راپه‌رین هه‌ناسه‌یه بۆ شكاندنی تینوویه‌تی ئازادی. .. به‌هره‌وه‌ر مه‌رزانی
راپه‌رین هه‌ناسه‌یه بۆ شكاندنی تینوویه‌تی ئازادی
به‌هره‌وه‌ر مه‌رزانی
گه‌لی كورد به‌درێژایی مێژووی داگیركردنی كوردستان و دابه‌شكردنی به‌سه‌ر وڵاته داگیركه‌ره‌كاندا تا به‌ئه‌مڕۆ ده‌گات له‌خه‌بات و تێكۆشان و قوربانیدان نه‌وه‌ستاوه له‌پێناو به‌دیهێنانی سه‌ربه‌خۆیی نیشتمانه‌كه‌یداو به‌درێژایی ئه‌و مێژووه‌و له قۆناغه جیاجیاكاندا گه‌له‌كه‌مان توانیویه‌تی سه‌ربه‌خۆیی ونیمچه سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ست بێنێت و ناوچه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆو ده‌سه‌ڵاتێكی خۆجێیی پێكبهێنێت, هه‌ر له میرنشینه‌كانه‌وه تا ده‌گاته حكوومه‌ته‌كه‌ی شێخی نه‌مرو دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان له مه‌هاباد به‌ڕابه‌رایه‌تی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د.
راپه‌رینی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی باشووری كوردستان له‌به‌هاری 1991 وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی بوو كاتێك گه‌لی كورد به پاڵپشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و به‌سه‌رۆكایه‌تی به‌ره‌ی كوردستانی به‌رووی ده‌وڵه‌تی به‌زۆر داتاشراوی عێراقدا ته‌قییه‌وه‌و له‌ماوه‌ی ته‌نها چه‌ند رۆژێكدا زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خاكی نیشتمان له‌ژێر چنگی پۆستاڵ ره‌شه‌كانی به‌عس ده‌رهێنران و ئازادكران, سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌و جه‌ماوه‌رو ده‌نگۆی راپه‌ڕین تامه‌زرۆیی و تینوویه‌تی خه‌ڵكی كوردستانی بۆ ئازادی شكاند‌و ئاهه‌نگ وخۆشیه‌كان ئاوێزانی راپه‌ڕین بوون و ده‌نگۆی راپه‌ڕین سه‌رتاسه‌ری كوردستانی مه‌زنی گرته‌وه كه هه‌ریه‌كه به‌جۆرێك گوزارشتی لێوه‌ده‌كرد.
ئه‌مڕۆ له‌كاتێكدا هه‌ژده ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و یاده كه‌م وێنه‌یه‌دا تێده‌په‌ڕێت گه‌له‌كه‌مان كه‌وتۆته به‌رده‌م قۆناغێكی تری هه‌ستیارو پڕ له كێشمه كێش له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ئێستای به‌غداو ئه‌وانه‌ی تادوێنێ دۆست و هاوپه‌یمانمان بوون ئه‌مڕۆ سه‌ری رمه‌كانیان به‌رووی ئێمه‌دا وه‌رچه‌رخاندووه‌و هه‌وڵی له‌باربردنی ده‌سكه‌وته‌كانی راپه‌ڕین و مافه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان ده‌ده‌ن كه به‌درێژایی مێژووی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی سه‌قه‌ت و به‌زۆر به‌یه‌كه‌وه لكێندراوی عێراق, رژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن و به‌دڕندانه‌ترین شێوه‌و دوور له‌هه‌موو به‌هایه‌كی ئه‌خلاقی و ئینسانی هه‌وڵی جینۆساید كردنی گه‌له‌كه‌مانیان داوه .
ئه‌گه‌رچی راپه‌ڕینی به‌هاری 1991 به‌شێكی خاكی نیشتمانی له‌زوڵم و سته‌می رژێمی به‌عسی گۆڕ به‌گۆڕ كرا‌و پاككرده‌وه به‌ڵام تا به‌ئه‌مڕۆ ده‌گات راپه‌ڕینی خه‌ڵكی كوردستان به‌رده‌وامه‌و هێشتا ته‌واوی ئامانجه‌كانی به‌دینه‌هاتووه , چونكه هێشتا به‌شێكی زۆری خاكی باشوری كوردستان له‌ژێر ده‌ستی رژێمی ناوه‌ندی عێراق دایه‌و به‌رده‌وامیش له‌مبه‌ر ده‌خاته به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی ئه‌و مادده ده‌ستووریه‌ی بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌وناچانه داندراوه كه تائێستا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌رخاكی نیشتمانی دایك كه مادده‌ی (140)ی ده‌ستووری هه‌میشه‌ییه‌و جێبه‌جێكردنیشی تاكه زامنه بۆ مانه‌وه‌ی باشووری كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته.
بۆیه پێویسته سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان هه‌ڵوێستی جددی تر وه‌ربگرن و خه‌ڵكی كوردستانیش وه‌ك ئه‌ركێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی ریزه‌كانی خۆیان رێكبخه‌نه‌وه بۆ ته‌واو كردنی راپه‌ڕین و شكاندنی تینوویه‌تی ئازادی .
Bahrawar_s@yahoo.com