په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و سیسته‌می فێرکاری
په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و سیسته‌می فێرکاری
به‌شی دوو و کۆتایی
هۆمه‌ر قه‌ره‌دا‌غی
سویدله ئێراق به درێژایی هه‌شتا ساڵی مێژووی سیسته‌می سیاسی ئه‌و وڵاته، زه‌بروزه‌نگ و سه‌رکوتکردنی تاکه‌که‌س، ناوه‌ڕۆکی په‌یوه‌ندیه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا و قوتابخانه‌کان بوون. له ئێراق و کوردستاندا قوتابی بیه‌وێت و نه‌یه‌وێت ده‌بێت له‌به‌ر مامۆستا هه‌ستێت. بۆی نیه به‌شداری بکات له شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی قوتابخانه‌دا، بۆی نیه بۆچوونی تایبه‌تی هه‌بێت له‌سه‌ر شێوه‌ی وانه وتنه‌وه‌ی مامۆستا. ئه‌م کێشانه وایکردوه که سیسته‌می فێرکاری بخرێته به‌ر شاڵاوی گۆڕانکاری، نوێخوازی و ڕیفۆرم. به‌ڵام هه‌روه‌ک چۆن خۆکوشتنی ئافره‌تان جۆرێکه له به‌ره‌نگاری، ڕیفۆرمه‌کانیش بونه‌ته جۆرێک له به‌ره‌نگاری به‌رامبه‌ر سیسته‌می کۆن و باو. ویستێکی زۆر هه‌بوون که گۆڕانکاری بکرێت، به‌ڵام خستنه‌گه‌ڕی ڕه‌وڕه‌وه‌یه‌کی وا قورس که له‌ژێر قورسایی ساڵه‌کانی مێژوودا ژه‌نگی هه‌ڵهێنابوو پێویستی به ئیراده و ئه‌دایه‌کی بوێرانه هه‌بوو که له‌لایه‌ک کار له‌ژێره‌وه بکرێت، واته له‌گه‌ڵ مامۆستادا کاربکرێت بۆ گۆڕانکاری و له‌لایه‌ک له‌سه‌ره‌وه بڕیاربدرێت له گۆڕینی شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌موو سیسته‌مه‌که.
هه‌ندێ ئاسته‌نگ هه‌یه به بڕیاری سیاسی سه‌ره‌وه له‌ده‌برێن. بۆ نموونه لابردنی تاقیکردنه‌وه‌ی پۆلی شه‌شی بنه‌ڕه‌تی به بڕیاری سیاسی ده‌کرێت و کراش، به‌ڵام به‌ها بنه‌ماییه‌کانی نێو پۆل واته چۆنیه‌تی هه‌ڵسوکه‌وتی مامۆستا له‌گه‌ڵ قوتابیدا پرۆسه‌یه و پێویستی به‌کاری زۆر له‌ژێره‌وه بۆسه‌ره‌وه هه‌یه. هه‌ر به‌هه‌مان شێوه ڕیفۆرم له نێو حیزبێکدا پرۆسه‌یه، که له‌لایه‌ک پێویستی به بڕیاری سیاسی سه‌ره‌وه هه‌یه، له‌لایه‌ک پێویستی به‌کارکردن له‌ژێرخانی په‌یوه‌ندیه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا هه‌یه. هیچ کام له پرۆسه په‌روه‌رده‌ییه‌که یا پرۆسه سیاسیه‌که سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستناهێنن ئه‌گه‌ر متمانه‌ی ئه‌و که‌سانه به‌ده‌ستنه‌هێنن که کاره‌که ده‌که‌ن. بۆ نموونه به‌هابنه‌ماییه به‌رزه‌کانی ناو قوتابخانه ناچه‌سپێن ئه‌گه‌ر مامۆستا متمانه نه‌کات به‌وه‌ی که له کۆتایی ڕێگادا به‌هاکان له سوودی ئه‌ویشدان چونکه کۆمه‌ڵگا هه‌مووی سوودمه‌ند ده‌بێت لێی. گه‌نده‌ڵی له کوردستاندا بنبڕ ناکرێت ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ بڕیاره‌کانی دادگادا، خواره‌وه متمانه‌ی به‌سه‌ره‌وه نه‌بێت و هه‌ستنه‌کات گوێیلێگیراوه.
له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و بۆچوونانه‌دا جیاوازیه‌کانی نێوان کۆمه‌ڵگای ڕۆژئاوای دیموکراتی، سوید وه‌ک نموونه، له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای ڕۆژهه‌ڵاتیدا، کوردستان وه‌ک نموونه، زۆر زۆرن. هه‌ر ئه‌و جیاوازیانه وایکردوه که شێوه‌ی بیرکردنه‌وه و بۆچونه‌کان جیاوازبن، هه‌روه‌ها هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر گۆڕانکاری و نوێخوازی به‌شێوه‌ی جیا له‌یه‌ک وه‌ربگیرێت. هه‌ربۆیه که ڕیفۆرمێک له سیسته‌می فێرکاری له سوید ده‌کرێت به شێوه‌یه‌کی زۆر باش باوه‌شی بۆده‌کرێته‌وه و له ئامێز ده‌گیرێت به‌ڵام له کوردستان به‌چاوی شک و گومانه‌وه سه‌یری نوێخوازی ده‌کرێت. له سوید قوتابی سه‌ربه‌خۆیی زۆری هه‌یه و هه‌ستده‌کات له قوتابخانه‌دا ڕێزی لێگیراوه و گوێ له ده‌نگی ده‌گیرێت. ئه‌و گوێگرتنه هه‌ستی بڕوابه‌خۆبوونی تێدا دروستده‌کات و ده‌بێته خاوه‌ن بۆچوونی خۆی. هه‌ندێ له ڕیفۆرمه‌کانی ناو سیسته‌می په‌روه‌رده و خوێندنی سوید له پێناوی ئه‌وه‌یه که قوتابی زیاتر ببێته ناوه‌ند و به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر خوێندن.
کارئاسانیه‌کان بۆ گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی له سیسته‌می تاقیکردنه‌وه‌کاندا له کوردستان زۆر باشن به‌ڵام ئه‌و ڕێگایه دووره و پێویستی به‌هه‌نگاوی خێراتر هه‌یه. له بواری به‌هابنه‌ماییه‌کاندا چه‌ند گۆڕانکاری له سیسته‌مه‌کدا بکرێت ئه‌وه‌نده‌ش دژایه‌تی ده‌کرێت و ته‌گه‌ره ده‌خرێته به‌رده‌می. بۆ نموونه ڕیفۆرمی تێکه‌ڵکردنی کوڕ و کچ کێشه‌ی بۆ دروستبوو له هه‌ندی له ناوچه‌کانی کوردستان. ته‌نانه‌ت هه‌ندێک دایک‌وباوک له ژێر کاریگه‌ری بۆچوونی تاریک‌دا ده‌یانوت ئه‌گه‌ر کچ کوڕ تێکه‌ڵ بکرێت نایه‌ڵین منداڵه‌کانمان بچنه‌وه بۆ قوتابخانه. زۆر جار گرنگه یاسا ده‌ربکرێت ئه‌گه‌ر چی هێشتا به‌شێک له په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیش نه‌گه‌یشتبێته ئه‌و ئاسته‌ی که یاساکه‌ی لا ره‌زامه‌ند بێت. هیچ کات هه‌موو توێژ و چینه‌کانی کۆمه‌ڵگا به‌یه‌که‌وه گه‌شه ناکه‌ن. جیاوازی له نێوان دایک و باوکی خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌واردا هه‌یه، له نێوان مامۆستای نوێخواز و مامۆستای پارێزگارخوازدا هه‌یه. ناکرێت چاوه‌ڕێبکرێت هه‌تا هه‌موو توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگا وه‌ک یه‌ک پێشبکه‌ون و یه‌کده‌نگبن به‌رمبه‌ر ڕیفۆرم و نوێخوازی.
سه‌ره‌تای هه‌موو کارێکی گۆڕانکاری سه‌خته. هه‌ندێ جار ده‌کرێت ئه‌و سه‌ره‌تایه به بڕیارێک یا ڕێنماییه‌کی ڕێچکه‌شکێن ده‌ستپێده‌کات و گۆمی مه‌نگی پارێزگارخوازی ب‌شڵه‌قێنێت. ئه‌گه‌ر هه‌نگاوه‌کان زۆر گه‌وره‌بن ، له‌وانه‌یه په‌یوه‌ندیه باو و دواکه‌وتووه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ڕێگه‌نه‌ده‌ن بگه‌نه ئه‌نجام هه‌ربۆیه سه‌لیقه له هه‌ڵبژاردنی ڕیفۆرمه‌کاندا زۆر گرنگن بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی جێبه‌جێکردنیان ئاسانتر بێت. کورد ده‌ڵێ هه‌ڵگرتنی به‌ردی گه‌وره نیشانه‌ی نه‌هاویشتنێتی. هه‌موو ڕیفۆرمه گرنگه‌کان له‌یه‌ک کاتدا ناکرێن، ئه‌گه‌ر نا، زۆر خۆشحاڵ ده‌بووم به‌وه‌ی به‌یه‌ک بڕیار تاقیکردنه‌وه‌ی به‌کالۆری له هیچ قۆناغێک دا نه‌مایه، مانه‌وه و نه‌مانه‌وه له قۆناغی بنه‌ڕه‌تیدا نه‌مایه. به‌هابنه‌ماییه‌کان ببوایه به وانه‌یه‌کی سه‌ره‌کی قوتابخانه. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و نوێخوازیانه هه‌مووی به یه‌کجار ناکرێن چونکه په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه باوه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا هێشتا نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی به متمانه‌وه سه‌یری نوێخوازی بکرێت.
وه‌ک ئاماژه‌م پێدا، له سوید گه‌نده‌ڵی نیه. نه له په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌کاندا نه له سیسته‌می فێرکاریدا. بۆ نموونه واسته‌کردن بوونی نیه. هه‌موو که‌س به توانا و لێهاتوویی خۆی جێگه‌ی له بازاڕیکار و کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بێته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه ڕێگر نیه له‌وه‌ی که کۆنتاکت، ده‌رگاکردنه‌وه و ڕیگاخۆشکردن نه‌بێت بۆ خاوه‌نبه‌هره‌کان. ئاساییه، که یه‌کێک خاوه‌ن توانا و به‌هره بێت ده‌رگای پێشکه‌وتنی بۆ بخرێته سه‌رپشت بۆئه‌وه‌ی بتوانێت تواناکانی له لایه‌ک به‌کاربهێنێت و له‌لایه‌ک گه‌شه‌ی پێ‌بکات. له کوردستان له جێگه‌ی ده‌رگاکردنه‌وه، واسته‌کردن هه‌یه. واسته دیوێکی دزێوی گه‌نده‌ڵیه. له‌نێو هه‌موو توێژ و ئاسته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه. ئه‌م دیارده خراپه متمانه‌ی به په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌که که‌مکردۆته‌وه و له ئاستی راستگۆیی زۆر ئه‌ندامه‌کانی کۆمه‌ڵگای هێناوه‌ته خواره‌وه.
ئه‌وه ئه‌رکی قوتابخانه‌یه که قوتابی گۆشبکات به‌وه‌ی که متمانه‌ی به گه‌وره‌ساڵان هه‌بێت و مافه‌کانی خۆی بزانێت. له سوید ئه‌وه یه‌کێکه له ئه‌نجامه هه‌ره گرنگه‌کانی هه‌موو پرۆسه‌ی فێرکاری. له کوردستان له‌و بواره‌دا به‌داخه‌وه ڕێگایه‌کی دوور و درێژمان له‌به‌رده‌مدایه. ئاسته‌نگه‌کان زۆرن. منداڵ خاوه‌ن هه‌مان ده‌نگی گه‌روه‌ساڵان نیه. ئه‌گه‌ر چی منداڵ و گه‌وره به ئه‌ندازه‌ی یه‌ک، مرۆڤی خاوه‌ن هه‌ستن. هه‌ستکردنیش زۆر تایبه‌ته به تاکه‌که‌سه‌وه و هه‌موو کات هه‌سته‌کان بۆ خاوه‌ن هه‌سته‌کان، گه‌وره و پڕمانان ئه‌گه‌ر چی ته‌مه‌نه‌کانیش زۆر دووربن له‌یه‌که‌وه.
سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی سوید، چونکه سیسته‌مێکی دیموکراتیه و مافه‌کانی تاکه‌که‌س تێیدا پارێزراوه، به‌رهه‌مه‌که‌شی مرۆڤی سه‌ربه‌ست و خاوه‌ن بیروڕایه. منداڵ و گه‌وره وه‌ک یه‌ک ڕێزیان لێده‌گیرێت. هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه زۆر گرنگه به‌لامه‌وه که ئیتر له قوتابخانه‌کانی کوردستاندا قوتابی یه‌که‌م کۆنتاکتی به‌یانیان و نیوه‌ڕوانی له‌گه‌ڵ مامۆستاکه‌یدا به‌هه‌ستان له‌به‌ر مامۆستا ده‌ستپێنه‌کات. گرنگه دیارده‌ی هه‌ستانی قوتابی له پۆلدا له‌به‌ر مامۆستا نه‌مێنێت و هاتنه‌ژووره‌وه‌ی مامۆستا بۆ ناو پۆل به‌شێک نه‌بێت له په‌یوه‌ندیه‌کی نادروست و ترس دروستکه‌ر لای قوتابی. گرنگه ڕێزده‌ربڕین، به متمانه و خۆشه‌ویستی بێت وه‌ک به ترس و سه‌ردانه‌واندن.