دادگایی‌کردنی جاشه‌کانی ئه‌نفال: چۆنێتی له ڕووی یاساییه‌وه
دادگایی‌کردنی جاشه‌کانی ئه‌نفال: چۆنێتی له ڕووی یاساییه‌وه
ڕاگۆێزان و وێران کردنی ودزینی هه‌زارها له لادێیه‌کانی کوردستان و کوشتن و له ناوبردنی ده‌یان و سه‌دان هه‌زار له لاو و پیر و ئافره‌ت و مناڵی کورد له پرۆسه‌کانی ئه‌نفالی یه‌ك و دوو و سێ و چوار بریتیه له به‌شێك له پڕۆسه‌ی داڕێژراوی جینۆساید که له دژی میلله‌تی کورد کرا. ئه‌نفال (کورد قران) به تاوانی جینۆساید له قه‌ڵه‌م ئه‌درێ چونکه به شێوه‌یه‌کی داڕێژراو وکۆمه‌ڵ ئه‌نجام درا و به‌مه‌به‌ستی له ناوبردن و قڕانی به‌شێك له گه‌لی کورد که له بوون به کورد زیاتر هیچ تاوانێکیان نه‌بو.
هه‌رچه‌نده پڕۆسه‌ی ئه‌نفال له دژی میله‌تی کورد ئه‌نجام درا، به‌ڵام کۆمه‌ڵێك له کوردی خۆفرۆشی ڕوو ڕه‌ش سڵیان نه‌کرد له ده‌ست سوورکردن به خوێنی میلله‌ته‌که‌یان و فرۆشتن و کوشتنی ڕۆڵه‌ی کورد له پێناو پاره‌یه‌کی حه‌رام وشڕه ده‌سه‌ڵاتێکی کاتی. ئه‌م خۆفرۆشانه ڕۆڵێکی کاریگه‌ریان هه‌بو له جێبه‌جێ کردنی پرۆسه‌ی ئه‌نفال چ به چاوساغی کردن بۆ هێزی داگیرکه‌ر یان به به‌شداری کردنی راسته‌وخۆ له ڕاگۆێزان و قڕکردن وهه‌روه‌ها فاکته‌رێکی راسته‌وخۆبوون بۆ کوشندیی و گه‌وره‌یی ئه‌م پرۆسه‌یه.
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر تاوانێك ناو و سیفه‌تی جینوساید وه‌ربگرێ ئه‌بێت چه‌ند مه‌رجێکی تێدا به‌دی بکرێ:
1. تاوانی جینۆساید به‌ند نیه به ده‌وڵه‌ت. واته ئه‌م تاوانه ئه‌شێ ڕوو بدات به‌ڕێگای هێزو له‌شکری ده‌وڵه‌ت و هه‌روه‌ها ئه‌شێت ئه‌نجام بدرێت له لایه‌ن گروپ ومێلیشیا. واته ئه‌و تاوانانه‌ی دژ به مرۆڤایه‌تی که ڕوویان دا له کاتی شه‌ڕی براکوژی له نیوان پارته‌کانی کورد ئه‌کرێت به جینوساید بژمێردرێت ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌کانی خواره‌وه‌ی لێ بێته دی.
2. جینوساید تاوانێکه سیفه‌تی پلانی داڕێژراو وههمئاههنگی وکاری کۆمه‌ڵی به‌خۆوه ئه‌گرێ. واته ئه‌م تاوانه به‌یه‌ك که‌س ناکرێ، به‌ڵکو پێویستی به‌هه‌مئاهه‌نگی چه‌ند تاوانبارێك هه‌یه که به‌یه‌که‌وه پلانێك جێبه‌جێ ئه‌که‌ن.
3. تاوانبارانی جینۆساید مه‌به‌ستێکی دیاریکراویان هه‌یه له تاوانه‌که‌یان ئه‌ویش له ناوبردن وچه‌وساندنه‌وه‌ی که‌سانی گروپێك که ئه‌کرێت بناسرێن یان دیاریبکرێن له سه‌ر بنه‌مای نه‌ژادی، یان ڕه‌گه‌زی، یان تایفه‌گه‌ری، یان نیشتمانی، یان ئاینی یان له سه‌ر هه‌ر بنه‌مایه‌کی تر که ببێته فاکته‌ری ده‌ستنیشان کردنیان وه‌کو بیروباوه‌ڕی ڕامیاری. جینۆساید کۆمه‌ڵێك کرده‌وه له خۆ ئه‌گرێ وه‌کو کوشتنی به ئه‌نقه‌ست، به‌ربه‌ست گرتن له زاوزێی و په‌ره‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵێك، ئه‌شکه‌نجه وچه‌وسانه‌وه‌ی زه‌قی ده‌رونی یان له‌شی وه‌کو ئه‌وه‌ی که ڕوو ئه‌دا له گه‌ڵ زیندانه سیاسیه‌کان له هه‌رێمه دیکتاتۆریه دۆڕاوه‌کان دا.
4. جینوساید تاوانێکی ویستراوه واتا تاوانکار ئه‌بێت ئاگادار و وبه ئنقهست به‌شداری کردبێ له جێبه‌جێ کردنی پلانی داڕێژراو.
تاوانی ئه‌نفال هه‌موو مه‌رجه‌کانی جینۆسایدی لێ دێته دی چونکه به‌شێوه‌یه‌کی دارێژراو جێبه‌جێ کرا و به‌مه‌به‌ستی له ناوبردنی میلله‌تی کورد. و ئه‌و کۆمه‌ڵه کورده‌ی که به‌شدارییان له‌و تاوانه کرد هه‌مویان وه‌کو تاوانباری سه‌ره‌کی ده‌ستنیشان ده‌کرێن چونکه ئاگاداربوون له‌و پلانه گڵاوه وبه‌شدارییان کرد له جێبه‌جێ کردنی.
جینۆساید یه‌ك له تاوانه هه‌ره گه‌وره‌کانی دژ به مرۆڤایه‌تییه، بۆیه ووڵاتان و کۆمه‌ڵگای نیو ده‌وڵه‌تی به‌شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تاوان و تاوانبارانی جینۆساید ئه‌کا. له ئاستی نیوده‌وڵه‌تی دا، چه‌ند دام وده‌زگایه‌کی نیوده‌وڵه‌تی دروستکراون بۆ ده‌ستنیشان کردنی تاوانی جینۆساید ولێکۆڵینه‌وه و ده‌ستگیرکردنی تاوانباران وسزادانیان. له ئاستی ووڵاتان، زۆر له یاسای ووڵاتان به‌تایبه‌تی ووڵاته پێشکه‌وتووه‌کان له ڕووی دیموکراسی دانیان ناوه به تاوانی جینوساید وه‌کو تاوانێکی دژ به مرۆڤایه‌تی که ئه‌که‌وێته خانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بێ سنوری یاسا (الاختصاص الشامل) . واته، یاسای ئه‌م ووڵاتانه ده‌سه‌ڵات ئه‌دا به خۆیی بۆ ڕاونان و ڕاگرتن و لێکۆڵینه‌وه و سزادانی تاوانبارانی جینۆساید بێ گوێدان به شوێنی ئه‌نجامدانی تاوانه‌که و بێ گوێدان به جنسییه‌ی تاوانباران یان تاوان لێکراوان.
که‌واته ئه‌گه‌ر تاوانی جینۆساید ڕوویدا، ئه‌وه ئه‌کرێ تاوانباران سزابدرێن به یه‌ک له سێ ڕێگا: به‌ڕێگای دادگاکانی نیشتمانی له ووڵاتی په‌یوه‌ست به تاوانی جینۆساید، یان به ڕێگای ده‌زگا نیوده‌وڵه‌تییه‌کان وه‌کو دادگای سزای نیوده‌وڵه‌تی، یان به ڕێگای دادگای ووڵاتانی پێشکه‌وتوو که له ناو یاسای سزایان دا جینۆساید وه‌کو تاوانێکی دژ به مرۆڤایه‌تی ناسراوه.
که‌واته سه‌باره‌ت به تاوانی ئه‌نفال (جینۆساید) و تاوانباره ئه‌نفالچییه‌کان، له ئاستی تیۆریدا سێ ڕێگا هه‌یه بۆ ڕاپێچکردنی تاوانباران به‌رامبه‌ر به دادگا وسزادانیان. فه‌رموون به کورتی له گه‌ڵ شیکردنه‌وه‌ی هه‌ر سێ ڕێگاکه‌دا وهه‌ڵسه‌نگاندنیان له ڕووی تاوانی ئه‌نفال دا بۆ ئه‌وه‌ی بزانین به‌کام ڕێگا ئه‌توانین له ڕووی پراکتیکی ئه‌نفالچییه‌کان ڕاپێچی دادگا بکه‌ین:
I. دادگای عێراق و یاسای سزادانی عێراقی
هه‌رچه‌نده یاسای عێراقی تاوانیك ناناسێ به‌ناوی جینۆساید، به‌ڵام ئه‌کرێ ئه‌نفالچییه‌کان ڕاپێچی دادگا بکرێن به‌تۆمه‌تی تاوانی کوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست که چه‌ند هۆکاری توندی (ظروف مشددة) به‌خۆوه ئه‌گرێ به‌پێی مادده‌ی 405 و 406 یاسای سزادانی عێراقی. تاوانی ئه‌نفال بریتییه له کوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست که به‌له سێداره‌دان سزا ده‌درێ چونکه به‌شێوه‌ی پلان و ئاماده‌سازی پێش وه‌خت ئه‌نجام دراوه و چونکه کورده خۆفرۆشه‌کان به‌رامبه‌ر به پاره و پاداشت به‌شدارییان کردووه له ئه‌نجامدانی وهه‌روه‌ها چونکه به‌کۆمه‌ڵ قوربانی لێکه‌وتووه. لێره حه‌ز ئه‌که‌م ڕوونی بکه‌مه‌وه که‌وا هه‌رچی که‌سێك به‌شداری کردبێ له ئه‌نجامدانی تاوانی ئه‌نفال به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت وه‌کو بکووژی راسته‌وخۆ (فاعل أصلی) مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵ ده‌کرێ به‌پێی مادده‌ی 47 ی یاسای سزادانی عێراقی که تاوانباری راسته‌وخۆ ده‌ستنیشان ده‌کات به‌و که‌سه‌ی که به‌شداری ئه‌کا له ئه‌نجامدانی به‌شێك له تاوانه‌که. واته، تاوانباره و بکوژه ئه‌و که‌سه‌ی که به‌شداری کردووه له ڕاگوازتنی خه‌ڵك ئه‌گه‌ر که‌سیشی نه‌کوشتبێ به‌ده‌ستی خۆیی. بکوژ و تاوانباری سه‌ره‌کیه ئه‌و که‌سه‌ی که ئاماده بووه له شوێنی و کاتی ڕوداوه‌که ئه‌گه‌ر به‌شداریشی نه‌کردبێ له جێبه‌جێ کردنی تاوانی ئه‌نفال (مادده‌ی 49 ی.س.ع).
II. دادگای وده‌زگاکانی نیوده‌وڵه‌تی
بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن وتێگه‌یشتنی ڕۆڵ وتوانای ده‌زگاکانی نیو ده‌وڵه‌تی له سزادانی تاوانبارانی ئه‌نفال، پێویسته کورته مێژوویه‌ك له سه‌ر سزادانی تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی له ئاستی نیوده‌وڵه‌تی دا باس بکه‌ین،
له مێژوودا تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی به دوو قۆناغی سه‌ره‌کی تێپه‌ر بووه
a. قۆناغی پێش 1945 (پێش شه ڕی جیهانی دووه‌م):
پێش شه‌ڕی جیهانی دووه‌م، تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی نه‌ناسراوبوو وه‌کو تاوان به‌ڵکو باس له توندوتیژی دژ به مافی مرۆڤ ئه‌کرا و وڵاتان ئه‌م توند‌و تیژییه‌یان مه‌حکوم ئه‌کرد به‌بێ ئه‌وه‌ی وه‌کو تاوان مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵ بکرێ و سزای بۆ دابندرێ. بۆ نموونه چه‌ند په‌یمان نامه‌یه‌ك (معاهدة) مۆر کرا بۆ دانانی یاسا و ڕێنماییه‌کانی مامه‌ڵه‌کردن له کاتی جه‌نگ دا وه‌کو گرێبه‌ندی جنێڤ 1864 و لاهای 1899 به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕێنماییانه تایبه‌تمه‌ندی زۆره‌ملییان هه‌بێت (غیر إلزامی). دوای شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م، جه‌ند ڕووداوێك وایان کرد که خانه‌واده‌ی نیوده‌وڵه‌تی هه‌ڵس وکه‌وت ده‌رببرێ وه‌کو جینۆسایدی ئه‌رمه‌نه‌کان به‌ده‌ستی تورك له ساڵی 1915 که وایکرد فر‌نسا و روسیا وئهنگلترا یاداشت نامه‌ی له دژی ده‌ربکه‌ن و ئه‌م ڕووداوه وه‌کو تاوان دژ به مرۆڤایه‌تی محکوم که‌ن. له ساڵی 1919 به پێی گرێبه‌ندی ڤێرسای، پاشای ئه‌ڵمانیا ڕاپێچی دادگایێکی نیوده‌وڵه‌تی کرا و مه‌حکوم کرا به ئه‌نجام دانی تاوانی جه‌نگ به‌ڵام به‌بێ سزا.
b. قۆناغی دووای 1945 (دووای شه‌ڕی جیهانی دووه‌م):
دووای شه‌ڕی جیهانی دووه‌م، تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی ناسرا به تاوانێکی سه‌ربه‌خۆ و سزای تایبه‌تمه‌ندی بۆ داندرا. به‌پێی په‌یمانی لندن 1945 که بووه هۆیی دامه‌زراندنی دادگای عسکه‌ری نیوده‌وڵه‌تی نۆره‌مبێرگ Norembergue . له بڕگه‌ی شه‌شی (6) ئه‌م په‌یمانه ئاماژه به تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی کراوه ، به‌ڵام ئه‌م په‌یمانه و ئه‌م دادگایه دروست کران به‌مه‌به‌ستی سزادانی تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی که به‌ده‌ستی نازییه‌کان ئه‌نجام دراوه. چه‌ند په‌یمان نامه‌ی تر مۆر کران سه‌باره‌ت به تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی به‌ڵام هه‌مویان له سه‌ر تاوانباره نازییه‌کان بوون.
له نۆههدهکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو کۆمه‌ڵگای نیو ده‌وڵه‌تی چه‌ند پێشکه‌وتنێکی به‌رچاوی کرد له ڕووی ناسینی تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی و سزادانی، ئه‌م پێشکه‌وتنه به دوو شیوهبوو:
i. دروستکردنی دادگای ئهدۆك (Juridiction ADOC)
دادگای ئهدۆك بریتیه له‌و دادگا سزای نێودهوڵتییانهی (TPI) که دروست کران له لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان وه‌کوو دادگای سزای نێوده‌وڵه‌تی بۆ تاوانبارانی جه‌نگی یۆگۆسلافیا 1993 وهه‌روه‌ها دادگای سزای نێوده‌وڵه‌تی بۆ تاوانبارانی جینۆسایدی ڕواندا 1994. به دادگای ئهدۆك ناسراوه چونکه بۆ مه‌به‌ستێکی ده‌ستیشان کراو دروستکراوه، چ له ڕووی بابه‌ته‌که‌ی یان کاته‌که‌ی بۆ نموونه دادگای یۆگۆسلافیا داندرا بۆ دادگایی‌کردنی سه‌رپێچیه‌کانی یاسای مرۆڤایه‌تی نێوده‌وڵه‌تی وتاوانه دژه مرۆڤاییهتییهکان که له سه‌ر خاکی یۆگۆسلافیا ڕوویان دا له دووای 1.1.1991، وهه‌روه‌ها دادگای ڕوواندا داندرا بۆ دادگایی‌کردنی وتاوانه دژه مرۆڤاییهتییهکان که له سه‌ر خاکی ڕوواندا یان له لایه‌ن ڕوواندییهکان ئه‌نجام دران له نیوان 1.1.1994 و 31.12.1994.
جۆرێکی تر له دادگای ئهدۆک دروست کرا به ناوی دادگای تایبه‌تی نێوده‌وڵه‌تی (TSI) که دروست ده‌کرێن به هه‌مئاهه‌نگی له نیوان نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و ووڵاتی په‌یوه‌ست به‌مه‌به‌ستی دادگایی‌کردنی تاوانه دژ به مرۆڤایه‌تیه‌کان که له‌م ووڵاته ئه‌نجام دراوون. ئه‌م جۆره دادگایه ئه‌شێت درووست بکرێت بۆ دادگایی‌کردنی تاوانی کۆن وه‌کو ئه‌و دادگا تایبه‌تییه‌ی که دروست کرا له لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و ووڵاتی کمبۆدیا بۆ دادگایی‌کردنی ئه‌و تاوانه دژه به مرۆڤاییهتییهی که خه‌میری سوور ئه‌نجامیان دا له ساڵانی نیوان 1975 و 1979.
ii. دادگای سزای نێوده‌وڵه‌تی
ئه‌م دادگایه دروست کرا به‌پێی په‌یمانی نیوده‌وڵه‌تی ڕۆما 1998 و ده‌ست به کار بوو له 1.7.2002. ئه‌م دادگایه تایبه‌تمه‌نده به دادگایی‌کردنی تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی به شێوه‌یه‌کی گشتی، که له دووای 1.7.2002 ئه‌نجام دراوون وئه‌توانێ ڕاپێچی هه‌ر تاوانبارێک بکات به‌مه‌رجێک ووڵاتی شوێنی تاوان یان ووڵاتی که‌سی تاوانبار ئه‌ندام بێت له په‌یمانی رۆما ونه‌توانێ یان نه‌یه‌وێ تاوانباران دادگایی بکات. بۆ نموونه ئه‌م دادگایه سه‌رقاڵی کێشه‌ی دارفوره و بریاری گرتنی سه‌رۆکی سودانی ده‌رکرد.
له ڕووی یاسایی دادگای سزای نیوده‌وڵه‌تی ناتوانێت سه‌یری کێشه‌ی ئه‌نفال بکات و ناتوانێت ئه‌نفالچییه‌کان ڕاپێچ وسزا بدات چونکه ئه‌م دادگایه ناتوانێت له ڕووی فۆرمی (شکلي) سه‌یری ئه‌م تاوانانه بکات که له پێش 1.7.2002 روویان داوه. به‌ڵام به ڕێگای دادگای ئهدۆك ئه‌توانین ئه‌نفالچییه‌کان ڕاپێچی دادگای نیو ده‌وڵه‌تی بکه‌یین و سزای راسته‌قینه‌ی خۆیان وه‌ربگرن.
III. دادگای ووڵاتانی دیموکراسی
هه‌روه‌کوو له سه‌ره‌وه باسمان کرد، دادگای ئه‌و ووڵاتانه‌ی که یاسایه‌که‌یان تاوانی جینۆساییدیان ناسیوه وه‌کو تاوان دژ به مرۆڤاییه‌تی ئه‌توانن بڕیاری گرتن ده‌رکه‌ن و ڕاپێچ و لێکۆڵینه‌وه له گه‌ڵ هه‌ر تاوانبارێك بکه‌ن که تاوانی دژ به مروڤاییهتی ئه‌نجام داوه هه‌ر که ئه‌م تاوانباره بگاته سه‌ر خاکیان به بێ گوێدان به شوێنی ئه‌نجامدانی تاوانه‌که و بێ گوێدان به جنسییه‌ی تاوانباران یان تاوان لێکراوان. ئه‌م ڕاپێچ و سزادانه ئه‌کرێت به‌مه‌رجێك تاوانه‌که ئه‌نجام درابێت له دووای به‌رواری ده‌رچوونی یاسای دژه جینۆساید له‌م ووڵاته. بۆ نموونه، یاسای فر‌نسا پێش 1994 سزای تاوانی جینۆساییدی نه‌ئه‌دا مه‌گه‌ر له لایه‌ن نازییه‌کان ڕوویان دابیت واته بۆ ئه‌وه‌ی تاوانێك به جینۆساید بناسرێ ده‌بوایه تاوانبار نازی بایه. پاش 1994 یاسای فر‌نسا گۆڕا و چه‌ند تاوانێکی تازه‌ی به‌خۆوه گرت وه‌کوو تاوانی جینۆساید به شێوه‌یه‌کی گشتی (مه‌رجی نازییه‌تی لادرا و تاوانه‌که فراوانترکرا). بۆیه، دادگای فرنسی ئه‌توانێت تاوانی جینۆساید دادگایی بکات و بڕیاری گرتن و سزادانی تاوانبارانی جینۆساید بدات ئه‌گه‌ر تاوانه‌که له دووای 1994 ئه‌نجام درابێت.
واته بۆ سزادانی تاوانبارانی ئه‌نفال، ناتواندرێ پشت به دادگای ووڵاتانی ده‌ره‌وه بگیرێت مه‌گه‌ر یاسای ئه‌م ووڵاته تاوانی جینۆسایدی ناسیبێ له پێش ساڵی 1988. له‌و حاڵه‌ته‌دا هه‌موو تاوانلێکراوێك بۆی هه‌یه ڕوو بکاته دادگای ئه‌م ووڵاته بۆ داواتۆمارکردن له دژی ئه‌نفالچییه‌کان وده‌رکردنی بڕیاری گرتنیان.
له‌م لێکۆڵینه‌وه بۆمان ده‌رئه‌که‌وێ که‌وا بۆ دادگایی کردنی ئه‌نفالچییه‌کان دوو ڕێگای سه‌ره‌کی هه‌یه:
1. به‌ڕێگای دادگاییه‌کانی نیشتیمانی له کوردستان یان له هه‌ر پارێزگایه‌کی تری عێراق وه‌کو تاوانی کوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست.
2. له ڕیگای دروستکردنی دادگای نێوده‌وڵه‌تی ئهدۆك (دادگای تایبه‌تی نیوده‌وڵه‌تی) بۆ دادگایی‌کردنی تاوانبارانی جینۆساییدی کورد (ئه‌نفال، کیمیا باران،…).
به‌ڵام هه‌ردوو ڕێگا پێوه‌ستی به هه‌مه‌ئاهه‌نگی و پشتگیری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی هه‌یه بۆ جێبه‌جێ کردنیان چونکه بۆ دادگایی‌کردنی ئه‌نفالچییه‌کان له به‌رامبه‌ر دادگای نیشتیمانی پێویسته حکومه‌ت ڕاپێچی تاوانباران بکات بۆ دادگایی‌کردنیان. وهه‌روه‌ها بۆ دروستکردنی دادگای تایبه‌تی نیوده‌وڵه‌تی پێویسته حکومه‌تی هه‌رێم داوا و ههمهئههنگی بکات له گه‌ڵ نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان.
واته له هه‌ردوو حاڵه‌ت پێویستمان به حکومه‌تێکی دیموکراتی و دڵسۆز و به‌هێز هه‌یه وهه‌روه‌ها به په‌رله‌مانێکی راسته‌قینه هه‌یه بۆ چاره‌کردن وکۆتایی هێنان به کێشه‌ی جینۆسایدی کورد. به‌ڵام به‌داخه‌وه حکومه‌ته‌که‌مان وپهرلهمانمان ئه‌وه‌نده لاواز و گه‌نده‌ڵن که له لایه‌ك پشتیان له گه‌له‌که‌ی خۆیان کردووه ومزایهده به خوێنی شه‌هیدان ئه‌که‌ن و له لایه‌کی دی باوه‌شیان کردۆته‌وه بۆ دز وخائینان وئهنفالچییان.
لای هه‌موو که‌س ڕوون و ئاشکرایه که‌وا ئه‌و سیاسه‌ته چه‌وتوو ترسنۆکانه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم له وه‌ته‌ی دامه‌زراندنی هه‌تا ئێستا نه‌یتوانیوه چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی گه‌لی کورد بکات به‌ڵکو قووڵتری کردوون وبۆته هۆی دوواکه‌وتن و وێرانکاری ومه‌ینه‌تی که‌وای کردووه هه‌تا ئێستا ودوای نۆزده ساڵ له خوود موختاری هێشتا لاو و گه‌نجی کورد ڕوو له هه‌نده‌ران ده‌که‌ن بۆ ده‌رباز بونیان له داوی گه‌نده‌ڵی و دزی و زووڵم وزۆری وداکتاتۆریهت و نا عه‌داله‌تی پێشه‌واکانمان.
بۆیه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به‌ره‌و پێش بڕۆین بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانمان به‌تایبه‌تی کێشه‌ی که‌سوکاری جینۆساید کراوه‌کان وبمانهوێ هیوای چاکسازی و ژیانێکی ئاسووده دووباره ده‌روونمان پڕکاته‌وه، پێویستمان به گۆڕانکاری هه‌یه. به‌و نیزیکانه هه‌ڵه‌یه‌کی زێرین و شارستانی دێته ئاراوه بۆ ئه‌نجامدانی گۆڕانکاری ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستانه. بۆیه پێویسته له سه‌ر هه‌موو کوردێك که توانای ده‌نگ دانی هه‌یه بچێت وده‌نگ بدات به‌و لیستانه‌ی که ئومێدی گۆڕانکارییان وپێشکه‌وتنیان لێ ده‌کرێ. بایکۆت کردنی هه‌ڵبژاردن ته‌نها و ته‌نها زه‌ره‌ری گه‌لی لێ دێته دی و به‌قازانجی ئه‌نفالچی و دز و دیکتاتۆر ونه‌زان دا ده‌شکێته‌وه.نووسه‌ر/ صفاء ا‌لدین محمد گه‌زنه‌یی
لێپرسراوی کۆمیته‌ی چاك «چاودێری كوردۆساید له فر‌نسا
پاریس / ئه‌بریل 2009