Skip to Content

Monday, May 20th, 2024
ھەڵەبجە ئەو شارەی وەك كچێكی ڕەدوو كەوتوو بە زیندوێتی ناشتیان …زمكان عەزیز

ھەڵەبجە ئەو شارەی وەك كچێكی ڕەدوو كەوتوو بە زیندوێتی ناشتیان …زمكان عەزیز

Closed
by March 23, 2009 گشتی

ھەڵەبجە ئەو شارەی وەك كچێكی ڕەدوو كەوتوو بە زیندوێتی ناشتیان

ھەڵەبجە                  
ھەڵەبجە پیاوێكی پیر بوو                          
بیست و یەك ساڵ بەر لە ئێستا
سیگارێكی لە تورەكەكەیدا دەرھێنا .. 
بەدەم قرخە قرخی كۆكەوە لار بویەوە
كە تێر بوو لە خنكان
كەسێ نەبووھەڵیسێنێتەوە و
مشتێ ئاوی دەرخوارد با
خۆی …
مەچەكی سەرای گرت و
كانی عاشقانی خستە بن سەری و
مۆردانەی بە خۆیدا دا
لەسەر پشتی پیر محەمەد ڕاكشاو
كانی قوڵكەش حكایەتێكی بۆ گێڕایەوە
تا .. خەو بردیەوە
ھەڵەبجە پیاوێكی پیر بوو
كە مرد زیندوو بوو
مژێ ھەناسەش لە سنگیدا مابوو
كوڕەكانی پەلیان گرت و
سەریان نایەوە
پیاوێكی پیر بوو كڵۆباڵەكەی شنروێ و
شەرواڵەكەی باڵامبۆ و
سینگە توكاویە چرچ و لۆچەكەی دەشتی شارەزوور و
مشكیەكەشی قەڵای خانم بوو
پیاوێكی پیری تەنھا بوو
شوانێكی حوشتر كڵۆباڵەكەی دزی و
قاجاریەك شەرواڵەكەی داكەنی و 
تورانیەكیش مشكیەكەی لەسەر كرد و
خانمیان لەبەر چاویا ئەتك كرد

+  +  +  +  +
 
ھەڵوژە
ھەڵەبجە دار ھەڵوژەیەك بوو
تارانیەكان كلكیان لەسەر لق و پۆی خۆی تاشی و
لە بەغدادیشەوە تەورێكیان بۆ دەمەزەرد كردەوە
كلك و تەور
ھەڵەبجەیان لەبنی بنەوە بڕیەوە
دەنك دەنك ھەڵوژەكان
بۆ ناو كۆشی
شەقام و كۆڵانەكان
ھەیوان و ژێرزەمینەكان بەربونەوە
ئەو ھەڵوژانە چاوی سەوزی كچانی بوون
ئەو ھەڵوژانە لێوی نەگەیوی كچانی بوون
ئەو ھەڵوژانە مەمكی ھەڵتۆقیوی كچانی بوون
ئەو ھەڵوژانە قیژەی ئاڵی كچانی بوون
ئەو ھەڵوژانەیان برد و
 لەسەر ئەرزی میعاد وەشانیان
بەڵام سەوز نەبوون و نەھاتنەوە
مەمكی ئەو ھەڵوژانەیان لە دیوانی خەلیجدا
لە ژێر پێی بیلالدا فلیقانەوە
ئەوەندە نەگەیو و ئەوەندە ترش و ئەوەندە ئاڵ
بۆیان نەخورا و ڕشانەوە
ھەڵەبجە مەڕێك بوو لە سەر نوكی زولفەقارا
بیست و یەك ساڵ بەر لە ئێستا
ڕووە و قیبلە سەریانبڕی
بیست و یەك ساڵ بەر لە ئێستا
ئەو ڕۆژەی ھەڵەبجە قیژانی
ھەموو كەس بیستی
لە كڵێسەكانی كوڕی خوادا
دەمیان گرت تا لاڵ بوو
لە قەشەیەكیان پیرۆز كرد و مارەیان بڕی
 
+  +  +  +  +

مێژوو
ھەڵەبجە كچێكی ناشیرین بوو
ھەر لە سكی مێژوودا
لوتی لە كورد و لێوی لە خۆی و چاوی لە سەگ ئەچوو
سیاسەتێكی ڕیش سپی خواستی و
كتێبێكی سەوز حەڵاڵی كرد و
لە مزگەوتێكدا ئاھەنگیان بۆ كرد و
لە مەككەشدا كونیان كرد

+   +   +   +  +

زۆڵ
ھەڵەبجە لە خوا كۆنتر بوو
ھەڵەبجە كەس نەیھێنا قەیرە بوو
لە شەوێكدا خۆی لە خۆی مارە بڕی و
خۆی خۆی كرد بە ژن و خۆشی تەڵاق دا
ھەڵەبجە شەوێك بوو ڕۆژ لێی تۆرا و
بەیانیەك بوو كەس تێیدا خەبەری نەبویەوە
ڕۆژێك بوو خۆری تیدا كوژایەوە
ئەستێرەیەك بوو ئاسمان ھەڵیوەران و
ھیچ ئەرزێك نەیگرتەوە
ھەڵەبجە زۆڵێك بوو كەس دایكی نەبوو
باوكی ئەوەندە زۆر بوو
ھەموو ساڵێك لە حەج یەكتریان خەتم ئەكرد
ھەڵەبجە پەتایەك بوو كەس نەیگرت
ھەر خۆی .. خۆی كوشت و
بە تەنیا مایەوە …..

زمكان عەزیز
Simkan97@hotmail.de

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.