Skip to Content

Friday, October 4th, 2024
داری مای … Maibaum….  دڵشاد تاقانه‌

داری مای … Maibaum…. دڵشاد تاقانه‌

Closed
by April 28, 2009 گشتی

    
       داری مای … Maibaum
خۆشه‌ویستی سنوری نی یه‌ و له‌و پێناوه‌دا جۆره‌ها داهێنانی ده‌ربڕین هه‌یه‌ ، یه‌کێ له‌ سیما جوانه‌کانی ڕازانه‌وه‌ی داری بێتولایه‌ ( Birken ) که‌ له‌شێوه‌ی دارئه‌سپیندار قه‌ده‌کانی سپی یه‌ ‌، لقێکی بڕاوه‌ی ده‌ڕازێنرێته‌وه‌ به‌ بریقه‌ و که‌ره‌سته‌ی ڕه‌نگی ئاڵ و واڵای نایلۆنی یا په‌ڕۆی که‌سک و سۆر وه‌ک هێما و نیشانه‌ی خۆشه‌ویستی له‌به‌رده‌م ماڵی خۆشه‌ویست داده‌نرێ . بۆنه‌یه‌کی گشتی ڕێگه‌پێدراوه‌ به‌ زمانی ئه‌ڵمانی‌ به‌ (  Maibaum) ده‌ناسرێ واته‌ داری مانگی مایس ( مانگی جۆزه‌ردان /  گوڵان ) . له‌ ئێواره‌ی ڕۆژی ( 0000.04.30 ) که‌ به‌یانی ده‌بێته‌ یه‌کی مای هه‌موو ساڵێ گه‌نجان بۆ ده‌سگیرانه‌ خۆشه‌ویسته‌کانیان ئاماده‌ی ده‌که‌ن و له‌ شه‌وه‌که‌ی به‌ نهێنی ده‌یبه‌نه‌ به‌ر ده‌رگای ماڵیان‌ تا به‌یانی که‌ یار له‌ خه‌و هه‌ڵسا دیاری خۆشه‌ویسته‌که‌ی ببینێ ، ئه‌م نیشانه‌ ئاشکرایه‌ و مایه‌ی شانازی یه‌ که‌ کچ یا کوڕی ئه‌و ماڵه‌ خۆشه‌ویستی هه‌یه‌ یا خۆشویستراوه‌ . زۆرجاران ژن و مێرد نمایشه‌که‌‌ بۆ یه‌کتری ده‌که‌ن هه‌روه‌ها گه‌ر که‌سێک بیه‌وێ بۆ یه‌که‌م جار په‌یوه‌ندی ببه‌ستێ خۆشه‌ویستی خۆی ده‌ربڕێ ئه‌م داره‌ ده‌ڕازێنێته‌وه‌ له‌ به‌ر ده‌ری ماڵی خۆشه‌ویستی هه‌ڵبژێردراوی دای ده‌نێ بۆ سه‌رنج ڕاکێشانی .   
ڕۆژی یه‌کی مای هه‌ر جه‌ژنی کرێکاران نی یه‌ و به‌ فه‌ڕمی له‌ وڵاتانی ئه‌ڵمانیا ، نه‌مسا ، سویسڕا ڕۆژی پشووه‌ بۆ خۆشه‌ویستی له‌ ڕۆژمێری ساڵانه‌ تۆمارکراوه‌ وه‌ک داب و نه‌ریتێکی باوی کۆمه‌ڵایه‌تی په‌یڕه‌و ده‌کرێ مایه‌ی شادی و سه‌ما و گۆرانی خۆشی یه‌ . بۆ بانگه‌شه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی بانه‌مه‌ڕ لافیته‌ به‌سه‌ر شه‌قامه‌کانه‌وه‌ هه‌ڵده‌واسن به‌ ڕسته‌ی  ( Tanz in den Mai ) سه‌ما به‌ره‌و مانگی جۆزه‌ردان پێناسه‌ ده‌کرێ واته‌ سه‌مای شه‌واهه‌نگی ( 30. 04 ) تا به‌ره‌به‌یانی ( 01. 05 ) که‌ داری مای چاوی خۆشه‌ویست ڕۆشه‌ن ده‌کا . له‌ وڵاتانی ئه‌سکه‌نده‌نافی و به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا ، ڕوسیا ، ئه‌مریکا ، تایلاند و میسریش باوی هه‌یه‌ و هه‌ندێ جار داری سنه‌وبه‌ر و سه‌روو به‌کاردێنن .
مێژوه‌که‌ی دووره‌ و چه‌ندین سه‌ده‌یه  یۆنان و ڕۆمانه‌کان له‌ کات و ساتی خۆی نمایشیان کردووه‌ ، ستایلێکی وه‌هاش له‌ ئاینه‌کاندا هه‌یه‌ به‌ڕازانه‌وه‌ی گۆڕ و مه‌زاری پیاو چاک و ناو باشه‌کان وه‌ک پیرۆزی و موتفه‌ڕک به‌داری سه‌ر گڵکۆیه‌که‌یان ، له‌ هه‌ر شوێن و کۆگه‌لێک جۆرێکه‌ و نوێکاری تێدا ده‌کرێ .‌ جگه‌ له‌ که‌سه‌ دڵداره‌که‌ ده‌کرێ کۆمه‌ڵێک کوڕ و کچی هاوڕێ ئاماده‌ و به‌شداری نمایشی ڕازانه‌وه‌ و گواستنه‌وه‌ی بردنی دارکه‌ بن به‌تایبه‌تی له‌ گونده‌کان هه‌مووان له‌ پشتی عاره‌بانه‌ی تراکتۆر ده‌خۆنه‌وه‌ و به‌ده‌م چه‌پڵه‌وه‌‌ گۆرانی ده‌چڕن . له‌ هه‌رێمی بایه‌رن له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌بێ کوڕه‌که‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و شه‌وه‌‌دا پاسه‌وانی داره‌که‌ بێ له‌ به‌ر ده‌رگا نه‌وه‌ک هاوڕێکانی لێ ی بدزن خۆ ئه‌گه‌ر بدزرێش وه‌ک سزا ده‌بێ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی بیره‌ و خواردنه‌وه‌ بکڕێ . له‌ ڕووی ئابوری و داهاته‌وه‌و زۆری باخه‌وان و دارفرۆشه‌کان له‌م کاتانه‌ قازانجی زۆرده‌که‌ن ته‌نانه‌ت کۆمپانیای تاکسی ئاماده‌یی ڕازانه‌وه‌ و گواستنه‌وه‌ی داره‌کان به‌ نرخی داشکاو گونجاو ده‌که‌ن . 
داری مای بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک بگره‌ زیاتریش له‌وه‌یه‌ تا مانگی جۆزه‌ردان له‌ پێش ده‌رگای ماڵی ده‌نکی خۆشه‌ویست بمێنێته‌وه‌ سیمای هه‌ستێکی جوانی سۆزبه‌خشه‌ . هه‌موو ساڵێ کوڕان به‌م کاره‌ هه‌ڵده‌ستن ته‌نیا له‌ چوار ساڵ جارێک کچان به‌ ڕازانه‌وه‌ و پێشکه‌شکاری داره‌‌که‌ ده‌سپێردرێن ئه‌و ساڵانه‌ی که‌ مانگی ڕه‌شه‌مه‌ بیست و نۆ ڕۆژه‌ واته‌ ساڵه‌که‌ سێ سه‌د و شه‌ست و شه‌ش ڕۆژی  ته‌واو وه‌ک ده‌ڵێن ( ساڵهه‌ڵات بێ )   .
                                                                    
                                                                      دڵشاد تاقانه‌
                                                                 
    Dlshadtakana@yahoo.com                                                       

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.