Skip to Content

Sunday, November 3rd, 2024
بمبه‌ره‌وه ‌بۆ ژووره‌ ته‌نیاكه‌م…بۆلای مردن!

بمبه‌ره‌وه ‌بۆ ژووره‌ ته‌نیاكه‌م…بۆلای مردن!

Closed
by July 13, 2009 ئەدەب

بمبه‌ره‌وه ‌بۆ ژووره‌ ته‌نیاكه‌م…بۆلای مردن! 
شیعری : فریاد ئه‌حمه‌د
 

 

  "ئه‌م شیعره‌..بۆ سه‌وزایی چاوی خاك..
كه‌ حورمه‌تی به‌ربوونه‌وه‌ی (گه‌لاَ)ی شكاند "
 
 
له‌ نێو ئه‌م زه‌مهه‌ریره‌دا
ئاگرێك وا خه‌ریكه‌ ده‌مسووتێنێ!
***      ***      ***
تاقانه‌كه‌م..
پاشاكان خه‌جاڵه‌ت بن
كه‌ جێمهێشتی
نه‌یانهێشت..
فریای دواین ماچ بكه‌وین،
نه‌یانهێشت دواین نیگا غه‌مگینه‌كانت ببینم،
حه‌سره‌تی ئه‌و فرمێسكه‌ خوێنینانه‌ی كه‌ نه‌مبینین
خه‌ریكه‌ ده‌مكوژێ
***      ***      ***
من بڵێم چی…؟
كه‌ نه‌متوانی دڵی شكاوی فرمێسكه‌كانت بده‌مه‌وه‌
خۆ گوناهی من نه‌بوو
كه‌ نه‌متوانی به‌ ویقاری جارانم قامه‌تت توند بگوشم به‌خۆمه‌وه‌
خۆ گوناهی من نه‌بوو
كه‌ نه‌متوانی به‌ر له‌وه‌ی خۆم بده‌مه‌ ده‌ست شه‌پۆله‌ شێته‌كانی سه‌فه‌ر،
وه‌سێتێكت بۆ بكه‌م و بڵێم  "ئه‌وه‌ من ده‌رۆم و ئه‌م نشتیمانه‌ 
به‌ ئه‌مانه‌ت ده‌سپێرم به‌ تۆ.. تكایه‌ باش ئاگاداری به‌ "
خۆ گوناهی من نه‌بوو
***      ***      ***
غه‌مێكی قورس دڵی گرتووم
ئه‌ی هاونه‌فه‌س،
حوزن له‌زه‌تی هه‌لاهه‌لا كردووم.
له‌نێو ئه‌م وه‌حشه‌ته‌..
خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی پارچه‌ شكاوه‌كانی دڵ مه‌به‌،
خوێن به‌ربوونی دڵ بۆ واهیمه‌
سارێژبوونه‌وه‌ی بێهوده‌یه‌..،
ئه‌سه‌ف نه‌مانتوانی حورمه‌تی ئێواره‌ دڵته‌نگه‌كانی شار
 بگرین.
نه‌مانتوانی غه‌می فرمێسكی كچێكی قه‌ره‌ج..
بۆ پیاوێكی جاهیل بگێرِینه‌وه‌،
عه‌فومكه‌ وتم  "به‌ كۆڵێ برینه‌وه‌
جێهێشتن جوانه‌ ".. عه‌فومكه‌
***      ***      ***
ئێره‌ تاریكترین كۆلاَنی ئه‌م زوڵمه‌ته‌یه‌!
ئێره‌ حه‌زینترین گۆشه‌ی ئه‌م میحنه‌ته‌یه‌!
له‌م نیوه‌رِێیه‌دا به‌كێم ده‌سپێری؟!
تكایه‌ تا ئه‌وسه‌ری ئه‌م كۆلاَنی حوزنه‌ له‌گه‌ڵمابه‌
تاكۆتایی جاده‌ی ئه‌م نه‌زیف بوونی دڵه‌ ره‌قیبم به‌
تاده‌مگه‌یه‌نیته‌ ساحیلیك هاوده‌مم به‌
با هه‌یه‌جانی ئه‌م عومره‌ پرِ له‌ زوڵمه‌ته‌م خه‌ته‌ر نه‌كا
با ویقاری ئه‌و هه‌موو كاته‌م كاول نه‌بێت
ده‌مه‌وێت له‌گه‌ڵ تۆدا بمرم كیژۆڵكه‌
ئاخر تۆ رووناكی نێو ئه‌و دڵه‌ پرِ له‌ حوزنه‌ی منی،
تۆ سه‌روه‌ری ئه‌م ئه‌ماره‌ته‌ مه‌لوله‌ی منی!
تۆ سه‌رداری ئه‌و روحه‌ برینداره‌ی..
تۆ واهیمه‌ی ئه‌م خه‌ونه‌ ئه‌رخه‌وانییه‌ی،
تۆ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ دوانیوه‌رِۆی پایزێك هاتیت و
به‌ شه‌قامه‌ چۆڵ و گه‌لاَ وه‌ریوه‌كانی رۆحمدا شۆرِبوویته‌وه‌ و
به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رگا بده‌ی..
خۆت كرد به‌ ماڵی دڵمدا
به‌بێ ئه‌وه‌ی روخسه‌تێك بۆ ته‌سه‌روف وه‌رگری
شوشه‌یه‌كت له‌ دڵم شكاند
گوڵێكی نه‌وده‌میده‌ت له‌ باغچه‌كه‌م قرتاند
ده‌رگایه‌كت دایه‌ سه‌رپشت..
كه‌ داخرابوو له‌سه‌ر رِه‌شه‌بای مه‌راق و زریانی خه‌م
تۆ هاتی و..
 خۆت كرد به‌ ئیمپراتۆرێكی گه‌وره‌ و
مه‌مله‌كه‌تی رۆحت داگیر كردم و
تاجی غروریت له‌سه‌ردا ورد و خاش كردم
ئه‌مێستاكه‌ ده‌مه‌وێت وه‌ك مه‌وجێكی
 هار نغرۆت كه‌م له‌خۆما
نغرۆبه‌ له‌ مندا..
نغرۆبه‌ له‌مندا تا ئه‌وكاته‌ی نغرۆ ده‌بم له‌ عه‌شقی تۆدا
ده‌ستم بگره‌ و بمبه‌ره‌وه‌ بۆ ئێواره‌ موریحه‌كان
چونكه‌ ئه‌م ئێواره‌یه‌ زۆر دڵته‌نگم.
نازانم بۆ؟!
ده‌بێ شكستی خۆم بێت یان دڵگوشرانی تۆ؟
یاخود بێ بارانی هه‌واره‌ چۆڵ و خاپوره‌كه‌ی رۆحم
یان حه‌زینی شه‌قامه‌ چۆڵ و تۆزاوییه‌كه‌ی شار.
یان بێحورمه‌تی كردن به‌ قه‌داسه‌تی رێگه‌ی كاكێشان!
ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانم دڵم ته‌نگه‌ و
من موحتاجم به‌ له‌ززه‌تی عه‌شقت!
مودمینم به‌ جومله‌ مه‌حزوونه‌كانت!
موئمینم به‌و رووخساره‌ی كه‌ له‌ مه‌غریبی دابرِان غه‌مگینتره‌،
فرمێسكی عه‌سرانی تۆ..
وه‌ك زه‌لیلی شه‌وانی ته‌نیاییم مه‌زڵومه‌،
ئاخر به‌بێ تۆ دنیایه‌ك خه‌مم پێیه‌..
تا هه‌تا هه‌تا به‌شم ده‌كات له‌زه‌تی لێوه‌رگرم،
به‌بێ تۆ پێویستم به‌ سه‌د ساڵ ته‌مه‌نه‌..
بۆ دڵدانه‌وی خاتراته‌كانم،
به‌بێ تۆ سه‌د ساڵ فرمێسكم پێویسته‌..
بۆ گریانی ئه‌م فیراقه‌ و
یه‌ك چارۆگه‌ سه‌وزاییم پێویسته‌..
بۆ پێچانه‌وه‌ی ئه‌م خوێن رژانه‌ و
مشتێ حه‌نانه‌تم پێویسته‌..
بۆ هه‌وێنكردنه‌وه‌ی رۆژه‌ خۆشه‌كانی ته‌مه‌نم،
كه‌ دڵنیام په‌یدا نابێت.!
به‌بێ تۆ له‌گه‌ڵ كێدا..
شكسته‌كانم كۆبكه‌مه‌وه‌و
نه‌خشه‌یه‌ك بۆ دۆرِانی ئه‌م ئیفتیخاره‌م دانێم؟
***      ***      ***
ئێستا كه‌ من به‌قه‌د گه‌لاَیه‌كی پایز چاوه‌رِوانیم ماوه‌
مه‌هێڵه‌ هه‌ڵوه‌رێت!
تكایه‌ مه‌هێڵه‌ دواین جگه‌ره‌ی ئه‌م چاوه‌رِوانییه‌م بكوژێته‌وه‌ و
رێی به‌ هیجره‌تی ئه‌م موحیببه‌ته‌ مه‌ده‌..
با هه‌ناسه‌ سه‌غله‌ته‌كانی عومرێك ..
نه‌رِژێته‌ به‌ر پێلاَوه‌كانی حه‌ماقه‌ت و
ئاشووبی برینێك هه‌لاهه‌لامان نه‌كات!
گه‌ر ئاخر له‌خزه‌ش بوو وه‌ره‌ و
خۆت بكه‌ به‌ كه‌لاوه‌ی دڵمدا و
له‌ژێر داروپه‌ردوی ئه‌و ئازاره‌دا
شكسته‌كانم بدۆزه‌وه‌
وێرانبوونم بخوێنه‌وه‌
نه‌زیفبوونم ببرِێنه‌وه‌
حوزنه‌كانم بلاوێنه‌وه‌
بمبینه‌وه‌ و تاوێ سه‌ری دۆرِاوم بنێ به‌سنگی پرِ حه‌سره‌ته‌وه‌ و
بڵێ  "نامه‌وێ تا قیامه‌ت خوێن له‌و دڵه‌ حه‌زینه‌ت بچۆرِێت و
باری گه‌وره‌ی ئه‌م فیراقه‌ به‌ته‌نها به‌كۆڵته‌وه‌ بێت "
بڵێ  "ئه‌وه‌منم له‌نێو تۆز و غوباری خیابانه‌ ته‌نگه‌كانی دڵتدا
هاتووم و دنیایه‌ك رقم پێیه‌ بیچێنم،
مشتێ عه‌شقیشم پێیه‌ لێم وه‌رگری "
وه‌ره‌ و .. ده‌ستم بگره‌ و بمبه‌ره‌وه‌
بمبه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌و ماڵه‌ كاوله‌ی كه‌نه‌مانتوانی
پێكه‌وه‌ جامێ حه‌نانه‌تی تیا بخۆینه‌وه‌،
بمبه‌ره‌وه‌ بۆ لای ئه‌و شه‌قامه‌ بێ ویقارانه‌ی
كه‌ نه‌مانتوانی پیاسه‌یه‌كیان لێ قه‌رز بكه‌ین..،
بۆلای باخچه‌ روخاوه‌كانی شار
كه‌ ته‌لبه‌نكرابوون له‌ترسی ده‌ستگوشین
بمبه‌ره‌وه‌ بۆ لای ئه‌و دار پرته‌قالاَنه‌ی
كه‌ نه‌مانوێرا به‌ جورئه‌ته‌وه‌ باسی ماچیان له‌ ژێردا بكه‌ین.
بمبه‌ره‌وه‌ بۆلای عومری به‌باچووم،
بمبه‌ره‌وه‌ بۆ ژووره‌ ته‌نیاكه‌م..
بۆلای مردن!

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.