
دیدار له‌گه‌ڵ خاتوو ساماڵ…
خاتوو ساماڵ: له فه‌لسه‌فه‌دا وه‌ک بابهتهکانیتر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سیاسی و باوه‌ڕ به ئاسانی خۆیان ده‌رناخه‌ن تا به سه‌رنجێکی خێرا بناسرێنه‌وه‌و بدۆزرێنه‌وه……
سازدانی: هاوڵاتی
هاوڵاتی:تا چه‌نده لاتان وایه فه‌لسه‌فه به شێوه‌یه‌کی گشتی به مانا فه‌لسه‌فیه‌که‌ی تێکه‌ڵ به ژیانی ساده‌ی خه‌ڵک بوه؟
خاتوو ساماڵ:
من ئه‌مه‌وێت له‌ڕێی گرێدانه‌وه‌ی دوو ووشه‌ی پرسیاره‌که‌ی خۆته‌وه وه‌ڵام به‌مه‌وه؛ گرێدانه‌وه‌ی هه‌ردوو ووشه‌ی فه‌لسه‌فه و خه‌ڵک. خه‌ڵک مه‌به‌ستمان له مرۆڤه( نێر و مێ) و فه‌لسه‌فه‌ش مه‌به‌ستمان له بیرکردنه‌وه و پرسیار و سه‌رنجدانی ئه‌م مرۆڤانه‌یه له چۆنیه‌تی بیرکردنه‌وه و بوونی خۆیان و ئه‌وانیکه و ده‌وروبه‌ریانه. به ڕای من نه هیچ کام له نێر ومێ ی مرۆڤ ساده‌یه و نه ژیان و بوون ساده‌یه، به‌ڵام ئه‌کرێت تێڕوانین له بوون وژیان و ڕوودانه‌کانی ده‌وروبه‌رمان ساده بن و باسکردن لێوه‌یان ڕوویه‌کی ساده‌یی بنوێنن.
فه‌لسه‌فه ئیش و به‌رهه‌می فه‌یله‌سوفه ،فه‌یله‌سوف مرۆڤه و که‌سێکه که له بواری فه‌لسه‌فه‌دا خه‌ریکی لێکۆڵینه‌وه‌یه و فه‌یله‌سوف جگه له‌مه هیچیتر نیه. له کاتێکا که هه‌ر تاکه که‌سێک له مرۆڤ ڕۆژانه بیر ئه‌کاته‌وه له بوونی خۆی و ئه‌وانیکه ، یا له‌ده‌وروبه‌ری، له کاتێکا که بڕیار‌و ئه‌نجامی بیرکردنه‌وه‌کانی جێی سه‌رنجن لای لێکۆڵه‌ره‌وه‌کانی زانسته مرۆڤایهتیاکان، لای ئێمه پرۆسه‌ی بیرکردنه‌وه‌که خۆی جێی سه‌رنج وپرسیار و گومانه وبابه‌تی فه‌لسه‌فه‌یه. پرسیاری فه‌لسه‌فه له چۆنیه‌تی کارکردنی ئه‌م پرۆسه‌ی بیرکردنه‌وه‌یه خۆیه‌تی و شێوه وچۆنیه‌تی داڕشتنی بیر‌و پێ‌زانین و بینینی دیارده‌کان و گه‌یشتن و نه‌گه‌یشتن به ڕاستی له بیرکردنه‌وه‌و تێگه‌یشتن له خۆمان و ئهوانیکهو ده‌وروبه‌رمانه. هه‌ر به‌م پێیه‌ش و له ڕێی ئه‌مه‌وه جیاوازی فه‌لسه‌فه وبابه‌ته‌کانی که ده‌رئه‌که‌وێت، هه‌روه‌هاش ئیشی فه‌یله‌سوف و شاره‌زاو زانای بابهتهکانیتر له یه‌ک جیا ئه‌کرێنه‌وه و ئه‌ناسرێنه‌وه.
فه‌لسه‌فه له ژیانی ڕۆژانه‌و بیرکردنه‌وه‌ی هه‌ر که‌سێکا به‌کار دێت، له‌و ڕێیه‌وه فه‌لسه‌فه تێکه‌ڵه به ژیانی ڕۆژانه. بۆ نمونه؛ مرۆڤ (نێر و مێ) له پڕۆسه‌ی بیرکردنه‌وه‌یه‌دا (که لای فه‌یله‌سۆف جێی سه‌رنجه و خراوه‌ته به‌ر تیشکی گومانه‌وه) ئه‌گاته بڕیار( ئه‌م بڕیارانه لای زانایانی زانسته سروشتیه‌کان و مرۆڤایه‌تیه‌کان ئه‌خرێنه به‌ر تیشکی گومان و ڕاستکردنه‌وه‌وه) مرۆڤ له‌م بیرکردنهوهیانهدا باوه‌ڕی پێشینه به‌کار ئه‌هێنێت بۆ دروستکردنی بۆچوونی تازه سه‌باره‌ت به دیارده و ڕوودان و بینینه‌کان.
ئه‌م باوه‌ڕه پێشینینانه له‌گه‌ڵ سه‌رنج وبینینی ئێستایدا له پرۆسه‌یه‌کی لهیهکدانهبڕاودا بۆچوون وباوهڕهکان دروست ئه‌که‌ن. له‌م پرۆسه‌یه‌دا؛ قسه‌ی دایک و باوک و بهخێوکهرانمان وئه‌وه‌ی که له قوتابخانه‌کانا وه‌ری ئه‌گرین که له چه‌ند تیۆری مه‌زن و چکۆله و خوێندنی بابه‌تی زانستی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و سیاسی و هتد هه‌ن، ئه گه‌ر سه‌ر به دینێک یا ڕێکخراوه‌یه‌کی مه‌ده‌نی یاحیزبێک یا بزوتنه‌وه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و بین ئه‌وه‌ی ئه‌وان پێمان ده‌ڵێن و لای ئه‌وان دهیانخوینینهوه و بینینی ڕوودانه‌کانی ڕۆژانه‌و و ئاشنا بوون به تێۆریهکان وئه‌و قسانه‌ی ئه‌وانیکه بۆمان ئه‌گێڕنه‌وه له ده‌مه‌ته‌قێ وگاڵته و باسهکانا و ئه‌وانه‌ی که خۆشمان بۆ ئاره‌زوو و خۆشی خۆمان ئهیانخوێنینهوه وههربیر وبۆچونێکی که‌ش که ده‌که‌ویته به‌ر گوێمان یا به‌رچاومان و باسیان ئه‌که‌ین له ماوه‌ی ژیانمانا له بیرکردنهوهمانا و ئه‌ڕژێنه ناو بینین وتێگه‌یشتن له ڕوداوه‌کانی ئێستامان. ئه‌م تێگه‌یشتنه پێشینه‌یه تێکهه‌ڵکێش ئه‌بن و ئه‌چنه ناو تۆڕی باوه‌ڕ تێگه‌یشتنمان و بۆچونه‌کانمان لا دروست ئه‌که‌ن، بیرکردنه‌وه تازه‌کان سه‌باره‌ت به خۆمان وئهوانیکه و ده‌وروبه‌رمان پێک ئه‌هێنن.
بۆیه له‌کۆی ئه‌مه‌دا، واته له تۆڕی بیرکردنه‌وه‌دا، ئه‌مه بوه به یه‌کێک له‌و هۆکارانه‌ی که ئێمه‌ی مرۆڤ به که‌مو کوڕیه‌کی زۆره‌وه قسه له‌سه‌ر خۆمان و ده‌وروبه‌رمان ئه‌که‌ین،که‌مو کوڕیه‌ک که به به‌کار هێنانی هه‌ریه‌ک له‌م ڕێ و سه‌رچاوانه‌وه ده‌مان گاتێ. ئه‌مه سه‌رنجێکی فه‌لسه‌فیه، به‌شێکی چکۆله‌یه له کێشه‌ی گه‌یشتن و نه‌گه‌یشتن به ڕاستی. ئه‌م کێشه‌یه سه‌ر به په‌یوه‌ندی نێوان تیۆری و به‌ڵگه‌کانه ، جیانه‌کراوه له‌م کێشه‌یه‌ش، کێشه‌ی جیا کردنه‌وه‌ی به‌ڵگه بینراو و نه‌بینراوه‌کانه و پرسیاری کامیان زیاتر جێی بڕوان بۆ سه‌لماندنی تیۆریه‌کی زانستی. (به ئاگا به له‌وه‌ی که من ئه‌ڵێم ئه‌مه به‌شێکه له گرفتی ڕاستی نه‌ک هه‌موو گرفته‌که ، چونکه گرفته‌که له‌مه زۆر زیاتره و، وه من پڕم له ئاره‌زووی باسکردنی، به‌ڵام بۆ ڕاگرتنی زمانێکی ساده و قوڵ نه‌بونه‌وه له کێشه فه‌لسه‌فیه‌کان له چاوپێکه‌وتنیکی ڕۆژنامه‌ییدا هه‌ر ئه‌مه‌نده له‌وباره‌یه‌وه ئه‌ڵێم) ئه‌مه ئه‌گه‌رچی سه‌رنج وگرفتێکی فه‌لسه‌فیه، ئه‌م گرفته فه‌لسه‌فیه خه‌م و گرفتی ههرکهسێکیشه که له ته‌مه‌نی خۆیدا سه‌رنج له ژیانی خۆی و ئه‌وانیکه ئه‌دات و لێان وورد ئه‌بێته‌وه ،جگه له‌وه ئه‌م گرفته هی هه‌ر که‌سێکه که بیه‌وێت له بوارێکی زانستیا لێبکۆڵێته‌وه به‌هه‌ردوو به‌شی زانستی سروشتی ومرۆڤایهتیهوه.
بۆیه ئه‌ڵیم پرسیاره فه‌لسه‌فیه‌کان و فه‌لسه‌فه به‌شێکه له بیرکردنه‌وه‌ی هه‌ر مرۆڤێک له ژیان و بیرکردنه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌ش له هه‌ر بابه‌تێک .هه‌موو بابه‌تێکیش پرسیاری فه‌لسه‌فی گرتۆته‌خۆ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه به شێوهیهکیتر ڕوون بکه‌مه‌وه ئه‌ڵیم له زهمانیکی دێرینا هه‌موو زانیاریه‌ک وه‌ک فه‌لسه‌فه ته‌ماشاکراوه، به فه‌لسه‌فه دانراوه،ئه‌م بابه‌تانه‌ی که لێکۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌تیان له‌سه‌ر ده‌کریت له ژیانی ئیمه‌دا، ئه‌وکات جیا نه‌بوون و به هه‌موویان ووتون فه‌لسه‌فه. مه‌به‌ستم له فیزیا و کیمیاوماتماتیک و ئه‌ستێره‌ناسی وسیاسه‌ت ڕه‌وشت وهتد. هه‌موو ئه‌مانه به‌شێکی جیانهکراوهوه بوون له فه‌لسه‌فه، له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی گهشهکردنا ئه‌م به‌شانه جیا کراونه‌ته‌وه بۆلیکۆڵینهوه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ووردتر و مهیدانیترو سهربهخۆانهتر له بابه‌ته‌کانیان بکۆڵنه‌وه به‌ڵام له هه‌ریه‌ک له‌م بابه‌تانه‌دا پرسیار و گیروگرفتی فه‌لسه‌فی له ئاستی تیۆری وباڵادا هه‌ن وئهنجامگیری و تیۆریه‌کانیان په‌یوه‌سته به بوون و نه‌بوونی ئه‌و پرسیار وگیروگرفتانهوه.
ڕووبه‌ڕووی ئه‌م دابه‌شبوون و جیابوونه‌وانه‌ی بابه‌ته‌کان پێویستی به‌وه‌کردوه له فه‌لسه‌فه‌شدا به‌شی جیاجیا بۆ لێکۆڵینه‌وه پێک بهینرێن تایبه‌ت بن به‌و کێشه‌و گرفتانه‌ی که له‌و بابه‌تانه‌دا ڕێئهگرن له ده‌رخستنی ڕووی ڕاستی به‌ڵگه وبۆچونه‌کان وتیۆرازهکردنیان، هه‌روه‌هاش بۆ تێگه‌یشتن له‌که‌موو کوریهکانیان ؛وه‌ک فه‌لسه‌فه‌ی دین ، فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو، فه‌لسه‌فه‌ی زمان ، فه‌لسه‌فه‌ی سایکۆلۆلجی، فه‌لسه‌فه‌ی هونه‌ر و جوانی ، فه‌لسه‌فه‌ی سیاسه‌ت ، فه‌لسه‌فه‌ی ئابوری،فه‌لسه‌فه‌ی زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، فه‌لسه‌فه‌ی زانسته سروشتیه‌کانی وه‌ک کیمیاو فیزیا‌و بایۆلۆجی، فه‌لسه‌فه‌ی ماتماتیک ، فه‌لسه‌فه‌ی میۆزیک ،فه‌لسه‌فه‌ی کۆمپیوتر، وه به‌شی تریش لهدروستبونان هاوئاهه‌نگ له‌گه‌ڵ زیابوون وگرنگی پێدان به‌و بابه‌ت و لێکۆڵینه‌وه‌یانه‌ی که فه‌لسه‌فه نین .من ساڵی پار به دوان له‌و به‌شه تازانه‌ی که ناوم نه‌هێناون سه‌رقاڵی لێکۆڵینه‌وه و خوێندنه‌وه بووم . ئه‌م بهشانهههموو فه‌لسه‌فه‌ن و جگه له‌مانه‌ش هه‌ندێ به‌شی فه‌لسه‌فی هه‌ن که له ناو خۆی فه‌لسه‌فه‌دا به‌شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ به‌شکراون بۆلێکۆڵینه‌وه‌ی زیاتر وه‌ک لۆژیک وئیپیستیمۆلۆژی ومێتۆد ومۆڕاڵ ومیتافیزیک ،له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌دا به پیی جێۆپۆلتیک هه‌ندێ به‌شیتر له فه‌لسه‌فه‌دا هه‌ن بۆ لێکۆڵینه‌وه وه‌ک فه‌لسه‌فه‌ی کۆنتینه‌نتاڵ یا فینۆمینۆلۆجی ( فه‌لسه‌فه‌ی فه‌ره‌نسی وئه‌ڵمانی)،یۆنانی،هیندی،عه‌ره‌بی هتد.
که‌سێک که فه‌یله‌سوفیش نه‌بێ یا ڕۆژیک فه‌لسه‌فه‌شی نه‌خوێندبێته‌وه ئه‌گه‌ر لێکۆڵه‌ره‌وه بێت له‌هه‌رکام له‌م بوارانه‌دا له ڕێگای خوێندنی ئه‌م بابه‌تانه‌ی تره‌وه به هه‌ندێ چه‌مکی فه‌لسه‌فه ئاشنا ئه‌بێ .ئه‌و که‌سانه‌ش که ناچنه ناو بواره‌کانی خویندن و سیسته‌می خوێندنی باڵاوه له ڕێی خوێندنه‌وه‌ی تره‌وه و قسه وه‌رگرتنه‌وه یا له‌ڕێی فێربونی پێویستیه‌کانی ئه‌مڕۆی ژیانی ڕۆژانه‌وه شتێک له‌م بابه‌تانه ئه‌چێته ناو تۆڕی بیرکردنه‌وه‌یانه‌وه و له‌گه‌ڵیا شتێک له فه‌لسه‌فه‌ش به شیوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ ئه‌یانگاتێ. بۆیه کاتێ که چه‌ند که‌سێک گفتوگۆ ده‌که‌ن له داوه‌ت و دانیشتنێکا له‌سه‌ر سیاسه‌ت یا مردن یا مان و زۆر شتیکه، کۆمه‌ڵێک پرسیار ئه‌که‌ن که فه‌لسه‌فین و زۆر جار هه‌مان پرسیار ئه‌که‌ن که فه‌یله‌سوفه‌کان ئه‌یانکه‌ن، ته‌نها له پرۆسه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌و تێڕوانین و وهڵامدانهوهیانا جیاوازی له نێوان فه‌یله‌سۆفێک و ئه‌م که‌سانه ده‌کرێت .
بۆیه من ئه‌ڵیم فه‌لسه‌فه دابڕاو نیه له بیرکردنه‌وه و ژیانی ڕۆژانه چونکه دابڕاو نیه له هیچ بابه‌تێک، پرسیاره فه‌لسه‌فیه‌کانیش هه‌مان پرسیارن که هه‌رکه‌سێک ئه‌یکات به ده‌ربڕینی جیاوازه‌وه. من ئه‌ڵیم فه‌لسه‌فه زۆر وکه‌م له ژیانی ڕۆژانه‌ی هه‌موو کهسێکایه ، له هه‌ر پرسیار و بیرکردنه‌وه‌یه‌ک که هه‌رکه‌سێک له خۆی و ئه‌وانیکه و ژیان و ده‌وروبه‌ری ئه‌یکات و هه‌ندێک له پرسیاره فه‌لسه‌فیه‌کان ئه‌که‌ن وقسه و نوسینه‌کانیان که‌م تا زۆر فه‌لسه‌فه‌ی ناڕاسته‌و خۆ تێئه‌ڕژێ.هاوڵاتی؛ لاتان وانیه له سیسته‌می جیهانگیریدا یان له کێبه‌رکێی سیاسی و ئابووری سه‌رمایه‌داریدا هه‌ندیک گۆڕان به‌سه‌ر چه‌مکی فه‌لسه‌فه‌دا هاتبێ؟
خاتوو ساماڵ:
له فه‌لسه‌فه‌دا وه‌ک بابهتهکانیتر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سیاسی و باوه‌ڕ به ئاسانی خۆیان ده‌رناخه‌ن تا به سه‌رنجێکی خێرا بناسرێنه‌وه و بدۆزرێنه‌وه، به‌ڵام هه‌ن، هه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌یله‌سوفیش مرۆڤه وه له ژیانێکی هاوبه‌شدا ئه‌ژی له‌گه‌ڵ ئه‌وانیکه ،جگه له‌مه‌ش فهیلهسۆفیش وه‌ک هه‌رکه‌سێکی که بیرکردنه‌وه‌کانی پڕرن له باوه‌ڕی پێشینه وکێشه‌ی گه‌یشتن و نه‌گه‌یشتن به ڕاستی. به ڕای من چ فه‌لسه‌فه و چ زانست جێگای کۆمه‌ڵێک دید و باوه‌ڕی تیا بۆته‌وه که لاوازن یا باش نین بۆ نمونه سهکستن(دژه ژنن) یا دژ به زانستن یا دژ به ته‌نانه‌ت فه‌لسه‌فه خۆشیه‌تی.
به‌ڵام ئه‌ڵێم فه‌لسه‌فه کۆنتره له سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و هه‌رسیسته‌مێکی که‌ش که پاش سه‌رمایه‌داری ببێته به‌ڕێوه‌به‌ری ئابوری و سیاسی و ژیانی مرۆڤ پێویستی فه‌لسه‌فه‌و گرفت وپرسیاره فه‌لسه‌فیه‌کان لا نابات .بۆیه من ئه‌ڵیم فه‌لسه‌فه ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له چۆنیه‌تی پرسیار و لێکۆڵینه‌وه فه‌لسه‌فیه‌کان بن ناگۆڕێت و فه‌لسه‌فه هه‌ر فه‌لسه‌فه‌یه و هیچیکه نیه جگه له فه‌لسه‌فه ، واته پرسیاره فه‌لسه‌فیه‌کان هه‌ر ئه‌مێننه‌وه سه‌باره‌ت به ڕاستی و خۆمان و ئه‌وانیکه و ژیان و ده‌وروبه‌رمان، ئێستاش له‌سه‌دا 90 ی ئه‌و گرفت و کێشه فه‌لسه‌فیانه ماونه‌ته‌وه که فه‌یله‌سوفه یۆنانیه‌کان بۆیان به جێ هێشتوین و هێشتا نه‌ک هه‌ر له فه‌لسه‌فه‌دا وه‌ڵامیان نیه له هیچ کام له زانست و مێتۆد و زمانیشا وه‌ڵامیان نهدراونهوه.
به‌ڵام پرسیاره‌کان ئه‌گوێزرێنه‌وه وپرسیاریتر دێنه پێشه‌وه که له‌وه‌پێش نه‌کراون له فه‌لسه‌فه‌دا سه‌باره‌ت به سه‌رنجیکی فه‌لسه‌فی، سه‌رنجه فه‌لسه‌فیه‌کان ئه‌گوێزرێنه‌وه له چه‌مکێکه‌وه بۆ چه‌مکێکی که، کاتێک سه‌رنجه‌کان و پرسیاره‌کان ئه‌گۆڕێن له فه‌لسه‌فه‌دا کێشه ئه‌خه‌نه به‌رده‌م بۆچونه‌کانی پێشووتر وهه‌میشه ململانێی بیر و دیده‌کان به‌رده‌وامن له‌فه‌لسه‌فه‌دا.
بۆیه ئه‌توانم بڵیم که به‌ڵی هه‌ندێ گۆڕان هه‌ن له فه‌لسه‌فه‌دا ئه‌م گۆڕانانه‌ش له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می بیر‌و زانست و لێکۆڵینه‌وه ولێووردبونهوهی زیاترا لهناوچهقی فه‌لسه‌فه‌دا پرسیاره‌کان زیاد ئه‌که‌ن وچۆنیه‌تی کردنی پرسیاره‌کانیش ئه‌گۆڕێن وله‌گه‌ڵیا کێشه‌ی زیاتر و گرفتی لۆژیکی زیاتر و وبڕوا نه‌مان به هه‌ندێ بۆچون له‌ناو فه‌لسه‌فه‌دا دێته کایه‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ئه‌مه‌ت بۆ ڕون بکه‌مه‌وه بۆ نمونه فه‌یله‌سوفه یۆنانیه‌کان هه‌ندێ له کێشه‌و گرفته‌کانی ئه‌مڕۆی ئێمه‌یان نه‌بوه وه‌ک ئه‌و کێشانه‌ی که کوانتۆوم میکانیک هیناویه‌ته کایه‌وه بۆ ئێمه( به ئاگا به له‌وه‌ی من کێشه فه‌لسه‌فیه‌کان به که‌موکوڕی یان زیان وه‌رناگرم وه‌ک ئه‌وه‌ی له مانای ووشه‌ی کێشه ده‌که‌وێته‌وه له زمانی نوسین و قسه‌کردنا، به‌ڵکوو پێم وایه که ده‌رخستنی کێشه‌کان باشن وئیشی ئێمه‌یه و زیاد بوونی تێگه‌یشتن و بیر وفه‌لسه‌فه‌یه) له‌م کێشانه‌ی که ئه‌وان نهیانبوۆه و له دوای ئه‌وانه‌وه هاتونه پێش و ده‌رخراون زۆرن بۆ نمونه؛ ئه‌و کێشانه‌ی که پهرهدۆکسی تیۆریه‌کان ئه‌ییه‌ن به ڕووی ئێمه‌دا.
ئه‌وکات جگه له‌وه‌ی هه‌ندێ کێشه‌ی فه‌لسه‌فی که ئێستا هه‌ن نه‌بوه، هه‌ندێک له‌وبه‌شه فه‌لسه‌فیانه‌ی که ناوم بردن له‌مه‌و به‌ر نه‌بوون، بۆ نمونه؛ به‌شی فه‌لسه‌فی زمان ده‌رکه‌وتوو نه‌بوو به‌و شێوه‌یه‌و وهه‌ندێک له‌و گرفته فه‌لسه‌فیانه‌ی نه‌بوه که ئێمه ئێستا ئه‌یبینین وسه‌رقاڵی کردوین. ڕاسته فه‌یله‌سۆفه یۆنانیه‌کان ئاره‌زوویان له فه‌لسه‌فه‌ی زمان هه‌بوو به‌ڵام قبوڵیان کردبوو که کێشه‌کانی زمان وه‌ک خۆی ئه‌مێنێته‌وه ناگۆڕێ و زیاتر سه‌رنجیان له مهسهلهکانیتر ئه‌دا و کێشهکانیتریان ئه‌خسته ڕوو له فه‌لسه‌فه‌دا. ئه‌وان زۆر شتی تریشیان قه‌بوڵ کردبوو پێان وابوو که نه‌گۆڕه بۆ نمونه؛ له‌کاتی ( ئه‌رستۆ)وه هه‌تا کاتی (فرێگه)1879 سیلۆجیزم وه‌ک به‌شیک له لۆژیک دائه‌نراو به‌سه‌ر لۆژیکا زاڵ بوو، لۆژیک هه‌ر به‌و جۆره بووهه‌تا کاتێ (فرێگه) کوانتیفایهری هێنایه لۆژیکه وه ، به‌مه نه‌ک هه‌ر لۆژیکی کرد به هاوزه‌مان له‌گه‌ڵ بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌مرۆدا و به‌م کاره‌ی نه‌ک هه‌ر لۆژیک مایه‌وه وه‌ک به‌شێکی گرنگ له فه‌لسه‌فه‌و میتۆدی تیۆرایزهکردنی زانست دا به‌ڵکو هه‌ر به‌م کاره‌ی ( فرێگه) فه‌لسه‌فه‌ی زمانیشی هێنایه کایه‌وه وه‌ک ئه‌وبه شه فه‌لسه‌فیه‌ی که ئێمه ئه‌مڕۆ لێی تێ ئه‌گه‌ین و لێی ئه‌کۆڵینه‌وه.هاوڵاتی؛ چۆن ده‌توانین فه‌لسه‌فه تهرجومهکهینه سه‌ر ژیانی واقیعی وئاشنا بوون ئه‌گه‌ر به شێوه ساکارهکهشی بێت بکرێته به‌شێک له ڕۆشنبیری تاکی کۆمه‌ڵ؟
خاتوو ساماڵ:
به پێی مانای گشتی پرسیاره‌که ژیانی واقیع مه‌به‌ست له ژیانی ڕۆژانه‌یه، واته پراکتیک(نه‌ک ڕیالیتی). له زمانی کوردی‌دا زۆر جار واقیع له‌بری پراکتیک به‌کار ده‌هینرێت بۆیه منیش لێره‌دا به‌و مانایه وه‌ری ئه‌گرم. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستتان له‌وه بێت که فه‌لسه‌فه به شێوه‌یه‌کی گشتی دووره له ژیانی ڕۆژانه ، ئه‌وا من له پرسیاری یه‌که‌ما بۆچونی خۆمم ووت وبۆم ڕوون کردنه‌وه که بۆچی پێم وایه فه‌لسه‌فه له ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵکا هه‌یه . به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرسیاره‌که‌ت سه‌باره‌ت به وه‌یه که چۆن ئه‌توانین فه‌لسه‌فه ئاشنا بکه‌ین به تاکی کورد و بیکه‌ین به به‌شێک له ڕۆشنبیری کوردی؟ وه‌ڵامی من زۆر ڕوون وسادهیه وپێویست ناکات زۆر به دوایا بگهڕیێم، ئاشنا نه‌بونی تاکی کورد به فه‌لسه‌فه و ده‌رنه‌که‌وتنی فه‌لسه‌فه له بواری ڕۆشنبیری کوردی‌دا له‌به‌ر نه‌بونی فه‌لسه‌فه‌یه وه‌ک بابه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ له بیر و فه‌رهه‌نگی کوردی‌دا. لێره‌دا مه‌به‌ستم له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌کادیمیه و فه‌لسه‌فه وه‌ک فه‌لسه‌فه نه‌ک وه‌ک تێکه‌ڵه وئاڵۆزبوو به بابهتهکانیتری غه‌یره فه‌لسه‌فه‌وه وه‌ک ئه‌ده‌ب و سیاسه‌ت و دین هتد. به‌ڕای من تا ئێستاش کورد له ڕێی ئه‌م بابه‌تانه‌وه بیر له فه‌لسه‌فه ئه‌کاته‌وه و وه‌ری گرتوه، ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه بۆ بیری کوردی و تێگه‌یشتن له فه‌لسه‌فه.ڕاسته ئه‌م بابه‌تانه چه‌ند پرسیارێکی فه‌لسه‌فیان به خۆوه گرتوه و له میتۆدی تیۆرایزه کردن و ئه‌بستراکت و گه‌یشتنه ئه‌نجامدا ئه‌م بابه‌تانه خۆیان پێویستیان به فه‌لسه‌فه هه‌یه وه‌ک له وه‌ڵامی پرسیاری یه‌که‌ما باسمکرد، به‌ڵام هیچ کام له‌مانه فه‌لسه‌فه نین و ناتوانن لێکۆڵینه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی بکه‌ن.
به ڕای من ئه‌گه‌ر ئێستا وانه‌که‌ین و ئه‌م هه‌ڵه‌یه ڕاست نه‌که‌ینه‌وه، له دوایدا کێشه‌یه‌کی زۆر دروست ئه‌کات و ساڵانێکی زۆر سه‌رف ئه‌کرێت بۆڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه زۆرپێویسته هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئێمه بنه‌مای فه‌لسه‌فه وه‌ک فه‌لسه‌فه بهێنینه ناو ڕۆشنبیری کوردیه‌وه ، ئه‌م هێنان و دروست بونه‌ش به بێ بوونی چه‌ند ده‌زگایه‌کی ئه‌کادیمی بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی و هه‌بوونی چه‌ند گۆڤارێکی تایبه‌ت به به‌شه جیا جیاکانی فه‌لسه‌فه‌وه ناگاته ئه‌نجام. له پێش هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه به بێ بوونی چه‌ند فه‌یله‌سۆفێکی به‌کار و به‌رده‌وام بوونی چالاکی فه‌لسه‌فی واته لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌کادیمی فه‌لسه‌فی دروست نابێت.
هه‌ر ئه‌مه‌ش به ته‌نیا به‌س نیه به‌ڵکو پێویسته فه‌لسه‌فه له زانکۆ کوردیه‌کانا کۆلیجی سه‌ربه‌خۆیان هه‌بێت بۆ خوێندنی فه‌لسه‌فه ، هه‌روه‌هاش له قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی وئامادهیدا. ئه‌گه‌ر ئه‌مانه نه‌ببێت کورد ناتوانێ فه‌لسه‌فه‌ی هه‌بێت. من پێموایه که کورد نه‌ک هه‌ر زۆر پێویسته ئاشنا ببێت به فه‌لسه‌فه به‌ڵکو ئه‌بێت خۆی بکات به خاوه‌ن فه‌یله‌سوفی زۆر و فه‌لسه‌فه، مه‌به‌ستم له‌وه‌یه که داهێنانی فه‌لسه‌فی هه‌بێت و چالاک بێت له‌بواری فه‌لسه‌فه‌دا وه‌ک ئه‌وه‌ی که هه‌یه له ووڵاته‌کانی ترا و له ناوگهلانی تردا.
تێبینی: ئه‌م چاوپێکه‌وتنه له ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی- چاپی له‌نده‌ن ژماره( 6) پێنجشه‌ممه 04-06-2009بڵاوکراوه‌ته‌وه.