![له مانگی حه‌په‌لۆشدا یادی جه‌مال ڕینگۆ به‌خێر….. ڕێبوار عارف له مانگی حه‌په‌لۆشدا یادی جه‌مال ڕینگۆ به‌خێر….. ڕێبوار عارف](https://dengekan.ca/wp-content/uploads/gcMigration/Rebw_arif_366270456.jpg)
له مانگی حه‌په‌لۆشدا یادی جه‌مال ڕینگۆ به‌خێر….. ڕێبوار عارف
له "مانگی حه‌په‌لۆشدا" یادی جه‌مال ڕینگۆ به‌خێر
ڕێبوار عارفئهم ڕۆژانه له‌كاتی چاوگێڕانم به ماڵپه‌ڕه‌كاندا چه‌ند كورته هه‌والێك پهلكێشیانكردم به‌دوای خۆیاندا‌و دواتر بیرم له‌وه كرده‌وه كه چه‌ند وێنه‌یه‌كیان بگرم و وه‌ك مشتێ له خه‌رمانی كارنامه‌ی پڕ ده‌سكه‌وتی ئه‌م حزب و ده‌سه‌ڵاته به‌و ئارشیڤه پڕبارهی بسپێرین كه ڕۆژگاره‌ی گه‌ر نسیمی عداله‌تی كومه‌لایه‌تی له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا هاته‌به‌ر، ئه‌وا ئه‌م لایه‌نانه ناچارن ملبده‌ن به‌و دادگایه‌ی كه‌خه‌ڵكی كوردستان بۆیان داده‌نێ، لێگه‌رێن با ئه‌مه‌شیان له ئێسته‌دا ته‌نیا "خه‌ونێكی شاعیرانه بێت".
وێنه‌ی یه‌كه‌م: له‌پاره‌ی وشكه ساڵی پارێزگای سلیمانی كه بڕه‌كه‌ی بۆ ساڵی ڕابردوو 25 ملیارد دینار بووه، ئه‌وه‌ی كه تائێستهو لهڕێكهوتێكدا ئاشكرا بووه، دیارنه‌مانی 900 ملیۆن دیناره. ئای كه حیكمه‌تی تیا‌بوو ئه‌و هه‌موو هاتوو هاواره له‌سه‌ر"مه‌ترسیه‌كانی ووشكه ساڵ" پێ ده‌چێ تۆفانی ئیلاهی وه‌ك زۆر شتیكه گه‌ر بۆ زۆرێك له هاولاتیان نه‌هامه‌ته، ئه‌وا بۆ كه‌سانێكیش هه‌ر نیعمهتو به‌ره‌كه‌ت بێ. تۆبڵێ باران بارینه زۆره‌كه‌ی ئه‌م ساڵ گرفتێكی جیۆلۆجی دروست نه‌كردبێت و به وورده پاره‌یه‌كی ئیزافه‌وه بوجه‌یه‌كی تری 25 ملیۆنی بۆ چاره‌سه‌ركردنی دانهتاشرێ. به‌و جیاوازیه‌وه كه‌ده‌بێ له‌باتی"ووشكه ساڵ"تهرمهنلۆژیهكی نوێ بدۆزنه‌وه، ئاخر ئه‌مساڵ ئه‌وه‌نده باران باری كهمهحاله ئیتر ووشهكه ساڵ ڕووی مه‌جلیسی مابێ ودهسكهوتێكی تیابێت.
وێنه‌ی دووه‌م: مانگی ڕابردوو له به‌شی بۆژانه‌وه‌ی دڵی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی سلیمانی لهقهزاوقهدهرێكدا بڕی 96 ملیون دینار حهپهلوشكرا. نه‌خه‌ڵه‌تابن پێتانوابێ كه لوشدانی ئه‌و بڕه پاره هیچ كاریگه‌ریه‌كی له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی دڵا وه‌ستان و هاتنه‌خواره‌وه‌ی ڕێژه‌ی جه‌ڵده دانابێ. ڕه‌نگه پیًچهوانهكهی دروست بێ، ئاخر چۆن پۆل پۆلی دانیشتوانی ئه‌م هه‌رێمه دڵیان ناوه‌ستێ كاتێك كه ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی به‌وجۆره به‌لوتكه ههڵكشێتوكهسێك نه‌بێ خۆی به‌به‌رپرس بزانێ له‌به‌رامبه‌ر به‌و پاشاگهردانیهدا، كه‌چی ژیانی مه‌مره‌ومه‌ژی به‌شێكی به‌رچاوی ئه‌و خه‌ڵكه ڕه‌نج ده‌به‌ن له ده‌ست گرانی وكرێی خانوو دابینكردنی لایه‌نی كه‌می پێداویسته‌كانی ژیان.
وێنه‌ی سێهه‌م: به‌رپرسێكی یه‌كیه‌تی له‌گه‌ڵ" پاشه‌كه‌وتكردنی" 380 هه‌زار دۆلاردا، هاوكات چه‌ندین كه‌سیشی به "حیله‌ی شه‌رعی" داده‌مه‌زرێنێ و وه‌ك بانكی میللی موچه‌كانیان لای خۆی پاشه‌كه‌وت ده‌كات بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی كه تێ ده‌قووچێنێت. لێتان تێك نه‌چێ له خستنه ڕووی ئه‌م هه‌واڵه مه‌به‌ستم دیارنه‌مانی نه‌سریه‌كه‌ی ئه‌م ڕۆژانه‌ی مهلهبهندی دۆكان نیه، كه بووته هۆی زیزبوونی چه‌ند به‌رپرسێك له‌یه‌ك. بۆ ئه‌مه‌یان ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه كه به ڕێگه‌ی دابه‌شكردنی عادلانه‌ی ففتی ففتی چاره‌سه‌ری كێشه‌كه بكرێت.
لۆمه‌م مه‌كه‌ن ده‌زانم هه‌ندێك له ئێوه ئه‌م ههواڵهشتان بۆ گرنگ نیه‌و ده‌لێن بۆ حزبێك كه بۆجهی مانگانه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌سمی زیاتر له 30 ملیون دۆلار بێت، ده‌كرێ پشكی كادرێكی پێشكه‌وتوو له پاداشی ئه‌و هه‌موو ماندوبوون و فیداكاریهدا وه‌لانانی چه‌ند بلۆكێك بیت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی بالاخهنهكهی. به‌لام له‌مه‌ش به‌ده‌ر دڵنیام كه دۆستانێك تووندتر سه‌رزه‌نشتم ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: ئێوه‌ش چاوتان كردوه‌ته پلاچكتۆری ڕۆشنكردنه‌وه‌ی نێوماڵی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له‌پشت هه‌ندێ پرۆژه‌ی دیار‌و به‌رچاوی ئه‌م وه‌زاره‌ت و ئه‌و ئیدارهوبنهكهدایه؛ ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌كه‌ن ئاوڕێك له‌و 800 ملیۆن دۆلاره بده‌نه‌وه كه له گیرفانه كونه‌كانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كیه‌تی كه‌وتووه‌ته خواره‌وه‌و تائێسته به‌نی به‌شه‌ر نیه بلێت له‌ل.
وێنه‌ی چواره‌م: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری پارێزگای هه‌ولێر، پاش دۆزینه‌وه‌ی دوو گۆڕی سلیمان به‌ك وخانزادی خۆشكی میر سلیمان بگ، له شارۆچكه‌ی هه‌ریر بڕی 53 ملیون دینار بۆ نویژهنكردنهوهی هه‌ردوو گۆڕه‌كه ته‌رخانكرد كه به‌خاك سپاردنیان خۆی له لێواری دوو سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر ده‌دات.
وێنه‌یه‌كی( بێ ژماره): دوو سه‌دو چه‌ند ڕۆژێ له‌مه‌وبه‌ر له سلیمانی جه‌مال ڕینگۆ مالئاواری له ژیان كرد. پاشان ئاسیش و خه‌سته‌خانه‌ی سلیمانی هیمه‌تێكی جوامێرانه‌یان كرد‌و به‌پێنچ هاولاتی دوو ئۆتۆمبیله‌وه له پشتی تویتایهكی پیكابیهوه بردیانه گۆڕستان و ناشتیان. ڕه‌نگه دیوێكی خستنه‌ڕووی وێنه‌كانی سه‌ره‌وه فرسه‌تیكی گونجاوی پێكهێنابێ كه ئاوڕێك له گرێ كوێره‌كانی ویژدانمان بده‌ینه‌وه‌و وێنه‌یه‌كی بچوكی ئه‌و جه‌ماله بخه‌ینه‌ڕوو كه نه مه‌رگ و نه‌ژیانی، نه‌یتوانی به ئه‌ندازه‌ی ڕیكلامی نان خواردنێك ڕووپهرو پانتای گۆڤار‌و ڕۆژنامه‌كان بگرێته‌خۆ. ئه‌رێ جه‌مال نه كوڕی فلان كوێخاو سه‌رۆك عه‌شره‌ت بوو تا پێویستی به بروسكه‌ی ماته‌مینی سه‌رۆك ومه‌كته‌بی سیاسی حزب بێ و نه نه‌وه‌ی هیچ خان وخانزادهو خانه‌دانێك بوو تا كه‌ناڵه‌كانی Tv مراسیمه شكۆداره‌كه‌ی بۆ چه‌ند جارێك نمایش بكه‌ن. به‌لام له‌پاڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا هێشتا ئه‌مه سه‌راپای ڕاستیه‌كان نیه بۆ په‌رده ههلمالین له ڕووی سته‌مێك كه له جهمالهكان ده‌كرێت. ئه‌ویش نه‌ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌پێگه‌ی كۆمه‌لایه‌تی جه‌مال شانسی ئه‌وه‌ی نه‌بووبێ كه له‌ستایشی هیچ سهركردهولایهنێك به‌هره‌مه‌ندبێ؛ به‌ڵكو قوربانی بوونی جه‌مال و له‌شكرێكی فراوان له كه‌سانی به‌ش مه‌ینه‌تی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه ئه‌وه‌نده بۆ ئه‌م حزب و بزوتنه‌وه‌و ده‌سه‌لاته جێگه‌ی ڕێز لێنان وبههاپێدان نیه، تا هه‌رنه‌بێ وه‌ك ئه‌و هاولاتیه‌ی كه‌كاتێك گیان له‌ده‌سده‌دات بهحورمهتێكهوه به‌خاكی پسپێرن. هه‌ربۆیه جهمالهكان ناچنه ئه‌رشیفی ئه‌و قاره‌مانانه‌ی دوێنێ كهئهمڕۆیان پێكهێنا, كه‌واته چ پێویست به ناساندنیشیانه ؟ ! ڕۆژه ڕه‌شه‌كه‌ی مێژوو، ڕۆژی ڕه‌شبگیری و زینده به‌چاڵ ڕۆژی محنه‌تی شارێك كه به‌ڕۆژی نۆی حوزه‌یران ناسراوه له سالی 1963 شارێك خرایه لێواری مه‌رگ، پۆلێك له گه‌نجانی شار كه ده‌ستگیركران له حامیهكه گوله‌بارانكران ودواتر هه‌ندێكیان هێشتا گیانیان له ده‌ست نه‌دابوو به شۆفڵ زینده به‌چاڵكران. كه یه‌كێك له قوربانیانی ئه‌وی كاره‌ساته برایه‌كی جه‌مال ڕینگۆ بوو. كه‌سانێك كه خه‌ڵكی شاری سلیمانین یا كه‌م و زۆر ئاگاداری ڕووداوه‌كانی ئه‌م شاره‌ن ئاگاداری ئه‌وه‌ن كه چۆن كاریگه‌ری ئه‌م ڕووداوه چۆن جه‌مالی میردمندالی، دووچاری چ گرفتاریهك كرد‌و چۆن هه‌مان ڕووداو بووه هه‌وێنی نائارامكردن وتێكدانی هه‌رچی زیاتری باری ده‌رونی جه‌مال تا دواتر به‌ته‌وای بالانسی ژیانی ئاسای له ده‌ستداو وایلێهات هه‌ركه باسی جه‌مالی بكردایه سیمای كه‌سێكی ناساغ وشێت بێته‌وه به‌رچاوی.. به‌لام له‌پاڵ هه‌موو ئه‌و كاره‌ساته‌دا ئه‌م ئینسانه هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه مه‌رگی براكه‌ی بزاوتێكی له ناخیا دروستكردبێ، به‌ده‌ر له هیچ نه‌خشه‌و هزرو ئاراسته‌یه‌كی سیاسی، دژیه‌تی كردنی ده‌سه‌لاتداران و پیاوانی حكومه‌ت ببووه جۆره هانده‌رێك بۆ به‌یانی كه‌سایه‌تی خۆی. هه‌ربۆیه ئه‌وه‌ی پێی‌خۆش‌بوو به‌ده‌میا ئه‌هات بێ ئه‌وه‌ی باكی له هیچ باجدانێك هه‌بێ له‌و پێناوه‌دا. ساڵ هات و جه‌مال ته‌مه‌نێكی پڕ نه‌هامه‌تی له ژیانا به‌ڕێكرد، له‌كاتی كۆڕه‌وه‌كه كه حكومه‌ت گه‌ڕایه‌وه سلیمانی دڕنده‌كانی به‌عس جه‌مال ده‌گرن به‌لێدان وكوتكاری وپێلهقهی پۆستاڵ چاوی نابینا ده‌كه‌ن… له‌وكاته به‌دوا جه‌مال هه‌ر شێت نه‌بوو به‌ڵكو نابیناشكرا. ئه‌وه‌ش بڵین به درێژای ته‌مه‌نی جه‌مال نه‌وه به نه‌وه‌ی گه‌نجانی په‌راوێزخراو بێ ئیمكانی شار جه‌مال وجهمالهكانیان كرده ده‌ستمایه‌ی سه‌رگه‌رمی خۆیان و له‌كاتیكدا كه ئه‌و كرده‌وانه جه‌مال وشههاب وقالهكانی په‌لكێشی دنیایه‌كی پڕ له نامۆی و نیگه‌رانی ده‌كرد، هاوكات قاقای پێكه‌نین و گاڵته‌جاڕی و هاتوهاوار به‌م ڕۆژگاره ئاسمانی شه‌قامه‌كانی شاری پێدهتهنرایهوهو شه‌وانه‌ش پاسه‌وان و پۆلیس و ئاسایشی شار به‌هه‌مان شێوه له كوچه‌و كۆلانه‌كانی شاردا جهمالهكانیان ده‌كرده مه‌زه‌ی كات به‌سه‌ربردن و ئێسته‌شی له‌گه‌ڵدا بێت هیچ حزب وحكومه‌ت و ده‌سه‌لاتێك نه‌بوو له‌باره‌ی ژیان وچاره‌نووسی ئه‌م ئینسانانهوه هه‌نگاوێك بنێت. ئاساییه له كۆمه‌لگایه‌دا كه ده‌سه‌لاتداران خۆیان به به‌رپرسی ژیانی "ساغه‌كانی" نازانن، ئیتر وه‌ی به‌حاڵی جهمالهكان. هه‌ربۆیه جه‌مال له ڕۆژه‌كانی كۆتای ته‌مه‌نیدا ناڕه‌حه‌تی وناسازی باری ده‌رونی ونه‌خۆشی و بێ سه‌رپه‌نای ناچاری ده‌كات كه دوو هه‌فته بهرلهمهرگ مان بگرێت له‌خواردن و ئه‌م ئینسانه له به‌رامبه‌ر وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیدا بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك به‌بێ هیچ ئاوڕلێدانهوهیهك ڕێبوارانی ئه‌و شه‌قامه هه‌نگاویان ده‌نا به‌سه‌ردا… له‌پڕ چه‌ند ڕۆژێك دواتر ته‌رمه‌كه‌ی جه‌مال له سه‌رقه‌بران ده‌دۆزرێته‌وه، به‌لام كاتێك كه پشكنین بۆ جه‌سته‌ی جه‌مال ده‌كه‌ن پێ ده‌زانن كه جه‌مال یه‌ك پارچه جه‌سته‌ی برینه‌و دوورنیه كه‌هه‌ر ئه‌و ئازه‌ره بووبێته مایه‌ی گیان له‌ده‌ستدانی. جیاواز له هه‌ر گرفتێكی ده‌رونی جهمالهكان، گه‌ر وه‌ك هاولاتیه‌ك ئه‌م ئینسانه له‌به‌رچاو بگیرانایه ئه‌وكات پرسیاره‌كه ئه‌وه‌بوو كه ئاخۆ هه‌گبه‌ی ئه‌و دنیا پێچه‌وانه چی تیابێت، وا به‌وشێوه میرو خانزادهكان پاش تیپه‌ڕبوونی دوو سه‌ده به‌سه‌ر مه‌رگیاندا، ئه‌مڕۆ بۆ نوێژه‌ن كردنه‌وه‌ی گۆرهكانیان ده‌بێت بووجه‌ی پهنحا ملیۆنی ته‌رخان بكرێت كه به‌شی دفنكردنێكی ڕێزدارانه‌ی لاشه‌ی هه‌موو جهمالهكانی شاری سلیمانی ده‌كات. دهمهتهقهیهك له‌گه‌ل جه‌مال . جه‌مال گیان توڕه مه‌به له نوێژه‌ن كردنه‌وه‌ی گۆڕی خانزادهكان، مهخابه ئه‌وه‌ش له‌به‌ر حومهرتی ئینسانی ئه‌وان نیه، به‌ڵكو به دڵنیای ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه ئه‌م له‌شكری حهپهلۆشه ئێسكوپروسكی خانزادهكانیش وه‌ك خه‌زێنه‌یه‌كی تر بۆ به‌هره‌مه‌ندبوون له سه‌رمایه‌یه‌كی هه‌رچی زیاتر ته‌ماشا ده‌كه‌ن ودیاره هه‌ر ئهوهكاته خان وخانزادهو كۆیخاو ئاخاو عه‌شیره‌و عیل وبهگزادهكان وهه‌موو ئه‌وانه‌ی كه دوێنێ غهزێنهی ژیانی خه‌ڵكیان به‌ده‌سته‌وه‌بووه ئێسته گڵكۆی گۆرهكانیان پیرۆز ڕاده‌گیرێ چونكه له پڕكردنه‌وه‌ی خهزێنهكانیانی ئه‌ماندا كاری هه‌یه بۆیه ده‌بێت به‌رز بنرخێنرێن. نا جه‌مال گیان تووڕه مه‌به ئه‌وه ته‌نیا پرسیاری تۆ نیه كه ئایا بۆچی ئاشكرابوونی ده‌یان گۆڕی به كۆمه‌ڵ و ئیسك‌و پروسكی بهرزانیهكان و ئه‌نفالكراوه‌كان هێنده جێگه‌ی به‌ها پیدان نه‌بوون، ئه‌وه نیه دووباره بۆ نۆیژهن كردنه‌وه‌ی مۆنۆمهینتی هه‌ڵه‌بجه‌ش ترێلهیك دیناریان تهرخانكردوهتهوه. ئه‌رێ جه‌مال گیان له‌خوا به‌زیاد بێت شوكور ووشیارهو حه‌كیمه "حكومه‌ته‌كه‌مان" تێده‌گه‌ن كه دنیا خهراباتهو چۆن ده‌كرێ له‌گه‌روی مردوهكانیشدا سه‌رمایه كۆكریتهوه. ئه‌لهه‌ق ئه‌مانه له گه‌نده‌لیدا داهێنانیان ئه‌نجامداوه‌و سه‌رمه‌شقن له خركردنهوهو لۆشدانی سه‌رمایه‌دا. جه‌مال گیان نیگه‌ران مه‌به گه‌ر ئه‌و هه‌قیقه‌ته تالهت پێ بڵێم، كهپێدهچێ مه‌رگی ئێوه‌مانان بۆ ده‌سه‌لاتدارانی ئه‌م شاره ئه‌و حوسنه‌ی تێدابێت كه بڵین به كه‌م بوونه‌وه‌و هاتنه‌خواره‌وه ئاماری جهمالهكان "سیمای شاریش جوانتر‌و پاك‌و خاوێن تر‌و بێ مهترسیتر ده‌بێت، ئاخر جهماڵهتی شار پێویستی به پاك بوونه‌وه‌یه له كاریگه‌ری برینی جه‌سته‌ی جهمالهكان" نانا جه‌مال گیان به‌هه‌ڵه لێم تێمه‌گه برینه‌كانی جه‌سته‌ی ئێوه نه‌واتی هه‌موو ئالودهگیهكانی شار نیه، به‌لام حهپهلوشهكانی ئه‌م وولاته خێر له بوونی ئێوه نابینین، ئێوه‌و ئه‌وان ته‌نیا ژیانی شه‌قام ومال وخۆراك و پۆشاكتان جیاواز نیه، مهرگیشتان جیاوازه، ده‌زانم تۆ چاوه‌ڕوانی نوێژه‌ن كردنه‌وه‌ی گۆرهكهت ناكه‌یت و هه‌ر پیاوێكی میریش نزیكت بیته‌وه تۆ وه‌ك جاران به‌رز ده‌بیته‌وه‌و ئه‌وه‌ی كه به ده‌متا دێت بێ سلمهینهوه دهیلیتهوه. تووڕه‌به جه‌مال گیان دڵنیابه ئه‌م جاره تووڕه بوونه‌كه‌ت نابێته مایه‌ی گاڵته‌جاری گه‌نجانی شار، ئاخه‌ر ئه‌وانیش لێوان لێ‌ون له‌م هه‌موو ناعه‌داله‌تی وگه‌نده‌لی وبێ به‌شی و سووكایه‌تی پێكردنه‌ی ڕۆژانه، تووڕه‌به جه‌مال گیان خه‌ڵكی شار هه‌موو تووڕه‌ن ! 1/ 4 / 2009 rebwar.arif@hotmail.com
• ئه‌م بابه‌ته له هاولاتی ژماره 515 دا بلاوكراوه‌ته‌وه