منیش له‌گه‌ڵتان دێم …گۆنا جاف
منیش له‌گه‌ڵتان دێم …
گۆنا جاف
منیش له‌گه‌ڵتان دێم … له شانزه‌ی سێ دا له‌گه‌ڵتان دێم، هه‌موو وێنه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌شم دێنم، وێنه‌کانی پێش شانزه‌ی سێی هه‌شتاو هه‌شت و وێنه‌کانی دوای شانزه‌ی سێی هه‌شتاو هه‌شتیش..ته‌ماشاکه‌ن شاری شاعیرانم باخچه‌که‌ی پاشای چه‌ند سه‌وز و ئاوه‌دانه، یان کانی عاشقانم وه‌ک جاری جاران جێژوانگه‌ی کچان و کوڕانی شاره، ئه‌ها سه‌رنجێکیش له‌و شه‌قامانه بده‌ن که به به‌ردی مه‌ڕ مه‌ڕ دروست کراون، که‌س نازانێت ئه‌و مه‌ڕمه‌ڕانه له کامه وڵاته‌وه هێنراون.. که چوومه‌وه سه‌رم سوڕما له دیمه‌نی ئه‌و هه‌موو باڵه‌خانه به‌رزانه، شار ئه‌وه‌نده ڕووناک بوو وام ده‌زانی مه‌زاری هه‌موو په‌یامبه‌ره‌کانی خودایان بۆ ئه‌و شاره گواستۆته‌وه. که گه‌یشتمه لای ماڵه‌که‌ی عومه‌ری خاوه‌ر وه‌کوو ئه‌وه وابوو، ئه‌ندازیارێکیان له به‌هه‌شته‌وه بۆ ئه‌و ماڵه هێنابێته خواره‌وه. له شانزه‌ی سێ دا منیش له گه‌ڵتان دێم ونزایه‌ک ده‌که‌م ..خودایه هه‌ر میلله‌تێک لێی ده‌قه‌ومێ وه‌ک ئێمه ده‌سته‌ڵاتێکی میهره‌بان و خه‌م خۆری هه‌بێت.
منیش له‌گه‌ڵتان دێم بۆ ئه‌وه‌ی پێتان بڵێم ده‌ستتان خۆش بێت بۆ ئه‌و هه‌موو شه‌قام و باخچه ڕازاوه‌یه، بۆ ئه‌و هه‌موو نه‌خۆشخانه‌و فێرگه‌و باخچه‌جوانانه‌ی ساوایان. منیش له گه‌ڵتان دێم .. شوورای هه‌ڵه‌بجه وادروست کراوه، کلیلی ده‌روازه‌که‌ی به خۆ فرۆش و به‌عسیه‌کان نه‌دراوه.
منیش له‌گه‌ڵتان دێم ، وێنه‌ی گه‌ڕه‌که‌که‌ی خۆشمان دێنم، هێنده جوان و ڕازاوه بوو، نه‌مده‌زانی کامه‌یان ماڵی خۆمان بوو،چوومه به‌ر ده‌رگای ماڵێک وه‌ک پێشانگایه‌ک تابلۆی هه‌ر پێنج هه‌زار گوڵه وه‌ریوه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی تیاهه‌ڵواسرابووپێیان وتم ئا ئه‌مه‌شیان جاران ماڵه‌که‌ی عومه‌ری ڕه‌سام بوو، نازانم چیتان بۆ باسکه‌م، شارێک هه‌موو شێوازه مۆدێرنه‌کانی ته‌لار سازی تیا کۆکرابووه‌وه، شارێک بۆنی مۆرد و گوڵه‌باخ و نێرگس هه‌موو کووچه‌و کۆڵانه‌کانی ته‌نی بوو، ته‌نانه‌ت ژێر زه‌مینه‌کانیش بۆنی وه‌نه‌وشه‌یان گرتبوو.
منیش له گه‌ڵتان دێم.. تاوه‌کو به‌و ده‌سته‌ڵاته بڵێم پێنج هه‌زار جار ده‌ستتان خۆش ، ده‌ک خودا بتان هێڵێت، ده‌ک ماڵه‌کانتان وه‌ک ماڵ و شه‌قامه‌کانی هه‌ڵه‌بجه رووناک بێت، ده‌ک پایه به‌رز بن وه‌ک به‌رزی ته‌لاره‌کانی هه‌ڵه‌بجه، ده‌ک خودایه ماڵه‌کانتان ئاوه‌دان بێ وه‌ک ماڵه‌کانی هه‌ڵه‌بجه .
به‌رلین 2009. 3. 15