
یان ده‌ستوورێکی دیموکراتی، یان هیچ…!!
دێرین حه‌سه‌ن
ئه‌گه‌ر ده‌ستوور بریتییه له‌و په‌یمانه دیموکراتییه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که‌وا هاوڵاتیانی وڵاتێک له‌پێناو به‌یه‌که‌وه ژیانێکی ئازاد و ئارام و ئاسووده و ئاساییشدا، به‌ئیراده‌ی ئازاد و هاوبه‌شی خۆیان له‌سه‌ری رێکده‌که‌ون و پێیه‌وه پابه‌ند ده‌بن، ئه‌وا ده‌ستوورێکی به‌م ناوه‌رۆک و جه‌وهه‌ره دیموکراتییه بۆ ئێمه‌ی گه‌لی کورد به‌گشتی و ژنان به‌تایبه‌تی هه‌ژده ساڵه پێویستییه‌کی هه‌ره ژیانیی ئه‌م هه‌رێمه‌مان بووه. چونکه گه‌له‌که‌مان به‌گشتی و ژنانیش به‌تایبه‌تی قوربانی هه‌ره گه‌وره‌ی نه‌بوونی ده‌ستوور یان نه‌بوونی ده‌ستوورێکی دیموکراتی بوونه. بۆیه ده‌بووایه له‌یه‌که‌م رۆژی ئازادی دوای راپه‌ڕینی ساڵی 1991دا داڕشتنی ده‌ستوور ببووایه بابه‌ت و رۆژه‌ڤی سه‌ره‌کی و ئه‌رک و کاری بنچینه‌یی حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی باشوور. به‌ڵام ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌م پێداویستییه هه‌ڵسوکه‌وتیان کرد. ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی سنوورێک بۆ ده‌سه‌ڵاتدارێتی و پاوانخوازی و چڵێسی پیاوسالارێتییان دانه‌نرێ و که‌س چاودێرییان نه‌کات و لێپرسینهوهییان له‌گه‌ڵدا نه‌کات به‌هه‌وه‌سی خۆیان تاڵانی و سته‌م و نادادی و چه‌وسانه‌وه به‌ڕێوه‌ببه‌ن، ئه‌م گه‌له‌یان بێبه‌شکرد له‌وه‌ی ببێته خاوه‌ن ده‌ستوورێک، یان په‌یماننامه‌یه‌کی دیموکراتی گه‌ل. ئیتر هه‌ژده ساڵیان به‌مشێوه‌یه بێویژدانانه به‌ڕێکرد، به‌ڵام ئه‌مڕۆ دوای هه‌موو ئه‌و زوڵم و سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌یه، ده‌خوازن ئه‌مجاره‌یان له‌ڕێگه‌ی ده‌ستوورێکه‌وه شه‌رعییه‌ت و به‌رده‌وامی به‌هه‌مان ده‌سه‌ڵاتدارێتی خۆیان بده‌ن. ده‌ستوورێک له‌هه‌موو شتێک ده‌چێت ته‌نیا له ده‌ستوور ناچێت.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا؛ په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان ده‌قێکی ده‌ستووری، به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی و ئه‌قڵییه‌تی باڵاده‌ستی ده‌سه‌ڵاتداران، به‌په‌له په‌سندی کرد و ده‌یانه‌وێ به‌زۆری زۆردارهکیش به‌سه‌ر خه‌ڵک به گشتی و ژنان به‌تایبه‌تی بیسه‌پێنن، ئه‌م ده‌قه ده‌ستوورییه‌ی په‌ژراندوویانه له لوتکه‌دا گوزارشت له ئه‌قڵییه‌تی چینێکی باڵاده‌ستی پیاوسالاری ده‌سه‌ڵاتخواز ده‌کات. وه‌ک بڵێی له‌م نیشتمانه خێرله‌خۆ نه‌دیوه‌دا ته‌نیا ئه‌و چینه باڵاده‌سته ده‌سه‌ڵاتخواز و ئه‌و پیاوه سته‌مکارانه ده‌ژین که ده‌ستوور هه‌موو ماف و ئیمتیاز و پێگه‌یه‌کی پیرۆزی پێبه‌خشیون. ئه‌م ده‌ستووره، که چڵێسی چینێکی ده‌سه‌ڵاتخوازی پیاوسالاری لێدهبارێ، له‌جه‌وهه‌ردا جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ هه‌ر ده‌ستوورێکی تردا نییه که دیکتاتۆرییه‌ت و فاشیزم له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێ، جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و دابونه‌ریته باڵاده‌سته کۆنه‌په‌رستانه‌دا نییه که به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا سه‌پێنراون و بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ی ره‌شکوژی و خۆسووتاندنی ژنان و له‌ڕێگه‌یانه‌وه رۆژانه ژنان رووبه‌ڕووی هه‌تکردن و ده‌ستدرێژی زایه‌ندی و هه‌موو جۆره تیرۆر و فشارێکی رۆحی و ده‌روونی و جه‌سته‌یی ده‌کرێنه‌وه. ته‌نیا یه‌ک جیاوازی هه‌یه ئه‌ویش چوارچێوه‌یه‌کی یاسایی به‌و زوڵمه دراوه که هه‌ژده ساڵه بێباکانه و بێویژدانانه له‌لایه‌ک به‌ناوی "ئه‌زموونه‌که‌مان ساوایه و دووژمنمان زۆره" له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی هه‌ژار و سته‌مدیده‌یان به‌ڕێوه‌بردووه، له‌لایه‌کی تریشه‌وه به‌ناوی "نه‌ریته پیرۆزه‌کان"ه‌وه له‌به‌رامبه‌ر ژنانی ئازار چهشتوودا به‌ڕێوه‌براوه. واتا به‌ده‌ستووریکردنی زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌ی هه‌ژده ساڵه‌ی دژ به چینی ژێره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا، به‌ده‌ستووریکردنی ئه‌و دابونه‌ریته کۆنه‌په‌رستانه‌ی که‌وا کولتووری ژن‌کوژی لێ به‌رهه‌م هاتووه. ئه‌مه‌ش ره‌وایه‌تیدانه به هه‌موو ئه‌و خۆسووتاندن و خۆکوشتنانه‌ی که‌وا هه‌ژده ساڵه ژنان به‌هۆی نه‌بوونی ده‌ستوور و یاسایه‌کی دادپه‌روه‌ر و دیموکراتی و ئازادیپارێز ناچاری ئه‌و تراژیدیایه کراون، به‌یاساییکردنی هه‌موو ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه‌یه که له‌م هه‌ژده ساڵه‌دا به‌ناوی نامووسپه‌رستی و پاراستنی داب و نه‌ریته پیرۆزه‌کان به‌رامبه‌ر به‌ژنان ئه‌نجامدراوه.
بێگومان ئه‌مڕۆ به‌گوێره‌ی زۆربه‌ی ئاماره‌کان؛ ژماره‌ی ئه‌و ژنانه‌ی له‌م هه‌ژده ساڵه‌دا بوونه‌ته قوربانی ئه‌و نه‌ریته به‌ناو پیرۆزانه و ئه‌و ئه‌قڵییه‌ته پیاوسالارییه‌ی که ئه‌م ده‌ستووره‌ی پێ نووسراوه‌ته‌وه و بێباکانه پارێزگاری له‌و دابونه‌ریته کۆنه‌په‌رستانه‌یه ده‌کات، سێههندهی قوربانییه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌یه، که گیانی بێگه‌ردیان کرده قوربانی دۆزی ره‌وای گه‌له‌که‌مان.
به‌ڕاستیش به‌م ده‌ستووره کرچ و کاڵه ده‌مامکی درۆیینه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی باشوور که‌وته خواره‌وه، که سه‌ری زمان و بنی زمانیان ئازادی و دیموکراتی و مافی ژنان بووه. راستینه‌ی ستهمپهرسی و ده‌سه‌ڵاتخوازێتی و پیاوسالارێتییان زیاتر ئاشکرابوو. بۆیه ئه‌م ده‌ستووره، جگه له‌ره‌تکردنه‌وه‌ی ته‌واوی مادده‌کانی، شایسته‌ی هیچ شتێک نییه. چونکه نه گه‌له‌که‌مان و نه ژنانیش هیچ هۆکار و پاڵنه‌رێک نییه که وایانلێبکات یان ناچاریان بکات ئه‌م ده‌ستووره بێسه‌روبه‌ره یان هه‌ر ده‌ستوورێکی تر په‌سند بکه‌ن که بنه‌ماکانی ئازادی و دیموکراتی و یه‌کسانیی تێدا به‌رجه‌سته نه‌بووبێت. به‌تایبه‌تی له‌رۆژگارێکی وه‌کو ئه‌مڕۆدا که ئیتر ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌م هه‌رێمه‌یان کردۆته زیندانێکی گه‌وره‌ی گه‌ل، قه‌سابخانه‌یه‌کی هۆڤانه‌ی گیاندهرکێشانی ژنان. هه‌ڵبه‌ته ئێمه پێویستمان به ده‌ستوورێک نییه ره‌وایه‌تی به ژیان و گوزه‌رانی به‌ڕێوه‌براوی ناو ئه‌م زیندانه ته‌مه‌ن هه‌ژده ساڵییه بدات، شه‌رعییه‌تی یاسایی و ده‌ستووری به زوڵمی زاڵمانی ده‌سه‌ڵاتدار و ئه‌قڵییه‌تی پیاوسالارێتی و دابونه‌ریته کۆنه‌په‌رسته‌کان بدات. به‌ڵکو ئێمه پێویستمان به‌ده‌ستوورێک هه‌یه تا له گێژاوی ئه‌م زیندانه‌مان رزگار بکات و مافی شکۆمه‌ندانه‌ی هاوڵاتیبوون و به‌یه‌که‌وه ژیانی ئازاد و ئارام و ئاسوده‌ییمان بۆ دابین و فه‌راهه‌م بکات. نه‌ک ده‌ستوورێک ئه‌و زیندانه‌ی هه‌یه به‌رته‌سکتر و دژوارتری بکات.
بۆیه له‌پێناو ره‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌ستووره و هه‌موو ده‌ستوورێکی هاوشێوه‌ی ئه‌مه، پێویسته سه‌رجه‌م چین و توێژه چه‌وساوه و نه‌داره‌کانی کۆمه‌ڵگا به‌گشتی، ژنان و لاوان به‌تایبه‌تی، که له ئه‌گه‌ری په‌سندکردنی هه‌ر ده‌ستوورێکی به‌مشێوه و ناوه‌رۆکه‌دا ده‌بنه قوربانی یه‌که‌م، له‌میانه‌ی نواندنی هه‌موو شێوه چالاکییه‌کی دیموکراتییانه‌دا لێبڕاوانه ئه‌م ده‌ستووره ره‌تبکه‌نه‌وه و نه‌هێڵین به‌م ده‌ستووره به‌رده‌وامی به ده‌سه‌ڵاتدارێتی نادادی و نادیموکراتیانهیان بده‌ن. به‌تایبه‌تی رۆشنبیران و رێکخراوه مه‌ده‌نی و دیموکراتییه‌کان، له‌سه‌رووی هه‌مووانه‌وه سه‌نته‌ر و رێکخراوه‌کانی ژنان، هه‌روه‌ها ئه‌و پارتانه‌ی بانگه‌شه‌ی ئۆپۆزسیۆنبوون و دیموکراتیبوون و ئازادی ژنان ده‌که‌ن، ده‌بێت پێشه‌نگایه‌تی بکه‌ن بۆ به‌ڕێوه‌بردنی چه‌ندین جۆره چالاکی دیموکراتی و هه‌ڵمه‌تی ره‌تکردنه‌وه‌ی ده‌ستوورێکی نادیموکراتی. هه‌ر له‌هه‌مانکاتدا پێویسته داڕشتنی ده‌ستوور ته‌نیا بۆ بێویژدانی و بێباکی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆ و به‌یانی به‌جێنه‌هێڵین، ته‌نانه‌ت هه‌ڵه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌یه که‌وا داڕشتنی ده‌ستوورێک بۆ گه‌لێکی سته‌مدیده و ژنانی ئازار چه‌شتووی ئه‌م هه‌رێمه ته‌نیا بۆ ده‌سه‌ڵاتداران یان ته‌نیا لیژنه‌یه‌کی یاسایی نوخبه‌یی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتداران بهێڵرێته‌وه!!. چونکه ئه‌گه‌ر داڕشتنی ده‌ستوور ته‌نیا بۆ ئه‌وان بهێڵرێته‌وه ئه‌وا دیسان ده‌ستوورێکی به‌هه‌مان ناوه‌رۆکمان بۆ داده‌ڕێژنه‌وه. بۆیه ده‌کرێ له‌پێناو داڕشتنی ده‌ستوورێکی دیموکراتیدا؛ که له‌ناوه‌رۆکی خۆیدا شکۆداری و که‌رامه‌ت و ئازادی بۆ ژیان و ئینسان و وڵات بگه‌ڕینێته‌وه چه‌ندین کۆنفڕانس و کۆنگره‌ی نوخبه‌یی و جه‌ماوه‌ری له‌هه‌موو شار و شارۆچکه و گونده‌کاندا ئه‌نجام بدرێت، گفتوگۆی تێروته‌سه‌ل و ئاڵوگۆڕی دیموکراتیانه‌ی بیروراکان رێکبخرێن و بگه‌یه‌نرێته ئاستێک که‌وا هه‌موو تاک و چین و توێژێک به‌کولتووری یاسایی و مافپه‌روه‌ری و ده‌ستووری هوشیاربکرێتهوه و تێبگه‌یه‌نرێن که‌وا ده‌ستوور بۆ تاک و کۆمه‌ڵگاکان به چ واتایه‌ک دێت؟! به‌ڕاده‌یه‌ک هه‌موو که‌سێک بگه‌نه ئه‌و هوشیارییه‌ی که‌وا "پێشێلکاری هه‌ره مه‌زنی مافی مرۆڤ ئه‌وه‌یه که به‌رگری له‌ماف و ئازدییه‌کانی خۆت نه‌که‌یت"
له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه؛ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ده‌مانه‌وێت ببینه خاوه‌ن ده‌ستوورێکی ئازادیخوازی دیموکراتی دادپه‌روه‌ری یه‌کسانیخواز، ئه‌وا ده‌بێت به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌قڵییه‌تی پیاوسالارێتی ده‌سه‌ڵاتداران که ده‌ڵێن "یان ده‌ستوورێکی نادیموکراتی یان هیچ..!!" بیربکه‌ینه‌وه و هه‌ڵوێستی دیموکراتیانه‌ی خۆمان بێ‌دوودڵی له‌ژێر دروشمی "یان ده‌ستوورێکی دیموکراتی یان هیچ" بنوێنین و ئه‌و ده‌ستووره‌ی هه‌یه له ئه‌مڕۆ و له داهاتووشدا هه‌ر په‌سند نه‌که‌ین و ره‌تیبکه‌ینه‌وه، هه‌روه‌ها ده‌بێت له‌چوارچێوه‌ی تێكۆشانێکی حقوقی و ده‌ستووریشدا؛ هه‌وڵێکی جددی و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی نوخبه‌یی و جه‌ماوه‌رییانه بده‌ین بۆ داڕشتنی ده‌ستوورێک که ببێته په‌یماننامه‌یه‌کی هاوبه‌شی هه‌موومان و ئیتر دینامیکی به‌مرۆڤبوون و بهکۆمهڵگابوونمان بپارێزرێت، بۆئه‌وه‌ی واتا و جوانی و رێز بۆ ئینسان و ژیان و کۆمه‌ڵگا به‌گشتی و ژنان به‌تایبه‌ت بگه‌ڕێندرێته‌وه!!.