دیمانه له‌گه‌ڵ ستاره عارف
ستارهعارف: نه‌ك له‌په‌رله‌مان به‌ڵكو له‌سه‌رجه‌م كایه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵدا ژن بۆ ئارایشتكردن به‌كارهاتووه
دیمانه :ئاسۆ عوسمان
نووسه‌رو رۆژنامه‌وان ستاره عارف پێیوایه ژنان له‌ناو ئه‌م سیستمه‌دا رۆڵی خۆیان پێ‌نادرێت، كۆمه‌ڵێك رێنمایی وپرنسیپی كۆنیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت، كهبهههندێك مه‌سه‌له‌ی لاوه‌كییه‌وه سه‌رقاڵیان ده‌كات وچوارچێوه‌ی بیركردنه‌وه‌یان قفڵ ده‌كات، بۆیه مرۆڤیش هه‌تا نه‌یه‌ته ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌كه هه‌ست بهدواكهوتویی وناهۆشیاریی خۆی ناكات.
ئاڵا:رۆشنبیران ته‌نانه‌ت به‌شێكیش له‌ژنان پێیانوایه به‌شداریی پێكردنی ژنان له‌نێو په‌رله‌مان وحكومه‌ت ته‌نیا بۆ ئارایشته، به‌ڵگه‌ش به‌وه ده‌هێننه‌وه په‌رله‌مان یاسای فره‌ژنی په‌سندكردووه، تۆ پێتوایه به‌شداریی پێكردنی ژنان بۆ ئارایشته یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه ژنان ده‌توانن رۆڵی گرنگ له‌په‌رله‌مانی ئاینده‌دا ببین؟ستارهعارف:ژن خاوه‌ن توانایه‌كی زۆر‌و شاراوه‌یه ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌ی ده‌رخستنی ئه‌و هێزه‌ی بۆ بڕه‌خسێت، ده‌توانێت به‌شێوازی جۆراو جۆر بیخاته بواری كردارییه‌وه، چونكه به‌پێی زانست روونه كه‌ژنان له‌پیاوان به‌تواناترو ئارامترو بهئیرادهترن، به‌ڵام له‌كۆمه‌ڵی ئێمه‌دا له‌به‌رئه‌وه‌ی كراوه‌و مه‌ده‌نی نین، هه‌رگیز بواری پێنه‌دراوه وه‌ك خۆی بژی‌و گوزارشت له‌جه‌وهه‌ری خۆی بكات، بۆیه نه‌ك له‌په‌رله‌مان له‌سه‌رجه‌م كایه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵدا ژن بۆ ئارایشتكردنی بواره‌كان به‌كارهاتووه، چونكه ئه‌و ژنه به‌ویست وئیراده‌و شاره‌زایی خۆی به‌شدار نه‌بووه، به‌ڵكو دانراوه‌و به‌كارهاتووه، په‌رله‌مانی كوردستان ناتوانرێت به‌نوێنه‌ری گه‌ل دابنرێت وه‌ك له‌هه‌موو دنیادا هه‌یه، له‌م كۆتایهشدا باش راستی خۆی ده‌رخست چوار ساڵه نوێنه‌ری گه‌ل نه‌بووه‌و ده‌مڕاستی مه‌كته‌بی سیاسی بووه، ژنان له‌ناو ئه‌م حزبانه‌شدا لای هه‌مومان ئاشكرایه پاشكۆن وهه‌رگیز نه‌یانتوانیوه وه‌ك خۆیان كهژنن بیروڕای جیاواز‌و ژنانه‌ی خۆیان هه‌بێت، چونكه له‌ناو سیستمی سیاسی ئه‌م پارچه‌یه‌ی كوردستاندا كه‌ئه‌م حزبانه‌و كۆمه‌ڵێك حزبی تری بچووك پێكیانهێناوه، له‌سه‌ره‌تای دروستبوونیانه‌وه تا ئێستا رێكخستنی تۆكمه‌و خاوه‌ن فیكر‌و عه‌قڵیه‌تی سیاسی‌و نه‌ته‌وه‌یی وهزرو رۆشنگه‌ریی نه‌بوون، ئه‌وان له‌سه‌ره‌تای دروستبونیانه‌وه ته‌نها شه‌ڕی چه‌كداریان به‌سه‌ره‌كی وه‌رگرتووه‌و ته‌واوی لایه‌نه‌كانی تریان پشتگوێخستوه‌و ژنیش وه‌ك كه‌سێكی پاشكۆ، دۆزهكهشی به‌لاوه‌كی وه‌رگیراوه، ئیتر ده‌بێت چاوه‌ڕوانی چی گۆڕانكاریی و دۆزێكی هۆشیار له‌م جۆره سیستمه بكرێت وته‌نها ئه‌و قاڵبه سواوهیهیان لێ به‌رهه‌م دێت، كه‌رۆژانه ده‌یڵێنه‌وه‌و هیچیان لێ سه‌وز نابێت‌و خه‌ڵك‌و تاكو ژنان‌و رۆشنبیر‌و كه‌سانی چالاك‌و بوێر به‌وته‌و كرده‌وه كۆن‌و نه‌شیاوه‌كانیان هه‌راسان ده‌كه‌ن. ژن له‌ناو ئه‌م سیستمه‌دا رۆڵی خۆی پێ‌نادرێت، كۆمه‌ڵێك رێنمایی‌و پرنسیبی كۆن به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت، كهبهههندێك مه‌سه‌له‌ی لاوه‌كییه‌وه سه‌رقاڵیان ده‌كات وچوارچێوه‌ی بیركردنه‌وه‌یان قفڵ ده‌كات، بۆیه مرۆڤیش هه‌تا نه‌یه‌ته ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌كه هه‌ست به‌دواكه‌وتوویی وناهوشیاریی خۆی ناكات، ئه‌مه بۆ ژنانی ناو حزبه‌كانیش كهلهپهرلهمانیشدان به‌م شێوه‌یه‌یه.
ئاڵا: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی رێژه‌ی به‌شداریی ژنان له‌په‌رله‌ماندا 25%ه، به‌ڵام چه‌ندین یاسا دژی مافه‌كانی ژنان ده‌ركران، پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه رێژه‌ی 30% كه بۆ ژنان له‌په‌رله‌مانی ئاینده‌دا دیاریكراوه ده‌توانێت له‌په‌رله‌مانی ئاینده‌دا كار له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایانه بكات دژی مافه‌كانی ژنن؟.ستارهعارف:رێژه بۆ ژنان پێوه‌ر نین كهرێژه دانرا وا بزانین هه‌موو شته‌كان ئۆتۆماتیكی بێ ئه‌وه‌ی زانایی ژنان به‌رامبه‌ر دۆزه‌كه‌یان هه‌بێت ده‌گۆڕێت وانییه، زۆر جار ژنان به‌ژماره كه‌من، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ناوه‌ڕۆكی كۆمه‌ڵدا رۆچوبێتن و لێی تێگهیشتبنو تیۆری و ئامانجیان به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان ههبێتو بوێرانه‌و سه‌ربه‌خۆ بێ ره‌چاوكردنی قسه‌و تانه‌ی پیاوان هه‌نگاو بنێن‌و بڕوایان به‌و تیۆرییه هێنابێت، كه مافه‌كانمان به‌هێزی جهوههرییو ئیراده‌و زانایی ژن خۆیه‌وه به‌دی دێت، به‌چوونه ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی كۆمه‌ڵی باوكسالارییو هێزی زاڵدهستانهی پیاو له‌و ساته‌دا ده‌توانین باس لهسهندنی مافه‌كانمان بكه‌ین، به‌ڵام لهكۆمهڵێكدا كه‌حزب زاڵ بێت وخۆی خاڵی بێت لهبیرمهندییو به‌رنامه‌ی چاكسازیی‌و هوشیاریی مهدهنیو یاسایی‌و رامیاریی وژن له‌لایی ته‌نها بۆ چه‌واشه‌كردنی كه‌سانێك بێت كه‌هه‌وڵ ده‌ده‌ن مه‌سه‌له‌ی جێندهرو كۆمه‌ڵێكی مه‌ده‌نی بكه‌نه مۆدێل‌و كۆمه‌ڵ له‌مێگه‌ل بوون رزگار بكه‌ن، لێره‌دا ناتوانین باس له‌مافی ژن بكه‌ین به‌ڵكو بهكۆیلهكردنهوهی كۆمه‌ڵ‌و ژن‌و تاك ده‌گه‌یه‌نێت. هه‌رچه‌نده زۆرێك له‌یاساكانی په‌رله‌مان له‌دژی ژنان بوون به‌تایبه‌تی یاسای باری كه‌سێتی، كه‌سانی چالاك له‌ده‌ره‌وه‌ی ژنانی پاشكۆی ده‌سه‌ڵات هه‌وڵی باشیان دا بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی یاساكه‌و په‌سندیان نه‌كرد، به‌بڕوای من له‌په‌رله‌مانی داهاتووشدا هه‌مواركردنی ئه‌و یاسایانه‌و یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یان قورس‌و مه‌حاڵ ده‌بێت ئه‌مه له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر ده‌ستووری هه‌رێم له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا ده‌نگی بۆ بدرێت‌و په‌سند بكرێت، چونكه مادده‌كانی ده‌ستووریی رێگه‌ی پێناده‌ن به‌تایبه‌تی مادده‌ی 6ی ده‌ستوور كهدهسهڵاتو لایه‌نه ئیسلامییه سیاسییه‌كان له‌سه‌ری رێكهوتونو ئه‌م مادده‌یان لهماددهكهی ره‌شنووسی ده‌ستووری ئابی 2006توند‌و خراپتر نوسیوه‌ته‌وه كه‌رێگره لهههڵوهشاندنهوهو ده‌ركردنی هه‌ر یاسایه‌كی مه‌ده‌نی به‌قازانجی ژنان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌وڵ بدرێت خه‌ڵك هۆشیار بكرێـته‌وه ده‌نگ به‌ده‌ستوور نهدهنو بمێنێته‌وه بۆ خولی داهاتوی په‌رله‌مان ئه‌گه‌ری گۆڕانكاریی زۆر له‌مادده‌كانی ده‌ستوور ده‌بێت به‌م ماددهیهشهوه هه‌رچه‌نده ئێستا راپرسی له‌سه‌ر ده‌ستوور دواخراوه بۆ 10/8ی ئه‌مساڵ به‌ڵام هه‌وڵێك له‌لایه‌ن دهسهڵاتو ئیسلامی سیاسییه‌وه هه‌یه كه‌هه‌ڵبژاردن بۆ هه‌مان كات دوابخرێت ته‌نها له‌به‌ر خاتری ئه‌وه‌ی ده‌ستوور كه‌ئه‌وان ره‌زامه‌ندن لهسهریو به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه تهسكو نامرۆییانهكانی خۆیان دایانڕشتۆته‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی پهرلهمانو سه‌رۆكی هه‌رێمدا په‌سند بكرێت‌و ده‌نگی بۆ بدرێت، جا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پیلانه‌یان سه‌رنه‌گرێت ده‌بێت ئێستا ئێمه‌ی راگه‌یاندنكار هه‌وڵ بده‌ین هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ كاتی راپرسی له‌سه‌ر ده‌ستووره‌كه دوانه‌خرێت، كه بمێنێته‌وه بۆ خولی داهاتووی په‌رله‌مان ده‌توانرێت گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت‌و له‌و باوه‌ڕه‌دام په‌رله‌مانی داهاتوو چالاكترو بهههڵوێستر دهبێتو ئیراده‌ی مردوو به‌دیلگیراوی ژنانیش سه‌رهه‌ڵبداته‌وه. مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه كه رێژه‌ی له30% ده‌توانێت ئه‌و گۆڕانكاریه بكات هه‌رچه‌نده رێژه وه‌ك ژماره گرنگه‌و چه‌ندایه‌تی له‌بواری گۆڕینی ژینگهكهوه ده‌توانێت ره‌وشێكی نوێ‌و ژنانه بهێنێته ئاراوه، به‌ڵام گرنگ ناوه‌ڕۆك‌و تێكۆشانی ئه‌ندامانی ژنی په‌رله‌مانه كهزانایانهو تێكۆشه‌رانه له‌پێویستی خه‌بات بۆ دۆز‌و مافه‌كانی ئێمه‌ی ژنان تێگهیشتبنو هه‌وڵی جه‌وهه‌ریی بۆ بده‌ن.
ئاڵا:چه‌ندین قه‌واره‌ی سهربهخۆو بێلایه‌ن خۆیان راگه‌یاندوه‌و ئاماده‌ی كێبڕكێن بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه لیستێكی سه‌ربه‌خۆی ژنانیش پێویست نه‌بوو؟.
ستارهعارف:نابێت وا هه‌ست بكه‌ین ئه‌گه‌ر لیستێكی سه‌ربه‌خۆی ژنانه خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی راگه‌یاند وا بزانین به‌م شێوه‌یه ته‌واوی مافهكا نمان ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ین، چونكه له‌خه‌باتی ره‌وای ژناندا ئامانج نابێت جیاكاری ره‌گه‌زی بێت وه‌ك لایه‌نی جه‌سته‌یی"فیزیكی" خۆمان له‌پیاوان دوور بگرین، به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌یه ژنان له‌لایه‌نی رۆحی‌و ئیراده‌و كاركردنه‌وه پشت به‌خۆیان ببهستنو هێزو توانا‌و رێنمایی پیاوان بۆ خۆیان نه‌كه‌ن به‌پاڵپشت، ده‌بێت ژنان خۆیان لهكڕنۆش بردن بۆ پیاوان‌و به‌خودا ته‌ماشاكردنیان بهێننه ده‌ره‌وه‌و هێزو توانا‌و هرسی خه‌بات كردنی خۆیان بناسن‌و پێویستی پیشاندانی هێزو ئیراده‌یه‌كی ژنانه كه كار بۆ كۆمه‌ڵێكی مۆدێرن ده‌كات ژن خاوه‌ن بڕیاری سهربهخۆو دوور له‌ده‌ستتێوه‌ردانی پیاو بێت له‌هه‌ر لایه‌نێكه‌وه نمایش بكات.واته خه‌باتی فێمینیستانه‌ی ژنان ته‌نها ئامانجی به‌شێوه‌یه‌كی شۆڕشگێڕانه‌ی رایكال ره‌تكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ‌و پیاو نه‌بێت، به‌ڵكو كار بكات بۆ سیسته‌مێكی جێنده‌ری یه‌كسان كه هه‌وڵی گۆڕینی عه‌قڵیه‌تی توندوتیژانه‌و باڵاده‌ستی پیاو بێت‌و ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ریش كه‌پیاوه ژن وه‌ك ره‌گه‌زێكی سه‌ربه‌خۆی خاوه‌ن ماف‌و مرۆڤێكی ته‌واو بژمێرێتو راهێزانی ته‌واوی ماف‌و ئه‌ركی له‌هه‌ر بوارێكدا بهئازادیو مافی خۆی وه‌ك مرۆڤێك بناسێت‌و توانای رێگری نه‌بێت به‌شداری ژنان به‌لیستێكی سه‌ربه‌خۆ مافێكی رهواو ئاسایی‌و یاسایه، به‌ڵام واتای ده‌ستگیركردنی ته‌واوی ماف‌و ئازادیه‌كانی ناگه‌یه‌نێت، پاشان له‌كۆمه‌ڵێكی پیاوسالاری وه‌ك ئێمه‌دا كه پێویستمان بهخهباتكردن بۆ گۆڕینی عه‌قڵیه‌تی پیاوكردووه توندوتیژهكانیهتی، ئه‌م خه‌باته‌ش سه‌ركه‌وتنی له‌وه‌دایه كهژنانی چالاك‌و خه‌باتكار له‌ناو هه‌مان سیسته‌مدا به‌تێزی تازه‌و ئیراده‌و هوشیاری نوێوه به‌ره‌وڕووی ببینه‌وه بێ ئه‌وه‌ی خۆمان بخه‌ینه ژێر كاریگه‌ری‌و ببینه دووبارهكهرهوهی كرده‌وه‌كانیان.
ئاڵا:حزب وقه‌واره سیاسییه‌كان له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ژنان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن بۆ په‌رله‌مان؟ شاره‌زایی ولێهاتوویی یان گوێڕایه‌لێ وپاپهندبون بۆ پیاوانی نێو حزبه‌كان؟.
ستارهعارف:ئاشكرایه كه له‌سه‌ر بنه‌مای شارهزاییو لێهاتویی نیه، بهتاكو ته‌را ئه‌گه‌ر ژنانێكی چالاك‌و دوور له‌رێنماییه‌كانی پیاو له‌په‌رله‌ماندا بدۆزیته‌وه ئه‌مه به‌و قسه‌و لێدوانانه نابێت كه‌خۆیان ده‌ڵێن حزب ده‌ست لهكاروبارمان وهرناداتو خۆیان به‌و په‌ڕی سهربهخۆو لێهاتو له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر بته‌وێت كه‌سێك باش بناسیت ده‌بێت ته‌ماشای كردار‌و هه‌نگاوه‌كانی بكه‌یت، به‌داخه‌وه كه ده‌ڵێن له‌سه‌ر بنه‌مای گوێڕایهڵیو پابه‌ند بون بۆ پیاوان كه‌دڵنیام ئه‌مه ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیع‌و كرداری ئه‌و كه‌سه به‌ناو ژنانه بۆی سه‌لماندین كهببینین ژنانێك ئه‌ندام پهرلهماننو له‌بنه‌ڕه‌تدا ده‌بێت نوێنه‌ری گه‌ل بن، كه‌چی نه‌ك نوێنه‌ری گهلو به‌تایبه‌تیش ژن نین، به‌ڵكو له‌نوێنه‌رایه‌تی حزبه پیاوانهكانیانهوه نه‌یانتوانیوه نوێنه‌رایه‌تیه‌كی تر بكه‌ن، له‌چه‌ند ژنێك زیاتر كه به‌په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن.كه‌حزبی مۆدێرن‌و به‌رنامه‌ی تازه‌و نوێخوازمان نه‌بێت، نا‌توانیت چاوه‌ڕوانی ژنێك له‌و حزبانه بكه‌یت، ژنی نوێخوازو هوشیار بهێننه پێشه‌وه له‌دروستكردنی كابینه‌ی پێنجه‌می حكومه‌تدا بینیمان چه‌ند ژنێكی كه‌م له‌كۆی 42وه‌زیر دانرابون، ده‌یانگوت چی بكه‌ین ژن نیه ئه‌و پۆستانه وه‌ربگرێت له‌كاتێكدا ئێمه چه‌ندین ژنی چالاك‌و هوشیارمان هه‌یه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆن‌و سه‌ر به‌و حزبه كۆن‌و دیكتاتۆرانه نین، پهراوێزنو بۆ پۆستی وا ههڵنابژردرێن وێڕای خه‌رجكردنی چه‌ند ساڵ ههوڵو كاركردن‌و چالاكی نواندن ئێمه كۆمه‌ڵێك ژن بوین له‌دژی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ده‌سه‌ڵات كه‌هه‌میشه هه‌وڵی بچوكردنهوهو بێ نرخكردنی ژنان‌و دۆزهكهیانی داوه هه‌فته‌یه‌ك چالاكیمان رێكخست به‌ناوی "هه‌فته‌ی هه‌ڵوێست" كه‌چی مه‌لا به‌ختیار لهسیمینارێكیدا بۆمان نمونه‌ی وڵاتانی ئهفغانستانو سعودیه‌ی بۆ ده‌هێناینه‌وه كه‌ئه‌وانیش وه‌ك ئێمه رێژه‌ی ژنانیان له‌ناوه‌ندی بڕیاردا كه‌مه یان نیه، ئیدی بۆ ئێمه‌ش چاو له‌وان نه‌كه‌ین واته هه‌رچی ئه‌زمونی وڵاتانی دواكه‌وتوو سته‌مكاره ده‌بێت دووباره‌ی بكه‌ینه‌وه چونكه قۆناغنو ده‌بێت ئێمه‌ش تێیپه‌ڕێنین چونكه به‌رژه‌وه‌ندی حزبی ده‌سه‌ڵاتی تێدایه.
ئاڵا:به‌بێ بوونی ڤیزای حزب هیچ ژنێك ناتوانێت بچێته نێو په‌رله‌مانی ئاینده‌وه، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ژنان له‌په‌رله‌مانی ئاینده‌دا ده‌بنه نوێنه‌ری حزبه‌كان یان به‌پێچه‌وانه ده‌بنه نوێنه‌ریی ژنان له‌په‌رله‌مان؟.
ستارهعارف:من ناتوانم پێشبینی ئه‌وه بكه‌م ئه‌و ژنانه نوێنه‌ری ژن ده‌بن یان حزبه‌كان چونكه ئێمه كۆمه‌ڵێكی مهدهنیو رۆژئاوایی نین، راوه‌سته له‌سه‌ر بهڵێنو وته‌و قسه‌كانمان بكه‌ین‌و هه‌میشه خۆمان به‌رپرسیار ببینین به‌رامبه‌ر بهڵێنهكانمانو خۆمان به‌كۆیله‌ی وته‌كانمان بزانین‌و له‌كاتی قسه‌كردندا ژمێره بۆ وشه به وشه‌مان بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ینێ نه‌كه‌وینه به‌رده‌م دادگای لێپرسینه‌وه‌ی بهڵێنو وته‌كانمان.به‌پێچه‌وانه‌وه تاكی رۆژهه‌ڵاتی كه‌ئێمه‌ش به‌شێكین له‌وان له‌كارنامه‌ی حزبهكانماندا زۆر شتی باش‌و به‌نرخ باس ده‌كرێت كه‌هه‌ندێكجار سه‌رسام دهبیتو به‌ڵێنی وه‌هات پێده‌درێت كهجوانترین خه‌یاڵت لا دروست دهكهنو لهكرداریشدا وه‌ها پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هه‌موو شته جوان‌و به‌نرخه‌ی باسیانكردوهو نوسیویانه، وه‌ها پراتیكێكت پیشانده‌ده‌ن، كه تووشیو شۆك‌و شكستی خهیاڵو بێزاریت ده‌كه‌ن ئه‌مه به‌ئاشكرا له‌كارو كرده‌وه‌ی حكومهتو سه‌ركرده‌و ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌ماوه‌ی ئه‌م 18ساڵه‌دا بینیمان، كه‌ئیدی بونیادنانه‌وه‌ی ئه‌و هیوایه‌و ره‌خساندنی بارێكی ده‌روونی وه‌ها ئارام كه‌توانای بڕوا پێكردنی به‌و بهڵێنو نرخانه هه‌بێت ئاسان نابێت، به‌ڵام ده‌ركه‌وتنی لیست‌و كه‌سی جیاواز له‌ده‌سه‌ڵات كه كار له‌سه‌ر لاوازیه‌كانی ده‌سه‌ڵات بكات‌و له‌و خاڵه لاوازانه‌وه هه‌نگاو هه‌ڵبگرێت‌و به‌ڵێن بدات هه‌مان كلتوری ئه‌وان دووباره نه‌كاته‌وه هیوایه‌كی تازه بونه‌وه ده‌دات به‌خه‌ڵك، به‌مه‌رجێك رابردوو هه‌ڵوێستی كهسو رێبه‌رانی دیار‌و ناسراو بن‌و هیواو هێزی گۆڕانیان تێدا به‌دی بكرێت له‌ناو هه‌موو ئه‌مانه‌دا من زۆر بڕوام به‌توانای ژنان هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ژناندا نوێكاری زیاتره‌و بهئیرادهترن بۆیه توانایان هه‌یه كه‌له‌خولی په‌رله‌مانی ئاینده‌دا رۆڵێكی كاراتر‌و باشتر له‌م خوله ببینن، هه‌رچه‌نده ژنانێكی حزبیش بن، به‌ڵام كه‌سانێك هه‌ن كه بهویژدانو بهههڵوێستنو كار ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌په‌رله‌مانی داهاتودا لیست‌و كه‌سایه‌تی نوێتر له‌كۆن شوێن دهگرنو 18ساڵه خه‌ڵك له‌م ده‌سه‌ڵاته ناڕازییه‌و په‌رله‌مان نه‌یتوانی رۆڵی سه‌ره‌كی خۆی بگێڕێت‌و راگه‌یاندنه ئههلیو سه‌ربه‌خۆكان باش روماڵی ئهركو كاره‌كانی په‌رله‌مانیان كردووه، كه سه‌ربه‌خۆ نیه‌و ماوه‌كه‌ی به‌ناشه‌رعی درێژكرده‌وه‌و له‌م كاته ناشهرعیهشدا بڕیاری له‌سه‌ر دهستورداو هیچ كاتێك په‌رله‌مان نه‌یتوانیوه هه‌ڵوێستی خۆی ههبێتو هه‌میشه ئاراسته‌كراو بووه‌و بهنوستوو گوزارشتی لێكراوه، بۆیه په‌رله‌مانی داهاتوو ناتوانێت‌و له‌لایه‌ن راگه‌یاندنه ئههلیو كه‌سایه‌تی‌و رێكخراوی مهدهنیو رۆشنبیر‌و دڵسۆزه‌كانی ئه‌م ئه‌زمونه‌وه چاودێری دهكرێتو هێزی ئۆپۆزسیۆن له‌ئێستاوه په‌یدا بووه، بۆیه پێم وایه په‌رله‌مانی داهاتوو ژنانی په‌رله‌مان به‌تایبه‌تی چالاكترو وریاتر دهبنو ده‌روازه‌یه‌كی باش بۆ پێشكه‌وتنی مه‌سه‌له‌كانی ژنانیش ده‌كرێته‌وه.