كێشه‌یه‌ك نی یه له كوردستان به ناوی ژنانه‌وه…!
كێشه‌یه‌ك نی یه له كوردستان به ناوی ژنانه‌وه…!
(له وه‌ڵام به په‌یامه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌باره‌ت به پرسی ژنان)
(موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵا)
mozafar_as@yahoo.comئه‌م ڕسته‌یه‌ی له‌سه‌ره‌وه كردومه به تایتڵی ئه‌م نوسینه ،له ڕاستی دا ڕاو بۆچون و ده‌ربڕینی من نی یه. به‌ڵكو ڕاو بۆ چۆنی نه‌وشیروان مسته‌فای سه‌رۆكی لیستی گۆڕانه، كه ئه‌مڕۆ په‌یام بۆ ژنانی كوردستان بڵاو ده‌كاته‌وه سه‌باره‌ت به مافه‌كانیان.هه‌ڵبه‌ت ئه‌وبۆچونه‌ی نه‌شیروان چه‌ند مانگێگ له‌مه‌وبه‌ر ،پێم وابیت و ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم له چاوپێكه‌وتنێكی گۆڤاری لڤین دا چاوم پێكه‌وت له‌سه‌ر زۆر مه‌سه‌له‌ی جۆراوجۆر پرسیاریان لیكردوبوو. له‌وباره‌یه‌وه‌ش كه ده‌ڵێت ڕات چی یه سه‌باره‌ت به كێشه‌و تیرۆی ژنانه‌وه، ئه‌و له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت كێشه‌یه‌ك نی یه به ناوی ژنانه‌وه‌و، به ته‌نها ژنانیش له كودستان تیرور ناكرێت و پیاویش تیرۆر ده‌كرێت..به داخه‌وه زۆر هه‌وڵم دا ده‌قی قسه‌كانی له‌و چاوپێكه‌تنه له‌گه‌ڵ ئه‌م نوسینه بڵاو كه‌مه‌وه به‌ڵام ده‌ستم نه‌كه‌وت.به‌ڵام پێم وایه نه‌ك هه‌ر من زۆر كه‌س ئه‌و قسه‌یه‌ی نه‌وشیروانی خویندۆتهوهو ئیستاش پێكه‌نینی دێت به‌م په‌یامه گاڵتهئامیزه.
هه‌روه‌ها ڕاستی یه‌كانی 18 ساڵی ڕابردووی كێشه‌ی ژنان و تیرۆری ژنانیش شایه‌دی ئه‌وه‌ن كه ئه‌وه نه‌وشیروان مستهفاو حزبه‌كه‌ی، یانی یه‌كیتی نیشتمانی،هاوپه‌یمانه‌كه‌یان پارتی بوو كه له سایه‌دا هه‌زاران ژن تیرۆر كران.
بۆیه پرسیاری سه‌رسورهێنه‌ر ئه‌وه‌یه بۆ هه‌ر كه‌سیكی ئازادیخواز ئه‌وه‌یه :ئه‌ی چۆنه ئێستا دێت په‌یام لێده‌دات بۆ ژنانی كوردستان و به‌ڵێنیان ده‌داتێ ئه‌گه‌ر ده‌نگمان بۆ بده‌ن گۆڕانگاری له ژیانتاندا ده‌كه‌ین..!.به ڕای من نه‌وشیروان مسته‌فا و هه‌ڤاڵه‌كانی وا به ئاسانی ناتوانن ئه‌م گایه به‌م ده‌لاقه‌یه‌دا ئاوودیو بكه‌ن و بدزن .
هه‌رچه‌نده خودی ناوه‌رۆكی په‌یامه‌كه زۆر نارۆشن و لاستیكی یه و نه‌یتوانیوه به رۆشنی و به دورشمێكی ڕون‌و ڕاشكاو باس له كوشتن و تیرۆری ژنان و چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان بكات و هۆكارو سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م دیارهدهو كێشه‌یه روون بكاته‌وه‌و دیاری بكات. به‌ڵام مادام به‌ناوی په‌یام بۆ ژنانه‌وه هاتوه پێویسته ڕه‌ت بكرێته‌وه، چونكه ڕه‌نگه هه‌ر ئه و قسه پوچ‌و بێ بنه‌مایانه‌ش ببێته هۆی ته‌وه‌هومی كه‌سانێك كه نارۆشنن و ناتوانن له‌م لێخانهوهدا مه‌له بكه‌ن .
بۆیه ده‌بیت هه‌ر كه‌سێك كه نه‌یه‌ویت ته‌فره بخوات ئه‌و پرسیاره بكات مه‌گه‌ر به به‌رچاوی ئه‌م رابه‌ری دووه‌مه‌ی یه‌كێك له گه‌وره‌ترین حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان نه‌بوو له‌م 18 ساڵه هه‌زاران ژن كوژران و زۆریك له بكوژانیش بریتی بوون له كه‌سانی به‌پرسی ڕیزه‌كانی حزبه‌كه‌ی ئه‌و..!! ئه‌ی چۆن ئه‌م 18 ساڵه ورته‌ی لێوه نه‌هات و مێش میوانی نه‌بوو و به‌لام ئیستا دیت به خشپه په‌یام بۆ ژنان لیده‌دات!؟؟
ئه‌و له په‌یامه‌كه‌ی ده‌ڵیت ،به‌ر له‌چه‌ند ساڵێك له‌گه‌ڵ دو كه‌سی پسپۆڕا خه‌ریكی ته‌عدیلی قانونی ئه‌حوالی شهخسیو قانونی عقوباتی عێراقی‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری مه‌جلیسی قیاده‌ی سه‌وره ده‌رباره‌ی قه‌راری غه‌سلی عار بوین، بۆ ئاگاداری خۆم‌و بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێ زانیاری كۆبكه‌مه‌وه له‌سه‌ر ژیانی ژنانی ماڵ‌و كارمه‌ندانی ناو دائیرهكانو پرسه ئاڵۆزه‌كانیان، وه‌كو راپرسییه‌كی سنوردار چه‌ند پرسیارێكم به نوسین ئاماده‌كردو دام به چه‌ند ئافره‌تێكی ناسیاوم وهڵامهكانیم بۆ بنوسنه‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌كانم وه‌رگرته‌وه، هه‌ندێك له وه‌ڵامه‌كان ئه‌وه‌نده كاریگه‌ربون تا ئێستاش له‌بیرمدا به‌زیندویه‌تی ماون. یه‌كێكیان له‌كۆتایی وهڵامهكانیا نوسیبوی ئای خوایه خۆزگه قه‌ت ژن نه‌بومایه.لیرَدا چه‌ندینی پرسیاری زۆر ساده‌و ڕۆشن به بیری هه‌زاران كه‌سی ئازادیخوازدا دێت و نه‌وشیروان و په‌یامه‌كه‌ی ده‌خاته ژیر پرسیاره‌وه. وه‌ك پرسیارگه‌لی: باشه ئه‌گه‌ر ژنێكی نزیك نه‌شیروان كه ڕه‌نگه له نازو نیعمه‌تدا بژیت چۆن وه‌ڵامه‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو كه خۆزگه ده‌خوازێت ژن نه‌بوایه؟؟! وه‌یان باشه له‌م 18 ساڵه پیازتان پاكردو هیچ یاسایه‌كی یهكسانیخوازاتان دهرنهكردو ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی دهریشتان كرد له‌م ئاخره‌دا هه‌ر دژی ژن و مۆر لێدانه‌وه بوو له فره‌ژنی..!؟باشه ئه‌ی ده‌بێت ئه‌م ڕابه‌ره قه‌می یانه شۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ژنه‌كانی ده‌وره‌به‌ر و ناسیاوی خۆیاندا بكه‌ن وا ئه‌و ژنه بێزاره له ژیان به ئاشكرا ده‌ڵێت خۆزگه ژن نه‌بومایه..!!؟؟.به‌ڕای من ئه‌و په‌نده‌ی ده‌ڵێت دار هه‌ڵبڕه سه‌گی دز دیاره ڕێك به‌سه‌ر په‌یامه‌كه‌ی نه‌وشیروان و هاوپه‌یمانه‌كانی دوێنی و ئه‌مڕۆیاندا ده‌چه‌سپێت.
به بڕوای من ئه‌م په‌یامه‌ش بۆ ژنانی كوردستان وه‌ك سه‌رجه‌م په‌یامه‌كانی تری كه بڵاوی كردونه‌وه هه‌مووی ته‌نها بۆ ته‌فره دانی خه‌ڵكی ئازادیخوازی كوردستانه .وه ده‌یه‌وێت له‌م ڕێگایه‌وه ده‌نگی ئه‌م به‌شه‌ی كۆمه‌ڵگا یانی ژنان وه‌رگرێت تا ده‌ستی بگات به دوو كرسی په‌رله‌مان.پاشان هه‌ر ئه‌و مافه ڕووكه‌شی و نیوه ناچڵهی له په‌یامه‌كه‌ی دا هاتووه ناهێنێته دی و له سبه‌ی ڕۆژی ده‌رچونی دا له په‌رله‌مان لولی ده‌دات و ده‌یخاته ناو ته‌نه‌كه‌ی زبڵی ژووره‌كه‌یه‌وه.
به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و سیاسه‌ت و فه‌رهه‌نگ و ڕاوبۆچون و په‌یامه‌ی دوێنێ و ئه‌مڕۆی ئه‌مانه‌دا، پێویسته ژنان وسه‌رجه‌م خه‌ڵكی ئازادیخواز به گشتی و هه‌ڵسوڕاوانی بزوتنه‌وه‌ی یه‌كسانیخوازی ژنان به تایبه‌تی ، پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ن كه تا ڕێگای كۆتایی هێنان به تیرۆری ژنان وكه‌م كردنه‌وه‌ی سته‌می جنسی له‌سه‌ر ژنان تا كۆتایی هێنانی یه‌كجاری په‌یوه‌سته به ڕیكخستنی خۆیان له ژێر ئاسۆی به‌رنامه‌و سیاسه‌تێكی شۆسیالیستی و سه‌پاندنی ماف و یاسای یه‌كسانی ژنان و پیاوان و پیاده كردنی له هه‌موو ئاسته‌كاندا .دیاره هه‌نگاوی یه‌كه‌می ئه‌مه‌ش كاتێك به ته‌واوی جێگیرَ ده‌بێت كه كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی كۆنه‌په‌رستانه‌ی پارتی و یه‌كێتی و حزبه ئیسلامی یه‌كان بێت و كوردستانیش یان ببێته به‌شێكی به كرده‌وه‌ی عیراقێكی خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و حكومه‌تێكی عه‌لمانی و مه‌ده‌نی_نه‌ك ئه‌مه‌ی ئێستا قه‌ومی ئیسلامی تایه‌فی_ یان خۆی ببێته خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت و حكومه‌تێكی عه‌لمانی و مه‌ده‌نی .
6-7-09