گه‌ڕانه‌وه بۆلای كه‌ناره‌كانی جه‌ننه‌ت… بۆلای ئه‌و …….. بۆلای ئه‌و ….. ئیبراهیم هه‌ورامانی
گه‌ڕانه‌وه بۆلای كه‌ناره‌كانی جه‌ننه‌ت
بۆلای ئه‌و
شیعری : ئیبراهیم هه‌ورامانی
زستانی : 2009په‌نجه‌كانم لای ئه‌و به‌جێ هێشت
له‌دوو توێی لاپه‌ڕه‌ی
هه‌ناسه‌كانیا
سپاردم به‌غه‌ریبی .
چ بكه‌م ،
جورئه‌تم نه‌كرد .. ته‌مه‌نێك بگوزه‌رێنم
خاڵی بێت …
له‌ده‌نگی وه‌رینی گۆرانیه‌كی ئێوارانی غه‌ریبیم .
له‌وێ له‌پاڵ
گوڵه سووره‌كانی باخچه‌كه‌دا
رۆحیانه‌تم به‌دیار
نیگا رژاوه‌كانی هه‌ردووكمانه‌وه
به‌جێهێشت .
جورئه‌تم نه‌كرد ..
به‌دزی پاساری یه‌كانه‌وه گوێ
له‌غه‌ریبترین ترپه‌ی دڵی خۆم بگرم .
له‌وێ ته‌نیا مامه‌وه
باخچه‌كه به‌وێنای
جه‌ننه‌ت ده‌چوو .
پڕ بوو له نیگای عاجزی مانگه‌شه‌وو
له گۆرانی یه سه‌ره ڕۆكانی ،
ڕیشۆڵه گوناهه‌كان .
من ووته‌یه‌كم نه‌مابوو بۆ دواندن
نه‌فه‌سێكم نه‌مابوو بۆ
ئاوابوون .
له‌وێ له‌باوه‌ش نیگا وونبوه‌كانی هه‌ردووكمانا
دێڕ به‌دێڕی شیعره‌كانی خۆمم دۆزی یه‌وه
سه‌روسیمایان نورانی
وه‌ك ئه‌و قافڵه‌یه‌ی بڵێ ی
له‌جه‌ننه‌ت گه‌ڕاببنه‌وه
بۆنی عه‌تری لێوانی ئه‌ویان لێ ده‌باری .
ئه‌و لێوانه‌ی
قه‌رابوو دوێنێ
ماچێ ببه‌خشنه
ڕۆحیانه‌تی دڵم .
له‌وێ په‌نجه‌كانم به‌جێ هێشت
له‌كه‌ناره‌كانی جه‌ننه‌ت
به‌ته‌نیشت هه‌ناسه‌كانی
دێڕ به‌دێڕی ئه‌و شیعرانه‌ی
بۆ عاجزترین
ساته‌كانی
مه‌ستبوونم .
گێڕابویه‌وه .
له‌وێ گوڵه سووره‌كانم خۆش ویست
گوڵه‌كانی باخی جه‌ننه‌ت
ئه‌و گوڵانه‌ی به‌دیار
خه‌ونه‌كانی هه‌ردووكمانه‌وه
باخچه‌كه پڕ ده‌كه‌ن له‌جوانی .
له‌وێ …له‌وێ
له لای كه‌ناره‌كانی جه‌ننه‌ت
هه‌ناسه‌كانمان بوونه مێخه‌ك
نیگاكانمان بوونه وه‌نه‌وشه
چرپه چرپی عاشقانه‌مان بوونه
چه‌پكه نێرگس …
له‌وێ له‌نێو باخچه‌كه دا
نه‌گه‌ڕاینه‌وه و
زه‌مه‌نمان جێ هێشت .