Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
شاهه‌نشاهی گێلاس و راوی ئینجانه‌كان…. خه‌لیل عه‌بدوڵا

شاهه‌نشاهی گێلاس و راوی ئینجانه‌كان…. خه‌لیل عه‌بدوڵا

Closed
by April 22, 2009 ئەدەب

شاهه‌نشاهی گێلاس و
راوی ئینجانه‌كان

 خه‌لیل عه‌بدوڵا

ئه‌ی ئه‌وكه‌سه‌ ناموراده‌ی
هه‌موورۆژێ
چه‌پكێ‌ روناكی به‌ لقێكی ئه‌م دره‌خته‌ قه‌مورانه‌دا
هه‌ڵده‌واسی و جێی ده‌هێڵی
پێم بڵێ‌…..
ماڵه‌ چكۆله‌كانی من و تۆ چییان لێهات؟!
شه‌و….
ئاماده‌یه‌ وه‌ك جاران وێنه‌ ته‌ڕوبڕه‌كانی منداڵی خۆمانی تیا هه‌ڵكۆڵین؟!
ئه‌سپ
شپرزه‌ نابێ‌ گه‌ر به‌ پارچه‌ ئاوێنه‌كانی ژێر ده‌ریا
هه‌موو جه‌سته‌ی بشارینه‌وه‌ و
له‌قه‌رباڵغترین سه‌ربازگه‌دا به‌ره‌ڵای بكه‌ین؟!
باخچه‌ ده‌وێرێت….
بێ‌ ترسی دروشمی لافیته‌كان
یه‌ك به‌یه‌كی ناڵینه‌كانی خۆی
له‌سه‌ر پێستی شه‌ونمه‌كان ئارشیف بكات؟!
شه‌قام….
كه‌ خه‌نجه‌ره‌كانمان له‌ دڵ ده‌رهێنا
دێت
روناكی له‌و ده‌ستانه‌ی من و تۆ قه‌رز بكات
كه‌ تۆپه‌ڵ تۆپه‌ڵ
شه‌ویان لێ‌ ده‌چۆرا؟!
ده‌رگاكان
چ ده‌ڵێن
گه‌ر وه‌ك جاران
په‌لكێشیان بكه‌ینه‌وه‌ بۆ جه‌نگه‌ڵ و
به‌به‌رچاوی مێزه‌ هه‌ڵهاتوه‌كانه‌وه‌………
بیانروێنینه‌وه‌
جانتاكان
ناخنكێن گه‌ر پریان بكه‌ین
له‌ هه‌ناسه‌ بۆ یه‌كتر ؟!
كتێبه‌كان
بوار ده‌ده‌ن…….
سیخناخیان بكه‌ین
له‌ نائومێدیه‌كانی یه‌كتر؟!
زه‌وی….چ ده‌ڵێ‌
گه‌ر دار شه‌قه‌كانی بده‌مه‌وه‌ ده‌ست و پێی بڵێم
چما…له‌وه‌ی
كه‌ ناتوانیت ده‌ست به‌رداری درێژبوونه‌وه‌ی ئه‌م گۆرستانانه‌ بیت
كه‌له‌سه‌ر سینه‌ت
به‌خه‌تایه‌ك ئاوس ئه‌بن و
به‌بارانێكی خوێناویش سه‌فه‌ر ده‌كه‌ن
ئاسمان
چ به‌و په‌یژه‌ قۆقزانه‌ی من و تۆ ده‌ڵێت
كه‌ویستمان ته‌یره‌ مه‌نگۆلیه‌كانی نیشتمانی
پێ‌ بگوازینه‌وه‌ بۆ ناو په‌نجه‌ره‌كان و
نه‌گه‌رێینه‌وه‌
دیوار…ناروخێ‌
گه‌ر سێبه‌ره‌كانی خۆمانی لێوه‌ربگرینه‌وه‌ و
له‌شه‌وێكی یه‌ڵدادا جێی بهێڵین…؟!
له‌ ئێستا به‌دواوه‌
پێویسته‌ كه‌ بزانم
باڵ ….. ناشڵه‌ژێ‌
گه‌ر فرینه‌ ساخته‌كانی هه‌موو مێژووی فرینی
بۆ نمایش بكه‌م؟!
شه‌ربه‌كان…..
دڵگراننابن
به‌ریز بیانبه‌مه‌وه‌ بۆ روبار؟!
دارستان
 له‌روو دا نامێنێ‌
بۆ یه‌ك له‌حزه‌ چاوه‌كانی هه‌ڵبهێنێ‌ و
سه‌یری ئه‌و دره‌ختانه‌ بكات
كه‌ به‌یانیان هه‌ریه‌ك به‌ دارشه‌قێكه‌وه‌
له‌ قوتابخانه‌ دێنه‌ده‌رێ‌ و
به‌ره‌و لای ئه‌و دار سنه‌وبه‌رانه‌ ده‌رۆن كه‌رازی نین باڵا دابنێن…
ره‌شه‌با ئاماده‌یه‌….
په‌نجه‌ره‌یه‌كی برینداری منتان پیشان بدات
كه‌ رۆژگارێ‌
له‌سه‌ر سنگی چه‌قاندم و
سه‌یری ئه‌و ده‌ستانه‌م پێ ده‌كرد
كه‌ چاوه‌ڕێ‌ بوون
خوێن
له‌ بنی ئینجانه‌كان بچۆرێت و
په‌نجه‌كانی پێ‌ ئالوده‌ بكه‌ن …..
كه‌نار هه‌ڵوێستی چییه‌
گه‌ر له‌سه‌ر شه‌پۆل سفره‌ رابخه‌م و
له‌گه‌ڵ كونه‌په‌پوه‌كانا
قومار بۆ بردنه‌وه‌ی به‌خت بكه‌ین….
بانیژه‌كان گێژ نابن
گه‌ر له‌وێوه‌
نیشانه‌ له‌و ئینجانه‌ی كۆڵان بگرمه‌وه‌
كه‌ پر كران له‌ خه‌نجه‌ر
پێویسته‌ بزانم كه‌
 خاك
منه‌ت به‌سه‌ر جله‌ دووراوه‌كانی لاولاودا ناكات
گه‌ر یه‌ك به‌ یه‌كی
چه‌قۆ هه‌ڵولسراوه‌كانی
سه‌ر ته‌نافی بۆ بژمێرم
ئه‌ی هاورێم
ئه‌م حه‌وشه‌یه‌ شوێن پیاسه‌ی من و تۆی تیا نه‌ما
تا به‌سه‌ر پشتی ئه‌م ئاورنگه‌ ره‌ش پێستانه‌وه‌ مه‌حف نه‌بووین
شتێ‌ بڵێ‌….نه‌با
پاش ده‌سخه‌رۆبونێكی تر
پێمان نه‌كرێ‌
ئاسه‌واری خۆ كوشتنه‌كان بۆ نه‌وره‌س ته‌فسیر بكه‌ین و
ئالوده‌بوونی یه‌كجاره‌كی ده‌ریاش
به‌ هێڵنج دان
بۆ بارانه‌ خنكاوه‌كان نه‌نوسینه‌وه‌
شتێ‌ بڵێ‌….من نازانم
به‌م ده‌ستكێشه‌ ئاسنینانه‌مه‌وه‌
چی له‌م هه‌موو فرمێسكه‌ به‌ مرواری بووه‌ی خۆم بكه‌م
كه‌ وه‌ك گولله‌یه‌كی شاره‌زا دێن و
خۆیان ده‌كێشن به‌ دڵی كوكوختیه‌ ره‌ش داگه‌راوه‌كانی مندا
ئه‌ی هاورێ‌
درێغا….كه‌ نه‌متوانی
له‌ پۆله‌كانی قوتابخانه‌دا بمێنمه‌وه‌ و
له‌سه‌ر ته‌خته‌ ره‌شه‌كان
ناوی ئه‌و شه‌هێنه‌ به‌ هه‌یبه‌تانه‌ت
بۆ ئه‌زبه‌ر بكه‌م
كه‌ خرانه‌ ناو هاوكێشه‌كانی ماتماتیكه‌وه‌ و
نه‌مانبینینه‌وه‌….
درێغا….كه‌ نه‌كرا
وه‌ك سه‌رده‌می منداڵیم
له‌ناو خانه‌ی گیراوی خه‌تخه‌تێنی مناڵێكی دارشه‌ق به‌ده‌ست دا
دانیشم و
 نه‌كه‌س هاوار پرژێنم بكا و
نه‌كه‌سیش بمبینێ‌
نا……كه‌س نه‌یتوانی
له‌و كونه‌په‌پوه‌ سپیه‌ بگات
كه‌ به‌ گریانه‌وه‌
 له‌بازار هه‌ڵهات و خۆی فرێ‌ دایه‌ نێو به‌رده‌كان و
به‌به‌رچاوی ئه‌وانه‌وه‌
كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ زێوانه‌كان
قه‌رز ده‌كرد
نم نم تێزابی دڵی خۆی له‌سه‌ر سفره‌یه‌ك بۆ رشتن…..
به‌ر له‌وه‌ی تیره‌كان
به‌سنگی ئاسمانه‌وه‌ بچه‌قن و
كه‌س نه‌وێرێت سه‌یریان بكات
من بووم
ئه‌و پێشبینییه‌م له‌به‌رده‌م قه‌یاغه‌ راكێشراوه‌كان بۆ قوڵایی بیابان
كرده‌ نه‌خشه‌ و گه‌رده‌لولێ‌ بۆ خۆی برد
درێغا……
كه‌ من ئه‌و پێشبینیه‌ی خۆم ئاشكرا نه‌كرد
ئه‌و چرپایه‌ی
كه‌ پیاو كوژان
له‌سه‌ر ته‌رمی كوكوختی ناو سه‌به‌ته‌كانی من و تۆدا لایان داو
بوكه‌شوشه‌كانیان
له‌ناو سه‌نگه‌ره‌كان پێ‌ گواستنه‌وه‌
بۆ سه‌ر
پێخه‌فێكی شه‌ڵاڵ له‌ ریایی
درێغا….
كه‌ من بووم پارچه‌ پارچه‌ی ئه‌و چرپایه‌م
له‌جه‌سته‌ی شه‌و كرده‌وه‌ و
به‌یانم نه‌كرد
من بووم
شمشێره‌كانم
له‌ناو دڵی دیواره‌كان ده‌رهێنا و
له‌سنگی ئه‌و كۆترانه‌م چه‌قاند
كه‌له‌ ساتی هه‌ڵكردنی ره‌شه‌بادا
ده‌فرینه‌ ناو فه‌رشی سه‌ر دیواره‌كان
ئه‌و رێواسانه‌ی
به‌قه‌راغی مه‌نجه‌نیقه‌كانه‌وه‌ روا بوون
من بووم
گواستمنه‌وه‌ بۆ سه‌ر میلی كاتژمێره‌كان
من بووم
په‌رده‌ی هه‌موو ژوره‌كانم لێ‌ كرده‌وه‌ و
به‌ بارمته‌…..
لای بیاباوانێكی قه‌موور جێم هێشتن
من بووم
وێنه‌ دوو رووه‌كانی بابه‌ نوئێلم راكێشایه‌ به‌رده‌م
ئه‌و حه‌وزانه‌ی پركرا بوون
له‌ خوێن…!
گوناهی من بوو
 ئه‌ی هاورێ‌
كه‌ ئێستا ئه‌وان
ئه‌ڵقه‌رێزێك شك نابه‌ن
تا به‌ته‌واوی ده‌رگاكانی پێ‌ كڵۆم بده‌ن
چونكه‌ ئه‌و ده‌قیقه‌یه‌ی یه‌كه‌م باران دایكرد
من بووم…..
هه‌موو ئه‌ڵقه‌رێزه‌كانی دونیام كۆكرده‌وه‌ و
گرتمه‌ ئاسمان
ئه‌ی دڵنیایی
نه‌تپرسی
له‌و قه‌ره‌جه‌ی شه‌و
 كه‌ پۆجی دڵی لای داربیه‌ك جێ‌ هێشت و
له‌ سه‌ر زه‌وی……نووسی
چ مه‌حف بوونێكی سه‌رتاسه‌رییه‌ په‌یوه‌ندی
نه‌ترپرسی
له‌و راوچیه‌ دڵسافه‌ی به‌یانی
كه‌بۆچی خۆی خزاندۆته‌ به‌رزایی و
كه‌وتۆته‌ راوكردنی ئینسان
نه‌تپرسی
له‌و سه‌ربازه‌ رادیكاڵه‌ی نیوه‌رۆ
كه‌ بۆچی یه‌ك یه‌ك خودده‌ی جه‌نگاوه‌ره‌كان ده‌هێنێ‌ و
به‌به‌رچاوی هه‌موانه‌وه‌
له‌باخچه‌دا ده‌یانچێنێ‌
نه‌تپرسی
له‌و شاعیره‌ ره‌شبینه‌ی ئێواره‌
كه‌ بۆچی كتێبه‌كانی له‌سه‌ر شه‌قام هه‌ڵچنیوه‌ و
دوو دوو كه‌نارییه‌ به‌ به‌ردبووه‌كانی ناویان بۆ ئاسمان ده‌ژمێرێ‌
كه‌ جه‌نگه‌ڵ پر بووبێت له‌ بزمار
تازه‌ ته‌فسیری ئه‌م خۆسوتاندنی دره‌ختانه‌ بۆچی
ئه‌ی رارایبوون
ئه‌وه‌ كێ‌ بوو
له‌ به‌هاردا
هه‌تاو….و بارانی تل كرده‌وه‌
بۆ لای ئه‌و باخه‌وانانه‌ی
به‌ خوێن بێستانه‌كان ئاو ده‌ده‌ن
ئه‌وه‌ كێ‌ بوو
له‌ هاویندا بیابانی پر كرد
له‌ عه‌مود و
چراكانی له‌ به‌رده‌میاندا پێ‌ كرد
ئه‌وه‌ كێ‌ بوو
له‌ پایزدا
ئینجانه‌كانی به‌ده‌م پیاسه‌وه‌
 له‌م حه‌وشه‌یه‌دا دانا و
پری كرد له‌ كولله‌
ئه‌وه‌ كێ‌ بوو
له‌ زستاندا
مه‌تاره‌ پر خوێنه‌كانی
له‌ژێر باراندا ریز كرد
من یادم چوو كه‌ بازێك هه‌یه‌
ده‌مباته‌وه‌ بۆ لای یه‌كه‌مین كوشتن
ئه‌ی خه‌نجه‌ر
ستایسشێكت پێیه‌
بۆ ئه‌و گوڵ فرۆشه‌ ته‌نیایه‌ی
هه‌موو سپێده‌یه‌ك
دێته‌ به‌رده‌م ترافیكلایته‌كان و
سه‌به‌ته‌ گوڵه‌كانی خۆی به‌ ناچاری بۆ هه‌تاو به‌ جێدێڵێ‌
ئه‌ی سوپاس گوزاریه‌كت پێیه‌
بۆ ئه‌و ئه‌سپ سوارانه‌ی
كه‌ رۆژانه‌…..
له‌و په‌ری ده‌شتا
به‌ له‌فاف برینی لاسكی گوڵه‌ نازنازه‌كان ده‌به‌ستن
هه‌موو رۆژێ‌
مانگ….
به‌رله‌وه‌ی ئاوا بێ‌ و مۆمه‌كان له‌ به‌رده‌می
خۆیدا نمایشی بكات….من بانگ ده‌كا و
باس له‌ سه‌ختی پیر بوونی خۆیم بۆ ده‌كات
باس له‌ مێژووی قه‌تڵ و عامی په‌ره‌سێلكه‌م بۆ ده‌كات
كه‌ به‌شداری تیا كرد بوو
هیچ سه‌یر نه‌بوو هیچ
كه‌ هه‌موو كێله‌كان
 به‌ كۆمه‌ڵ هاتنه‌ به‌رده‌مم و
پێ‌ یان ووتم…..
پێویسته‌ به‌خۆت و هه‌زاران رۆحه‌وه‌
بچیته‌ گۆرستان و
یه‌قینی به‌هه‌شت
له‌به‌رنامه‌ی ژیاندا بنوسیته‌وه‌
به‌ڵام ئه‌شێ‌ ئه‌م بێ ئه‌قڵه‌ ئاگادار نه‌بێ‌
كه‌ من بۆ سارێژكردنی برینی سێبه‌ره‌كان
له‌ ناو قه‌فه‌زدا
په‌یژه‌یه‌كم هێناوه‌
بۆ نزیك بوونه‌وه‌
له‌ گه‌نجینه‌كانی ته‌نیایی
بۆ تۆماركردنی نه‌شیدی سێبه‌ره‌كان
له‌ ئاودا
ده‌فته‌رێكم هێناوه‌ سیخناخه‌
به‌ ده‌نوكی كه‌ناری
بۆ ئه‌ز به‌ركردنی شیعری سێبه‌ره‌كان
له‌ شه‌وی یه‌ڵدادا
ساڵنامه‌یه‌كم هێناوه‌ ئالووده‌ كراوه‌ به‌ تێكشكان
بۆ دیاری كردنی ماڵی سێبه‌ره‌كان
له‌ فه‌زادا
نه‌خشه‌یه‌كم هێناوه‌
 بێ‌ دیوار
كه‌ لێڵ بوون كرایه‌ به‌رنامه‌یه‌ك بۆ ئه‌م پۆسته‌چیانه‌، ئیدی بۆره‌وا نه‌بێ‌
قه‌له‌ره‌شكه‌ به‌شه‌وی تار جانتاكانیان بدزن و نامه‌كانمان بۆ پر بكه‌ن له‌ ژه‌هر كه‌ غه‌یبه‌ت كرایه‌ مه‌دالیا و خرایه‌ ملی چیمه‌ن و له‌ باخچه‌دا روا، ئیدی بۆ رێگا له‌ توتیه‌ ده‌نوك ئه‌فسانه‌ییه‌كان بگریین له‌ چونیانا بۆ ماڵی زوڵمه‌ت
كه‌ دۆسته‌كانمان هه‌ریه‌ك به‌ بوخچه‌یه‌ك زه‌رده‌خه‌نه‌و
چه‌پكێ‌ نێرگزی
خوێناویه‌وه‌ له‌ خوانی حه‌كیمه‌ ده‌ستكرده‌كان بگه‌رێنه‌وه‌، ئیدی بۆ بچینه‌ لای
شاهه‌نشای گێلاس و له‌وێ‌ سه‌رزه‌نشتی ئه‌و مه‌خلوقه‌ خومارانه‌ بكه‌ین كه‌
هه‌میشه‌ له‌ به‌رزیدان و به‌ به‌رد خه‌ریكی وه‌راندنی هێشوه‌ ترێی سه‌ر
ئه‌ستێره‌كانن
كه‌ سزادان خرایه‌ نێو فه‌رهه‌نگه‌كان و له‌نێوان هه‌موو دوو وشه‌یه‌كدا جێگیر كرا
ئیدی بۆشیاو نه‌بێ‌ كه‌سێك له‌ ده‌فته‌ری وێنه‌ی مناڵێكی (100) ساڵدا بێته‌ ده‌رێ‌ و
تاق تاق گوڵدانه‌كان بشكێنێ‌
كه‌ به‌یانیان كه‌سێ‌ به‌خۆی و سه‌تڵێكه‌وه‌ له‌و دیو په‌نجه‌ره‌وه‌ ده‌ركه‌وێ‌
په‌نجه‌ره‌كانمان به‌خوێن بۆ بسرێته‌وه‌ ئیدی بۆ برینه‌كانی یه‌كتر بشارینه‌وه‌ له‌
یه‌كتر
كه‌ چڵ چڵ فرینیان له‌م دار سنه‌وبه‌رانه‌ كرده‌وه‌ ئیدی بۆ گوناهبێ‌ به‌دیار ئاوێنه‌كانه‌وه‌ دانیشین و له‌ ناویاندا تاپری راوچیه‌ ده‌ف ژه‌نه‌كان بروێنین
كه‌ شه‌وان حه‌وشه‌كانمان بۆ پربكه‌ن له‌ تۆپه‌ڵه‌ قژ
ئیدی بۆ رێگا له‌و مناڵانه‌ بگرین
كه‌ به‌یانیان دیواره‌كانی قوتابخانه‌ ده‌روخێنن و بۆ فریودانی باخه‌وانیش ریز به‌ریز گه‌ڵاكان ئوتو ده‌كه‌ن
كه‌ مانگ له‌ جه‌نگدا تریفه‌ی خۆی بفرۆشێ و بێ‌ پرسی من رۆشنایی مۆمه‌كان
بئاخنێته‌ مابه‌ینی په‌ره‌ی گوڵاڵه‌ سوره‌كان و به‌ناوی رزگار بوونه‌وه‌ بۆ هۆڵه‌ خوێناویه‌كانی خۆی بگوێزێته‌وه‌
 ئیدی كامه‌یه‌ گوناه…كه‌ من گۆرستانی نوێ‌ بۆ تێكرای ئینجانه‌ و چراكان دروست بكه‌م و بیاننێژم
كه‌ به‌ختیاری له‌گه‌ڵ یه‌كه‌مین سێودا كه‌وته‌ خوارێ‌ و هاره‌ی كرد…….
ئیدی بۆ سته‌مه‌……
له‌به‌رده‌م شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌كان دا
به‌ ته‌وسه‌وه‌ باسی ئه‌و شاعیره‌ ژاكاوانه‌ نه‌كه‌م
كه‌به‌ زنجیره‌وه‌ وه‌دوی ئه‌و كه‌سه‌ ته‌نیایه‌ كه‌وتون كه‌ هه‌میشه‌ تریفه‌ له‌سه‌ر شانی ده‌وه‌رێ و له‌ گه‌رمترین نیوه‌رۆیه‌كی هاوینیشدا پارچه‌ پارچه‌ شه‌وی
له‌ گیرفانه‌كانی ده‌رهێنا
پێی ووتم
كه‌ ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی بۆ هه‌یبه‌تی جوانی
له‌ ناو یه‌ك به‌یه‌كی ئاوێنه‌كانا پێ‌ نوسیوه‌……
هه‌ڵهاتن
سۆراخی هه‌میشه‌یی ماسیه‌كی رۆمانسیه‌
به‌دووی ئه‌و قه‌تره‌ بارانه‌ یه‌خسیره‌ی كه‌ خۆی هاویشته‌ ده‌ریاوه‌ و
له‌بن به‌ردێكدا خۆی حه‌شاردا
مه‌نفا
گواستنه‌وه‌ی خه‌ونی ره‌شه‌بایه‌ بۆ ناو ئه‌شكه‌وته‌كان
جوانی
خلكردنه‌وه‌ی تۆپه‌ڵێ‌ ئاگری بوركانه‌ به‌سه‌ر ئه‌و گوڵانه‌ی كه‌ رۆژبه‌رۆژ
ستایشی ئه‌و كتێبانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ رۆژگارێ‌ په‌نجه‌كانی ئێمه‌یان به‌سه‌ر روباره‌
نائوێده‌كانا
نوقم كرد
فرین
داگرتنی مانگه‌ بۆ سه‌ر حه‌سیره‌كان
نائومێدی
ئاوردانه‌وه‌ی حه‌په‌ساوی باڵنده‌یه‌كی ته‌نیایه‌
له‌ كۆتره‌ په‌یامنێره‌كانی جه‌نگ
شیعر
جوڵاندنی هه‌وره‌ بروسكه‌یه‌ به‌ هه‌ناسه‌ی شاعیر
ته‌نیایی
ریزكردنی كورسیه‌كانه‌ له‌سه‌ر به‌هێزترین شه‌پۆل
عه‌شق
ئێشكگرتنی شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌یه‌ له‌ ته‌نیشت خۆردا
ببوره‌ ئه‌ی ئه‌و روناكیه‌ برینداره‌ی
له‌ قوڵای تاریكیه‌وه‌ كه‌وتیته‌ سه‌ر ده‌ستم و
نه‌مبردیت بۆ لای خۆكوشتنی عه‌موده‌كانی شه‌قام،
ئه‌ی ئه‌و تارژه‌نه‌ پیره‌ی
كه‌ به‌ زه‌حمه‌ت هه‌موو ده‌رگاكانت هێنایه‌ به‌رده‌م جه‌نگه‌ڵ و
چاوه‌رێی به‌یانی باشێ‌ بووی له‌ ده‌رگا….
ببوره‌ كه‌ من به‌ ناو
ئه‌ڵقه‌ رێزی ده‌رگاكانی تۆ دا
تێپه‌ریم و
هه‌موو تاره‌كانی دوونیام
به‌ دار چناره‌كانه‌وه‌ شه‌ته‌ك دا،
 ئه‌ی ئه‌و باخه‌وانه‌ی له‌ نینۆكه‌كانته‌وه‌
ژه‌نگ….
ده‌پرژێنیته‌ سه‌ر قه‌دی دره‌خته‌كان
ببوره‌ كه‌ نه‌كرا…..
سه‌رزه‌نشتی ئه‌و پیاوه‌ به‌سه‌ر چوانه‌ت بۆ بكه‌م
كه‌ ته‌خته‌ ره‌شی قوتابخانه‌كانیان هێناوه‌ته‌ نێو چیمه‌نه‌كان و باسی بێزاری گوڵاڵه‌ سوره‌كان ده‌كه‌ن
بۆ وشكی بیابان،
ئه‌ی ئه‌و ماسیگره‌ ته‌نیایه‌ی
هه‌میشه‌ نێچیره‌كانت فرێ‌ ده‌ده‌یته‌ نێو ده‌ریا
عه‌فوم بكه‌…..
كه‌ واده‌یه‌كم نه‌ماوه‌
تا له‌سه‌ر سنگی ئه‌و ماسیه‌دا بمێنمه‌وه‌
كه‌ گشت ئاوه‌كانی سه‌ر زه‌مینی قووت دا،
ئه‌ی ژمێریاری دابه‌ش كردنی
كامه‌رانی
كه‌ بریارت دا بۆ دواهه‌مین جار
له‌ به‌رده‌م ئه‌م په‌نجه‌ره‌ حه‌پاساوه‌دا
دوا سه‌به‌ته‌ی پر له‌به‌ختیاری ژیان
به‌سه‌ر كونه‌په‌پوه‌كاندا بته‌كێنێ‌
بمبه‌خشه‌ تا مردن
له‌ چه‌كمه‌جه‌كانته‌وه‌ دۆسیه‌كانت ده‌رده‌هێَنم و
پریان ده‌كه‌م له‌ ژه‌هر بۆت،
ئه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ ناموراده‌ی
هه‌موو رۆژێ‌ چه‌پكێ‌ رووناكی
به‌ لقێكی ئه‌م دره‌خته‌ قه‌مورانه‌دا
هه‌ڵده‌واسی و جێی ده‌هێڵی
پێم بڵێ‌……
بۆ وا غه‌مگینانه‌
هاتیته‌وه‌ حه‌وشه‌و
په‌نجه‌ره‌كانت به‌ سێو شارده‌وه‌
ئه‌ی ئه‌مرۆ بۆ وا ترسنۆكانه‌ ده‌تبیبنم
به‌سه‌ر ئه‌و مێزه‌ ریز كراوانه‌دا را ده‌كه‌یت
كه‌ له‌به‌رده‌م ده‌رگا باڵابه‌رزه‌كانی كۆڵاندا ڕیزكراون و
نامه‌ی ئاشت بوونه‌وه‌یه‌كی فێڵبازانه‌ی تیا ده‌نوسن
له‌م دووریه‌دا
هه‌رچیه‌ك هه‌یه‌
هه‌ر كێشانی بازنه‌یه‌كی پیره‌
به‌ده‌وری جێ‌ پێ‌ برینداره‌كانی من و تۆدا
هه‌ر كێشانی لاكێشه‌یه‌كی ته‌ڕه‌
به‌ ده‌وری ئه‌و مێرولانه‌ی له‌ منداڵیدا قاچمان برینه‌وه‌
له‌م ئاوه‌دانیه‌دا
هه‌رچیه‌ك هه‌یه‌
هه‌ر گه‌ڕانه‌ به‌دوی ئه‌و هه‌ناسه‌ زامدارانه‌ی تۆدا
كه‌له‌سه‌ر نوكی خه‌نجه‌ره‌كان جێتهێشت
چ خاڵیه‌ ئاوا بوون
چ غه‌ڵبه‌ غه‌ڵبێكه‌ بیابان
چ تاریكیه‌كه‌ ئاگایی
چ رۆشنه‌ ته‌نیایی

                                                          

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.