
بێگه‌ردی‌و مه‌عسومی مناڵان…..حه‌مه غفور
بێگه‌ردی‌و مه‌عسومی مناڵان
له جه‌هل‌و خورافاتی ئیسلامی بپارێزن!
(وه‌ڵام به کردنه‌وه‌ی خولی فێرکردنی قورعان بۆ مناڵانی کوردستان)حه‌مه غفور
hamaxafoer@yahoo.comڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بۆ کردنه‌وه‌ی 120 خولی فیرکردنی قورعان بۆ مناڵانی کوردستان، له پشووی هاوینی ئه‌مساڵدا، که بڕی 120 ملیۆن دیناری بۆ ته‌رخانکراوه، به قووڵی‌و له ناخی ویژدانمه‌وه ڕایچڵه‌کاندم‌و تووشی شۆکی کردم. به‌ر له ئه‌زموونی ئێستای یه‌کێتی‌و پارتی، ئه‌م نه‌ریت‌و ڕه‌فتاره چه‌په‌ڵ‌و کۆنه‌په‌رستانه‌و دژه مرۆییه له سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسیشدا، هه‌ر له‌م وه‌زاره‌ته به‌دناوه‌ی ئه‌وقافی ئیسلامیه‌وه هه‌روا ڕه‌واجی هه‌بوو. کۆمه‌ڵێک مه‌لاو فه‌قێی مشه‌خۆرو دووره‌په‌رێز له ژیانی ئاسایی کۆمه‌ڵگا، نان‌و مه‌عاشی خۆیان له ڕێگای ئه‌م پیشه ناشایسته‌و نه‌شازه‌وه په‌یدا ئه‌که‌ن. به‌ڵام جیاوازی ئێستا له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عس له‌وه‌دایه که، ئه‌وسا پیاوانی ئایینی‌و مه‌لاو فه‌قێی مزگه‌وته‌کان خۆیان ده‌ستیان بۆ ئه‌و کاره ده‌بردو حکومه‌ت بودجه‌ی تایبه‌تی بۆ فێرکردنی قورعان ته‌رخان نه‌ده‌کرد، به‌ڵام ئه‌بینین له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌حزابی کوردی‌دا که بانگه‌شه‌ی دیموکراسی‌و مافی مرۆڤ‌و عه‌لمانیه‌ت‌و کرانه‌وه‌ش ده‌که‌ن، بودجه‌ی تایبه‌ت‌و قه‌به‌شیان بۆ دابین ده‌کرێ.
ڕاپێچکردنی مناڵانی خوار ته‌مه‌نی 10ده ساڵان بۆ نێو کونجی حوجره‌و مزگه‌وته‌کان، به شێوه‌ی یاسایی‌و ڕێگه‌پێدراو له‌سه‌ر ده‌ستی حکومه‌تی پارتی‌و یه‌کێتیدا له ڕێی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه‌وه، وه ده‌ست واڵاکردنی کۆنه‌په‌رستانی ئیسلامی بۆ ده‌ستبردن بۆ شێواندن‌و له‌که‌دارکردن‌و له‌باربردنی باری ئاسایی‌و بێگه‌ردی‌و مه‌عسومی که‌سایه‌تی مناڵان، تاوانێکی ئاشکراو بێپه‌رده‌یه دژی مرۆڤایه‌تی‌و به هیچ جۆرێک نابێت بچێته نێو چوارچێوه‌ی سیسته‌می په‌روه‌رده‌و فێرکردنی کوردستانه‌وه‌و ده‌بێت ڕه‌تبکرێته‌وه. کۆمه‌ڵگاو خه‌ڵکی شه‌رافه‌تمه‌ندو ئازادیخوازان پێویسته له‌سه‌ریان خۆیان بۆ به‌رگری له سه‌قامگیری‌و ئارامیی‌و ئاسایشی مادی‌و مه‌عنه‌وی‌و ده‌روونی‌و فیزیکی مناڵه‌کانیان ده‌خاله‌ت بکه‌ن‌و ڕێگانه‌ده‌ن پاکی‌و بێگه‌ردی زه‌ین‌و هوشیاری‌و که‌سایه‌تی ڕۆڵه‌کانیان بکه‌وێته به‌ر زه‌بری وه‌شاندنی خۆرافات‌و جه‌هلی ئیسلامی‌و کوێرانه‌وه. ده‌بێ هوشیار بن‌و نه‌هێڵن پشووی هاوینی مناڵه‌کانیان بگۆڕێت بۆ دراما‌و کابووس، ڕێگه بگرن له ئاخنینی موزه‌خره‌فاتی ئاینی ئیسلام‌و جه‌هل‌و خورافه‌ی هه‌زاران ساڵه بۆ نێو دڵ‌و ده‌روونی پاک‌و مه‌عسومی جگه‌رگۆشه‌کانیانه‌وه.
ده‌وڵه‌ت‌و کۆمه‌ڵگا ده‌بێت به‌رپرسیار بکرێت که ئیمکانیات‌و پڕۆژه‌و پرۆگرامی زانستی‌و وه‌رزشی‌و ته‌فریحی‌و که‌یف‌و گه‌مه‌و یاری بۆ مناڵاتی کوردستان فه‌راهه‌م بکات. پێویسته بودجه‌ی پێویست بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی بوار‌و ده‌رفه‌تی ته‌واو بۆ سه‌رگه‌رمی‌و پێگه‌یاندن‌و که‌یف‌و شادی‌و سه‌رحاڵی مناڵان ته‌رخان بکرێت، نه‌ک بودجه بدرێته وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بۆ شێواندنی باری ده‌روونی مناڵه‌کانمان، به‌هۆی ڕاکێشانیان بۆ نێو ڕه‌فتارو هه‌ڵس‌و که‌وتی نامه‌سئولانه‌ی کۆمه‌ڵێک مه‌لاو پیاوی ئاینی که خۆیان له بنه‌ڕه‌تدا له بارێکی ده‌روونی نائاساییدا ئه‌ژین! که‌م نین ئه‌و مناڵانه‌ی که له کونجی حوجره‌و مزگه‌وته‌کاندا، تووشی ده‌یان ده‌ردو نه‌خۆشی ده‌روونی هاتوون، یان که‌وتوونه‌ته به‌ر شاڵاوی هه‌وه‌سبازی فه‌قێ‌و مه‌لاو پیاوانی ئایینی‌و ده‌ستدرێژی سێکسیان کراوه‌ته سه‌رو هه‌تا مردن پێیه‌وه نه‌تلێنه‌وه! هه‌موو که‌س ده‌توانێ نموونه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته تراژیدیانه بهێنێته‌وه.
ڕاسته کۆمه‌ڵگای کوردستان پانتاییه‌کی گه‌وره‌ی بێ یاسا‌و بێ خاوه‌نه بۆ توند‌و تیژیه‌کی موزمن‌و ویژدانی‌و ده‌روونی له به‌رامبه‌ر به مناڵانی ئه‌م وولاته‌دا، کاری تاقه‌ت پڕوکێنیان پێئه‌کرێ، ئه‌کرێنه نانئاوه‌ری خێزان، ده‌سفرۆشی‌و ده‌سگێڕی‌و کاری سه‌ر شه‌قامه‌کانیان پێئه‌کرێ، وه ئه‌وه‌ش هۆی سه‌ره‌کی به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی مناڵانه بۆ چه‌ندین هه‌ڵس‌و که‌وتی نامرۆڤانه‌و ده‌ستدرێژی سێکسی‌و سوکایه‌تی پێکردن‌و مامه‌ڵه‌کردنیان وه‌کو کۆیله، به‌ڵام ئه‌م بێڕه‌حمیه‌ی کۆمه‌ڵگاو ئه‌م بێده‌ربه‌ستیه‌ی ده‌وڵه‌ت‌و یاسا‌و حکومه‌ت نابێت به قه‌د سه‌ره ده‌رزیه‌ک ڕێگا بۆ شه‌رعیه‌ت دان به‌م ڕه‌فتاره که‌سیفه‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بکاته‌وه. ئه‌مه‌ی که وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ده‌ڵێت؛ ئه‌م خولانه‌ی فێرکردنی قورعان بۆیه ده‌که‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی مناڵان له پشووی هاویندا له سووڕانه‌وه له کۆڵانه‌کان‌و سه‌ر‌قاڵ بوون به کاری بێسووده‌وه گوایا دوور بخه‌نه‌وه، جگه له‌وه‌ی درۆیه‌کی ئاشکرایه، خۆشی نیشانه‌ی ئه‌و ڕاستیه‌یه که به‌شێکی هه‌ره گه‌وره‌ی مناڵانی کوردستان له بێمافی‌و بێبه‌شیه‌کی موتڵه‌قدا به‌سه‌ر ئه‌به‌ن‌و که‌مترین ده‌رفه‌ت‌و بواری سه‌رگه‌رمی‌و کایه‌و سه‌یران‌و خۆشیان بۆ دابین نه‌کراوه. وه به‌ر له هه‌ر شتێک حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان‌و هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار به‌رپرسن‌و ئه‌رکیانه که که‌ش‌و هه‌وایه‌کی سازگار بۆ په‌روه‌رده‌و گه‌شه‌و هه‌ڵدانی مناڵانی وولات فه‌راهه‌م بکه‌ن.
ئه‌م ڕێگاکردنه‌وه‌یه بۆ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف تا ڕێگا به‌خۆی بدات ده‌ست ببات بۆ شێواندن‌و له‌که‌دار کردنی بێگه‌ردی‌و خاوێنی‌و مه‌عسومی مناڵان‌و به وه‌شاندنی خورافاتی ئیسلامی‌و سه‌رف‌و نه‌حوی قورعان، هوشیاری‌و ده‌روون‌و که‌سایه‌تیان ووردو خاش بکات، جگه له‌وه‌ی ڕێگای داخران‌و تاریکی‌و نه‌زانیه که کۆمه‌ڵگای ئێمه گرتوویه‌تیه به‌ر، تاوانێکی ده‌ستئه‌نقه‌سته‌و جینوسایدێکی بێوێنه‌ی مناڵانی ناسک‌و نازداری کوردستانه‌و به‌ر له هه‌ر که‌س‌و لایه‌نێک ده‌سه‌ڵاتداران‌و حکومه‌تی هه‌رێم لێی به‌رپرسیارن. وه ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وته ناکۆکیه‌کی ڕوون‌و ئاشکرایه له‌گه‌ڵ سیسته‌مێکی نوێی په‌روه‌رده‌و فیرکردن که گوایا له قۆناغه بنه‌ڕه‌تیه‌کاندا گیراوه‌ته به‌ر.
په‌روه‌رده‌و فێرکردن هه‌ر به ته‌نها له ژووره داخراوه‌کانی پۆل‌و قوتابخانه‌دا کۆتایی نایه‌ت. به‌ڵکو له پشووی درێژی هاوینه‌دا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و فێرکردن، وه‌زاره‌ته‌کانی تری په‌یوه‌ندیدار به مناڵان‌و لاوان‌و نه‌وجه‌وانانه‌وه، پێویسته نه‌خشه‌و به‌رنامه‌و پرۆگرامی چڕوپڕو زانستی‌و وه‌رزشی‌و سه‌رگه‌رمی‌و تد یان به فراوانی هه‌بێت له‌پێناو به‌رجه‌سته‌کردنی ئینتیمایه‌کی ئینسانی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی مه‌سئولانه‌و داهێنه‌رانه‌دا له زه‌ین‌و خۆهوشیاری مناڵان‌و لاوان‌دا. هه‌نگاوی یه‌که‌م له‌م ڕاستایه‌دا په‌کخستنی ئه‌م پرۆژه کۆنه‌په‌رستانه‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه. ئه‌ویش به‌وه‌ی که هیچ باوک‌و دایکێک ڕۆڵه‌کانیان نه‌نێرێته به‌رده‌ستی ئه‌م ئینسانه نه‌خۆشانه له ڕووی ده‌روونیه‌وه. له هه‌مان کاتدا داوا له حکومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتداران بکه‌ن که مه‌سئولیه‌تێکی زیاتر له په‌یوه‌ند به پێگه‌یاندنی نه‌وه‌کانی ئایینده‌وه له خۆی نیشان بدات.
11حوزه‌یران2009