( هه‌ڵه‌بجه ) له‌نێوان به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌کان و کایه سیاسیه‌کانی ناوخۆدا
( هه‌ڵه‌بجه ) له‌نێوان به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌کان و کایه سیاسیه‌کانی ناوخۆدا
زۆر ڕووداو کاره‌سات له جیهاندا گوزه‌رده‌که‌ن و ئاوڕێکیان لێنادرێته‌وه ، زۆر نه‌هامه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانی په‌رده‌ی ڕه‌شیان به‌سه‌ردا ده‌درێت و قوربانیه‌کانیان ده‌کرێن به‌ژێر خۆڵه‌وه‌و له‌بیر کۆمه‌ڵگایان ده‌به‌نه‌وه ، به‌ڵام هه‌ندێک کاره‌سات و ڕووداو سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌شکرێک له ئینسان ده‌بنه قوربانی و سووته‌مه‌نی ئاگری شه‌ڕ و کاولکارییه‌که‌ی ، له‌هه‌مانکاتدا شانۆی سیاسی داهاتووش وه‌ک دۆزه‌خێک بۆ پاشماوه‌ی قوربانییه‌کان به‌ده‌یان جۆر و شێوه‌ی جیاواز خۆی دووباره ده‌کاته‌وه ، کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه له 16 / 3 / 1988 له‌لایه‌ن ڕژێمی فاشستی به‌عسه‌وه یه‌کێکه له‌و نموونانه ، کاره‌ساتی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ته‌نها به‌وه کۆتایی نه‌هات که هه‌زاران قوربانی و بریندار و ئاواره‌بوون و کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانی لێکه‌وته‌وه ، به‌ڵکو تاکو ئێستاش به قوربانی بوون و سووتانی ئه‌و شاره وه‌ک پیلانێکی داڕێژراو له‌به‌رانبه‌ر ژیانی خه‌ڵکه‌که‌ی و له نێو کایه سیاسیه‌کاندا به‌کار ئه‌هێنرێت و ساتوسه‌ودای پێوه ده‌کرێت ، قوربانییه‌کانی هه‌ڵه‌بجه هه‌موو ڕۆژێک ئه‌کرێنه‌وه به ئامێری مه‌حرومکردنی زیندووه‌کان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه . کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه له هه‌لومه‌ر‌جێکدا ڕوویدا که هاوئاهه‌نگ بوو له‌گه‌ڵ بێده‌نگی و خامۆش کردنی ئه‌و تاوانه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته زلهێزه جیهانییه‌کانه‌وه ، به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی جه‌مسه‌ره‌کان له‌پاڵ پاشه‌کشه‌کردن به کۆماری ئیسلامی ئێران له ناوچه‌که‌دا ، به‌رژه‌وه‌ندی ساغکردنه‌وه‌ی فه‌رده برنجه‌کانی ئه‌مه‌ریکایی دابه‌سه‌ر ژیان و چاره‌نووسی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌دا ، ته‌رازووی کێشانه‌ی جیهانبینی دۆسته‌کانی ئێستا لاره‌سه‌نگ وه‌ستا کاتێک خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌یان خسته تایه‌کی و بازاڕی برنج فرۆشی ئه‌مه‌ریکاشیان خسته تاکه‌ی تری ، ئه‌مساڵ له‌یادی بیست و یه‌که‌مین ساڵڕۆژی کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه بۆ یه‌که‌مینجار له باره‌گای نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان یادی ئه‌و کاره‌ساته کرایه‌وه ، یه‌کێک له قسه‌که‌رانی ئه‌و یاده باڵیۆز ( پیته‌ر گالبرێس ) بوو ، ( پیته‌ر ) له‌به‌شێک له قسه‌کانیدا ووتی بێده‌نگی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مه‌ریکا به‌رانبه‌ر کیمیابارانکردنی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه له 16 / 3 / 1988 دا سه‌رچاوه‌که‌ی کڕینی برنجی ئه‌مه‌ریکی بوو له لایه‌ن عێراقه‌وه ، ( پیته‌ر ) ووتی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مه‌ریکا پێیانوابووه ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر جینۆسایدی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه بکرێت ئه‌وا حکوومه‌تی عێراقیش جینۆسایدی برنجی ئه‌مه‌ریکی ده‌کات و ئیتر نایکڕێت ، کورته‌ی قسه‌کانی ( پیته‌ر ) ئه‌وه‌ی ڕوونکرده‌وه که ئه‌مه‌ریکا بۆ له‌ده‌ستنه‌دانی بازاڕی برنج ئاماده‌یه چاوپۆشی له هه‌موو تاوانێک بکات ، ئه‌م قسانه ڕاستیه‌کی زۆر ساده ئاشکرا ده‌که‌ن که له‌قاموسی سه‌رمایه‌و بازار و قازانجدا شتێک بوونی نییه به‌ناوی ئینسانه‌وه ، ئینسان وه‌سیله‌یه‌که بۆ گه‌رمکردنی مه‌یدانه‌کانی شه‌ڕ و به‌رهه‌مهێنان و قازانج په‌رستی . له‌ئاستی ناوخۆ و هاوکێشه سیاسیه ناوچه‌یه‌کانیش کاره‌ساتی کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه به‌رده‌وام چه‌کێکی به‌هێزی ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان بووه بۆ فریوودانی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه به‌تایبه‌تی و کوردوستان به گشتی ، هه‌موو ئه‌و فریووکاریانه‌ی که ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان به‌ناوی قوربانیه‌کانی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و پاشماوه‌کانی دوای کیمیاباران به‌خه‌رجیانداوه هه‌تا ئێستا هیچی نه‌یکردۆته نانێک بۆ سه‌ر سفره‌ی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه ، له دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس له ساڵی ( 2003 ) دا کاتێک ئه‌مه‌ریکا بێ‌ئومێد بوو له دۆزینه‌وه‌ی چه‌کی کۆکوژی له عێراق ، ته‌نها جێگایه‌ک که بوویه گۆڕه‌پانی سیناریۆیه‌کی داتاشراو بۆ سپی کردنه‌وه‌ی ڕووی داگیرکاری ئه‌مه‌ریکا هه‌ڵه‌بجه بوو ، هه‌ر بۆیه زوو ( کۆلن پاوه‌ڵ ) و ئه‌کته‌ره‌کانی چوارده‌ووری خۆیان گه‌یانده ئه‌و شاره‌ی که کاتێک جینۆسایدکرا ئه‌وان بێده‌نگ بوون به‌رانبه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی به جیهان بڵێن ئێمه ئێستا له شارێکه‌وه قسه ئه‌که‌ین که چه‌کی کۆکوژی تێدا به‌کارهاتووه ، هه‌ر کاتێک که هه‌ڵبژاردن هاتووه‌ته پێشه‌وه ده‌ست و برد ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان نوێنه‌ریان ناردۆته هه‌ڵه‌بجه‌و سوێندیان خواردوه به جامانه‌که‌ی ( عومه‌ری خاوه‌ر ) که ژیانیان باش بکه‌ن و نوێنه‌ری ئه‌وانبن ، ئامانجی ده‌سه‌ڵاتداران له‌م کاره ئه‌وه بووه که ئه‌گه‌ر بتوانن خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه فریووبده‌ن ئه‌وا شار و ناوچه‌کانیتر ئاسان و مسۆگه‌رتره ، کاتێک به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران جووت ده‌بوو له ڤیستیڤاڵ و یاده‌کاندا نوێنه‌ری ئه‌م کۆماره کۆنه‌په‌رسته ده‌خرایه پێشی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌و ته‌شریفاتی بۆ ڕێکده‌خراو له‌سه‌ر حیسابی ئازادییه‌کانی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه ئیداره‌ی شاریان ته‌سلیم به ئیسلامیه‌کان ده‌کرد ، له کاتیکدا هاوکێشه‌ی هێز له عێراقی فیدراڵی و دیموکراسی و فره‌یدا هه‌ندێک جار لاره‌سه‌نگ ده‌بوو ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان بۆ دۆزینه‌وه‌ی کلیلی چاره‌سه‌ری ئه‌م پارسه‌نگه ڕوویان له حیزبی ئیسلامی عێراق ئه‌کردو بۆ شه‌رعیه‌تدان به‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه ( تاریق هاشم ) یان ئه‌گه‌یانده هه‌ڵه‌بجه ، کاتێک ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان پێوویستیان به‌وه هه‌بوو که بیسه‌لمێنن چه‌نده دڵسۆزی عه‌شره‌ت و چه‌نده به‌وه‌فان بۆ ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی ئه‌و فڕۆکه‌وانه‌یان ئازاد ده‌کرد که خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ی کیمیابارانکرد ، ئه‌مانه‌و سه‌ره‌ڕای کۆکردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامانێکی له‌بن نه‌هاتوو به‌ناوی خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌وه ، ئه‌م واقیعه‌ته ئه‌وه پیشان ده‌دات که له‌ساییه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا کێشه‌کانی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه ، کێشه‌ی خانوو ، ئاو ، کاره‌با ، قیرتاو کردنی شه‌قامه‌کان نییه ، به‌ڵکو کێشه‌ی وونکردن و شێواندنی ناسنامه‌ی ئینسانی بوونی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌یه ، به‌بێ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م ناسنامه‌یه مه‌حاڵه خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه بتوانن وه‌ک ئینسان بژین و بتوانرێت برینه قوڵه‌کانیان ساڕ‌ێژ بکرێت .
هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی