
به‌لزاک و کچه خه‌یاته چینییه‌که
به‌لزاک و کچه خه‌یاته چینییه‌که
دیدار مه‌سیفی dmasifi289@yahoo.ca
ئه‌وه ناونیشانی رۆمانێکی دوو سه‌د لاپه‌ڕه‌یی نوسه‌ر و فلیمسازی چینی – فه‌ره‌نسی دای سێجی یه و له‌لایه‌ن ئاینه ریلکه کراوه‌ته ئینگلیزی. ئه‌و رۆمانه باس له سه‌رده‌مێکی به‌سه‌رچووی نێو کۆمه‌ڵگای چین ده‌کات، به‌ڵام شێوازی گێڕانه‌وه، نۆستالژیا، رۆمانس، و شتگه‌لێکی دیکه خوێنه‌ر بۆ گه‌شتێکی له‌وه دوور تر ده‌به‌ن و له گۆشه نیگایه‌کدا دیوێکی دیکه‌ی ژیانی نیشان ده‌ده‌ن که شاراوه و نادیار بووه. کاتێک له سه‌ره‌تای حه‌فتاکان ده‌وڵه‌ت به نیازی دووباره رۆشنبیرکردن به ده‌یان ملیۆن له گه‌نجانی شارنشینی نارده گوند و دێهاتهکانهکان، تا فێری ژیانی سه‌خت و ده‌رسه‌کانی خۆڕاگری بن له خه‌ڵکی خاوه‌ن ته‌جروبه و نه‌خوێنده‌واری ئه‌و شوێنانه.
سه‌ره‌تای رۆمانه‌که به‌وه ده‌ست پێده‌کات که دوو گه‌نج به شاخه‌کانی سه‌ر سنووری تێبت هه‌ڵده‌گه‌ڕین و به‌ره‌و شوێنی مه‌به‌ست ده‌چن که بۆیان دیاریکراوه. لیو کوڕی نازداری دانسازێکی به ناوبانگه و باوکی چه‌ند جارێک چووه‌ته خزمه‌ت ددانه‌کانی ما‌و زێدۆنگی ڕابه‌ر و هاوسه‌ره‌که‌ی. ئه‌ویدیکه‌ش که هاوڕێ لیو و حیکایهتوانی رۆمانه‌که‌یه، باوک و دایکی پزیشکن به‌ڵام ئه‌وان به په‌راوێزکراو و دژ به ده‌سه‌ڵات ناسراون.
لیو و هاوڕێکه‌ی که ده‌گه‌نه گونده‌که‌ی سه‌ر ترۆپکی چیا له لایه‌ن گه‌وره‌ی گوند و خه‌ڵک به شێوه‌یه‌کی سه‌یر و ناجۆر پێشوازییان لێده‌کرێت. چونکه خه‌ڵکی گونده‌کان به هۆی پاڵپشتی به گوڕی ده‌وڵه‌ت له به‌رنامه‌که، ئه‌و گه‌نجانه‌یان به وورده بۆرژوا سه‌یر ده‌کرد و به سه‌خترین شێوه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کردن. بۆیه له‌و گونده‌که‌ی سه‌ر چیا شته‌کانی حیکایه‌توان و لیو به ووردی ده‌پشکن و له راست هه‌ریه‌کێکیان هه‌ڵوه‌سته و پرسیار له سه‌ر رووی گه‌وره‌ی گوند و خه‌ڵکه‌که کۆده‌بێته‌وه.
سه‌ره‌تا سه‌عاتێک ده‌دۆزنه‌وه له شێوه و ده‌نگه‌که‌ی ده‌ترسێن چونکه هه‌رگیز پێشتر شتی له‌و چه‌شنه‌یان نهبیوو؛ کتێبێکی فیربوونی چێشت لێنان ده‌دۆزنه‌وه و فڕێی ده‌ده‌نه نێو ئاگره‌که‌وه، دواتر له که‌مانجه‌که‌ی لیو رادهمێننن و ئه‌و ده‌ست و ئه‌م ده‌ستی پێده‌که‌ن. گه‌وره‌ی گونده‌که خه‌ریک ده‌بێت ئه‌ویش به ده‌ردی کتێبه‌که ببات کاتێک هاوڕێکه‌ی لیو له نزیک ئاگره‌که‌وه ده‌یگرێته‌وه و به‌وان ده‌ڵێت که‌وا ئه‌وه ئاله‌تێکی مۆسیقی یه و رابه‌ر ما‌و زۆر حه‌ز به ده‌نگه‌که‌ی ده‌کات. له‌و شه‌ڕی پشکنینه سه‌عات و کهمانجهکه ڕزگاریان ده‌بێت و دواتر هه‌ریه‌ک به جۆرێک کار له ژیانی خه‌ڵکی گونده‌که ده‌کات. له کاتی سوغره و کاری سه‌خت دا، دوو گه‌نجه‌که وا له گه‌وره‌ی گوند ده‌که‌ن که به هۆی سه‌عاته‌که‌وه میقاتهکانی ده‌ست به‌کار بوون و ده‌ست هه‌ڵگرتن له کار دیاری بکات. گه‌وره‌ی گوند به ته‌واوی ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌ری سه‌عاته‌وه، ئه‌وه بۆ دوو گه‌نجه شارستانیه‌که فرسه‌تێکی باش ده‌بێت بۆ یاری کردن به کاته درێژه‌کانی کارکردن و خه‌ڵه‌تاندنی ئه‌و پیاوه نه‌خۆێنده‌وار و له خۆباییه.
دواتر ده‌توانن پتر کاریگه‌ی بخه‌نه سه‌ر گونده‌که له جیاتی ئه‌وه‌ی وه‌ک گه‌نجه‌کانی دیکه بکه‌ونه ژێر کاریگه‌ری گه‌وره‌ی ئه‌و گونده‌ی تێیدا ده‌ژین. حیکایه‌توان و لیو شه‌وان له کاتی کۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵکی گونده‌که ده‌ست ده‌که‌ن به گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و فیلیمانهی پێشتر له شار بینیبوویانه و به که‌مانجه ژه‌نین وه‌سف و کاریگه‌رییه‌کانی گێڕانه‌وه ده‌به‌نه نێو ناخی گوندییه‌کان.
به‌ڵام هێشتا ئه‌وه نابێته خاڵی ترۆپک و ته‌قینه‌وه که به هۆیه‌وه نوسه‌ر ده‌یه‌وێت په‌یامی رۆمانه‌که‌ی رابگه‌یه‌نێت که بریتی یه له کاریگه‌ری کتێب خوێندنه‌وه کاتێک له توانای دا ده‌بێت ژیانی که‌س له‌ڕه‌گه‌وه هه‌ڵده‌ته‌کێنێت و بیگۆڕێت.
له یه‌کێک گونده هاوسێکان گه‌نجێکی چاوکز که ئه‌ویش له شاره‌وه ناردراوه دوای گامێشێک که‌وته‌وه و خه‌ریکی زه‌وی کێڵانه. ئه‌و کاره‌کته‌ره له ته‌واوی رۆمانه‌که به چوار چاو ناو ده‌بردرێت؛ ئه‌و له‌و ساته وه‌خته‌ی کارکردن دا به دوو گه‌نجه‌که ئاشنا ده‌بێت کاتێک یارمه‌تی ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی چاویلکه شکاوه‌که‌ی له ژێر پێیه‌کانی گامێشه‌که هه‌ڵبگرێته‌وه. ئه‌وان له‌و رۆژه‌دا له لایه‌ن گه‌وره‌ی گوند ڕێگایان پێ‌درابوو به‌ره‌وه نزیکترین شار بچن بۆ بینینی فلیمێکی تازه که دواتر بۆ گوندییه‌کانی بگێڕنه‌وه.
باوک و دایکی چوارچاو دوو نوسه‌ر و شاعیری به ناو و ده‌نگن و له لایه‌ن سه‌دان ملیۆن که‌سه‌وه ناسراون.
ئه‌و شه‌وه‌ی حیکایه‌توان و لیو لای ده‌مێننه‌وه به ڕێکه‌وت باولێکی قوفڵ دراو له ژێر جێگاکه‌ی ده‌دۆزنه‌وه و گومان ده‌که‌ن که پڕ له کتێبی یاساغ بێت. ئه‌وان زۆر له چوار چاو ده‌که‌ن که نهێنی ئه‌و باولهیان پێبڵێت، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی ده‌یهێنن و ده‌یبه‌ن ئه‌و هیچیان بۆ نادرکێنێت. تا رۆژێک دووباره سه‌ردانی چوار چاو ده‌که‌ن و ده‌بینن خه‌ریکی داکوتانی جل و به‌رگ و پێخهفهکانیهتی و جوێن به پیاوه ستران بێژه‌که ده‌دات که لای گه‌ڕابووه‌وه و هیچ زانیارییه‌کی ده‌ست نه‌که‌وتووه. دوو گه‌نجه‌که ئه‌وه به فرسه‌ت ده‌زانن فشاری زیاتر ده‌خه‌نه سه‌ر چوارچاو تا له بڕی پێدانی کتێبێک ئه‌وان بچن سترانه فۆلکلۆرییه‌کان لای پیاوه‌که کۆبکه‌نه‌وه. دوای چه‌ند رۆژێک به ده‌ستێکی پڕه‌وه له ماڵه پڕ له ئه‌سپێ و قڕێژهکهی سترانبێژهکه ده‌گێڕینه‌وه و چوارچاو ده‌خه‌نه ئه‌وپه‌ڕی خۆشییه‌وه. بۆیه ئه‌و زوو ته‌سلیم به گومانه‌که‌یان ده‌بێت رۆمانێکی ناسراوی نوسه‌ری فه‌ره‌نسی بهلزاکیان پێده‌دات؛ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و کتێبه قاچاغه به جۆرێک کار له ناخی حیکایه‌توان و لیو ده‌کات که ئیتر نه‌توانن به سانایی له کۆڵ چوارچاو ببنه‌وه.
به تایبه‌ت بۆ لیو کاتێک خوێندنه‌ی ئه‌و کتێبه هاوکات ده‌بێت له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای تروسکایی ئه‌وینێک که بۆ کچی پیره خه‌یاته به ناوبانگه‌که ده‌یبێت. کچه‌که جوانییه‌کی بێوێنه‌ی ده‌بێت؛ ئه‌و کاتێک لیو و حیکایه‌توان ده‌ناسێت که له‌گه‌ڵ باوکی به سه‌ردان هاتبووه گونده‌که‌ی ئه‌وان. لیو زۆر زوو له‌گه‌ڵ ئه‌و کچه تێکه‌ڵ ده‌بێت و کتێبه‌که‌ی به‌لزاکی بۆ ده‌خوێنێته‌وه که دواتر کاریگه‌ری خوێندنه‌وه به‌سه‌ر ئه‌و کچه گوندییهدا ده‌گاته راده‌یه‌ک که له هه‌ردووکیان ئازا‌و و ئازادتر لاسایی پاڵه‌وانانی نێو ئه‌و کتێبانه بکاته‌وه که له نێو باولهکهی چوارچاو دابوون.
حیکایه‌توان به‌رله‌وه‌ی کتێبه‌که بداته‌وه چوارچاو په‌ره‌گرافی درێژ هه‌ڵده‌بژێرێت و له سه‌ر پێسته‌ی دیوی ناوه‌وه‌ی چاکێته خورییه‌که‌ی دهیانوسێتهوه.
رۆژێک ئه‌وان له چوارچاو ده‌زانن که دایکه شاعیره‌که‌ی به‌ڕێوه‌یه تا له‌گه‌ڵ خۆی بیباته‌وه شار و پاش ئه‌وه‌ی کارێکی باشی له ڕۆژنامه‌یه‌ک بۆ په‌یدا کردووه و روخسه‌تی له ده‌وڵه‌ته‌وه بۆ هێناوه. دوو گه‌نجه‌که به‌خیلی به چوارچاو ده‌به‌ن که خۆی و باوله پڕ له کتێبه جوانه‌کانی ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵ و بێئه‌وه‌ی ئاماده بێت جارێکی دیکه کتێبێک بدات به ئه‌وان. شه‌وێک به‌ر له رۆیشتی کوڕ و دایکه شاعیره‌که، خه‌ڵکی گوند ئاهه‌نگێکی گه‌وره‌یان بۆ سازده‌که‌ن و ئه‌وه فرسه‌تێکی باش ده‌بێت تا دوو گه‌نجه‌که بچن قوفڵی ماڵه‌که‌یان بکه‌نه‌وه و باولی کتێبه‌کان ببه‌ن.
حیکایه‌توان و لیو به دیار کردنه‌وه‌ی باولهکه و بینینی کتێبه‌کان شاد و شاگه‌شکه ده‌بن، له پاڵ به‌لزاک، ناوی دۆما، فلۆبیر، هۆگۆ و چه‌ندانی دیکه له نوسه‌رانی رۆژئاوا ده‌خوێننه‌وه که ته‌نها ناوهێنانیان له چین گه‌وره‌ترین تاوانه.
به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و کتێبانه هه‌ردووکیان ده‌روونیان پڕ ده‌بێت له خه‌ون. لیو ئه‌وینی بۆ کچه خه‌یاته‌که به وشه‌ی نێو کتێبه‌کان جوانتر ده‌کات و شه‌وانی دره‌نگ له پاڵ کچه‌که‌دا ده‌مێنێته‌وه و به سهرهاتهی ئه‌و رۆمانانه‌ی بۆ ده‌گێڕێته‌وه. که‌چی حیکایه‌توان ناتوانێت رووداوی ناو کتێبه‌کان بکات به راستی و وه‌ک لیو خۆی ببێته پاڵه‌وانه‌که‌ی.
له جیاتی ئه‌و قووڵتر ده‌چێته نێو به سه‌رهاتی رۆمانه‌کان و به شێویه‌کی شاراوه و کپ خۆشه‌ویستی و سۆزێکی زۆر بۆ کچه خه‌یاته‌که له ناخی دا ده‌چێنێت.
رۆژێک لیو چه‌ند گه‌ڵایه‌کی به‌ده‌سته که هه‌ریه‌که‌یان شوێنی چه‌ندین تنۆک خوێنی به سه‌ره‌وه‌یه و نیشانی هاوڕێکه‌ی ده‌دات و ده‌ڵێن ئه‌وه دیاری و خوێنی کچه خهیاتهکهیه. حیکایهتوانی رۆمانه‌که به‌وه له ناخه‌وه ده‌هه‌ژێت و خۆی لێده‌بێت به کۆنت مۆنت کریستۆکهی فلۆبیر که گه‌وره‌تین خیانه‌تی لێکرابێت. لیو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی بووه به پاڵه‌وانی رۆمان ئیدی ناتوانێت ناخی هاوڕێکه به روونی خۆی بخوێنێته‌وه و له به‌رده‌م ئه‌و دا وه‌سفه‌کانی ده‌ستله‌ملان و رامۆسان و تێکه‌ڵ بوون له‌گه‌ڵ یاره‌که‌ی به‌و شێوه‌یه‌کی پڕ له چێژ ده‌گێڕێته‌وه. حیکایه‌توان له ئاست گوێگرتن بۆ ئه‌و قسانه‌ی لیو ناتوانێت چ بڵێت و چ جۆره پرسیارێک بخاته سه‌ر زوبان.
پاش تاوێک وه‌ستان به لیوی هاوڕێی ده‌ڵێت " چۆنتان کرد ؟ "
لیو بێ وه‌ستان و بیرکردنه‌وه وه‌ڵام ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت " به وه‌ستان له ژێر دارێک دا. "
" به وه‌ستان! "
ئه‌وه هه‌م پرسیار و هه‌م وه‌ڵامی حیکایه‌توان ده‌بێت به خۆی ده‌دات به‌رله‌وه‌ی ئه‌و وشه‌یه وه‌ک ده‌رزییه‌ک بچه‌قێته دڵی و به ته‌واوی بێده‌نگی بکات.
لیو به په‌له ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵ دوای ئه‌وه‌ی ته‌له‌گرافێکی بۆ دێت که باس له نه‌خۆش که‌وتنی دایکی ده‌کات. له‌و ماوه‌یه‌ی پێشوو دا گه‌وره‌ی گونده‌که فشار و ترسێکی زۆری خستبووه سه‌ر دوای ئه‌وه‌ی به چیرۆکی ئه‌وینه‌که‌ی زانیبوو. بۆیه لیو زۆر به نیگه‌رانییه‌وه یاره‌که‌ی جێده‌هێڵێت. به هاوڕێکه‌ی ده‌ڵێت که ئاگاداری بێت نه‌وه‌ک له‌سه‌ر ئه‌و توشی گۆبه‌ندێکی گه‌وره‌ی بکه‌ن.
حیکایه‌توان له ناخه‌وه بۆ ئه‌و کچه ده‌سوتێت به‌ڵام دڵسۆزی بۆ هاوڕێکه‌ی هه‌رگیز ڕێگای پێنادات ئه‌و شته‌ی ناخی بدرکێنێت. هه‌روه‌ها زووتر له‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی کردبوو گرفتێکی گه‌وره‌ی دێته پێش، کاتێک کچه‌که هانای بۆ ده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی بدات تا له سکپڕی رزگاری بێت به‌ر له‌وه‌ی ئاشکرا بێت و باوکی بیکوژێت.حیکایهتوانهکه بۆ رزگارکردنی ئه‌و کچه خۆی ده‌خاته مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌وه به دزییه‌وه ده‌چێته نه خۆشخانه‌ی نزیکترین شار. زۆر هه‌وڵ ده‌دات دکتۆره‌که ڕازیبکات تا یارمه‌تی کچه‌که بدات به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نابێت. تا ده‌گاته‌وه ئه‌وه‌ی هیچ ترسێکی له گیانی دا ناهێڵێت و چاکه‌ته خورییه‌که له‌سه‌ر مێزه‌که‌ی دهکتۆرهکه ده‌کاته‌وه. به دکتۆره‌که پێیده‌ڵێت که‌وا ئه‌وانه وشه و نوسینیه راستییه‌کانی بهلزاکن و ئاماده‌یه بیاندات به ئه‌و ئه‌گه‌ر نه‌شته‌رگه‌ری بۆ کچه‌که بکات و منداڵه‌که‌ی له‌به‌ر بچوێنێت. دکتۆره‌که به بینینی ئه‌وه شاگه‌شکه ده‌بێت و بێ ئه‌وه‌ی دووباره بیربکاته‌وه که‌مێک له‌و کتێبه‌که ده‌خوێنێته‌وه و ته‌سلیم به ئازایه‌تی گه‌نجه‌که ده‌بێت.
لیو دوایی چه‌ند حه‌فته‌یه‌ک ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌ڵام هه‌ست ده‌کات یاره‌که‌ی پاش گوێگرتن و قوڵبوونه‌وه له شێوازی گێڕانه‌وه‌ی رۆمانه‌کانه له زاری حیکایهتوانهوه هه‌رگیز له کچه گوندییه ساده‌که‌ی پێشوو ناچێت. ئه‌و جله کۆنه‌کانی فڕی داوه، شێوه روو و قژی به جۆرێکی دیکه رێکخستووه، کچێکه که ناخی پڕ بووه له خه‌ون و بڕیاری داوه خۆی بچێت له ده‌رگای ژیانی شارستانیه‌ت بدات. خۆی ببێت به پاڵه‌وانێک که زۆر به‌هێز تر و خۆ ڕاگرتر بێت له‌و ژنه پاڵه‌وانانه‌ی له رۆمانه فه‌ره‌نسییه‌کان داهه‌ن.
ئه‌وجاره زۆر جیا له رۆژی هێناوه‌ی گه‌ڵاکان، لیو هه‌ست ده‌کات دۆڕاێکی گه‌وره‌ی ناو چیرۆکی ئه‌و ئه‌وینه‌یه و هاوڕی حیکایهتوانهکهشی پاڵه‌وانێکه خۆی بۆ ڕۆڵێکی مه‌زنتر هه‌ڵگرتووه له‌وه‌ی ئه‌و بۆ کاتێکی کورت بینی.———————————————————-
– دای سیجی له ساڵی 1954 له چین له دایک بووه و له 1984 بۆ فه‌ره‌نسا کۆچی کردووه. ئه‌و وه‌ک دوو پاڵه‌وانه‌که له ساڵانی 1971-1974 نێردراوه‌ته گونده‌کان بۆ دووباره فێربوون. ئه‌و رۆمانه‌ی دای سیجی خاوه‌ن پێنج خه‌ڵاته و بۆ زیاتر له بیست زمان وه‌رگێڕدراوه.