Skip to Content

Friday, November 8th, 2024
سه‌رکه‌وتنیDTP و چاره‌سه‌ریی کێشه‌ی کورد

سه‌رکه‌وتنیDTP و چاره‌سه‌ریی کێشه‌ی کورد

Closed
by March 26, 2009 گشتی

سه‌رکه‌وتنی DTP و چاره‌سه‌ریی کێشه‌ی کورد

کاوه‌ ئه‌مین
به‌ بڕاوی زۆرێک له‌ چاودێرانی سیاسی، کلیلی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد له‌ هه‌موو پارچه‌کانی کوردستاندا، گڕێدراوی چاره‌سه‌ر‌کردنی کێشه‌ی کورده‌ له‌ باکووری کوردستان. ئه‌وه‌یش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ نیوه‌ی خاکی کوردستان که‌وتۆته‌ ئه‌و پارچه‌یه‌وه‌ و نیوه‌ی زیاتری کورد له‌و پارچه‌یه‌دا ده‌ژین. له‌ لا‌یه‌کی دیکه‌وه‌، تورکیا تا ئێستا، سه‌رکێشی دوژمنایه‌تی کورد ده‌کات و وڵاتانی ئێران و عێراق و سووریا هه‌میشه‌ له‌سه‌ر داوای تورکیا پێداگریان له‌سه‌ر دوژمنایه‌تی کورد کردووه‌ و ده‌که‌ن. 
تورکیا ده‌ورێکی سه‌ره‌کی ده‌بینێ له‌و ته‌نگه‌ژه‌یه‌یی که‌ که‌وتۆته‌ نێوان حوکومه‌تی عێراق و حوکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ مه‌سه‌له‌ی که‌رکووکدا، به‌ڵام تورکیا ده‌یه‌وێت هه‌موو ده‌ستێوه‌ردانێکی خۆی ببه‌ستێته‌وه‌ به‌ بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان له‌ قه‌ندیل. ئه‌مه‌یه‌ش تاکتیکێکی تورکیایه‌ تا خۆی بدزێته‌وه‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی.
تا سه‌ره‌تایی ساڵانی نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی رابردویش، کوردی باکوور مه‌گه‌ر له‌ ژێر لێوه‌وه‌ ده‌نا هیچ کاتێک نه‌یانده‌وێرا خاوه‌ندارێتی له‌ کوردبوونی خۆیان بکه‌ن، ئه‌وه‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سیاسه‌تی شۆڤینستی ئه‌و وڵاته‌ و تێکشکانی که‌سایه‌تی کورد له‌و پارچه‌یه‌یی کوردستاندا. له‌ دوای ساڵی 1938 وه‌ کوردی باکوور تا کۆتایی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوو، مه‌گه‌ر له‌ نێو بازنه‌یه‌کی ته‌سکی ڕۆشنبیریدا، ئه‌ویش زۆر به‌ نهێنێ، ده‌نا نه‌یانتوانیوه‌ له‌ژێر سێبه‌ری نسکۆکانی شۆڕشی کورد بێنه‌ ده‌ره‌وه‌.
خه‌باتی چه‌کداری ساڵی 1984، گۆمی بێده‌نگی و ئه‌و ترسه‌ی که‌ چووبووه‌ نێو مۆخی تاکی کورده‌ له‌ باکوور، شکاندا. ئێستا به‌ ملیۆنان مرۆڤی کورد نه‌ک شه‌رم له‌ کوردبوونی خۆیان ناکه‌ن به‌ڵکو پێشه‌نگایه‌تی خه‌باتی کوردایه‌تی ده‌که‌ن. هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌کان له‌ 29 ئه‌م مانگه‌دا، سه‌نگی محه‌که‌ بۆ تێکدانی هاوکێشه‌ سیاسییه‌کان و ده‌توانێت ده‌رگا به‌سه‌ر چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد نه‌ک ته‌نها له‌ باکوور به‌ڵکو له‌ پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش بکاته‌وه‌، به‌ پێجه‌وانه‌یشه‌وه‌ ده‌کرێت ببێته‌ هۆی لاوازکردنی پێگه‌ی کورد هه‌م له‌ ناوچه‌که‌و و هه‌میش له‌ گۆره‌پانی دیبلۆماسی نێونه‌ته‌وه‌یدا. هه‌ربۆیه‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا هه‌موو هه‌وڵێکی خۆی خستۆته‌ گه‌ڕ بۆ لاوازکردنی پێگه‌ی کورد، له‌ خۆڕا نییه‌ که هه‌موو پارته‌ تورکییه‌کان ڕاسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ مه‌یدانیان بۆ پارتی دادو گه‌شه‌پێدانی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان چۆڵ کردووه‌ له‌ باکووری کوردستان و پشتیوانی ئه‌ردوغان ده‌که‌ن، چونکه‌ ده‌زانن که‌ ئیتر ئه‌و پارتانه‌ هیچ ڕۆڵێکیان له‌ باکووری کوردستاندا نه‌ماوه‌. ئه‌ردۆغان و پارته‌که‌ی له‌ژێر ناوی ئیسلامه‌تیدا ده‌یانه‌وێت دوا تیری خۆیان بهاوێژن و خه‌ونی ئمپراتۆریایی عوسمانی بۆ چه‌ند ساڵێکی دیکه‌یش درێژ بکه‌نه‌وه‌. ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت که‌ڵک له‌ هه‌ژاریی خه‌ڵکی کوردستان وه‌ربگرێت که‌ ده‌یان ساڵه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورکه‌وه‌ به‌مه‌به‌سه‌ت خه‌ڵکی کورد برسی ده‌که‌ن تا بتوانن له‌ ڕۆژێکی ئاوادا که‌ڵکی لێ وه‌ربگرن، ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕایی ئه‌و پلانانه‌ی که‌ دایانڕشتووه‌ بۆ ته‌فره‌دانی ده‌نگده‌رانی کورد به‌تایه‌به‌تی ده‌یانه‌وێت له‌ ڕێگای باشووری کوردستانه‌وه‌ جارێکی دیکه‌ و به‌ شێوه‌یه‌کی دیکه‌ خۆیان بکه‌نه‌وه‌ به‌ باکووری کوردستاندا.
له‌ کاتێکدا که‌ تورکیا به‌سه‌ر و ماڵه‌وه‌ گره‌و له‌سه‌ر باکووری کوردستان ده‌کا‌ت، ده‌بوو هه‌موو کورد له‌م شه‌ڕه‌دا که‌ شه‌ڕێکی شارستانیانه‌یه‌ هه‌رهیچ نه‌بێت کورد شه‌رێکی شارسانیانه‌ له‌ ڕێگای ده‌نگدانه‌وه‌ ده‌کات، پشتیوانیان له‌ خه‌باتی به‌ربڵاوی پارتی کۆمه‌ڵگای دیموکراتی بکردایه‌، چونکه‌ به‌ڕاستی ده‌کرێت هه‌موو ده‌نگێک له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ببێته‌ په‌یڤێک بۆ ئاشتی یانیش گولله‌یه‌ک به‌دژی کۆتری ئاشتی کورد. ده‌ره‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنی 29ی ئه‌م مانگه‌، کاریگه‌ری له‌سه‌ر پاشه‌ڕۆژی کورد داده‌نێت‌.
تورکیا له‌ ڕێگای ڕاگه‌یاندی زه‌به‌لاحی تورکی و راگه‌یاندی حزبیی له‌ باشوور و سیاستمه‌دارانی ئه‌و پارچه‌یه‌وه‌ ده‌یه‌وێت کورد سه‌رگه‌رمی ئه‌وه‌ بکات که‌ پارتی کرێکارانی کوردستان چه‌ک دابنێت، سه‌یره‌که‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ تورکیا پشتیوانی له‌ کۆنگره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی کوردیی ده‌کات که‌ له‌ ئێستاوه‌ بڕیاره‌کانی ئاشکرا کراون، ئه‌وه‌تا مام جه‌لال له‌ گفتوگۆیه‌کدا ده‌ڵێت:"له‌و کۆنگره‌یه‌دا بانگه‌واز له‌ PKK ده‌کرێت چه‌ک دابنێت". ئه‌وانه‌ی که‌ داوا له‌ PKK ده‌که‌ن چه‌ک دابنێت، ته‌نها مه‌رجێک که‌ بۆ تورکیا دایده‌نێن ئه‌وه‌یه‌ که‌ لێبوورنیان بۆ ده‌ربکه‌ن، به‌ڕاستی شه‌رمه،‌ وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م سی ساڵه‌ ئه‌و پارته‌ شه‌ڕیی بۆ ئه‌وه‌ کردبێت که‌ عه‌فو بکرێت. باشه‌ خۆ ئێستا له‌ عێراق بانگاشه‌ی ئه‌وه‌ ده‌کرێت که‌ کورد به‌ مافه‌کانی خۆی گه‌یشتووه‌ و فیدڕاڵی به‌رقه‌راره‌، ئه‌ی ئه‌گه‌ر که‌سێک له‌ پارتی و یه‌کێتی بپرسێت باشه‌ ئێوه‌ ئه‌و هه‌موو چه‌کداره‌تان بۆ چییه‌؟ باشه‌ ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ی کوردستان نه‌بوایه‌ و گریلاکان له‌ شاخه‌ سه‌خته‌کانی کوردستان سه‌نگه‌ریان له‌ تورک نه‌گرتایه‌، ئێستا سووپاکه‌ی مالیکی و سووپای تورک له‌ سلێمانی و هه‌ولێر ڕمبازێنیان نه‌ده‌کرد؟ ده‌کرێت کاتێک داوای چه‌کدانان له‌ PKK  بکرێت که‌ تورکیا ددان به ‌مافه‌کانی گه‌لی کورددا بنێت، یاسا بنچینییه‌کانی خۆی بگۆڕێ‌، ددان به‌ هه‌بوونی ئه‌و قه‌واره‌ سیاسیه‌ی که‌ له‌ باشووری کوردستاندا هه‌یه‌ بنێت، گه‌ره‌نتییه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌بێت، ده‌نا چه‌ک دانان جگه‌ له‌ خۆکوژییه‌کی سیاسی بۆ PKK، هیچ شتێکی دیکه‌ ناگه‌یه‌نێت، هه‌روه‌ها هیچ سوودێکیش به‌ کورد ناگه‌یه‌نێت!
ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌خلاقییه‌ که‌ کورد به‌ تێکرایی، پشتیوانی له‌ DTP بکه‌ن. با راگه‌یاندی باشووری کوردستان ، هه‌ر هیچ نه‌بێت، ئه‌م دوو هه‌فته‌یه‌ که‌مێک ددان به‌ خۆیاندا بگرن، ئه‌گه‌ر ناشیانه‌وێت پشتیوانی له‌ DTP بکه‌ن، بێده‌نگی هه‌ڵبژێرن و چیتر به‌قازانجی پارتی دادو گه‌شه‌پێدانی ئه‌ردۆغان، قسه‌ نه‌که‌ن، با چی دیکه‌ گره‌و له‌سه‌ر "ئه‌سپی تۆپیو" نه‌که‌ن.
سیاسه‌تمه‌داری سوێدی، کلاس نوردمارک، که‌ ئێستا له‌گه‌ڵ وه‌فتێکدا بۆ وانه‌ وتنه‌وه‌ له‌سه‌ر سۆسیالدیموکراتی به‌تایبه‌تی و دیموکراتی به‌گشتی به‌ کادرانی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان له‌ شاری سلێمانیه‌، له‌ ماڵپه‌ره‌که‌ی خۆیدا دوای ئه‌وه‌ی چاوی به‌ به‌رپرسانی یه‌کێتی که‌وتووه‌ نووسیویه‌تی:"پێناچێت پارتی دادو گه‌شه‌پێدان له هه‌ڵبژاردنه‌کانی 29 ئه‌م مانگه‌دا، ده‌نگی زۆر به‌ده‌ست بهێنێتت، له‌ جیاتی ئه‌وان به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ‌ DTPده‌نگی زیاتر ده‌هێنێت". منیش له‌و باوه‌ڕه‌دام، سه‌ره‌ڕای هه‌موو فرتوفێڵێکی تورک، ‌ DTP، سه‌رکه‌وتنی به‌رچاو به‌ده‌ست ده‌هێنێت، قه‌ڵای دیاربه‌کرد بۆ هه‌میشه‌، وه‌کو قه‌ڵای کوردایه‌تی ده‌مێنیته‌وه‌، قه‌ڵایه‌ک که‌ ده‌بێته‌ کلیلی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد به‌گشتی.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.