ده‌وڵه‌تی کوردستان و خه‌ونی شاعیره‌که‌ی مام جه‌لال …خه‌بات لاوباخ
ده‌وڵه‌تی کوردستان و خه‌ونی شاعیره‌که‌ی مام جه‌لال
با چاوێك به ئه‌لبومی شۆڕشی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کانی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م وکۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌م بخشێنین ، چاومان به‌چه‌ند وێنه‌یه‌کی پڕشنگداری ئه‌و سه‌رکرده تێکۆشه‌رانه ئه‌که‌وێت،که له پێناوی دروستکردنی ده‌وڵه‌تی خۆیان قوربانیان به ژیانی تایبه‌تی خۆیان دا و به کوله‌مه‌رگی ئه‌ژیان تا گه‌یشتن به ئاواتی میلله‌ته‌که‌یان ،ئێستاش له‌ئاسمانی مێژووی خه‌باتی سه‌ربه‌خۆیی گه‌لانی چه‌وساوه وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌ك ئه‌دره‌وشێنه‌وه ، نمونه‌ی وه‌ك گاندی ،جیڤارا و ماندیلا ….تاد. که‌چی به‌داخه‌وه سه‌رکرده‌ی ئێمه‌ی کورد له ووڵاتێکی چه‌وسێنه‌ری کوردا بۆ ڕاگرتنی دڵی دوژمنان و بریندارکردنی هه‌ست ودڵی 98% ی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی ئه‌فه‌رموێت ده‌وڵه‌تی کوردستان خه‌ونی شاعیرانه ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد ،گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی سه‌ر ڕووی زه‌مینه که نه‌گه‌یشتۆته ئامانجه ئاساییه‌که‌ی خۆی. با به‌کورتی پێناسه‌یه‌کی ئه‌م سێ ووشه‌یه(خه‌ونی شاعیر ، ده‌وڵه‌تی کوردستان ، مام جه‌لال) بکه‌ین ،که‌مێك ڕوونی بکه‌ینه‌وه: + خه‌ونی شاعیر : هه‌ر شاعیرێك گه‌ر خامه‌که‌ی بۆ مه‌رامی تایبه‌تی و ده‌ستکه‌وتی سامانێکی کاتی نه‌فڕۆشێت ، ئه‌وا به هه‌ست وهزر وئه‌ندێشه ناسکه‌کانیان زۆرتر و خێراتر له خه‌ڵکانی ئاسایی هه‌ست به ئازار ونه‌هامه‌تیه‌کانی کۆمه‌ڵگا ئه‌کات، جا چی ئه‌وینی خۆشه‌ویسته‌که‌ی بێت یان خۆشه‌ویستی خاك و نیشتیمانه‌که‌ی بێت ،چونکه خاوه‌ن هه‌ستێکی بێگه‌رد و ناسكن و وه‌ك مۆم بۆ ڕوناکی ده‌ورپشته‌که‌یان ئه‌توێنه‌وه ،به‌رده‌وامیش به‌ر هێرشی دوژمن که‌وتون ، کوژراون ،لێدراو‌ن ، گیراون و دورخراونه‌ته‌وه له نیشتیمان ، هه‌ر خه‌ونی که‌ڵه شاعیره‌کانی وه‌ك پیره‌مێرد ،گۆران و بێکه‌س و نالی وسه‌دانی تر بوو که خه‌وویان به‌م ڕۆژه‌وه ئه‌بینی ،که کوردستان ئازاد بێت و خۆمان کۆمه‌ڵگاکه‌مان به‌ڕێوه‌به‌رین ، به‌ڵام خه‌ونییان به‌وه‌وه نه‌ئه‌بینی که گه‌نده‌ڵی ،هه‌لپه‌رستی ،شه‌یدای پله‌وپایه وسامان وه‌ك ڤیرۆسێك به کۆمه‌ڵگاکه‌ماندا بڵاوببێته‌وه و له ڕێڕه‌وه‌ی کوردایه‌تی لابده‌ین ، بۆیه زۆر ئاساییه خه‌ونی شاعیره‌کانمان ئیمڕۆ بێت یان سبه‌ی دێته دی ،کوردیش ئه‌بێت به خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی کوردستان.
+ ده‌وڵه‌تی کوردستان : له ئه‌نجامی شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م و دووه‌م ، ماڵوێرانی وکاول بوونی و نه‌هامه‌تی زۆربه‌ی ووڵاتانی گرته‌وه ،ئه‌مه‌ش بووه هۆی دروستکردنی بیرۆکه‌ی ڕێکخراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ،بڕیاردانی جاڕنامه‌ی گه‌ردونی مافی مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌کان ، بڕیاریش وابوو ،هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك که خاوه‌نی زمان ،که‌لتور و خاکی خۆی بێت ،مافی دروستکردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆی هه‌یه، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی سه‌ر‌کرده‌یه‌کی لێهاتوو و جه‌ربه‌زه و کوردپه‌روه‌ره‌وه ، نه‌بوونی به‌رژه‌وه‌ندی ووڵاتانی زلهێز له‌گه‌ڵ کوردا ،وای لێهات تا ئێستا نه‌بین به خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی کوردستان ، که مافی ئاسایی خۆمانه.
+ به‌ڕێز مام جه‌لال :جگه له چاوپۆشینی هه‌ندێ کاری هه‌ڵه‌ی سیاسی ته‌مه‌نی لاوی ، به‌ئه‌زمونترین وتێکۆشه‌رترین وشۆڕشگێرترین سیاسه‌تمه‌داری کورد دائه‌نرێت له مێژووی نوێ کوردستاندا ، کوردیش قه‌رزاربارێتی ،که توانی له‌پاش ئاشبه‌ته‌ڵه ئابڕووبه‌ره‌که‌ی 1975 سه‌رله نوێ به دروستکردنی یه‌کێتی ،ووره‌ی تاکی کورد وسه‌نگی نه‌ته‌وه‌ی کوردی به‌رزکرده‌وه و سه‌لماندی کورد بێ ده‌نگ و سه‌رشۆر نابێت له ئاستی دوژمنی خوێنڕێژدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌ستی پێ ئه‌کرێت له ئه‌نجامی شه‌که‌تی باری ته‌ندروستی و ماندووبونی له کاری سیاسه‌تدا ، هه‌ندێ جار لێدوانی دڵته‌زێن وهه‌ست بریندارکار ئه‌دات ،که هیچ ڕێزێك بۆ قوربانیدان وپشتگیرکردنی هاوڵاتی و تاکی کورد دانانێت ، که به‌هۆی ده‌نگدانه‌کانیانه‌وه گه‌یشتۆته پله‌ی سه‌رۆکایه‌تی ئێراق.
کاتێك مام جه‌لال ئه‌ڵێت ده‌وڵه‌تی کوردستان خه‌ونی شاعیرانه ، ئه‌بێت به پێی یه‌کێك له‌و دوو ڕوانگه‌یه‌وه بێت : + گه‌یشتنه ئه‌و بڕوایه‌ی که هه‌رگیز ووڵاتانی ناوچه‌یی و زلهێزه‌کان ڕێگا ناده‌ن ئه‌م ده‌وڵه‌ته دروست بێت ، ئه‌مه بیرکردنه‌وه‌یه‌کی زۆر ڕاسته بۆ ئه‌م کاته ،به‌ڵام نه‌ك بۆ هه‌تا هه‌تایی، چونکه ئه‌مه کارێکی مه‌حاڵ نیه ، به‌ڵام ئه‌توانرێت له ئێستاوه هه‌وڵی دانانی به‌ردی بناغه‌ی دروستکردنه‌که‌ی دابنرێت وله ده‌رفه‌تیكی گونجاوی داهاتوودا ڕابگه‌یه‌نرێت ، نه‌ك ئێستا ته‌نها بیر له دابه‌شکردنی پله‌وپایه وسامان نێوان پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌کان بکرێته‌وه و نه‌وه‌ی نوێ له‌سه‌ر بناغه‌ی حزبایه‌تی ته‌سك و که‌س په‌رستی په‌روه‌رده بکرێن.
+ یان له ڕوانگه‌ی کاری دیپلۆماتی یه‌وه ئه‌م جۆره لێدوانه بۆ هێورکردنه‌وه‌ی داگیرکارانی کوردستان بدرێت تاکو هه‌وڵ بدرێت ده‌روازه‌ی ئاشتی بۆ چاره‌سه‌رکردنی سیاسی دۆزی کوردی پارچه‌کانی تری کوردستان بکرێته‌وه، ئه‌مه‌ش کارێکی زیره‌کانه و ڕه‌وایه ، به‌ڵام کارێکی دیپلۆماتی بێهێزه له‌به‌رده‌م داگیرکاراندا، پێویسته به کاری دیپلۆماتی وا له دوژمن بکرێت ،که ئێمه‌ش مافی دروستکردنی ده‌وڵه‌تی خۆمان هه‌یه وه‌ك هه‌ر میلله‌تێکی تری سه‌ر ڕووی زه‌مین ، به‌ڵام ئێمه ئێستا بیری لێ ناکه‌ینه‌وه، نه‌ك بۆ دڵڕاگرتنی ئه‌وان به خه‌ونی شاعیرانی له قه‌له‌م بدرێت، دڵی ده‌یان ملیۆن کوردی پێ بریندار بکرێت و حسابیان بۆ نه‌کرێت.
ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه‌نوسان 100 ساڵ له‌مه‌وپێش پرسیارێکیان له به‌ڕێز مام جه‌لال بکردایه له باره‌ی دروستکردنی( ده‌وڵه‌تی ئیسڕائیل)ه‌وه ،که خاوه‌نی یه‌ك بست خاك نه‌بوون له سه‌ر ڕووی زه‌مین ، خاوه‌نی زمان وکه‌لتوی جیاواز بوون ،ته‌نها بڕوای ئایین به‌یه‌کییه‌وه ئه‌به‌ستنه‌وه ، له‌ساڵی 1897 ز که (تیۆدۆر هێرتزل) له شاری باسل گۆنگره‌ی زایۆنیزمی به‌ست ته‌نها 5200 جوله‌که له فه‌له‌ستین بوون ، بێگوومان به‌ڕێز مام جه‌لال له‌وانه‌یه بیوتایه ،ئه‌مه خه‌ونی شاعیر یش نیه به‌ڵکو کاری جادوگه‌ره و خه‌یاڵی سینه‌مایی یه ،که‌چی دوای 51 ساڵ نه‌ك خه‌ونی شاعیره‌که‌یان ، به‌ڵکو خه‌ونی سه‌رکره‌که‌یان هاته‌دی ، ئه‌بێ بیر بکه‌ینه‌وه چی وای کرد ئینگلیز وئه‌مه‌ریکا یارمه‌تیده‌ریان بوون ؟
یان له دوای کۆچڕه‌وه‌که‌ی کوردستان له 1991 دا و بڕیاردانی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ دیکتاتۆره‌که‌ی به‌غا ، به به‌ڕێز مام جه‌لالیان بوتایه پێویست ناکات خۆت مانوو بکه‌یت و بچیت بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌عسدا، پاش ماوه‌یه‌ك سه‌دام له سێداره ئه‌ده‌ین و به‌ڕێزتان ئه‌که‌ین به سه‌رۆکی ئێراق ، له‌وانه دڵگران بوایه ،واهه‌ستی ئه‌کرد بۆ گاڵته‌جاری وای پێ ئه‌ڵین ، ئه‌وا ئه‌و خه‌ونه‌ی که شاعیره‌کانیش توانای بینینیان نه‌بوو هاته‌دی ،به‌هیچ شێوه‌یه‌ك که‌س بیر له‌وه نه‌ئه‌کرده‌وه نه به‌خه‌و نه‌به خه‌یاڵ .
ئایا باشتر نیه بۆ به‌ڕێز مام جه‌لال ، که ئاگاداری دڵی شکاوی میلله‌ت بێت ،له پێناوی دڵڕاگرتنی دوژمن وا له تاکی کورد نه‌کات په‌شیمان بێته‌وه له قوربانیدان وخه‌باتی ژێرزه‌مینی و ده‌نگدانه‌کانیان له کاتی هه‌ڵبژاردن بۆ گه‌یشتنی به‌رێزتان بۆ ئه‌و پله‌وپایه ئێستا ، با پرسیارێك بکه‌ین : ئایا دڵی کێ ڕابیگیرێت باشتره ؟
+ ئێمه‌ی میلله‌ت که به‌ڕابه‌ر و شۆڕشگیر و تێکۆشه‌رت ئه‌زانین و له‌کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی ووڵات و چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌کانت به‌گه‌وره وبچوك و ژن وپیاو به‌گوڵ وگوزار پێشوازیت لێ ئه‌که‌ین و مه‌ڕت بۆ سه‌ر ئه‌بڕین ، یان دوژمن که‌ئه‌چیته ووڵاته‌که‌یان هێلکه وبه‌رد بارانت ئه‌که‌ن و کارمه‌ندێکی بچوکی ووڵات پێشوازیت لێ ئه‌کات و به سه‌رۆك هۆز وده‌ره‌به‌گ و نۆکه‌ری ئه‌مه‌ریکات ئه‌زانن.
+ ئێمه‌ی میلله‌ت که به‌قوربانی و شه‌هیدکردنی ڕۆڵه‌کانمان و وێرانکردنی شارودێهاته‌کانمان هه‌وڵماندا پشتگیریت لێ بکه‌ین وبتگه‌یه‌نینه ئه‌و پله‌وپایه‌یه‌ی که نه‌ئه‌هاته خه‌وی شاعیره‌کانیشمان. یان دوژمن به‌رده‌وام شه‌هیدمان ئه‌که‌ن وماڵمان وێران ئه‌که‌ن سنوره‌کانمان تۆپباران ئه‌که‌ن ،هه‌وڵی ئه‌وه ئه‌ده‌ن له‌و پله‌وپایه‌یه نه‌تهێڵن و که‌نارگیرت بکه‌ن.
بۆیه جێی داخه ئه‌م جۆره لێدوانانه نه‌ك کورد ڕه‌شبین ئه‌کات و برینه‌کانیان ئه‌کولێنرێته‌وه، به‌ڵکو دژی بڕیاره‌کانی جارنامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌کانی ڕێکخراوه یه‌کگرتووه‌کانی جیهانیشه ، بۆیه پێویسته بیر له‌و جۆره لێدوانانه بکرێته‌وه پێش ئه‌وه‌ی بدرێت.خه‌بات لاوباخ