سپینۆزای حه‌كیم و پێغه‌مبه‌ری هه‌قبێژی و فه‌لسه‌فه
ئاماده‌كردنی له هۆڵه‌ندیه‌وه: حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ
بۆ ناسینی سپینۆزا پێویسته ئه‌وه‌مان له‌بیر بێت كه ئه‌ویش هه‌ر وه‌ك كانت و هیگڵ، بیرمه‌ندێكی نه‌زم ئه‌ندیش و سیسته‌مسازه. به گوته‌یه‌كی تر، فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی ئه‌و په‌یوه‌سته به تیۆریی ئه‌خلاقه‌كه‌یه‌وه و ئه‌و دوانه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌مكی گه‌وهه‌ری مرۆڤ كه له‌سه‌ر روانگه مێتافیزیكییه‌كه‌كانی وه‌ستاوه، دامه‌زراندووه. به‌ر له‌وه‌ی بچینه سه‌ر روانگه سیاسییه‌كانی سپینۆزا، پێوه‌سته سه‌رنجێكی گشتی بخه‌ینه سه‌ر روانگه مێتافیزیكییه‌كانی ئه‌و.
له مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرنی خۆراوادا، سپینۆزا زیاتر به ئاوه‌زباوه‌ڕێكی دیكارتی داده‌نرێت كه رێچكه‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ی فه‌یله‌سووفانی ئه‌زموونباوه‌ڕی وه‌ك لۆك و دێڤید هیووم و ته‌نانه‌ت هۆبزی هه‌یه. هه‌ڵبه‌ت كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه له‌سه‌ر ئه‌و جیاوازییه هه‌یه، هه‌رچه‌نده كه ئیسپینۆزا به ته‌واوی دژی رێچكه‌ی ئه‌زموونی نه‌وه‌ستاوه‌ته‌وه. چونكه ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی ئه‌زموونباوه‌ڕه‌كاندا هاوده‌نگه كه ده‌ڵێن: ره‌گی مه‌عره‌فه له هه‌ستدایه. به‌ڵام دژایه‌تییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌زموونباوه‌ڕه‌كان لێره‌دایه كه ده‌ڵێ تێگه‌یشتنی هه‌سته‌كی ناتوانێ ببێته پێوه‌ری حه‌قیقه‌ت. له هه‌مان كاتیش‌دا قه‌بووڵكردنی ئه‌وه‌ش سه‌خته كه سپینۆزا وه‌ك ئاوه‌زباوه‌رێكی ته‌واو دیكارتی سه‌یر بكرێت. چونكه ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت له‌ژێر كاریگه‌ریی دیكارتیشدا بێت، له زۆر بابه‌تدا لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه، به‌تایبه‌ت كه له‌ژێر كاریگه‌ریی نووسه‌ره یه‌هوودی و ئیسلامییه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌راستیشدا بووه.
سپینۆزا، له‌م خاڵه‌دا هاوده‌نگی ئاوه‌زباوه‌ڕه‌كانه كه تێگه‌یشتنی هه‌سته‌كی، مرۆڤ به‌لارێدا ده‌بات و مه‌عریفه‌ی پێویست ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی ئاوه‌زه‌وه به‌ده‌ست دێت. به‌ڵام له‌حاڵێكدا كه ئه‌ندێشه‌ی دیكارت زیاتر له لۆژیك و زانسته‌كاندا خه‌ست ببۆوه، ئیسپینۆزا، له بناغه‌وه رووی له ئه‌خلاق و مه‌زهه‌به. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش، ئیسپینۆزا به سوودوه‌رگرتن و به‌كارهێنانی میتۆدی ئه‌ندازه‌یی(هیندسی) دیكارت له فه‌لسه‌فه‌ی خۆیدا وه‌ك باشترین میتۆدی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ واقعییه‌ت، په‌یڕه‌وی دی‌كارته. له‌به‌رچێ؟ چونكه ئیسپینۆزا ده‌یه‌وێ هه‌ر به‌و روونی و شه‌فافییه‌ته‌ی كه خۆی ده‌یبینێت، حه‌قیقه‌ت به دیترانیش نیشان بدات، وه‌ك ئه‌وه‌ی شتێكی ئاشكرا نیشان بدات.
به‌م شێوه‌یه، حه‌قیقه‌تی هزره‌كان له روانگه‌ی سپینۆزاوه، نه‌ك ته‌نیا په‌یوه‌سته به روونی و ئاشكرابوونیانه‌وه (دیكارتیش زۆر جار له‌سه‌ر ئه‌و رایه بوو)، به‌ڵكوو په‌یوه‌سته به هێزی ده‌روونیی ئه‌وانیشه‌وه. كه‌واته ئه‌گه‌ر هزرێك به‌هێز نه‌بێت، له حه‌قیقه‌ته‌وه نزیك نییه. به‌ڵام هزری حه‌قیقی خۆی پێویسته ئاشكراش بێت. مه‌به‌ست، هزرێكه كه به‌هۆی خۆیه‌وه حه‌قیقه‌ته. لێره‌دا ئیسپینۆزا پرسیارێك ده‌خاته به‌ر ده‌ست: كام هزر به هۆی خۆیه‌وه هه‌ڵگری حه‌قیقه‌ته و كامه هزره كه گه‌وهه‌ری وجوودی راسته‌قینه‌ی خۆیه‌تی؟ ولامه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه: هزری زات یان هزری یه‌زدانی. واتا هزرێكی حه‌قیقی كه وجووده‌كه‌ی بێ‌سنوور و بێكۆتایه و گشتی و هه‌مه‌كی بوونه‌كه‌ی له‌ڕێگه‌ی له‌لووتكه‌دا‌بوونه‌كه‌یه‌وه دیاره.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌زدان یان زاتی كامڵ، خود ئاشكرا و هه‌مه‌گیر بێت، كه‌واته بوونی هیچكه‌س ناكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی زاتی ئه‌وه‌وه. له‌م رووه‌وه، ئیسپینۆزا، یه‌زدان یان زات و سروشت به یه‌ك شت ده‌زانیت. به گوته‌یه‌كی تر، زات، یه‌زدان یان سروشت، جیهانی هه‌مه‌كیی هه‌موو شته‌كانه. ئه‌و، ئه‌و هه‌مه‌كه به یه‌زدان ده‌زانێت. به‌م شێوه‌یه، ئه‌و به‌پیچه‌وانه‌ی یه‌هوودییه‌ت و مه‌سیحییه‌تی سوننه‌تی، یه‌زدان و جیهان به دوو بوونی جودا نابینێت، ئه‌وانه یه‌ك شتن ئه‌گینا یه‌زدان، به‌هۆی بوونی جیاوازی جیهانه‌وه، سنووردار ده‌بێت و ناتوانێ بێكۆتا بێت.
ئێستا كه یه‌زدان یان زات، به‌شێوه‌ی ره‌ها، بێ‌سنوور و ناكۆتایه، كه‌واته ده‌بێ هه‌ڵگری سیفه‌تی بێسنووری و ناكۆتاییش بێت. هه‌ندێ رێسه‌ی ناكۆتای ره‌هه‌نده‌كانی سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نه‌مری یه‌زدانی، به‌ڕێوه‌یه. به‌شێك له‌و ره‌هه‌ندانه ناكۆتا و هه‌ندێكیشیان سنووردارن. ره‌هه‌نده بێكه‌ناره‌كان له ده‌ره‌نجامه بێپسانه‌وه‌كانی گه‌وهه‌ری یه‌زدانین و واقعییه‌تێكی بێ‌سنووریان هه‌یه، ره‌هه‌نده سنوورداره‌كانیش هه‌ر له زاتی یه‌زدانه‌وه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه به‌رده‌وام له‌حاڵی تۆند بوونه‌وه و شلبوونه‌وه‌ی به‌دی و نابه‌دیدان و به‌م پێیه هه‌ڵگری گۆڕانن. ئه‌نجام ئه‌وه‌یه كه، له زه‌ینی یه‌زداندا، هه‌ركام له‌و ره‌هه‌ندانه له قاڵبی سیفه‌تگه‌لی بێكه‌ناری ناكۆتادا نه‌خش هه‌ڵده‌گرن. لێره‌دا، ئیسپینۆزا، ئه‌وه له‌گه‌ڵ زه‌ینی مرۆڤێك هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ و ده‌گاته ئه‌و ئه‌نجامه كه زه‌ینی مرۆڤه‌كان ته‌نیا دوو سیفه‌تیان هه‌یه: یه‌كیان ره‌هه‌ند و ئه‌ویتر هزر.
له‌و رووه‌وه كه جه‌سته‌ی ئێمه یه‌ك له لایه‌نه‌كانی ره‌هه‌نده، زه‌ینی ئێمه به‌رهه‌می هزره‌كانی جه‌سته‌مانه. به گوته‌یه‌كی تر، بوونه‌وه‌ری مرۆیی، له راستیدا دوانه‌یه‌كه له یه‌ك په‌یكه‌ر و جه‌سته‌دا. ئه‌و جه‌سته‌یه و له هه‌مان كاتدا زه‌ینیشه. له حاڵه‌تی جه‌سته‌بووندا، بوونه‌وه‌ری مرۆیی به‌شێكه له جیهانی ره‌هه‌نده‌كان و له‌م رووه‌وه، له‌رێگه‌ی هه‌سته‌وه، ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ریی جه‌سته‌كانی تره‌وه. كه‌واته جه‌سته‌ی مرۆیی له‌نێوان سۆزه ناسازگاره‌كاندا گرفتاره كه هانی ده‌ده‌ن خۆشه‌ویستی بكات یان نه‌فره‌تی هه‌بێت. به پێی بۆچوونی ئیسپینۆزا، گرفتاری سۆزه‌كانیانن و په‌یوه‌ندیی باوی نێوانیان، له‌جۆری نه‌فره‌ت و شه‌ڕه. به‌و شێوه‌یه‌ی كه له كتێبی سێهه‌می "ئه‌خلاق"ی خۆیدا ده‌ڵێ: " مرۆڤ زۆربه‌ی كاته‌كان به راپسكانی وجووده‌كانه‌وه گرفتارن و وه‌ك شه‌پۆله‌كانی ده‌ریا، له‌به‌ر سیله‌ی – با- وێڵ و تۆفه‌نده‌كاندان و بێ‌ئاگان له ئاكام و چاره‌نووسی دوایی خۆیان".
به‌ڵام له روانگه‌ی سپینۆزادا، مرۆڤ ده‌توانن خۆیان له‌م به‌ندانه رزگار بكه‌ن، چونكه ئه‌وان خاوه‌نی هێزی ئه‌ندێشه‌ن. به‌پێی بۆچوونی ئیسپینۆزا، مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێك كه خاوه‌نی هێزی ئه‌ندێشه‌یه، له‌راستیدا خۆی زه‌ینێكی ئه‌قڵانییه. ئه‌و، زه‌ینی ئه‌قڵانی به سه‌رچاوه‌ی بیرۆكه كامڵ و كارامه‌كان ده‌زانێت. بیرۆكه كامڵه‌كان، ئه‌و بیرۆكانه‌ن كه ئێمه تیایاندا گه‌یشتووینه‌ته لووتكه، هه‌روه‌ك له یه‌زدانیشدا وایه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیرۆكه كامڵه‌كان بوونیان هه‌یه، كه‌واته ده‌بێ بیرۆكه‌ی ناكامڵیش له زه‌ینی مرۆڤدا هه‌بن. بیرۆكه ناكامڵه‌كان، ئه‌و بیرۆكانه‌ن كه حاڵه‌تی خه‌یاڵییان هه‌یه. كه‌واته به‌سه‌رهاته‌كه به‌م شێوه‌یه‌یه كه مرۆڤ، به‌هێزی ئاوه‌ز، هه‌وڵ ده‌دات بیچم به‌و بیرۆكه ناكامڵانه بدات كه هه‌یه‌تی له كاره‌كاندا و په‌یوه‌ندیی نێوان بیرۆكه كامڵ و ناكامڵه‌كان لاواز بكات. ئه‌وكات كه په‌یوه‌ندیی ئه‌م دوو بیرۆكه‌یه لاواز بێت، راكیش و هێزی سۆزه‌كان، كه هۆكاری سه‌ره‌كیی ناسازگارین، لاواز ده‌بێت. له‌م حاڵه‌ته‌دا، مرۆڤه‌كان ده‌توانن به‌هه‌وڵی خۆیان هه‌ڵه‌كانی خۆیان پاكژ بكه‌نه‌وه و ئاستی مه‌عریفییه‌كه‌یان له ئاستی تێگه‌یشتنی هه‌سته‌كی، به‌رزتر بكه‌نه‌وه بیبه‌نه ئاستێكی باڵاتر. هه‌روه‌ها ئه‌وه به‌و مانایه‌یه كه ئێمه ده‌توانین هۆشیار بین به نسبه‌ت بیرۆكه‌كانی خۆمان و تاقییان بكه‌ینه‌وه. به‌بۆچوونی سپینۆزا، مرۆڤێك كه هۆشیاره به ئه‌ندێشه‌كانی خۆی مرۆڤێكه كه له به‌رواوه‌رد له‌گه‌ڵ زه‌رووره‌تی بیرۆكه كامڵه‌كاندا، له خۆی و كرداره‌كانی به‌ئاگایه.
كه‌واته ئه‌م كردارانه، ئازادانه بیریان لێكراوه‌ته‌وه، چونكه سه‌ربه‌ستن. خاوه‌نی سه‌ربه‌ستین چونكه له‌لایه‌ن ئاوه‌زه‌وه دیاری ده‌كرێن. له كرداری له‌و چه‌شنه‌دا، ئیراده‌ی مرۆڤ، ئیراده‌یه‌كی ئازاده، چونكه له‌راستیدا، زه‌ین و ئیراده یه‌ك شتن.
سپینۆزا له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، سیسته‌می ئه‌خلاقییه‌كه‌ی خۆی گه‌ڵاڵه ده‌كات كه هه‌م سه‌قامگیره و هه‌م له‌لایه‌نی ئه‌خلاقیه‌وه ره‌زابه‌خش، چونكه ده‌گه‌ڕێ به‌شوێن رێگه‌یه‌كدا بۆ هاوده‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تی و رێنوێنیی كۆمه‌ڵگا. به‌واتایه‌كی تر، به‌بۆچوونی سپیینۆزا بنه‌مای ئاوه‌زیی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی، به حوكمی ئاوه‌زی مرۆیی ئه‌وه‌یه كه مرۆڤه‌كان پێویستییان به ئاشتی، سازگاری و هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌یه. به‌م پێیه، هه‌ركه‌س له‌و ئه‌قڵانییه‌ته تێگه‌یشتبێت كه وابه‌سته‌یه به دیتران و دیترانیش به‌و وابه‌سته‌ن، هیچكه‌س ناتوانێ له گۆشه‌گیریی ته‌واودا بژی، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نه‌فره‌ت و به‌رچاوته‌نگیش بگاته ئاستێك كه هه‌موو مرۆڤه‌كان ناچار به لێكدابڕان بكات.
ئێستاش ئه‌گه‌ر بچینه ناو حه‌وزه‌ی سیاسییه‌وه یه‌كه‌م راستییه‌ك كه تووشی دێین ئه‌مه‌یه كه: مرۆڤه‌كان زیاتر به‌هۆی حه‌زه كوێركوێرانه‌كانه‌وه رێ ده‌گرنه‌به‌ر هه‌تا ئاوه‌ز. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كان بیانه‌وێ پێكه‌وه بژین، ده‌بێ له هێزی ئه‌م راستیه كه‌م بكرێته‌وه. به‌م پێیه سپینۆزا هه‌وڵ ده‌دا وه‌ك هۆبز و لۆك چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌م گرفته بدۆزێته‌وه. ئه‌ویش وه‌ك هۆبز ته‌وه‌ری سیاسیی خۆی له چه‌مكی دۆخی سروشتییه‌وه ده‌ستپێده‌كات و چه‌مكه‌كانی یاسای سروشتی و مافی سروشتی دێنێته نا سیسته‌می مێتافیزیكیی خۆیه‌وه. ئه‌گه‌رچی هۆبز، مافه سروشتییه‌كان و سۆزه سروشتییه‌كان لێك جیا ده‌كاته‌وه له‌و رایه‌دایه كه ئه‌و دوو هۆكاره ده‌وری گرینگ‌یان هه‌یه له گۆڕینی دۆخی سروشتی بۆ دۆخێكی جه‌نگی، به‌ڵام روانینی ئیسپینۆزا بۆ دۆخی سروشتی ئه‌وه‌یه كه ئه‌م دۆخه به‌رهه‌می سۆزه سروشتییه‌كانه. ئه‌وه‌ی ئیسپینۆزا ده‌یڵێ ئه‌وه‌یه كه: " مرۆڤ له زاتی خۆیاندا دوژمنی یه‌كترین". چونكه ئه‌وان له ژێر كاریگه‌ریی هه‌ندێ سۆزی وه‌ك نه‌فره‌ت، به‌رچاوته‌نگی و تووڕیییدان. به‌ڵام مرۆڤ له‌رووی گه‌وهه‌رییه‌وه، ئاوه‌زیشن و ئه‌گه‌ر هه‌موو مرۆڤه‌كان له‌ژێر رێبه‌رایه‌تیی ئاوه‌زدا بووایه‌ن، هه‌مووكه‌س ده‌یتوانی داوای مافه سروشتییه‌كانی بكات. به‌م پێیه به‌پێی بۆچوونی سپینۆزا، مافه سروشتییه‌كان له‌راستیدا هه‌مان ده‌سه‌ڵاته سروشتییه‌كانن، چونكه هه‌ركارێك كه مرۆڤ به سروشتی ده‌توانێ ئه‌نجامی بدات، له‌راستیدا مافی سروشتیی به‌سه‌ریه‌وه هه‌یه. به‌م شێوه‌یه ده‌بینین كه تیۆرییه‌كانی هۆبز و سپینۆزا، به سه‌رنجدان به پێناسه‌كانی دۆخی سروشتی، ته‌واو هاوشێوه‌ی یه‌كن. هۆبز ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له دۆخی سروشتی‌دا كه هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی بوونی نییه، تاك مافی ئه‌نجامدانی هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی هه‌یه كه له توانایدایه ئه‌نجامیان بدات. هۆبز ده‌ڵێ كه له كۆمه‌ڵگای سیاسی‌دا، تاك مافی ئه‌نجامدانی هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی نییه كه له توانایدایه ئه‌نجامیان بدات، چونكه ئه‌وه مافی حاكمه. ئیسپینۆزاش ده‌ڵێ كه له كۆمه‌ڵگای سیاسی‌دا تاك مافی ئه‌وه‌ی نییه كه هه‌ركارێك كه ده‌یتوانێ و ده‌یخوازێ ئه‌نجام بدات. به‌ڵام ئه‌و به‌پێچه‌وانه‌ی هۆبز خه‌سارێك له ده‌ره‌نجامی ئه‌و مافه سروشتییانه‌وه كه له‌پاش هاتنه ناوه‌وه‌ی تاكێك بۆ ناو كۆمه‌ڵگا ده‌رده‌كه‌ون، نابینێت.
له‌كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا ئه‌گه‌رچی تاك مافی ئه‌نجامدانی هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی هه‌بێت كه ده‌توانێ ئه‌نجامیان بدات به‌ڵام ده‌وڵه‌ت، سنووری كاره‌كانمان به‌گوێدا ده‌دات. به‌م پێیه تیۆرییه‌كه‌ی هۆبز هه‌ڵگری سنوورداری و كه‌مایه‌سییه له مافی سروشتی‌دا. به‌ڵام تیۆرییه‌كه‌ی سپینۆزا به‌م شێوه‌یه نییه. چونكه هۆبز چه‌مكی مافی سروشتی له مرۆڤدا به‌رته‌سك ده‌كاته‌وه، به‌ڵام سپینۆزا سروشت و یه‌زدان به یه‌كسان ده‌زانێت و به‌و شێوه‌یه یاسای سروشتی هه‌مان یاسای یه‌زدانییه كه هاوكات یاسای سروشت و گه‌وهه‌ری مرۆڤه و چونكه ئه‌مه یاسای مرۆڤێكه كه به شوێن مه‌به‌ستی خۆیه‌وه‌یه‌تی، كه‌واته مرۆڤایه‌تی خاوه‌نی مافی سروشتییه.
لێره‌دا سپینۆزا ده‌ڵێ كه به‌حوكمی ئاوه‌ز، كۆمه‌ڵگا هه‌رچه‌ند یه‌كانگیرتر بێت، ئه‌ندامه‌كانی زیاتر له ئاشتی و هه‌ماهه‌نگیدا ده‌ژین. به‌گوته‌یه‌كی تر ئه‌وان ناچارن تواناییه‌كانی خۆیان له چوارچێوه‌ی مافی هاوكاریدا، یه‌كانه و یه‌كانگیر بكه‌ن. ئه‌مه هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه ئیسپینۆزا به "حاكمییه‌ت" ناودێری ده‌كات، حاكمییه‌ت، ده‌سه‌ڵاتی گشتی یان مافی هاوكاری و هاوبه‌شی له ئه‌ركه‌كاندایه. ته‌نیا به كه‌ڵكاوه‌ژۆی حاكمییه‌ت له مافه كه ماف و نه‌ماف و داد و بێدادی دێنه ئاراوه. چونكه یاسای ده‌وڵه‌ت به مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی یاساكانی ئاوه‌ز به‌دی دێت. كه‌واته هه‌مووكه‌س له‌سه‌ریه‌تی په‌یڕه‌وی له یاسا بكات، چونكه ئه‌مه ته‌نیا رێگه‌ی پاراستنی دسیپلینی كۆمه‌ڵایه‌تییه. به‌ڵام به‌بۆچوونی هۆبز،ماف هه‌ڵگری گواستنه‌وه و پێسپاردنه و پێسپاردنی ماف یه‌كسانه له‌گه‌ڵ دركاندنی ئیراده‌یه‌ك بۆ جێهێشتنی ماف.
وشه‌ی پێسپاردن و گواستنه‌وه له هزری ئیسپینۆزادا، له‌راستیدا یه‌كسان و به‌مانای په‌یڕه‌وی له ده‌سه‌ڵاتێكی تره. به‌ڵام پێسپاردن له‌واقعدا روونادات، چونكه شتێك ته‌رك ناكرێت. له‌لای هۆبز له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تاكێك سه‌ربه‌ستییه‌كه‌ی خۆی گواسته‌وه بۆ ناو ده‌سه‌ڵاتێك، ئیتر ئه‌و سه‌ربه‌ستییه نامێنێت و ده‌بێته فره‌ییه‌كی بێكۆنترۆڵ و بێلغاو. به‌ڵام سپینۆزا راست به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه بیر ده‌كاته‌وه. ئه‌و ده‌ڵێ: مه‌به‌ست ئه‌وه نییه كه تاك هاوكات كه مافه‌كه‌ی خۆی سپارده ده‌ست حاكمییه‌ت، ئه‌و مافه به ته‌واوی له‌ناو ده‌چێ، به‌ڵكوو به بۆچوونی ئه‌و، مرۆڤه‌كان هیچكات ناتوانن واز له مافه‌كانی خۆیان بهێنن، ئه‌گینا له مرۆڤ بوون ده‌رده‌چن. به‌م پێیه ئیسپینۆزا، به‌گریمانه‌گرتنی ده‌ست تێوه‌رنه‌دران له مافه سروشتییه‌كاندا، هه‌موو ئه‌و ده‌روه‌ستییانه‌ی كه له‌سه‌ر بنه‌مای خودبه‌رژه‌وه‌ندیی دانه‌مه‌زراون، به‌نابه‌جێ ده‌زانێ و پشت گوێیان ده‌خات. هه‌ر له‌م رووه‌وه و له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی ئیسپینۆزادا جێگه‌یه‌ك بۆ سته‌مكاریی ده‌سه‌ڵاتداران له‌ئارادا نییه. به‌م مانایه كه ده‌سه‌ڵاتی حاكمییه‌ت ناتوانێ بخرێته به‌ر كه‌ڵكاوه‌ژۆ و ئه‌گه‌ر وابێت، به خودخاپووری كۆتایی دێت. كه‌واتا ئیسپینۆزا به ئاشكرا له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتی حاكمییه‌ت له ناو خه‌ڵكدا كه‌ڵه‌كه بووه. ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌كی له‌و چه‌شنه به "گه‌لی ئازاد" ناودێر ده‌كات كه له‌سه‌ر بنه‌مای كرداری هابه‌شی ئه‌وان، ده‌سه‌ڵات له ده‌ستی كه‌سه‌كاندا كۆده‌بێته‌وه و ده‌ست ده‌كه‌ن به جێبه‌جێكردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی. مۆدێله‌كه‌شی ده‌توانێ پاشایه‌تی بێت یان فیدراتیڤێكی گشتیی پێكهاتوو له خه‌ڵك بێت، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی حاكمییه‌ت له‌ناو خه‌ڵكدایه. به‌م پێیه یاساكان ته‌نیا له بازنه‌ی خواست و به‌رژه‌وه‌ندیی یاسادانه‌ره‌كاندا داناڕێژرێن به‌ڵكوو ئه‌ركێكه له‌ئاست په‌یكه‌ره‌ی گشتیدا. له‌و ئاراسته‌یه‌دا خه‌ڵك له جه‌رگه‌ی په‌یڕه‌وی له یاسادا، له‌ڕاستیدا په‌یره‌وی له ئیراده‌ی خۆیان ده‌كه‌ن. ئه‌مه، ئه‌ندێشه‌ی ده‌وڵه‌ته له فه‌لسه‌فه‌ی ئیسپینۆزادا كه له كتێبی (نامه‌ی یه‌زدانی- سیاسی، به‌ندی 16)ی ئه‌ودا هاتووه. تیۆرییه‌كانی سپینۆزا به نسبه‌ت سه‌رده‌می رێنێسانسه‌وه زۆر پێشكه‌وتوون. چونكه تیۆریی حاكمییه‌ت به شێوه‌یه‌ك گه‌ڵاڵه ده‌كات كه له‌وێدا، حاكمییه‌ت له‌پاڵ ئه‌وه‌دا كه خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی ره‌هایه، هاوكات ئاخێزگه‌یه‌كی ته‌واو خه‌ڵكیشی هه‌یه.
به‌م چه‌شنه ئه‌ندێشه‌ی سپینۆزا نزیكه به بیرمه‌ندانێكی وه‌ك رۆسۆ و بیرمه‌نه سیاسییه‌كانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م كه هه‌وڵ ده‌ده‌ن دوو تیۆریی دژی هۆبز سه‌باره‌ت به حاكمییه‌تی ره‌ها له‌لایه‌كه‌وه و تیۆریی حكوومه‌تی سنوورداری جۆن لۆك له‌لایه‌كی تره‌وه پێكه‌وه ئاشت بكاته‌وه. ئیسپینۆزا دژی ئیستبداد و ده‌سه‌ڵاتی ره‌های ته‌كه كه‌سیكه، به‌ڵام، هه‌روه‌ك گوترا، به‌بۆچوونی ئه‌و حاكمییه‌ت، ره‌هایه چونكه نوێنه‌ری هه‌موو ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگایه. له‌م رووه‌وه ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی یاسای هه‌یه، چونكه سه‌رچاوه‌ی یاساكانه. هه‌ر به‌م شێوه‌یه، مافی سزادانی سه‌رپێچكارانی یاسا و هه‌روه‌ها هاوده‌نگ كردنی هێزی سه‌ربازی و میلیشیای هه‌یه بۆ به‌رگریكردن له په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی. هه‌روه‌ها یاسا سروشتییه‌كانن كه ئه‌وه دیاریده‌كه‌ن چ شتێك باشه بۆهه‌موان و چ شتێك نه‌باش. پێده‌چێ ئیسپینۆزا به‌ته‌مای پێكهێنانی ده‌وڵه‌تێكی ئارمانی و یۆتۆپیایی نه‌بێت. ئه‌و له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه كه بڵێ ئازادیی سیاسی له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی شیاو له‌پێگه‌ی حاكمییه‌تدا ئه‌گه‌ری بوونی زیاتره.
به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و حاكمییه‌ته نوێنه‌ری هه‌موو خه‌ڵك بێت و به‌رێكوپێكی گوێ له داخوازییه‌كانیان بگرێت و به‌شێوه‌یه‌ك كار بكات كه ببێته هۆی وه‌فاداری و هه‌ستی وه‌ئه‌ستۆگرتنی ئه‌ركه‌كان له‌لایه‌ن شارۆمه‌نده‌كانیه‌وه و هێزی پێویستی هه‌بێت بۆ دوور راگرتنی دوژمنه ده‌ره‌كییه‌كانی كۆمه‌ڵگا. كه‌واته، ئازادیی سیاسی به‌بۆچوونی ئیسپینۆزا، له‌راستیدا بریتییه له مافی چاره‌ی خۆ نووسین بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك، ئه‌ویش له‌رێگه‌ی خواست و ئیراده‌ی ئازادی شارۆمه‌ندانه‌وه بۆ هاوكاری. له ده‌وڵه‌تێكی شیاو و به‌توانادا، تاك ده‌توانێ بگاته دۆخێك كه له‌وێدا ده‌رفه‌تی ژیانی ئاوه‌زمه‌ندانه له‌ئارادا هه‌یه. ئه‌و بۆچوونانه، سه‌رێتیی "دیموكراسی" وه‌ك باشترین و به‌رده‌وامترین مۆدێلی ده‌وڵه‌تی لای سپینۆزا ده‌رده‌خات. ئه‌گه‌رچی سپینۆزا لایه‌نگری دیموكراسییه، به‌ڵام هه‌واداری ره‌های دیموكراسی نییه. له‌روانگه‌ی ئه‌ودا، ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجێك بێته پێشه‌وه، كه دیموكراسی تیایدا لاواز و ناكاره‌مه ده‌ركه‌وێت، پێویسته به‌شوێن ئاڵتێرناتیڤێكه‌وه بین. چونكه نابێ بیرمان بچێ كه سه‌رنجی سه‌ره‌كیی ئیسپینۆزا له‌سه‌ر دابینكردنی ئاسایش و دسیپلینه. به‌م حاڵه‌وه، به‌بۆچوونی ئه‌و دیموكراسی سروشتیترین مۆدێلی حاكمییه‌ته، چونكه ئامانجی سه‌ره‌كی و سه‌ره‌تایی ئه‌و، ژیانی هاوكات له‌گه‌ڵ ئاشتی و هه‌ماهه‌نگییه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، چه‌مكی "دیموكراسی"ی ئیسپینۆزا ره‌خنه‌ش هه‌ڵده‌گرێت. گرینگ‌ترینیان، ئه‌وه‌یه كه ئیسپینۆزا له‌گه‌ڵ دیموكراسی بۆ هه‌موو تاكه‌كان نییه. ئه‌و هه‌ندێ له توێژه‌كانی خه‌ڵك وه‌ك ژنان، منداڵان، خزمه‌تكاران، خراپكاران و بیانییه‌كان و كه‌سانێ كه له چوارچێوه‌ی ژیانی رووسوورانه‌دا نین، له مافی به‌شداری ده‌سڕێته‌وه. ئه‌و پڕه‌نسیپه‌ی كه سپینۆزا له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و بڕیار ده‌رده‌كات كه چ كه‌سانێك ده‌توانن به‌شدار بن چ كه‌سانێك مافی ئه‌وه‌یان نییه، به پره‌نسیپی Sui Juris ناودێر ده‌كرێت. بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێك "مافی به‌شداریی" هه‌بێت، نابێ كه‌وتبێته بازنه‌ی دسه‌ڵاتی ئه‌ویتره‌وه. به‌م پێیه كه‌سانێك كه خۆژیێن نین، ئیراده‌یان له بازنه‌ی ئیراده‌ی دیتراندایه. سه‌ره‌نجام له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ژناندا وا هه‌ست ده‌كرێ كه ئیسپینۆزا، ئه‌وان به ملكه‌چی سروشتیی مێرده‌كانیان داده‌نێت.
به‌هه‌رحاڵ، ئه‌نجام ئه‌وه‌یه كه سپینۆزا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سیسته‌می دیموكراسی به باشترین ده‌زانێ، هه‌وڵ ده‌دات كه باشترین مۆدێلی ده‌وڵه‌تیشی بۆ ئاماده بكات. ئه‌و هه‌وڵ ده‌دات ئه‌ندێشه‌كانی خۆی به ته‌واوی پراكتیزه بكات و خۆ له ئارمانگه‌رایی و یۆتۆپیا دوور بكاته‌وه. گرنگترین شت لای ئه‌و، جێكه‌وتنی ئه‌و راستییه‌یه كه حاكمییه‌ت له خه‌ڵكه‌وه ده‌رده‌كه‌وی و خه‌ڵك و حاكمییه‌ت هه‌ردووكیان په‌یڕه‌وی یاسای ئاوه‌ز بن. له‌م خاڵه‌دا، فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی سپینۆزا، ده‌كرێ له‌گه‌ڵ روانگه‌ی ژان ژاك رۆسۆ به هاوشێوه سه‌یر بكرێت، به‌تایبه‌ت له‌وێدا كه سپینۆزا ده‌ڵی: ته‌نیا كاتێك ده‌سه‌ڵاتی حاكم ره‌ها ده‌بێ كه هی هه‌موو خه‌ڵك بێت"، گوته‌كه‌ی رۆسۆمان وه‌بیر دێنێته‌وه كه ده‌یگوت: حاكمییه‌ت ته‌نیا له‌گه‌ڵ چه‌مكی ئیراده‌ی گشتیدا یه‌كسانه." به‌ڵام چه‌مكی په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تیی رۆسۆ، ته‌واو ئازادانه و دڵخوازانه‌یه، له‌حاڵێكدا كه په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئیسپینۆزا، ته‌نیا كاتێك دڵخوازانه‌یه كه كرداری تاكه‌كان، به‌رهه‌می جۆرێك ره‌زایه‌ت بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، مه‌به‌ستی رۆسۆ، پێكهاتنی سیسته‌مێكی حكوومه‌تیی له‌رووی ئه‌خلاقییه‌وه مه‌شرووعه. له‌حاڵێكدا كه، كاتێ ئیسپینۆزا باس له خێره گشتییه‌كان ده‌كات، مه‌به‌ستی، بیچمگرتنی رێكخراوێكه كه ئاشتی و ئاسایش ده‌سته‌به‌ر ده‌كات و له‌م ناوه‌نده‌دا ناگه‌ڕێت به‌شوێن پڕه‌نسیپێكی ئه‌خلاقیدا.
تێبینی: ناوی سپینۆزا، یان ئیسپینۆزا هه‌ردوكیان هه‌ر راستن بۆیه حه‌زمكرد هه‌ردوكیان به‌كار بێنم.