Skip to Content

Wednesday, September 11th, 2024
سه‌رنشینانی ئه‌و که‌شتییه‌ی ڕۆژێک ناوی لێنرا زه‌مه‌ن

سه‌رنشینانی ئه‌و که‌شتییه‌ی ڕۆژێک ناوی لێنرا زه‌مه‌ن

Closed

 

        سه‌رنشینانی ئه‌و که‌شتییه‌ی ڕۆژێک ناوی لێنرا زه‌مه‌ن

            شیعری ؛ عه‌بدوڵا سڵێمان (مـه‌شخه‌ڵ)

 

دێین و ده‌ڕۆین
ده‌ڕۆین و دێین
وه‌کو کشانی ئه‌ستێره‌ و
تووڕه‌ بوونی جاویدانه‌ی زێوانه‌کانی غه‌ریبی
وه‌کو گه‌ردی به‌باداچووی خۆڵه‌مێشی داری خه‌ون
ده‌ڕۆین به‌ره‌و نیشتمانێک له‌ تاریکی
نیشتمانێک خاڵی له‌ وه‌سوه‌سه‌ی ده‌نگ و
له‌ گۆرانییه‌ نهێنییه‌کان
وه‌ک عاشقێک به‌سه‌ر پشتی که‌شتییه‌که‌وه‌
وه‌ک که‌شتییه‌ک به‌سه‌ر پشتی شه‌پۆڵێکی فێگرتووه‌وه‌
په‌نجه‌کانی ڕۆژگاره‌کان ئه‌بڕین و
ده‌رخواردی نه‌هه‌نگه‌کانی سه‌فه‌ری ده‌ده‌ین
قژی ته‌مه‌ن هه‌ڵئه‌پاچین و
ده‌یده‌ینه‌ ده‌م گه‌رده‌لووله‌کانی خه‌م و ڕێکه‌وته‌وه‌
ده‌ڕۆین وه‌کو دۆڕاوێکی به‌سه‌لیقه‌ له‌به‌زین و هه‌ڵاتنا
پشت ده‌که‌ینه‌ ده‌رگاکانی خۆشه‌ویستی
له‌ باخچه‌کانی مه‌نفاوه‌ ئه‌ستێره‌کان ئه‌ژمێرین و
به‌ ڕێگاکانی شه‌وه‌وه‌
ئه‌چینه‌وه‌ سه‌ر ده‌روازه‌کانی مردن
ئه‌چینه‌وه‌ به‌رده‌م زه‌مه‌نێکی کاڵ و بێئاگا له‌ سه‌فه‌ر و
وه‌رینی وه‌رز و فڕین به‌سه‌ر ئه‌به‌دییه‌تدا

دێین و ده‌ڕۆین
ده‌ڕژێین به‌سه‌ر ڕۆژگاره‌کان
وه‌کو ڕژانی تریفه‌ی شه‌وه‌ سپییه‌کانی عومر
وه‌کو ڕژانی ئاونگی سه‌ر گه‌ڵاکانی فه‌نابوون
ده‌ڕۆین و دێین وه‌کو مه‌رگی چاوه‌ڕوانی
وه‌کو نیگاری سووتانی لاپه‌ڕه‌کانی ته‌مه‌ن و
سوتووی چاوه‌ خه‌واڵووه‌کان.

له‌ باخچه‌کانی بوونه‌وه‌، ته‌مه‌ن مۆسیقای سیحرێکه‌
قه‌شه‌نگ له‌ چه‌شنی نووته‌ک و
له‌ بێده‌نگییه‌کی زاڵمدا، که‌مانچه‌ی حوزن لێئه‌دا
له‌نێو زه‌ریای زینده‌گییه‌وه‌، به‌سه‌ر پشتی که‌شتییه‌کی گه‌شتیاره‌وه‌
ده‌ڕۆینه‌ به‌ر په‌ڕینه‌وه‌ له‌ نهێنییه‌کانی مه‌رگ
ده‌ڕۆینه‌ نێو خاڵیبوونه‌وه‌ له‌گه‌مه‌ و کایه‌کانی سه‌فه‌ری هه‌تاهه‌تایی
ئه‌ی عومر ئه‌تۆ چی دیت جگه‌ له‌ جوانییه‌کی ڕه‌ها؟
تۆ جگه ‌له‌ شه‌رابێکی سه‌رمه‌ستانه‌ی ده‌ستی مردن
جگه‌له‌ میحنه‌تێکی بێسنوور هیچی تر نیت.

ده‌ڕۆین و دێین
وه‌ک هاتوچۆی شه‌ووڕۆژی ئه‌م ئه‌ستێره‌ بێخاوه‌نه‌
ڕێک هه‌روه‌کو کۆچی باڵنده‌ وه‌رزییه‌کان
ده‌ڕۆین ده‌بین به‌ گه‌ردی تۆز و ون ده‌بین
ڕوحمان ده‌بێ به‌ شه‌ونمی ڕۆژێکی دی و
به‌قه‌راغی با‌غه‌کانی بوون دێنه‌وه‌
ده‌ڕۆین و خه‌ونه‌کانمان ده‌فڕن
جوانییه‌کانمان وه‌ک پاساری له‌سه‌ر چڵی داری ئه‌سه‌ف ده‌نیشنه‌وه‌
که‌ دێینه‌وه‌ش، جوانی و خه‌ون چاوه‌ڕوانن
بیانده‌ینه‌ به‌ر نیگاکانی لێواری کاره‌سات
ده‌ڕۆین وه‌کو گه‌ردی تۆز و
دێینه‌وه‌ هه‌روه‌ک دڵۆپێک له‌ ده‌ریاکانی ڕوناکی.

ئێمه‌ له‌نێو زه‌مه‌نێکی خه‌وتوو ده‌ڕۆین
به‌لێواری سبه‌ینان و سه‌حه‌ره‌کانی ڕۆژگارا
به‌ڕێگا لوول و پێچه‌کانی ڕه‌هایی،
به‌تاریکی ئه‌په‌ڕینه‌وه‌ و هه‌ر ئه‌ڕۆین
له‌ کوچه‌کانی فه‌ناوه‌ ده‌ڕۆین به‌ره‌و دۆڵه‌کانی ئه‌به‌دییه‌ت
به‌ره‌و کێڵگه‌ هه‌تاهه‌تاییه‌که‌ی زه‌مه‌ن
که‌ ڕۆیشتین زه‌مه‌ن ئیتر چاولیک ئه‌نێ و
شوێن ده‌بێته‌ سه‌رابێکی ئه‌فسانه‌یی و
جوانی و خه‌ونیش به‌ گه‌رد و تۆز
که‌ دێینه‌وه‌ به‌سه‌ر پشتی گالیسکه‌که‌ی وجوده‌وه‌
بۆنی گوڵی ژیان ده‌که‌ین
خۆمان ئیتر ده‌بین به‌ پارچه‌یه‌ک له‌ خه‌ون و
به‌شه‌به‌نگێک له‌ زیندوێتی و
ده‌بین به‌ شارێک له‌ جوانی.

                         11/12-04-2008
                          ڤانکۆڤه‌ر / که‌نه‌دا

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.