Skip to Content

Monday, December 9th, 2024
هه‌ڵه‌بجه‌ شارێك له‌په‌راوێزی ئازادیدا….یاد به‌رزنجی

هه‌ڵه‌بجه‌ شارێك له‌په‌راوێزی ئازادیدا….یاد به‌رزنجی

Closed
by March 19, 2009 گشتی

هه‌ڵه‌بجه‌ شارێك له‌په‌راوێزی ئازادیدا

  یاد به‌رزنجی

هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌و شاره‌ بوو كه‌ به‌ درێژایی مێژوو بۆ ساتێكیش خه‌م سارد و كه‌م ته‌رخه‌م نه‌بووه‌ له‌ خه‌بات و تێكۆشان و قوربانیدان بۆ ئازادی و سه‌رفرازی نه‌ته‌وه‌كه‌ی , وه‌ هه‌ر له‌م پێناوه‌شدا رۆڵێكی گرنگ و كاریگه‌ری له‌سه‌رجه‌م شۆڕش و راپه‌ڕینه‌كاندا بینیوه‌ و قوربانی و ماڵ وێرانی زۆریشی پێشكه‌ش كردووه‌ , زۆر كاره‌سات و مه‌رگه‌ساتی گه‌وره‌ و ترسناكی بینیوه‌ , دواین كاره‌ساتێك كه‌ چاره‌نوسی ئه‌م شاره‌ی به‌ره‌و تونێله‌ ترسناكه‌كانی مه‌رگێكی ده‌سته‌ جه‌معی و كه‌م وێنه‌ له‌ جیهاندا راپێچ كرد كاره‌ساتی كیمیابارانكردنی بوو , كه‌ ئه‌مه‌ش رووداوێكی هێنده‌ ترسناك و تراژیدی بوو به‌ جۆرێك ویژدانی نه‌ك ته‌نها كورد به‌ڵكو زۆربه‌ی زۆری جیهانی مرۆڤایه‌تی هه‌ژاند و توشی شۆكی كردن له‌ ترسناكی ئه‌و كاره‌ساته‌ و دڵ ره‌قی و سته‌مكاری رژێمی به‌عس.
به‌درێژایی مێژوو كورد ده‌چه‌وسێنرایه‌وه‌و كوشت وبڕو جینۆساید ده‌كراو ده‌نگیشی به‌ هیچ شوێنێك نه‌ده‌گه‌یشت و كه‌س هاواری پڕ له‌ ئازاری نه‌ده‌بیست , به‌ڵام كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ داخراوه‌ی شكاند و ده‌نگ و هاواری كوردی له‌قه‌تیس بوون ڕزگار كردو به‌شێوه‌یه‌كی فراوان و كاریگه‌ر دای به‌گوێی ته‌واوی مرۆڤایه‌تیدا و فرمێسكی له‌چاوی ته‌واوی مرۆڤه‌ ویژدان زیندوه‌كانی جیهاندا قه‌تیس كرد , ئه‌مه‌ش وه‌رچه‌رخانێكی زۆر گه‌وره‌ بوو له‌ مێژووی پڕ زوڵم و سته‌می كورد دا و بۆ یه‌كه‌م جاریش بوو كه‌ بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد توانی له‌ڕێی ئه‌م كاره‌ساته‌ مه‌زنه‌وه‌و له‌ڕێی ئه‌و بارودۆخ و هاو سۆزیه‌ جیهانیه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ درووستی كردبوو ڕه‌وایی به‌خه‌باتی خۆی بدات و پاڵپشتی گه‌وره‌ به‌ده‌ست بێنێت و وه‌ك سه‌رمایه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌و سه‌نگین به‌كاری بهێنێ بۆ شۆڕشه‌كه‌ی .
هه‌ڵه‌بجه‌ گه‌وره‌تریین قوربانی به‌خشیه‌ ئازادی و سه‌رفرازی بۆ كورد به‌درێژایی مێژوو , هه‌ردڵۆپه‌ خوێنێك له‌م شاره‌دا ڕژابێت ته‌نهاو ته‌نها بۆ ئازادی و سه‌رفرازی بوه‌ , ئازادی و سه‌رفرازیش گه‌وره‌تریین و به‌نرختریین ده‌سكه‌وتی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كانه‌ و تاقانه‌تریین ئاواتیشیان بوو, بۆیه‌ ده‌بوو له‌ئازادیدا پێش هه‌موو شوێنێك هه‌ڵه‌بجه‌ بگه‌شێته‌وه‌و هه‌ناسه‌ی ئۆخه‌ی هه‌ڵمژێت و به‌رگی ماته‌م و خه‌م و پرسه‌ فڕێبدات و به‌رگی ئازادی و به‌خته‌وه‌ری بپۆشێت و بكه‌وێته‌ سه‌ر ڕێگای ژیانێكی به‌خته‌وه‌رو ئاسوده‌و بێ كه‌م و كوڕی , به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دوای 21 ساڵ هێشتا هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ئاشكرا وێرانه‌یی پێوه‌ دیاره‌ , هێشتا خه‌ڵكه‌كه‌ی بێتاقه‌ت و بێزارو توڕه‌ن له‌ كه‌می خزمه‌تگوزاریه‌كان و كه‌مته‌رخه‌می حكومه‌ت و حیزب و به‌رپرسان , هه‌رچه‌ند زۆر شت بۆ ئه‌م شاره‌ كراوه‌ ئه‌بێت به‌ویژدانه‌وه‌ ئاماژه‌ی بۆ بكرێت به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆی كراوه‌ له‌چاو قه‌باره‌ی قوربانیه‌كانی ئه‌م شاره‌و گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كه‌دا و چاوه‌ڕوانی خه‌ڵكه‌كه‌یدا هیچ نیه‌ .
ده‌بوو حكومه‌ت گرنگی زیاتر به‌م شاره‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی بدات و ده‌ستی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌و درووست كردنه‌وه‌ی درێژتر و پڕتر بوایه‌ بۆ ئه‌م شاره‌ .
ده‌بوو له‌هه‌موو ڕوه‌كانی درووست كردن و جوان كردنی  شه‌قام و پارك و باخچه‌و قوتابخانه‌و نه‌خۆشخانه‌و ڕواندنی دارو دره‌خت و بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری و درووست كردنه‌وه‌ی خانوه‌ ڕووخاوه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشه‌كانی كیمیاباران و ..هتد , حكومه‌ت سه‌خی تر و ده‌ست كراوه‌تر و به‌ده‌ست و برد تر بوایه‌ .
هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌و تراژیدیایه‌كی ترسناكدا تێپه‌ڕیوه‌ , هه‌تا ئێستاش خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ ترسی ئه‌و كاره‌ساته‌ له‌گیانیاندا ماوه‌و بۆنی مه‌رگ و كیمیایی و دوكه‌ڵی كاره‌ساته‌كه‌یان لێ دێت , بۆیه‌ ئه‌ركی حكومه‌ت  گه‌وره‌ترو ئیلتیزامی ئه‌خلاقی و نه‌ته‌وه‌یی زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ئێستا هه‌یه‌تی به‌رانبه‌ر به‌و شاره‌و خه‌ڵكی مه‌ینه‌تی دیوی ئه‌و شاره‌ .
نابێت هه‌ڵه‌بجه‌ دوای ئه‌و هه‌موو مه‌رگه‌سات و ماڵوێرانی و ئازاره‌ په‌راوێز بخرێت و به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌ كه‌یدا به‌جێ بهێڵدرێت و ئیهمال بكرێت , نابێت هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ دوای دواوه‌ی ڕیزی سودمه‌ندان و به‌خته‌وه‌رانی ئازادی و ڕزگاری بێت , ده‌بێت هه‌ڵه‌بجه‌ له‌پێشی پێشه‌وه‌ی ڕیزی سودمه‌ندان و به‌خته‌وه‌ران بێت له‌ئازادی و به‌ ئازادی , چونكه‌ خوێنی زۆری پێ به‌خشیوه‌و باجی زۆری بۆ داوه‌ و مه‌رگه‌سات و ماڵوێرانی و ئازارو خه‌می زۆری بۆ چه‌شتوه‌ .
پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ئاینده‌ دا پلان و به‌رنامه‌ی باشترو به‌رفراوانتری هه‌بێت بۆ ئه‌و شاره‌ , ده‌بێت بودجه‌یه‌كی تایبه‌تی و جیاوازی بۆ ته‌رخان بكات و به‌شێكی زۆر له‌ پڕۆژه‌ ستراتیژیه‌كان و پڕۆژه‌ ئابووریه‌كان به‌رێته‌ ئه‌و شاره‌وه‌ ,پێویسته‌ شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌كانی ئاوه‌دان بكاته‌وه‌و شوێنی گه‌شتیاری تری تێدا درووست بكات و ساڵانه‌ زۆر له‌ ڤیستیڤاڵه‌كان به‌رێته‌ ئه‌و شاره‌وه‌ تا ئه‌و شاره‌ له‌ڕووی ئابوریه‌وه‌ ببوژێنێته‌وه‌و له‌ڕووی هونه‌ری و ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی و جم و جوڵیشه‌وه‌ له‌و په‌راوێز خراویه‌ ڕزگاری بكات .
ده‌بێت حكومه‌ت ده‌یان پاركی گه‌وره‌و باخچه‌و كافتریاو ئوتێل و چێشتخانه‌و شوێنی گه‌شتیاری له‌وشاره‌دا درووست بكات تا میوانانی هه‌ڵه‌بجه‌و خه‌ڵكانی بیانی  و گه‌شتیاران ڕووی تێ بكه‌ن و بتوانن تێیدا بمێننه‌وه‌.
هه‌ڵه‌بجه‌ شارێكی جیهانیه‌ وه‌ك چۆن هێرۆشیماو ناكازاكی دووشاری جیهانین و له‌ ئاینده‌دا خه‌ڵكانێكی زۆری بیانی به‌مه‌به‌ستی له‌نزیكه‌وه‌ بینینی سه‌ردانی ده‌كه‌ن و حه‌زده‌كه‌ن تێیدا بگه‌ڕێن و وێنه‌ی تێدابگرن و كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ هاوڕێ و دۆست و كه‌س و كاریان بڵێن ئه‌وه‌ ئه‌و شاره‌یه‌ كه‌ به‌چه‌كی كیمیایی بۆردومان كراو ناوی چۆته‌ مێژوه‌وه‌ , بۆیه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌و كات ئیحراجیه‌كی زۆر توشی كورد و حكومه‌تی هه‌رێم ببێت كاتێك ئه‌و خه‌ڵكانه‌ بێن و به‌وشێوه‌یه‌ی ئێستا هه‌ڵه‌بجه‌ ببینن . 
پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌واوی نه‌خۆشه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ بخاته‌ ناو به‌رنامه‌ی چاره‌سه‌ر كردنی یه‌كجاره‌كیه‌وه‌ و له‌و بارودۆخی تلانه‌وه‌ی ناو ئازارو نه‌خۆشیه‌ ڕزگاریان بكات .
هه‌تا هه‌ڵه‌بجه‌ ئاوه‌دان نه‌كرێته‌وه‌ و نه‌خۆشه‌كانی چاره‌سه‌ر نه‌كرێن و ژێرخانی ئابوریه‌كه‌ی نه‌بوژێته‌وه‌ و نه‌كرێته‌ شوێنێكی گرنگی بازرگانی و گه‌شتیاری و خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌و حاڵه‌تی ماته‌مینی و بێزاری و توڕه‌ییه‌ ڕزگار نه‌كرێت هیچ مرۆڤێكی به‌ویژدانی كورد ئاسوده‌ نابێت و هیچ كوردێكیش له‌ڕووی ئه‌خلاقی و ئینسانیه‌وه‌ ڕووی نایه‌ت شانازی به‌ ئازادی و ڕزگاری و دام و ده‌زگا خۆماڵیه‌كانیه‌وه‌ بكات كه‌هه‌موویان به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدانن به‌گشتی و قوربانیانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ن به‌تایبه‌تی .

yadbarzinji@hotmail.com

Previous
Next