Skip to Content

Monday, December 2nd, 2024
بۆ هه‌ڵه‌بجه…..به‌ندی عه‌لی

بۆ هه‌ڵه‌بجه…..به‌ندی عه‌لی

Closed
by March 15, 2009 هۆنراوە
به‌ندی عه‌لی
بۆ هه‌ڵه‌بجه‌

له‌پێده‌شتی شاره‌زوورا
باخێک هه‌بوو،وێنه‌ی به‌هه‌شت
چریكه‌ی پاساریه‌كانی
ئه‌گه‌یشته‌ گوێی بنارو ده‌شت
گوڵه‌كانی له‌پرچی خۆر
یه‌كی ڕه‌نگێكیان گرتبوو
گوڵاوی شیرینی عه‌شقیان
ئه‌ڕشته‌ سه‌ر لێوی هه‌موو
به‌هار له‌وێ کاتێ ئه‌هات
ژیان ئه‌بوو به‌ڤیستیڤاڵ
په‌پووله‌ سه‌رچۆپی ئه‌گرت
به‌نه‌شئه‌ی شمشاڵی شه‌ماڵ
له‌نێو بێشكه‌ی گژو گیادا
له‌گه‌ڵ چرپه‌ی نه‌رمی كانی
سروشت كۆرپه‌ی دڵی ئه‌نواند
شه‌وانی پڕ سیحرو جوانی
ئه‌و ڕۆژانه‌ عه‌بابه‌یلێ
میحرابی نوێژی دونیا بوو
له‌ده‌روازه‌ی عه‌رشی خوایا
كانی عاشقان پرسگا بوو
ئه‌و ڕۆژانه‌ سه‌رگوزشته‌ی
خه‌وێکی ئه‌رخه‌وانی بوون
له‌گه‌ڵ بۆنی سێوی غه‌درا
كاتێ ئه‌و هات ئه‌مانیش چوون

چه‌نده‌ وه‌رزی نه‌وبه‌هاره‌
ژه‌هری مه‌رگه‌ساتێكی تاڵ
له‌لێوی ووشكه‌ڵاتوومان
نابێته‌وه‌ ساڵ به‌دوی ساڵ
بۆته‌ ئایین له‌لای ئێمه‌
پێش هه‌موو نه‌ورۆزێكی نوێ
چرۆی فرمێسك له‌چاومانا
ئه‌بێ دیسان بپشكوێ
له‌هه‌ر چاوێ چه‌پکێ له‌گوڵ
ئه‌هۆنمه‌وه‌ وه‌ك تاجی سه‌ر
بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ی باخی عیشق و
بۆ كۆرپه‌که‌ی كۆشی خاوه‌ر
ئه‌و برینه‌ ته‌ڕه‌ی مێژوو
له‌دڵمانا ووشك نابێ
‌گه‌ر ئاگری کووره‌ی سه‌قه‌ر
له‌گشت لاوه‌ ده‌وری دابێ
له‌و ڕۆژه‌وه‌ هه‌موو ساڵێ
به‌هار به‌ئاخ ده‌ست پێ ئه‌كه‌ین
له‌و ڕۆژه‌وه‌ چاوی دنیاش
          ئه‌مانبینێ که‌ئێمه‌ هه‌یین           

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.