Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
دونیای شێتبوون و خه‌می نیشتمان له‌ ئه‌ماره‌تی مناڵێدا….ده‌وه‌ن

دونیای شێتبوون و خه‌می نیشتمان له‌ ئه‌ماره‌تی مناڵێدا….ده‌وه‌ن

Closed
by March 17, 2009 گشتی

دونیای شێتبوون و خه‌می نیشتمان له‌ ئه‌ماره‌تی مناڵێدا

(گه‌ر مردن نه‌هێنینه‌ به‌ر چاومان،ئه‌وا ناتوانین هه‌ست به‌بوونی ‌ژیانمان بکه‌ین)
                                                                 یۆستاین گارده‌ر

ده‌وه‌ن
(نامه‌یه‌کی ئه‌لکترۆنی)

بۆ برای زێده ‌ئازیزم شاعیر(ئارام ئیسماعیل)
زۆر سوپاس بۆ دیارییه‌ جوانه‌که‌تان،که بریتی بوو له‌‌ کۆمه‌ڵێک ده‌قی شیعری،له‌ژێر ناوی(ئه‌ماره‌تی تاریکی)لێت ناشارمه‌وه‌ ماوه‌یه‌که‌ به‌نده‌ی بچوکتان،خه‌ریکی لێکۆلینه‌وه‌یه‌که‌ له‌سه‌ر ئه‌زموونه‌کانی دونیای شاعیرانی وه‌ک(به‌ختیار عه‌لی،دلاوه‌ر قه‌ره‌داخی،جه‌مال خه‌مبار،شێرکۆ بێکه‌س،قایه‌ر سه‌رچناری)له‌و لێکۆڵنه‌وه‌یه‌مدا به‌ درێژی باسی شیعر و ته‌کنیک و ئێستاتیکای ده‌قی شیعرم کردووه‌،هه‌رچه‌نده‌ قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌زموونانه،‌گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ میتۆده‌ گرنگه‌کانی دونیای فه‌لسه‌فه‌ و جوانیناسی،که‌ به‌داخێکی زۆره‌وه‌ تاکو ئێستا،ڕه‌خنه‌گرانی لای ئێمه‌ نه‌یانتوانییوه‌،ڕێگه‌ ته‌قلیدیه‌کانی ڕاڤه‌ی شیعر له‌ سه‌رده‌می تازه‌دا بدۆزنه‌وه‌و له‌جێی ئه‌ودا زمانی تازه‌ و جوانیناسی ئه‌مڕۆ له‌ شیعردا بخه‌مڵێنن.من له‌ مێژه‌ ووتومه‌ شیعر پرسیاره‌،واته‌ پرسیاره‌ له‌(ماچ،مردن،به‌هه‌شت،نیشتمان،خائین،خوا)وپرسیاره‌ له‌هه‌موو ژانره‌ گرنگه‌کانی دونیای داهێنانی زمان و مۆڕاڵ و ئێستاتیکا و گشت موحیته‌کانی دونیای ئینسان،له‌هه‌موو سه‌رده‌مه‌ جیاوازه‌کانی ئینسان وه‌ک خۆی،له‌خۆڕا نییه‌(ئاراگۆن)به‌ شیعر هه‌موو جیهان و گشت ده‌سه‌ڵاته‌ کۆنه‌په‌رسته‌کانی دونیای خسته‌ ژێر پرسیاری ئینسانی بوونه‌وه‌،هه‌ر ئاراگۆنیش بوو توانی به‌ شیعر داخوازی ئاشتی بۆ دونیای ئازادی بکات و له‌ پێناویشیدا  قوربانی بۆ بدات. ئه‌م شه‌و نه‌متوانی کڕ و بێده‌نگ بم،له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و دێره‌ جوانانه‌ی ئه‌ماره‌تی تاریکی،به‌تایبه‌ت(مارۆن)ی(1)که‌بۆخۆی گێڕانه‌وه‌یه‌که‌ بۆ سه‌رده‌می به‌رائه‌تی مناڵی و ئاوێته‌بوونه‌ به‌ دونیا عیرفانیه‌که‌ی عه‌شق و دێوانه‌بوون،یان جیهانبینیه‌که‌ی(فوکۆ)به‌تایبه‌ت مێژووی دێوانه‌ی که‌ بوو به‌ یه‌کێک له‌ میتۆده‌ سه‌نگینه‌کانی فه‌لسه‌فه‌،که‌ده‌توانین بێژین له‌دوای ئه‌م کتێبه‌ جیهانییه‌وه‌،ئیدی شێتبوون بوو به‌شێک له‌ کاره‌ هه‌ره‌ گرنگه‌کانی خۆرئاوا و زانسته‌ ده‌روونییه‌کانی عه‌قڵی خورئاوایی،قه‌سیده‌ی مارۆن،گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ جیهانبینییه‌کانی فوکۆ و هیراکلیت و ئه‌رستۆ،بۆخۆتان باش ده‌زانن که‌ ئه‌رستۆ به‌ته‌نیا دواهه‌مین فه‌یله‌سوفی ناوداری ئه‌سینا نه‌بوو،به‌ڵکو یه‌که‌مین گیانه‌وه‌رناسی ئه‌وروپاش بوو،وه‌ ده‌کرێ وه‌ک یه‌که‌مین جوانناسی دونیاش حسابی بۆ بکه‌ین. ئارام ئیسماعیل له‌م ده‌قه‌دا ده‌یه‌وێت شه‌ڕ له‌گه‌ڵ خواو هه‌موو ئه‌فسانه‌کاندا بکات،بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ ببێته‌ فیرده‌وسێک و باخچه‌کان تژی بێت له‌حه‌کایه‌ته‌کانی عاشقان،شاعیر ئازایانه‌ ڕوو له‌ خواو کۆمه‌ڵگه‌ی خه‌سێنراو ده‌کات و پێیان ده‌ڵێ چیدی به‌هه‌شت بۆنی حۆری لێنایه‌ت،ئه‌وێ ته‌نیا شێتخانه‌یه‌که‌ بۆ نه‌زانه‌کانی دین له‌ مێژوودا،سۆفییه‌ درۆزنه‌کان یاداشته‌کانیان بسووتێنن،چونکه‌ به‌هه‌شت بۆنی باران و گوڵه‌ به‌یبوونی لێنایه‌.ئارام ئیسماعیل ناخوازێت حه‌شری ئه‌م دونیاو ئه‌و دونیای له‌گه‌ڵ عاریفه‌ شه‌رمنه‌کانه‌کاندا بکرێت،نا..ئه‌و ده‌یه‌وێت هه‌موو دونیا بخاته‌ سه‌رباڵی باڵنه‌ده‌یه‌ک و له‌وێوه‌ گاڵته‌ به‌ خواو به‌ هه‌موو سۆفییه‌ پاشه‌ڵ پیسه‌کانی ئێره‌و ئه‌وێ بکات،شاعیر ده‌فته‌رێکی له‌به‌ن هه‌نگڵی تووند کردووه‌و پڕپڕیه‌تی له‌ دێره‌ شیرینه‌کانی عه‌شق و مێژووه‌ سه‌رنه‌که‌وتووه‌کانی گوناهباران،ئارام ئیسماعیل پاکبوونه‌وه‌ له‌ ده‌روونیدا به‌دی ده‌کرێت و له‌گه‌ڵ مێژووی عه‌شقیدا ڕاستگۆیانه‌ قسه‌ ده‌کات و پێی ده‌ڵێ:

(ئه‌و کاته‌ی به‌هه‌شت
ته‌نیا شێتخانه‌یه‌ک بوو
منیش ده‌فته‌رێک بووم له‌ گوناه و
فه‌رهه‌نگێ له‌ بێده‌نگی.
ئه‌و کاته‌ی عه‌شق
ئه‌فسانه‌یه‌ک بوو له‌باران،تۆ له‌ کانییه‌ک ڕوونترو
له‌ ته‌م ناسک تربووی
ئه‌و کاته‌ی تۆ باخچه‌و به‌هه‌شت و
عه‌شق بووی
منیش بووم
به‌ دێوانه‌و
ئه‌فسانه‌ و
شێتخانه‌.!)
لێره‌وه‌ جارێکیتر ئارام و شیعر جودا ده‌بنه‌وه‌،شیعر ماڵی له‌ شێتخانه‌یه‌و شاعیریش دێوانه‌یه‌ به‌ دووی ڕێگه‌ دوور و نزیکه‌کانی دونیای عشقدا،زۆرجاران شیعر خۆی ده‌کات به‌ ماڵی خائینێکداو به‌ڵام ئارام و ئێمه‌و دێوانه‌ خاوه‌نی نین،به‌ڵكو ئه‌وه‌ ئیبلیسه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌ر خۆیان عاشق و هه‌ر خۆشیان دێوانه‌ی شیعرن،هێرمان هێسه‌ ووته‌نی(ڕه‌نگه‌ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی شێت بۆی ژیاوین،له‌خه‌یاڵێک زیاتر نه‌بووبێ)ئارامیش خه‌یاڵی ده‌یباته‌ سه‌ر نه‌وڕه‌سه‌ سپی پۆشه‌کانی زه‌مه‌نی مناڵی و داستانه‌ سه‌یرو سه‌مه‌ره‌کانی داپیره‌و حه‌کایه‌ته‌ شیرینه‌کانی شێتخانه‌ی عه‌شق.ته‌مه‌نی مناڵی ئارام و سه‌رده‌می گه‌نجایه‌تی،له‌ ڕووی ئاینیه‌وه‌ گوناهباره‌ دوو جه‌مسه‌ری دژ به‌یه‌کن،هه‌رگیز ئارام و عه‌شق ناچنه‌وه‌ سه‌ر ڕێگا خواره‌کانی نائومێدی،به‌ڵکو ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر ڕێگا میهریه‌کانی مه‌ولانه‌و و مه‌وله‌وی و مه‌حوی،ئه‌م دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یانباته‌ نێو باسه‌ مه‌عریفییه‌کانی دونیای ته‌سه‌وف و ڕۆحه‌ پیرۆزه‌ییه‌کانی پاکژی…پێم خۆش بوو زیاتر له‌سه‌ری بدوێم و ڕاڤه‌ی بکه‌م،به‌ڵام حه‌زیش ده‌که‌م ئه‌و هاوڕێیانه‌ی که‌(ئه‌ماره‌تی تاریکی)یان وه‌رگرتووه‌،که‌م تا زۆر قسه‌ وباسی خۆیان هه‌بێت.!
هه‌ر بژیت و ماندو نه‌بیت کاکه‌ ئارام،ئومێدمه‌ بۆ هه‌میشه‌ ساخ و سه‌لامه‌ت بیت.

                 له‌برای قه‌درزانته‌وه‌           
 ده‌وه‌ن

Previous
Next