Skip to Content

Thursday, November 14th, 2024
هه‌موومان ئه‌كته‌رین …ئۆگوستۆ بوال….وه‌رگێڕانی له‌عه‌ره‌بییه‌وه‌/كــاردۆ

هه‌موومان ئه‌كته‌رین …ئۆگوستۆ بوال….وه‌رگێڕانی له‌عه‌ره‌بییه‌وه‌/كــاردۆ

Closed
by March 20, 2009 شانۆ

ووته‌ی رۆژی جیهانی شانۆ                 
هه‌موومان ئه‌كته‌رین

ن/*ئۆگوستۆ بوال
وه‌رگێڕانی له‌عه‌ره‌بییه‌وه‌/كــاردۆ
شانۆ ته‌نها رووداوێك نییه‌ به‌ڵكو شێوازیكیشه‌ بۆ ژیان،و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی و  مرۆڤایه‌تییه‌كانیش، گه‌ر پێشینه‌زانین به‌شێوه‌یه‌كی ئێجگار شانۆیی رێكخراون. هه‌مو كرده‌وه‌یه‌كمان له‌سه‌ر سه‌كۆی شانۆ له‌ پڕكردنه‌وه‌ی سپه‌یس و به‌كارهێنانی زمانی جه‌سته‌ و ده‌ستنیشانكرندی ووشه‌ و ده‌نگخۆشی  وبه‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی  هزره‌كان و  رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڵچوونه‌كان، كرده‌گه‌لێكن له‌ژیانی رۆزانه‌ماندا چه‌ندین بار پێیان هه‌ڵده‌ستین بۆیه‌ درووسته‌ كه‌ ده‌ڵێین هه‌موومان ئه‌كته‌ری شانۆیین .
زه‌ماوه‌ند و پرسه‌كان هێنده‌ی سرووته‌بچووكه‌كان كه‌ رۆژانه‌ به‌بێ‌ تێفكرین پێیان هه‌ڵده‌ستین نمایشتی شانۆیین. هه‌مووشتێك وه‌ك هونه‌ری شانۆیه‌ ، هه‌ر له‌ راهینانه‌ وه‌رزشییه‌كان و نان خواردنی به‌یانیانه‌وه‌  تا سڵاوكردن له‌یه‌كتر و خۆشه‌ویستییه‌ شه‌رمنه‌كان و كاردانه‌وه‌ سۆزدارییه‌كان  و كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پیران و په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماتییه‌كانی تر.
یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ دیاره‌كانی  شانۆ  ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وامانلێده‌كات    هه‌ست  به‌و  رووداوانه‌بكه‌ین كه‌ له‌ ژیانی رۆژانه‌ماندا رووبه‌روومان ده‌بنه‌وه‌  له‌ دیمه‌ن و گرته‌ گه‌لێك كه‌ تێیاندا شانۆ تێكه‌ڵ به‌ هۆڵ ده‌بێت و ئه‌كته‌ره‌كانیش ئاوێته‌ی بینه‌ران ده‌بن… هه‌موومان ئه‌كته‌رین ،و له‌ گه‌مه‌ی شانۆییماندا چۆنێتی جیاكردنه‌وه‌ی شته‌ ئاشكراكان فێرده‌بین كه‌ به‌هۆی رانه‌هاتنمان له‌ سه‌ر بینین نایانبینین ، ئه‌وه‌ی كه‌ ئاشكرایه‌ په‌نهان ده‌بێت.،به‌ڵام كاتێك كاری نواندن ده‌كه‌ین رووناكی ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر ژیانی رۆژانه‌مان.
له‌مانگی ئه‌یلوولی رابردوودا هه‌مومان تووشی سه‌رسوڕمان بووین وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م خه‌ونێكی شانۆییدابین  ،پێمانوابوو له‌ جێهانێكدا ده‌ژین ئاسایش و ئاشته‌وایی باڵی به‌سه‌ردا كیشاوه‌ وێڕای جه‌نگه‌كان و جینۆسایدكردن و  كوشتارگه‌كان و ئه‌شكه‌نجه‌دان ،  كه‌ له‌ راستییدا بوونیان هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ ئێمه‌وه‌ دوورن ، له‌ ووڵاته‌ دووره‌ ده‌ست و فه‌رامۆشكراوه‌كاندا هه‌ن .وامانده‌زانی به‌و پارانه‌ی كه‌ هه‌مانه‌ و له‌ بانكه‌ به‌ڕێزه‌كاندا دامانناون یان به‌ ده‌ڵاڵێكی بازاڕی دراومان سپاردوون  ئیدی له‌ ئارامیی و به‌رقه‌رارییدا ده‌ژین  ، به‌ڵام له‌هێكڕا بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ له‌ راستییدا ئه‌و پارانه‌ بوونیان نییه‌ به‌ڵكو گریمانه‌یین. قسه‌یه‌كی هه‌ڵبه‌ستراوی به‌د و خراپن  له‌ ده‌رهێنانی  باندێكی چه‌ته‌یه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ پیاوانی بواری ئابووریی  ئه‌وان به‌هیچ شیوه‌یه‌ك خه‌یاڵی نین،  سه‌رراست و ده‌ستپاك و ته‌نانه‌ت به‌ڕێزیش نیین ، شانۆییه‌كی بالیه‌یه‌ به‌گرێچنێكی په‌ژاراوییه‌وه‌ تێیدا كاره‌كته‌رێك یان دوو سێ‌  كاره‌كته‌ر  بڕه‌پاره‌ی زۆر ده‌به‌نه‌وه‌ و زۆرینه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی تر ته‌واوی پاره‌كانیان له‌كیس ده‌چێت . سیاسه‌تمه‌دارانی ووڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان  به‌ نهێنی كۆبوونه‌وه‌ و رێگه‌چاره‌ ئه‌فسووناوییه‌كانیان خستنه‌ روو ،به‌ڵام ئێمه‌ قوربانیی بڕیاره‌كانیانین ،وه‌ك ته‌ماشاكارانی ریزی دواوه‌ ماینه‌وه‌ .
بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ (ریو دی ژانیرۆ)  شانۆیی (فیدر)ی (ژان راسین)م ده‌رهێنا ئه‌وكات دیكۆره‌كه‌ی  هه‌ژار بوو  ته‌نها بریتی بوو له‌ چه‌ند كه‌وڵێكی مانگا كه‌ له‌ سه‌ر زه‌ویه‌كه‌ دانرابون و له‌ناوه‌ڕاستی په‌رژینێكی قامیشی حه‌یزه‌راندابوون. به‌ر له‌هه‌ر نمایشتێك به‌ ئه‌كته‌ره‌كانم ده‌ووت" ئه‌و داستانه‌ی رۆژ له‌ دوای رۆژ دامانهێنا ئێستا كۆتایی پێهات،له‌گه‌ڵ په‌ڕینه‌وه‌تان له‌ سنووری حه‌یزه‌رانه‌كان ئیدی درۆكردن قه‌ده‌غه‌یه‌ ". شانۆیش ئه‌وراستییه‌ په‌نهانه‌یه‌.
كاتێك ده‌ڕوانینه‌ ئه‌ودیوی روواڵه‌ته‌كان، له‌ نێو ته‌واوی  كۆمه‌ڵگه‌كان  و ره‌گه‌زه‌كان و توێژ وهۆزه‌كاندا  سته‌مكاران و سته‌ملێكراون ده‌بینین ، جیهانێكی زۆردار وسته‌مكارمان به‌رچاو ده‌كه‌وێت ، ده‌بێ ئێمه‌ جیهانێكی تر بونیادبنێین ،ده‌شزانین كه‌ جیهانێكی تر شتێكی شیاوه‌،به‌ڵام ده‌بێت به‌ ده‌سته‌كانی خۆمان بونیادی بنێین و ده‌بێت له‌ چه‌قی وێنه‌كه‌دابین ،ئیدی ئه‌وكاره‌ له‌سه‌ر سه‌كۆی شانۆدابێت یاخود له‌ ژیانی تایبه‌تیماندابێ‌، هه‌موومان ئه‌كته‌رین هاووڵاتی بوونیش به‌واتای ژیانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ نییه‌ به‌ڵكو كاركردنه‌ له‌پێناو گۆڕینی (كۆمه‌ڵگه‌).
  ئۆگوستۆ بوال

*ئۆگوستۆ بوال ده‌رهێنه‌رێكی ناوداری به‌ڕه‌گه‌ز به‌رازیلی یه‌و  ئه‌مساڵ به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی شانۆوه‌   له‌لایه‌ن په‌یمانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی شانۆوه‌ نووسینی ووته‌ی رۆژی جیهانی شانۆی پێسپێردرا.

ژێده‌ر: www.al-khashaba.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.