خودی "مه‌حوی" ده‌سه‌پێنێ. به‌مجۆره شیعریه‌تی ده‌ق به فه‌لسه‌فه هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه.
له‌و لێكۆڵینه‌وه‌دا (د. محه‌مه‌د ئه‌مین عه‌بدوڵڵا) ده‌ڵێت: خودێك هه‌یه كه ناوی مه‌حوییه ئه‌و خوده نه كورده نه عه‌ره‌به نه فارسه، ئه‌و خوده خاوه‌نی جه‌سته‌یه‌كه كه شتێكی دیار‌و به‌رچاوو زیندووه، به‌رده‌وامبوونی زێندووێتی ئه‌و جه‌سته‌یه به هۆی بوونێكه‌وه ده‌بێت كه بێته نێو جه‌سته‌یه‌وه‌و تێیدا به‌رجه‌سته بێت و له‌رێگه‌ی ئه‌و جه‌سته‌یه‌وه توانا‌و ئیمكانه‌كانی به‌دی بهێنێت. به‌ڵام هه‌تا بوونی ساخته له‌نێو "مه‌حوی" بمێنێ، بوونی ره‌سه‌ن خۆی پێشانی نادات.
ده‌شێ ئه‌و ده‌ركه‌وتن و ده‌رنه‌كه‌وتنه له ده‌قی مه‌حویدا راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌و په‌یوه‌ندییه شیمانه‌ییه‌دا بێت كه زمانی شیعریی ده‌یخاته‌وه، بۆیه ئه‌و لێكدانه‌وه هایدگه‌رییه هه‌میشه له به‌دواداچووندا كورتی دێنێ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌شێ وه‌ك توانا و پێكهاته‌ی خوێنه‌ر به‌و مانایه‌ی كه خوێنه‌ر له كۆمه‌ڵێك ده‌ق پێكهاتووه بده‌ینه قه‌ڵه‌م.
هه‌ڵبه‌ته كێشه‌ی ده‌رنه‌كه‌وتنی بوونی ره‌سه‌ن به‌ڕای "د. محه‌مه‌د ئه‌مین" له خودی مه‌حوییدایه. به‌ڵاَم به‌ڕای من ئه‌و ده‌ركه‌وتن و ده‌رنه‌كه‌وتنه‌ی "د. محه‌مه‌د ئه‌مین" كه‌شفی كردووه، گه‌مه‌یه‌كی شیعرییه و راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به خه‌یاڵ و نائاگایی ساته‌وه‌ختی نووسینی شیعره‌وه هه‌یه. ده‌شێ ئه‌وه گه‌مه‌كانی زمانی ده‌ق بێت كه له نائاگاییه‌وه هه‌وڵی به‌ركه‌وتن و لێَكخشانی واقیع ده‌دات. هه‌ر له‌رێگه‌ی ئه‌و دانوستاندنه‌ش فه‌زایه‌كی بێ سنوور بۆ ده‌مه‌ته‌قێ و بیرهێنانه‌وه‌ی ئازادانه ده‌سازێنێ. ده‌مه‌وێت بڵێم پرۆسه‌ی نووسینی شیعریی پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆزه، به‌شێكی زۆری زمانی شیعری بارگاوییه به لایه‌نی نه‌ستییه‌وه له‌به‌ر هه‌ندێ ناشێ "مه‌حوی" له حاڵه‌تی ئاگاییدا بێت، وه‌ك د. محه‌مه‌د ئه‌مین بۆی ده‌چێ. هه‌روه‌ك لۆژیك و عه‌قڵ له به‌دواداچوونیدا به ئه‌نجام ناگه‌ن، چونكه پرۆسه‌ی نووسینی شیعریی پرۆسه‌یه‌كه به‌شێكی زۆری له نائاگایی له‌گه‌ڵ خۆدا هه‌ڵگرتووه، له‌لایه‌كی دیكه ده‌شێ به‌شێك له جوانی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه فه‌لسه‌فییه له به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌كتیڤانه‌ی منی خوێنه‌ره‌وه بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی "ئیكۆ" به خوێنه‌ری نموونه‌یی ناوی بردووه، به‌ڵام به‌شێك له ئیشكاله‌كانی ئه‌وه‌یه به‌ر له‌وه‌ی وه‌ك ده‌قی شیعری مامه‌ڵه له ته‌ك مه‌حویدا بكات كه له وشه‌كانه‌وه شته‌كان ره‌نگ ده‌كات، وه‌ك لۆژیك و عه‌قڵ مامه‌ڵه‌ی فیكری له‌گه‌ڵ مه‌حوییدا ده‌كات و هه‌وڵده‌دات له شته‌كانه‌وه وشه‌كان دووباره به‌رجه‌سته بكاته‌وه، له‌بری ئه‌وه‌ی له په‌یوه‌ندییه‌كی شیمانه‌ییدا له‌رێگه‌ی خه‌ڵقكردن و دووباره خه‌ڵقكردنه‌وه وزه‌ی زمانی شیعریی ده‌ستنیشان بكات، له‌رێگه‌ی پێشخستنی خودی مه‌حوییه‌وه ئه‌و وزه شیعرییه به‌دواده‌خات، هه‌ر له‌وێشه‌وه ئه‌ده‌بیه‌تی "مه‌حوی" له‌نێوان چه‌مكی توانه‌وه له ئه‌ویدیكه و هه‌ستكردن به تاكێتی دابڕاو پارچه پارچه ده‌كات، ئه‌و راڤه‌كردنه‌ش ئه‌گه‌ر به‌شێكی بكه‌وێته دووتوێی نیازی خوێندنه‌وه‌یه‌كی دیاریكراوه‌و شیاو بكه‌وێته‌وه، به‌شێكی له‌وێوه نه‌شیاو ده‌كه‌وێته‌وه كه ئاسۆی چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ران بۆ ده‌قه‌كانی مه‌حوی دووچاری شێوان ده‌كات، هه‌ر له‌وێشه‌وه كۆی ئه‌و پێشبینیانه ده‌كوژێت كه ده‌شێ ده‌ق له‌خۆیدا هه‌ڵیگرتبێت.
دواجار ده‌مه‌وێت بڵێم مه‌رج نییه خوێنه‌ری نموونه‌یی یان ناوه‌كی، چه‌مك و رێباز و میتۆدی دیاریكراو به‌سه‌ر ده‌قدا بسه‌پێنێ، چونكه چوونه نێو ده‌ق به‌و شێوه‌یه‌ی (د. محه‌مه‌د ئه‌مین) نه‌ك هه‌ر كارلێكه‌ری نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر نیشان نادات، به‌ڵكو ئاسۆی پێشبینیه‌كانی ده‌قیش به بنبه‌ستبوون ده‌گه‌یه‌نێت، خه‌یاڵی خوێندنه‌وه داده‌خات. كه‌واته به‌ڕای من ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ی (د. محه‌مه‌د ئه‌مین عه‌بدوڵڵا) له ونبوونی خه‌یاڵ و سه‌لماندنی فیكر‌و عه‌قڵدا خۆی هه‌ڵده‌گرێته‌وه، به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش جوانی ئه‌و خوێندنه‌وه له‌وه‌دایه بوونی منی خوێنه‌ر له‌بری بوونی منی دانه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت، به مانایه‌كی دیكه سێنترالیه‌تی ده‌ق له‌ق ده‌كات و ئه‌رزش بۆ په‌راوێز ده‌گه‌ڕێنێَته‌وه. به‌و مانایه‌ش له‌رێَگه‌ی كرده‌یه‌كی چالاكانه سپێتی ده‌ق پڕ ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ش ئاماده‌گی خوێنه‌ر و مه‌رگی دانه‌ر له چركه‌ساتی خوێندنه‌وه‌ی خوێنه‌ر ده‌خاته روو.سه‌رچاوه‌و په‌راوێزه‌كان: